عیراق به‌ ئازاری‌ ژماره‌كانییه‌وه‌

شفق نيوز

سه‌ركه‌وتنی‌ له‌وكاتدا له‌سه‌رنا، به‌ڵام دوای‌ حه‌وت ساڵ‌ له‌و پرۆسه‌یه‌ ‌و كشانه‌وه‌ی‌ هێزه‌كانی‌ ئه‌مریكا ژماره‌ی‌ جۆراوجۆر له‌ سێ‌ ئاستی‌ زۆر سه‌ره‌كیدا تۆماركراون، كه‌ بۆ چه‌ندین ساڵی‌ تر بۆ عیراقییه‌كان به‌ ئازارن، چه‌ند ڕۆژێكه‌ ڕۆژنامه‌ی‌ (كریستیان ساینس مۆنیته‌ری‌ ئه‌مریكی‌) ڕاپۆرتێكی‌ به‌ ژماره‌ له‌سه‌ر سێ‌ بواردا كه‌ تێچوونی‌ ماددی‌ به‌ ژماره‌، زیانه‌كانی‌ مرۆیی ‌و بارودۆحی‌ ئێستای عیراقییه‌كان به‌ ژماره‌ بڵاوكردۆته‌وه‌:

تێچووه‌ ماددییه‌كان: ئه‌مریكا له‌ یه‌كه‌م ڕۆژی‌ ساڵی‌ 2012دا، یه‌ك سه‌ربازی‌ وڵاته‌كه‌ی‌ له‌ عیراقدا نامێنێت، به‌پێی توێژینه‌وه‌كان به‌ تێچووترین شه‌ڕ له‌ مێژووی‌ ئه‌مریكا داده‌نرێت، به‌پێی قسه‌ی‌ شاره‌زاییه‌كی‌ بواری‌ عیراق (تۆبی‌ دۆدج) له‌ ناوه‌ندی‌ لێكۆڵینه‌وه‌ی‌ ستراتیژی‌ له‌نده‌ن ده‌ڵێت: "به‌ ته‌ماشاكردن بۆ به‌ هه‌ده‌ردانی‌ خوێنی‌ كه‌سه‌كان ‌و سه‌رماییه‌كی‌ زۆر له‌ ئه‌نجامی‌ خراپ به‌كارهێنانییه‌وه‌ بووه‌" له‌و شه‌ڕه‌دا به‌ كۆتاییهاتنی‌ ئه‌مساڵ‌ ویلایه‌ته‌یه‌كگرتووه‌كانی‌ ئه‌مریكا (751) ملیار دۆلاری‌ خه‌رجكردووه‌، كه‌ 141 ملیار دۆلار بۆ تێچووه‌ سه‌ربازییه‌كان بووه‌، 25 ملیار دۆلار بۆ ڕاهێنانی‌ سه‌رباز ‌و پۆلیسی‌ عیراقی‌، 51 ملیار دۆلاریش بۆ ئه‌و سه‌ربازانه‌ی‌ تا كۆتایی ساڵی‌ 2011 ده‌مێننه‌وه‌، له‌و گوژمه‌ زه‌به‌لاحه‌ی‌ ئه‌مریكییه‌كان خه‌رجیانكردووه‌ ته‌نها په‌نجا و سێ‌ ملیار دۆلاری‌ بۆ بواری‌ په‌روه‌رده‌ ‌و ته‌ندروستی‌ ‌و دابینكردنی‌ پێداویستی‌ بۆ دامه‌زراوه‌كانی‌ حكومه‌ت بووه‌، كه‌چی‌ له‌ سێ‌ سێكته‌ری‌ زۆر گرنگدا عیراقیه‌كان هێشتا به‌ده‌ست كێشه‌كانی‌ بواری‌ ته‌ندروستی‌، ئاو ‌و كاره‌با، هه‌ندێ‌ له‌ كه‌موكورتی‌ لایه‌نه‌ په‌روه‌رده‌ییه‌كان ده‌ناڵێنن.

