فۆرمه‌كانی كۆمه‌ڵگای مه‌ده‌نی

شفق نيوز

هه‌ڵكه‌وته‌یی سیاسی هه‌یه‌ به‌ هه‌مان ئه‌ندازه‌ش  چه‌ندین فۆرم و جیا هه‌ڵكه‌وته‌یی  كۆمه‌ڵگای  مه‌ده‌نیش هه‌یه‌ هه‌ر ئه‌مه‌ش وا ئه‌كات زیاد له‌ دید و مانایه‌ك  له‌ ئارا بێت له‌ سه‌ر كۆمه‌ڵگای مه‌ده‌نی و پێناسه‌ و مانایه‌كی نه‌گۆڕو یه‌كجاره‌كی  نه‌بێت بۆ ئه‌وه‌ی په‌یوه‌ندی كۆمه‌لگا به‌ ده‌وڵه‌ته‌وه‌ به‌ چ شێوه‌یه‌ دیاری بكرێت. له‌م رووه‌ به‌شێك له‌بیردۆزه‌كانی دیموكراتی  باس له‌جۆرێكی كۆمه‌ڵگای مه‌ده‌نی ده‌كه‌ن كه‌ داهێنه‌ر بێت و  له‌ دیالۆگێگی ره‌خنه‌گرانه‌دا بێت له‌ په‌یوه‌ندی به‌ ده‌وڵه‌ت و حكومه‌ته‌وه‌. ئه‌م دیالۆگه‌  پێویسته‌  راستگۆیانه‌ بێت له‌ لایه‌ن حكومه‌ته‌وه‌ پاساو و وه‌لام هه‌بێت بۆ ئه‌كشنی سیاسیی  حكومه‌ت  به‌رامبه‌ر به‌و ده‌نگه‌ هه‌مه‌جۆره‌ی ناو كۆمه‌ڵگای مه‌ده‌ه‌نی. ئه‌مه‌ش تا راده‌یه‌كی زۆر رێك ده‌كه‌وێت له‌ گه‌ڵ ئه‌و تێرمه‌ی كۆمه‌ڵگای مه‌ده‌نیدا  كه‌ فه‌یله‌سوفی ئه‌ڵمانی  هابرماز بایه‌خێكی ستراتیجی پێ ئه‌دات و وه‌ك چه‌قێكی  كاتیگۆری بیركردنه‌وه‌ی ئه‌و ئه‌و ده‌ر ئه‌كه‌وێت ئه‌ویش كۆمه‌ڵگای مه‌ده‌نییه‌ وه‌ك  -بواری گشتی-. ده‌كرێت وا له‌ بواری گشتی بگه‌ین وه‌ك درێژ بونه‌وه‌یه‌كی كۆمه‌ڵگای مه‌ده‌نی ئه‌و شوێنه‌ی كه‌ بیر و به‌هاو به‌رژوه‌ندی و ئایدیلۆجیه‌كانی تیا فۆرمه‌له‌ ئه‌بێت له‌ ناو كۆمه‌ڵگای مه‌ده‌نیدا و ده‌نگیانی تیایدا ده‌بیسترێت و له‌ رووی سیاسییه‌وه‌ كاریگه‌ر ده‌بن. دیبه‌یتی ره‌خنه‌ گرانه‌ له‌ ناو بواری گشتیدا جۆرێكه‌ له‌ تێستكردنی  ره‌وایه‌تی سیاسی. ئه‌و په‌یوه‌ندییه‌ ئایدیالیه‌ی نێوان كۆمه‌ڵگای مه‌ده‌نی و ده‌وڵه‌ت  وه‌ك شتێكی به‌ ده‌ست هاتوو ناكرێت ته‌مشا بكرێت به‌ڵكوو وه‌ك چوارچێوه‌یه‌ك بۆ خوێندنه‌وه‌ی ره‌خنه‌گرانه‌ی په‌یوه‌ندی ده‌وڵه‌ت و كۆمه‌ڵگای هاوچه‌رخ. پرسیاره‌كه‌ ئه‌وه‌یه‌ چۆن بتوانین