ئاڵا تاڵه‌بانى: ژن كه‌ ده‌چێته‌ په‌رله‌مان، نوێنه‌رایه‌تى هه‌موو پێكهاته‌كانى كۆمه‌ڵگه‌ ده‌كات

شفق نيوز

ته‌ئكیدى كرد كه‌ كێشه‌ى ژن ته‌نیا له‌وه‌دا نیه‌ كه‌ ده‌سه‌ڵاتى جێبه‌جێكردن بوونى نیه‌، به‌ڵكو له‌ به‌ره‌ودواچوونى ڕۆڵى ژنه‌ له‌ ژیانى سیاسى دا.

له‌ میانى كۆڕێكى به‌رفراوانى ڕێكخراوى ماڵى كورد له‌ به‌غدا له‌ ژێر ناونیشانى "كێ به‌رپرسیاره‌ له‌ نه‌بوونى ژن له‌ حكومه‌تى عیراقدا" كه‌ ئه‌مڕۆ شه‌ممه‌ له‌ باره‌گاى ده‌زگاى ڕۆشنبیرى و بڵاوكردنه‌وه‌ى كوردى فه‌یلى (شه‌فه‌ق) گرێدرا، به‌ئاماده‌ بوونى ژماره‌یه‌ك په‌رله‌مانتار و كه‌سایه‌تى سیاسى و كۆمه‌ڵایه‌تى و چالاكوانانى بوارى مافى ژنان و جه‌ماوه‌رێكى به‌رچاو و كه‌ناڵه‌كانى ڕاگه‌یاندن.

له‌ سه‌ره‌تاى كۆڕه‌كه‌دا ئاڵا تاڵه‌بانى جه‌ختى له‌ سه‌ر ئه‌وه‌ كرد كه‌ ده‌بێ ته‌ركیز له‌سه‌ر مه‌سه‌له‌ى ژن وه‌كو پێكهاته‌یه‌كى ناو كۆمه‌ڵگه‌ى عیراقى بكرێت بۆ كه‌مكردنه‌وه‌ى جیاوازى ڕه‌گه‌زى و نه‌ته‌وه‌یى و سیاسى و هه‌روه‌ها به‌كارهێنانى وشه‌ى جێنده‌ر بۆ ئه‌و مه‌به‌سته‌ له‌ هه‌رێمى كوردستان.

ئاماژه‌شى به‌وه‌دا كه‌ لایه‌نى ئه‌رێنى(ئیجابى) ئه‌م كێشه‌یه‌ له‌وێدایه‌ كه‌ هه‌موو هێز و كوتله‌ و پارت و لایه‌نه‌ سیاسیه‌كان باس له‌ مافى هه‌موو پێكهاته‌كانى كۆمه‌ڵگه‌ ده‌كه‌ن. و یه‌كێك له‌ هۆكاره‌ سه‌ره‌كیه‌كانى دواكه‌وتنى دامه‌زراندنى حكومه‌ت پاش هه‌ڵبژاردنه‌كانى 7 / 3 / 2010 بۆ ماوه‌ى زیاتر له‌ هه‌شت مانگ ئه‌وه‌ بوو كه‌ هه‌موو هێز و لایه‌نه‌كان به‌ زۆرینه‌ى گه‌وره‌یان قبووڵ نه‌كرد بۆ پێكهێنانى حكومه‌ت و هه‌موویان جه‌ختیان له‌سه‌ر به‌شداریكردنى هه‌موو پێكهاته‌ سه‌ره‌كیه‌كان كرد، جا لێره‌داده‌بێ بۆ مه‌سه‌له‌ى به‌شداریكرنى ژنیش هه‌مان هه‌ڵوێست پیشان بدرێت، به‌ڵام شتى وا نه‌كرا بۆ كاراكردنى به‌شدارى كردنى ژن له‌ حكومه‌ت و داموده‌زگاكانى جێبه‌جێكردن.

تاڵه‌بانى بنه‌ڕه‌تى كێشه‌كه‌ى بۆ ئه‌وه‌ گه‌ڕانده‌وه‌ كه‌ تاوه‌كو ئێستا ژماره‌ى ڕاسته‌قینه‌ى ڕێژه‌ى ژنان له‌ كۆمه‌ڵگادا نیه‌، به‌ڵام به‌هه‌رحاڵ له‌ 50% كه‌متر نیه‌ و ناشێ په‌راوێزبخرێت.