زیانه‌ مرۆییه‌كان: تاوه‌كو 15ی‌ ئابی‌ 2010 به‌ ژماره‌ (4415) چوار هه‌زار ‌و چوارسه‌د و پانزه‌ سه‌ربازی‌ ئه‌مریكی‌ كوژراون، جگه‌له‌وه‌ی‌ 179 سه‌ربازی‌ به‌ریتانی‌، له‌گه‌ڵ‌ 139 سه‌ربازی‌ وڵاتانی‌ هاوپه‌یمانی‌ تر، ژماره‌ی‌ بریندارانی‌ سه‌ربازی‌ ئه‌مریكیش گه‌یشتۆته‌ 31832 تا كۆتایی ته‌مموزی‌ ڕابردوو، سه‌باره‌ت به‌ زیانه‌ مرۆییه‌كانی‌ عیراق له‌ ڕیزه‌كانی‌ سوپا ‌و پۆلیسدا (9537) نۆ هه‌زار ‌و پێنج سه‌د‌و سی‌ ‌و حه‌وت سه‌رباز كوژراون تا كۆتایی ته‌مموزی‌ ڕابردوو، له‌و ژماره‌ دڵته‌زینه‌ی‌ كه‌ تائێستا ڕوون نه‌كراوه‌ته‌وه‌ كه‌ له‌نێوان نه‌وه‌د ‌و حه‌وت هه‌زار تا سه‌د و شه‌ش هه‌زار كه‌سی‌ مه‌ده‌نی‌ عیراقی‌ له‌هه‌موو پێكهاته‌ نه‌ته‌وه‌یی ‌و ئاینییه‌كان كوژراون.

بارودۆخی‌ ئێستا: به‌پێی لێكۆڵینه‌وه‌یه‌كی‌ په‌یمانگای‌ برۆكێنز ده‌ركه‌وتووه‌ كه‌ 20%ی‌ عیراقییه‌كان هیچ خه‌رجییه‌كی‌ ته‌ندروستی‌ نایانگرێته‌وه‌، مه‌به‌ستی‌ له‌ پێداویستی‌ ‌و چاودێری‌ ته‌ندروستییه‌ به‌سه‌ر ئه‌و ڕێژه‌ییه‌دا، 55%ی‌ ماڵی‌ عیراقی‌ ئاوی‌ خواردنه‌وه‌ی‌ ته‌واوی‌ پێناگات، 50%ی‌ عیراقییه‌كانیش كاره‌بایان بۆ دوانزه‌ كاتژمێر هه‌یه‌، 30%ی‌ هاوڵاتیانی‌ عیراقی‌ خزمه‌تگوزاری‌ ته‌ندروستی‌ حكومییان پێده‌گات.

ئه‌گه‌ر به‌وردی‌ له‌و ژمارانه‌ وردبینه‌وه‌ ئه‌وا دواڕۆژێكی‌ ترسناك چاوه‌ڕێی عیراقییه‌كان ده‌كات، به‌تایبه‌تی‌ ناوچه‌كانی‌ (ناوه‌ڕاست ‌و باشوور) كه‌ هه‌موو ئاماره‌كان له‌و ناوچه‌یه‌ بوونه‌ته‌ ئازاری‌ داهاتووی‌ ساڵانی‌ داهاتوو ‌و كێشه‌ بۆ حكومه‌تی‌ عیراقیش فراوانتر ده‌بێت، كوژرانی‌ نزیكه‌ی‌ 115 سه‌د و پانزه‌ هه‌زار عیراقی‌ له‌ماوه‌ی‌ حه‌وت ساڵی‌ ڕابردوودا، هه‌مووی‌ ده‌كاته‌ بارێكی‌ قورس، له‌ دابینكردنی‌ ژیانی‌ زیانلێكه‌وتووان ‌و كوژراوه‌كان، ژماره‌ی‌ قوربانییه‌كان باری‌ ده‌وڵه‌تێكی‌ وه‌ك ئه‌مریكای‌ قورسكردووه‌ له‌سه‌ر ئاستی‌ ناوخۆ ‌و ڕای‌ گشتی‌، هاوڵاتیانی‌ ئه‌و وڵاته‌ زۆر بێزارن له‌و زیانه‌ مرۆییانه‌، هه‌ر ژماره‌ی‌ قوربانییه‌ مرۆییه‌كان كه‌لێنێكی‌ گه‌وره‌ی‌ دروستكردووه‌ له‌ نێوان كۆمه‌ڵی‌ عیراقی‌ عه‌ره‌بی‌ شیعه‌ ‌و سوننه‌، هه‌ردوولا تۆمه‌تی‌ ئه‌وه‌ ده‌ده‌نه‌ پاڵ یه‌كتری‌ له‌ كوژرانی‌ خه‌ڵكی‌ سه‌ر به‌ مه‌زهه‌به‌كانیان، ئه‌مه‌ش له‌ مێژه‌ گوتراوه‌ چه‌نده‌ ژماره‌ی‌ توندوتیژییه‌كان زیاتر بێت ‌و ژماره‌ی‌ قوربانیه‌كانی به‌رز ده‌بێته‌وه‌، ئه‌وا ئافاتێكی‌ سیاسی ڕوو له‌ عیراق ده‌كات، یه‌كێ‌ له‌ ده‌رهاوێشته‌كانی‌ ئه‌و ئافاته‌، پێكنه‌هێنانی‌ حكومه‌ته‌ له‌ عیراق.