پشتیوانی بواری گشتی بكه‌ین  وه‌ك پارتنه‌رێكی ره‌خنه‌گرانه‌ بمێنێته‌وه‌ له‌ گه‌ڵ حكومه‌تدا. ئازادی قسه‌كردن و  رێكخراوبوون مه‌رجێكی گرنگی كۆمه‌ڵگای مه‌ده‌نی به‌هێزه‌ نه‌ك به‌ ته‌نها گه‌رنتی ده‌ستوری، چونكه‌ ئه‌وه‌ ده‌وڵه‌ت نییه‌، به‌ڵكوو ئه‌ندامه‌كانی كۆمه‌ڵگای مه‌ده‌نییه‌  كه‌ ده‌توانن بوارێكی گشتی كاریگه‌ر بخوڵقێنن .بێگومان ئه‌م سه‌یركردنه‌ بۆ كۆمه‌ڵگای مه‌ده‌نی زیاتر سه‌ر به‌ ترادیسۆنی ئه‌وروپییه‌. كه‌ تاراده‌یه‌ك پێچه‌وانه‌ی ئه‌و مۆدیڵه‌ ئه‌مه‌ریكییه‌ كه‌ كۆمه‌ڵگای مه‌ده‌نی  وه‌ك پشتیوانی ده‌وڵه‌ته‌ چ لیبرال و چ كۆنسێرڤه‌تیڤ هه‌ڵگره‌وه‌ی ئه‌و مۆدێله‌ن به‌ شوێن به‌های هاوبه‌ش و  ناسنامه‌ی هاوبه‌شه‌وه‌ له‌و دیو  به‌رژوه‌ندی تاكه‌وه‌. ئه‌و مۆدیڵه‌ ڕه‌خنه‌گرانه‌یه‌ی كه‌ مه‌به‌ستمه‌ له‌ باره‌ییه‌وه‌ بدوێم ئه‌وه‌یه‌ كه‌ حكومه‌ت به‌ ته‌نها ناتوانین پێویستی و چاكێتی بگه‌یه‌نێته‌ هاولاتیان به‌ بێ نێوه‌ندگیری  سێكته‌ری سه‌ربه‌خۆ له‌ حكومه‌ت. بۆ  زۆرێك كێشه‌كه‌ كێشه‌ی خودی دیموكراسی و خۆ به‌ڕێوه‌بردنه‌ و ڕه‌وایه‌تی پێویستی به‌ به‌شداریكردنی زیاتری هاولاتیان هه‌یه‌ له‌ دروستكردنی بڕیاردا. هاولاتیان هه‌ست بكه‌ن كۆنترۆڵی ژیانیان به‌ ده‌ست خۆیانه‌وه‌یه‌ وه‌ك هابرماز ئه‌لێت كاتێك هاولاتی ده‌توانێت رێكخه‌ر ی خۆی بێت و شكۆمه‌ندی بپارێزێت. ئه‌مه‌ به‌و مانایه‌ كۆمه‌ڵگای مه‌ده‌نی ماڵی خۆ به‌ رێوه‌بردنه‌. له‌م دۆخه‌دا كاتێك حكومه‌ت  بزر ده‌بێت به‌ هۆی هه‌ر دۆخێكه‌ ئه‌و پرسیاره‌ سه‌رهه‌ڵئه‌دات له‌ ناو كۆمه‌ڵگای مه‌ده‌نی دا، كێ به‌رپرسه‌، ئه‌مه‌ش واتا كاتێك كه‌س به‌رپرس نه‌بوو فۆرمی نوێی به‌ڕێوه‌بردن سه‌ر هه‌ڵده‌دات له‌ سه‌ر ئاستی لۆكاڵی، له‌سه‌ره‌تای 90 كاندا كۆمه‌ڵگای هه‌رێم له‌زۆر ئاستدا به‌و جۆره‌ له‌ پرسیار و وه‌لامدانه‌وه‌دا تێپه‌ریوه‌ له‌ دۆخی بزر بوونی حكومه‌تدا.