ئه‌وه‌شى دوپاتكرده‌وه‌ كه‌ به‌شداریكردنى سیاسى به‌واتاى ده‌نگدانه‌، و گرنگیش نیه‌ سه‌ربه‌ پارت و لایه‌نێكى دیاریكراو بیت، به‌ڵكو گرنگ ئه‌وه‌یه‌ كه‌ ئاده‌میزاد هه‌ست به‌ هاوڵاتیبوون بكات و ببێته‌ به‌شێك له‌ گۆڕانه‌كه‌ و ده‌سنیشانكردنى چاره‌نووس و دواڕۆژ (وه‌كو ئۆپه‌راسیۆنى هه‌ڵبژاردن) و له‌م بواره‌دا ده‌بێ كۆمه‌ڵگه‌ى مه‌ده‌نى ببێته‌ به‌شێك له‌م به‌شداریكردنه‌.

به‌شداریكردنى سیاسییش به‌واتاى دروستكردنى بڕیاره‌ (له‌ ده‌سه‌ڵاته‌كانى یاسادانان و ڕاپه‌ڕاندن).

ئاڵا تاڵه‌بانى ئاماژه‌ى به‌وه‌ دا كه‌ هه‌ڵه‌یه‌ك هه‌یه‌ سه‌باره‌ت به‌ به‌شداریكردنى ژن له‌ ئۆپه‌راسیۆنى سیاسى ئه‌ویش ئه‌وه‌یه‌ كه‌ ژن هه‌میشه‌ باس له‌ كێشه‌ و گیروگرفته‌كانى خۆى ده‌كات، بۆیه‌ له‌ كێشه‌ سیاسیه‌ گشتیه‌كاندا پرس به‌ ڕاى ژن ناكرێت و وتیشى كێ ده‌ڵى ئێمه‌ به‌شێك نین له‌و كێشه‌ و گیروگرفته‌ گشتیانه‌؟ .. ئێمه‌ به‌شێكین له‌ مه‌ینه‌تى كۆمه‌ڵگه‌ و كاتێ ده‌بینه‌ نوێنه‌ر له‌ په‌رله‌مان نوێنه‌رایه‌تى هه‌موو پێكهاته‌كانى كۆمه‌ڵگه‌ ده‌كه‌ین.

تاڵه‌بانى سه‌باره‌ت به‌ بنه‌ما سه‌ره‌كیه‌كانى به‌شداریكردنى سیاسیى ژن له‌ ئۆپه‌راسیۆنى سیاسیدا ڕایگه‌یاند كه‌ له‌ سه‌رووى هه‌موو شتێكدا یاسایه‌، ئه‌ویش به‌ چه‌سپاندنى ڕێژه‌ى 25% بۆ ژنان بۆ به‌شداریكردن له‌ ده‌سه‌ڵاتى یاسادانان؛ هه‌رچه‌نده‌ كه‌ داواى 40% مان كرد... وتیشى بنه‌مایه‌كى دیكه‌ ئه‌و په‌یماننامه‌ و به‌ڵگه‌نامه‌ ناوده‌وڵه‌تیانه‌ و بڕیاره‌كانى ئه‌نجومه‌نى ئاسایشى ناوده‌وڵه‌تیه‌، به‌ تایبه‌ت بڕیارى ژماره‌ 1325 ى ئه‌نجومه‌نى ئاسایش و ڕێكه‌وتننامه‌ى سیداو، به‌ڵام به‌داخه‌وه‌ كه‌ سه‌ركرده‌كانى فراكسیۆنه‌ سیاسیه‌كان گوێیان نه‌دایه‌ ئه‌و ڕێككه‌وتننامه‌ و بڕیارانه‌ و پارته‌ سیاسیه‌كانیش به‌ده‌گمه‌ن ژنى سه‌ركرده‌یان تیادا به‌دیده‌كرێت، به‌ڵگه‌شى هێنایه‌وه‌ كه‌ له‌ په‌رله‌مانى ئه‌مرۆى عیراق دا، چوار لێژنه‌مان هه‌یه‌ به‌هیچ شێوه‌یه‌ك ژنى تێدانیه‌.