له‌ ڕوویه‌كی‌ تره‌وه‌، ژماره‌ كۆمه‌ڵاتییه‌كان، بوونه‌ته‌ ئازاری‌ هه‌ره‌ گه‌وره‌ی‌ عیراقییه‌كان، ئه‌گه‌ر له‌ سه‌دا حه‌فتای‌ عیراقییه‌كان خزمه‌تگوزاری‌ ته‌واوی‌ ته‌ندروستیان پێنه‌گات، ئایا داهاتووی‌ نه‌وه‌كانی‌ ئه‌و میلله‌ته‌ له‌ چه‌رخی‌ هه‌زاره‌ی‌ سێیه‌می‌ ته‌كنۆلۆجیا به‌چ حاڵێك ده‌گات؟ ئه‌گه‌ر نیوه‌ی‌ زیاتر له‌ عیراقییه‌كان كاره‌بان سفر كاتژمێر بێت، نیوه‌ی‌ تریش 12 كاتژمێری‌ كاره‌بای‌ هه‌بێت، نیوه‌ی‌ زیاتر له‌ عیراقییه‌كان ئاوی‌ خواردنه‌وه‌یان ناگاته‌ ماڵه‌كانیان، كه‌ مافێكی‌ سروشتی‌ هه‌موو كه‌سێكه‌ پێدوایستییه‌ سه‌ره‌تاییه‌كانی‌ بۆ دابین بكرێت له‌ ئاو، كاره‌با، خزمه‌تگوزاری‌ ته‌ندروستی‌ ‌و په‌روه‌رده‌یی، له‌هه‌موویشی‌ ناخۆشتر تائێستا به‌هۆی‌ توندوتیژییه‌كان ‌و تیرۆره‌وه‌ نزیكه‌ی‌ سێ‌ هه‌زار خوێندنگا بوونه‌ته‌ وێرانه‌ ‌و خوێندن به‌ ستانداردی‌ جیهانی‌ تێیدا قه‌ده‌غه‌یه‌، چونكه‌ ژینگه‌ی‌ خوێندنی‌ سه‌رده‌می‌ تێیدا له‌ بارنییه‌.

كۆی‌ ئه‌و ژمارانه‌ی‌ له‌سه‌ره‌وه‌ باسمكرد كه‌ بوونه‌ته‌ ده‌ردێك له‌گه‌ڵ‌ ڕه‌وتی‌ ژیانی‌ عیراقییه‌كان ده‌ڕوات، كه‌ جگه‌له‌وه‌ی‌ عیراقییه‌كان هه‌ر چاوه‌ڕوانی‌ خزمه‌تگوزاری‌ باشترن ‌و له‌ چاوه‌ڕوانی‌ ڕۆژانی‌ داهاتوون بۆ گه‌ڕانه‌وه‌ی‌ سه‌رده‌می‌ زێڕین له‌ ژیانكردنی‌ ڕه‌فاهییه‌تی‌ عیراقییانه‌، كه‌ زۆرێك له‌ هاوڵاتیانی‌ وڵاتانی‌ خوشگوزه‌رانی‌ ئێستای‌ كه‌نداو، به‌خیلییان به‌ عیراقییه‌كان ده‌برد! به‌راوژبوونه‌وه‌ی‌ خوشگوزه‌رانی‌ بۆ لای‌ كه‌نداوییه‌كان ‌و وڵاتانی‌ دراوسێ‌، هه‌ڵه‌ی‌ سه‌ركرده‌ تاكڕه‌وه‌كانی‌ به‌عسی‌ ڕووخاو بوو، كه‌ ئێستا ژماره‌یه‌كیان به‌سه‌ر عیراق به‌جێهێشتووه‌ كه‌ بایی (120) ملیار دۆلاری‌ قه‌رزی‌ وڵاتانی‌ جیهانه‌، ئه‌گه‌ر به‌ چه‌ند وشه‌یه‌ك له‌ پێش دانانی‌ خاڵی‌ كۆتایی بابه‌ته‌كه‌ بپرسین، ئه‌و ژماره‌ به‌ ئازارانه‌ بۆ عیراقییه‌كان تاكه‌ی‌ به‌رده‌وام ده‌بێت، هه‌ڵه‌كانی‌ ڕابردوو له‌ كات ‌و ساته‌وه‌ختی‌ ئه‌مڕۆدا له‌ شێوازێكی‌ تری‌ حكومڕانی‌ ‌و به‌ڕێوه‌بردنی‌ وڵاتدا دووباره‌ نابێته‌وه‌، ئه‌گه‌ر گریمانه‌ی‌ ئه‌وه‌ش ناكرێت، ئه‌ی‌ بۆ ژماره‌كانی‌ سه‌ره‌وه‌ ئازارێكی‌ به‌رده‌وام بن بۆ هه‌مووان؟