ژینگه‌و برسێتی

شفق نيوز

برسییه‌كانی جیهان له‌ملیارێك مرۆڤ نزیكبوه‌وه‌، له‌ماوه‌ی ده‌ بۆ سی ساڵی داهاتوودا ئه‌و ژماره‌یه‌ ده‌گاته‌ دوو ملیارو سێسه‌د ملیۆن كه‌س، رێكخراوه‌ مرۆییه‌كان و پسپۆڕه‌ ئابوورییه‌ نێوده‌وڵه‌تییه‌كان پشتگیریكردنی بواری كشتوكالا به‌گرنگترین چاره‌سه‌ری ئه‌م گرفته‌ داده‌نێن بۆ رێگرتن له‌وه‌ی برسێتی زیاتر ته‌شه‌نه‌ نه‌كات، هه‌ر له‌و راپۆرته‌دا (جێڤری ساشس)كه‌پسپۆرێكی ئابووری ئه‌مه‌ریكییه‌، داواده‌كات له‌هه‌موو جیهاندا وه‌به‌رهێنان له‌بواری كشتوكالا و ئاسایشی خۆراكدا سێقات زیادبكرێت وه‌كو ئه‌وه‌ی ده‌ سالا له‌مه‌وپێش له‌بواری ته‌ندروستیدا كرا، ئه‌مه‌ش به‌پشتگیریكردنی پڕۆژه‌ كشتوكاڵییه‌كانی ولاته‌ هه‌ژاره‌كان بۆ ئه‌وه‌ی ئابووری له‌پێناوی مانه‌وه‌دا ببێته‌ ئابوورییه‌كی بازرگانی به‌رده‌وام.ئالێره‌وه‌ كێشه‌یه‌كیتر دێته‌ گۆڕێ ئه‌ویش ئه‌و كێشمه‌ كێشه‌یه‌ كه‌ له‌نێوان دوو لایه‌ندا دروست بووه‌ لایه‌نێك ده‌یه‌وێت به‌هه‌موو رێگه‌یه‌ك ئه‌و ملیار مرۆڤه‌ برسییه‌ تێربكات، واته‌ زۆرترین پانتایی سه‌ر زه‌وی بۆ كشتوكالا به‌كاربهێنرێت، لایه‌نه‌كه‌ی تریش ژینگه‌ پارێزه‌كانن كه‌داوا ده‌كه‌ن به‌وردی بیر له‌چۆنێتی به‌كارهێنانی زه‌وی بكرێته‌وه‌، چونكه‌ سێیه‌كی زه‌وی زۆربه‌ی ولاتانی جیهان بۆ كشتوكالا به‌كاردێت، بۆ ئه‌م مه‌به‌سته‌ش سه‌دان هیكتار له‌دارستانه‌كان و له‌وه‌ڕگاكان له‌ناو ده‌برێن و ده‌كرێنه‌ زه‌وی كشتوكاڵی، به‌م هۆیه‌شه‌وه‌ ده‌یان و بگره‌ سه‌دان جۆر له‌ ئاژه‌ڵ و رووه‌كی كێوی له‌ماوه‌ی سه‌ده‌ی بیستدا له‌ناوچوون، كه‌ئه‌مه‌ش له‌لایه‌ك هاوكێشه‌ی سروشت تێكده‌دات و له‌لایه‌كی تریشه‌وه‌ له‌ناوچوونی ئه‌و دارستانانه‌ هۆكارێكه‌ بۆ به‌رزبوونه‌وه‌ی پله‌ی گه‌رما، چونكه‌ ئه‌و دارستانانه‌ پارێزگاری له‌ پته‌وی خاك و پاكی هه‌وا ده‌كه‌ن.هه‌ر لێره‌وه‌یه‌ لایه‌نگرانی كشتوكالا ساڵه‌هایه‌ بانگه‌شه‌ بۆ زیاتر به‌كارهێنانی تۆوه‌ جینه‌ ده‌ستكاریكراوه‌كان ده‌كه‌ن و به‌چاره‌سه‌رێكی گونجاوی داده‌نێن بۆ تێركردنی برسییه‌كانی جیهان، چونكه‌ ده‌ستكاری جینه‌كان ده‌بێته‌ هۆی ئه‌وه‌ی ئه‌و تۆوانه‌ به‌ری زیاتر بده‌ن و زیاتر به‌رگه‌ی وشكه‌ساڵیی