تاڵه‌بانى سه‌باره‌ت به‌و مه‌ترسیانه‌ كه‌ ڕووبه‌ڕووى به‌شداریكردنى سیاسى ژن ده‌بنه‌وه‌ ئاماژه‌ى به‌وه‌دا كه‌ زه‌مینه‌ خۆشكراوه‌ بۆ به‌شداریكردنى ژن له‌ پرۆسه‌ى سیاسى به‌ پاڵپشتى ده‌ستوور و په‌یماننامه‌ مۆركراوه‌كان، به‌ڵام ژن له‌ كۆمه‌ڵگه‌ى ئێمه‌دا ڕووبه‌ڕووى مه‌ترسیه‌كى زۆر ده‌بێته‌وه‌ و له‌وانه‌ش دابونه‌ریته‌ كۆمه‌ڵایه‌تیه‌كان، چونكه‌ ئێمه‌ له‌ كۆمه‌ڵگه‌یه‌كى خێڵه‌كى و هۆزپه‌رستیدا ده‌ژین و خودى ژنیش بێبه‌رى نیه‌ له‌م بواره‌، چونكه‌ باوه‌ڕى به‌ به‌شدارى كردنى سیاسى نیه‌ یان زۆر لاوازه‌ و له‌كاتى هه‌ڵبژاردنه‌كان هه‌میشه‌ ده‌نگ ده‌داته‌ پیاو و ئه‌وه‌شى ڕه‌تكرده‌وه‌ كه‌ هۆكارى ئایینى واى لێكردووه‌، به‌ڵام له‌ ڕاستیدا ئه‌مه‌ هه‌ڵه‌یه‌ چونكه‌ لاى كه‌م پارته‌ كوردستانیه‌كان پارتى عه‌لمانیین و هیچ كاتێكیش ئایین ڕێگه‌ى له‌ به‌شداریكردنى سیاسى ژنى نه‌گرتووه‌.

له‌باره‌ى كۆتاى ژنانیش وتى كۆتا چه‌كێكه‌ دولایه‌نه‌ كه‌ ئه‌گه‌ر هه‌ر نه‌بوایا ئه‌وه‌ هیچ ژنێك نه‌ده‌گه‌یشته‌ په‌رله‌مان و له‌هه‌مان كاتیش كۆتا بووه‌ هۆى گه‌یشتنى ژنانێك بۆ په‌رله‌مان كه‌ به‌داخه‌وه‌ لێنه‌هاتوون، چونكه‌ له‌ناو پارته‌ سیاسیه‌كاندا ژنى سه‌ركرده‌ى لێهاتوو به‌دیناكرێت، و ئه‌م پارتانه‌ كاریش بۆ ئه‌وه‌ ناكه‌ن كه‌ ژنى لێهاتوو ئاماده‌ بكه‌ن. و وتیشى ئێمه‌ ده‌مانه‌وێت له‌ كێشه‌كه‌ماندا سه‌ركه‌وین و وادیاره‌ كه‌ خه‌له‌لێك له‌ كۆتاى 25% دا هه‌یه‌ و ئاشكراشه‌ كه‌ ژنى لێهاتووى زۆر هه‌یه‌ له‌ ده‌ره‌وه‌ى بازنه‌ى پارته‌سیاسیه‌كان به‌ڵام كاندیدناكرێن و پشكى شێرى به‌رپرسیارى به‌شدارى نه‌كردنى ژن له‌ ئه‌ستۆى پارته‌ سیاسیه‌كاندایه‌.

تاڵه‌بانى وتیشى ئێمه‌ له‌ پارته‌كانى هه‌رێمى كوردستاندا فشارێكى زۆرمان هێنایه‌ سه‌ر پارته‌كانمان و توانیمان له‌ سه‌ركردایه‌تى هه‌ردو پارتى سه‌ره‌كى كوردستان كۆتا بسه‌پێنین و ئیستا 9 ژنمان له‌ سه‌ركردایه‌تى یه‌كێتى و 5 له‌ سه‌ركردایه‌تى پارتى هه‌یه‌. و ده‌بێ به‌شداریكردنى ژن بۆ پڕكردنه‌وه‌ى بۆشایى نه‌بێت به‌ڵكو بۆ نوێنه‌رایه‌تى ڕاسته‌قینه‌ بێت و داواشى له‌ ڕێكخراوه‌كانى كۆمه‌ڵگه‌ى مه‌ده‌نى كرد كه‌ ڕۆڵى خۆیان له‌م بواره‌دا به‌ چاكى ببینن. ئه‌وه‌شى به‌بیر هێنایه‌وه‌ كه‌ ئه‌و وه‌زاره‌تانه‌ كه‌ له‌ماوه‌ى پێشوو ژنان وه‌زیرى بوون كه‌مترین گه‌نده‌ڵییان تێدا به‌دیده‌كرا و ئه‌مه‌ش به‌ڵگه‌ى لێهاتوویى و ده‌سپاكى ژنانه‌.

