له‌باره‌ی‌ "ئاسایشی‌ نه‌ته‌وه‌یی"مانه‌وه‌

شفق نيوز

ئه‌نجامی‌ ئه‌و هه‌موو نه‌هامه‌تی‌ و كاولكارییه‌ی‌ به‌سه‌ر ژیانی‌ مرۆڤایه‌تیدا هات، له‌ ئه‌نجامی‌ داگیركاری‌ و ده‌ستبه‌سه‌رداگرتن و په‌لاماری‌ یه‌كتریدان و سنووربه‌زاندن، بیر له‌ پراكتیزه‌كردنی‌ ئاسیشی‌ نه‌ته‌وه‌یی‌ كرایه‌وه‌ به‌هۆی‌ گرنگییه‌كه‌یه‌وه‌. بێگومان ئێمه‌ش وه‌كو هه‌موو نه‌ته‌وه‌ و گه‌لانی‌ دیكه‌ مافی‌ خۆمانه‌ گرنگی‌ ته‌واو به‌م چه‌مكه‌ بده‌ین و سه‌روه‌ری‌ خاك و وڵاته‌كه‌مان له‌هه‌ر ئه‌گه‌ر و مه‌ترسیه‌ك بپارێزین.

هه‌رێمی‌ كوردستان له‌ ساڵی‌ 2003وه‌ هاوبه‌شی‌ ده‌سه‌ڵاتی‌ عیراقی‌ فیدراڵه‌ هه‌رێمێكه‌ زۆر گه‌شه‌ و سه‌ركه‌وتنی‌ به‌رچاوی‌ به‌ خۆیه‌وه‌ بینیوه‌، هه‌میشه‌ جیاوازتر له‌ ناوچه‌ و پارێزگاكانی‌ عیراقی‌ فیدراڵ‌ كه‌وتووه‌ته‌ به‌ر چاوان، له‌ ڕووی‌ پاراستنی‌ ئاسایشی‌ ناوخۆییه‌وه‌ به‌سه‌ركه‌وتوویی‌ ئه‌داو فرمانی‌ خۆی‌ به‌جێ گه‌یاندووه‌، هه‌ر ئه‌وه‌ش وای‌ كردووه‌ به‌رقه‌راری‌ و ئاسایش بۆ سه‌روگیانی‌ هاوڵاتیان دابین بكات، ڕه‌وشی‌ هه‌رێم له‌گه‌ڵ ته‌واوی‌ ناوچه‌كان و پارچه‌كانی‌ دیكه‌ی‌ عیراق جیابكاته‌وه‌، ئه‌وه‌ی‌ زۆر جێگای‌ نیگه‌رانیه‌ و به‌شی‌ كه‌می‌ ئه‌و سه‌ركۆنه‌ كردنه‌ به‌ر هه‌رێمی‌ كوردستان ده‌كه‌وێت پاراستنی‌ ئاسایشی‌ ده‌ره‌كیمانه‌، كه‌ زۆرینه‌ی‌ له‌ ئه‌ستۆی‌ ده‌سه‌ڵاتی‌ عیراقی‌ فیدراڵه‌، له‌م خاڵه‌وه‌ هه‌میشه‌ ڕووبه‌ڕووی‌ هه‌ڕه‌شه‌ و مه‌ترسی‌ و زه‌ره‌ر و زیان بووینه‌ته‌وه‌، ئه‌م خاڵه‌ له‌ ڕووی‌ ده‌سه‌ڵات به‌نده‌ به‌ بڕیاروه‌رگرتنی‌ ده‌سه‌ڵاتی‌ مه‌ركه‌زه‌وه‌، پێویسته‌ وه‌ك داخوازییه‌كانی‌ دیكه‌مان له‌ ماده‌ی‌ 140 و ناوچه‌ دابڕاوه‌كان و شه‌ریكات و پۆسته‌ باڵاكان به‌شی‌ داهاتوو هتد، به‌هه‌مان شێوه‌ داكۆكی‌ بكه‌ین له‌وه‌ی‌ ده‌سه‌ڵاتی‌ مه‌ركه‌ز پێشێلكاری‌ و به‌زاندنی‌ سنوور و تۆپباران كردن و گه‌یاندنی‌ زه‌ره‌ر و زیان به‌ دانیشتوانی‌ هه‌رێم ئه‌ركی‌ خۆیه‌تی‌ به‌ ده‌نگ بێت و پێداویستیه‌كانی‌ سنوور پاراستن دابین بكات و له‌ نه‌ته‌وه‌ یه‌كگرتووه‌كان ئه‌و ده‌ستدرێژییه‌ ڕیسواو محكوم بكات، كه‌ به‌داخه‌وه‌ زۆر بێده‌نگه‌ له‌و ڕووه‌وه‌، ئه‌گه‌رچی‌ ناوی‌ پێشمه‌رگه‌ گۆڕاوه‌ بۆ پاسه‌وانی‌ سنوور، به‌ڵام پێشمه‌رگه‌ تائێستاش پاراستنی‌ زۆر له‌ ناوچه‌كانی‌ له‌سه‌ره‌ له‌ مه‌ترسی‌ ئیرهاب و تیرۆریستان، له‌لایه‌كی‌ دیكه‌ ناوچه‌ سنوورییه‌كان پێویسته‌ خاڵ و سنووره‌ نێوده‌وڵه‌تیه‌كان ساغ بكرێنه‌وه‌، ساغبوونه‌وه‌ و سنوورپاراستن ئه‌وه‌ش ده‌ستكه‌وتێكی‌ گه‌وره‌یه‌، ڕێگرییه‌ له‌ جاسوسی‌ و شێواندنی‌ نه‌خشه‌كانیان به‌ قاچاخی‌ شتومه‌ك و كاڵا ئاودیوكردن، هه‌رچه‌نده‌ ئێمه‌ش خاڵی‌ لاوازمان هه‌یه‌  پێویسته‌ جموجۆڵی‌ سه‌ر سنووره‌كان وه‌ك هێزی‌ به‌ر هه‌ڵستكار دژ به‌و ده‌وڵه‌تانه‌ ڕابگیردرێن، پێویسته‌ پێگه‌ و سیاسه‌تی‌ ئه‌مڕۆ ڕه‌چاو بكه‌ن و بیانووی‌ نابه‌جێ‌ نه‌ده‌ین به‌ده‌ست نه‌یاره‌كانه‌وه‌، هه‌ر ئه‌وه‌شه‌ زیاتر ئه‌وانی‌ ئۆقره‌ لێ‌ بڕیوه‌ له‌ په‌نای‌ كاری‌ سه‌ربازییدا هه‌زار و یه‌ك پیلان و به‌رنامه‌ داده‌ڕێژن، دژ به‌ دۆزی‌ ڕه‌وای‌ گه‌له‌كه‌مان.