و لافاو و ده‌رمانه‌ مێروو كوژه‌كان بگرن و په‌ینی كه‌متریشیان پێویسته‌، به‌لام هه‌ر لێره‌وه‌ گرفتێكیتر سه‌ر هه‌ڵده‌دا ئه‌ویش كاریگه‌ریی خراپی ئه‌و تۆوانه‌یه‌ بۆ سه‌ر خاك و رووه‌كه‌كانیترو ئینجا بۆ سه‌ر ته‌ندرووستی مرۆڤیش كه‌تا ئێستا به‌ته‌واوی ساغ نه‌بۆته‌وه‌ ئه‌و تۆوانه‌ بایی چه‌ند بۆ مرۆڤ زه‌ره‌رمه‌ندن، هه‌ر بۆیه‌ ولاتانی یه‌كێتی ئه‌وروپاو ئوسترالیاش دژی به‌كارهێنانی ئه‌و تۆوه‌ن.له‌ دنیادا ئه‌م كێشه‌یه‌ به‌رده‌وام مشتومڕی له‌باره‌وه‌ ده‌كرێت و هه‌ر لایه‌نه‌و ده‌یه‌وێ دیدگای خۆی بسه‌لمێنێت، ئایا پانتایی زه‌وی كشتوكاڵی زیادبكرێ بۆ ئه‌وه‌ی برسییه‌كان تێركرێن؟ كه‌ ئه‌مه‌ زۆرجار له‌سه‌ر حسابی دارستانه‌كان و ئاژه‌ڵ و رووه‌كه‌ كێوییه‌كانه‌و به‌تێكدانی ژینگه‌ ده‌شكێته‌وه‌ یان به‌كارهێنانی تۆوی جین ده‌ستكاریكراو كه‌ به‌ربوومی زۆرتره‌وكه‌متر زه‌وی داگیرده‌كات!؟ به‌لام ئاسه‌واره‌ خراپه‌كانی تا ئێستا به‌ته‌واوی نه‌زانراوه‌. بۆ یه‌كه‌مجار له‌ گۆشه‌كه‌ی هێرۆخاندا كه‌ له‌گۆڤاری خاكدا ده‌ینووسێت خوێندمه‌وه‌ كه‌وا ئه‌و جۆره‌ تۆوه‌ جین ده‌ستكاریكراوانه‌ هێنراونه‌ته‌ هه‌رێمی كوردستان و دواتریش له‌گۆڤاری سیخورمه‌دا خوێندمه‌وه‌، ئینجا كه‌ پرسیارم له‌چه‌ند كه‌سێك كرد ئه‌وانیش ته‌ئكیدیان له‌سه‌ر ئه‌م بابه‌ته‌ كرده‌وه‌، به‌لام هێشتا دڵنیانیم له‌چۆنێتی  و چه‌ندێتی ئه‌و بابه‌ته‌، به‌لام دیاره‌ شتێك له‌ئارادایه‌و ئه‌و جۆره‌ تۆوه‌ جین ده‌ستكاریكراوانه‌ هاتۆته‌ كوردستان و به‌كاریش هێنراوه‌، باشه‌ ولاتانی ئه‌وروپا به‌و هه‌موو زانست و زانیارییانه‌وه‌ هێشتا ئه‌و جۆره‌ تۆوانه‌ ره‌تده‌كه‌نه‌وه‌ چی وایكردووه‌ كوردستان ئه‌و جۆره‌ تۆوه‌ به‌كار بهێنێت؟ ئه‌م كوردستانه‌ نه‌ژماره‌ی دانیشتووانی  زۆره‌ وه‌كو زۆر ولاتی جیهان، نه‌زه‌وی كشتوكاڵی كه‌مه‌، نه‌برسێتی ئه‌فه‌ریقا روویتێكردووه‌، بیانوو و هه‌نجه‌ت چییه‌ بۆ به‌كارهێنانی ئه‌م تۆوانه‌؟  ئه‌م تۆوانه‌ كێ هێناونی و چۆن و بۆچی هێنراونه‌ته‌ كوردستان كێ له‌مه‌ به‌رپرسه‌؟ ئاخۆ هه‌ر به‌ڕاستی وابێت ئه‌م كاره‌ كرابێ؟ ئایا ژینگه‌و بواری كشتوكاڵی هه‌رێمه‌كه‌مان گرفتی كه‌مه‌ تا ئه‌م كێشه‌یه‌ش رووی تێبكات؟