له‌ كۆتایى كۆڕه‌كه‌دا ماوه‌ درا به‌ به‌شداربووان بۆ ده‌ربڕینى ڕا و بۆچوون و پرسیاره‌كانیان سه‌باره‌ت به‌ كۆڕه‌كه‌ و له‌سه‌ره‌تا ئه‌مین عقابى وتى پێویسته‌ نه‌ك هه‌ر گیروگرفت و كێشه‌كان ده‌ستنیشان بكرێن به‌ڵكو ده‌بێ چاره‌سه‌ریشیان بۆ دابنرێت و پێشنیازى ئه‌وه‌شى كرد كه‌ لیستێكى تایبه‌ت به‌ ژنان دامه‌رزێت و هه‌وڵ بۆ ئه‌وه‌ بدرێت وشیارى له‌ ناو ژنانى كۆمه‌ڵگادا په‌خش بكرێت ... دكتۆر به‌درخان سندى وتى واقیعى ئه‌مڕۆ و به‌شداریكردنى ژن له‌ ئۆپه‌راسیۆنى سیاسى ده‌روازه‌یه‌كى ده‌رچوونه‌ له‌م كێشانه‌ بۆ ده‌ستپێكردنێكى نوێ و كاردانه‌وه‌ى ئه‌و كێشانه‌یه‌ و ژن ده‌بێ له‌ سیسته‌مى كۆتا سوود وه‌ربگرێت و خۆى ئاماده‌بكات بۆ به‌شداریكردنى كارا و واقیعى و چه‌سپاندنى لێهاتووى خۆى... عامر سامر وتى بنه‌ڕه‌تى ماف شتێكى سروشتیه‌ له‌ گه‌ڵ هه‌ر ئاده‌میزادێكه‌وه‌ په‌یدا ده‌بێت به‌ڵام ده‌بێ كارا بكرێت وله‌م بواره‌دا ژن چۆن ده‌توانێت هه‌وڵى ئه‌وه‌ بدات ئه‌و یاسایانه‌ له‌ په‌رله‌ماندا بنووسرێت كه‌ هه‌موو مافه‌كانى ژن مسۆگه‌ر ده‌كات ...له‌لاى خۆیه‌وه‌ سادق عینه‌چى ئه‌وه‌ى پێشنیازكرد كه‌ ده‌ستور هه‌موار بكرێت و مافه‌كانى ژن به‌ ڕوونى تێدا بنووسرێت... شهاب ئه‌حمه‌د شه‌فى وتى ده‌بوو ئه‌م جۆره‌ كۆڕه‌ پێش هه‌ڵبژاردنه‌ په‌رله‌مانیه‌كان ببه‌سترێت... و سه‌عه‌د فه‌یلى ئه‌وه‌ى پرسى كه‌ ئایا فراكسیۆنى ژنان له‌ په‌رله‌مانى عێراقدا له‌ وتاره‌كه‌یدا یه‌كگرتووه‌، یان وه‌رگرتنى پۆستى وه‌زارى كراوه‌ته‌ ئامانج له‌باتى ئه‌وه‌ى كه‌ وه‌سیله‌ بێت؟...حه‌مدیه‌ نه‌جه‌ف ئاماژه‌ى به‌ میراتى كۆمه‌ڵاتیى دا كه‌ ژن خۆى هۆكارى له‌په‌راوێزخستى خویه‌تى و هه‌ندێ لایه‌نیش خه‌ریكن له‌و مافانه‌ په‌شیمان ده‌بنه‌وه‌ كه‌ له‌ ده‌ستووردا بۆ ژنان مسۆگه‌ر كراوه‌، وه‌كو ئه‌و دوابڕیارانه‌ى سه‌باره‌ت به‌ ژنى فه‌رمانبه‌ر ده‌ركران.






 

ڕاپۆرت: ماجد سوره‌مێرى

فۆتۆ: شه‌فه‌ق