په‌یامێكی‌ دیكه‌ بۆ مالیكی‌

شفق نيوز

هه‌ڵده‌گرن. سه‌ره‌كیترین لێكدانه‌وه‌ ئه‌وه‌یه‌: هێرشه‌كان په‌یامێكی‌ تری‌ چه‌كداره‌ تووندڕه‌وه‌كان و باڵی‌ سیاسی‌ به‌ناو (مقاومه‌)ی‌ عیراقی‌ به‌شداربووی‌ پرۆسه‌ی‌ سیاسی بوون بۆ نوری‌ مالیكی‌ و حكومه‌ته‌ ماوه‌به‌سه‌رچووه‌كه‌ی‌، كه‌ ناوه‌ڕۆكه‌كه‌ی‌ بریتییه‌ له‌وه‌ی‌ حكومه‌تی‌ ئێستای‌ عیراق توانای‌ پاراستنی‌ ئاسایش و ئارامیی‌ هاوڵاتیانی‌ نییه‌ و ئه‌گه‌ر دیسانه‌وه‌ لیستی‌ ده‌وڵه‌تی‌ یاسا حكومه‌ت پێكبهێنێته‌وه‌، ئه‌وا هیچ گۆڕانێكی‌ ئیجابی‌ به‌سه‌ر بارودۆخی‌ ئاسایشی‌ وڵاتدا نایه‌ت، بۆیه‌ ده‌بێت هه‌وڵ بدرێت ئه‌و لیسته‌ له‌ گرتنه‌ده‌ستی‌ ده‌سه‌ڵات دووربخرێته‌وه‌.

ئه‌و په‌یامه‌ نه‌ك هه‌ر به‌ ته‌نها ئاڕاسته‌ی‌ ڕای گشتی‌ ناوخۆ و فراكسیۆنه‌ سیاسییه‌كان كرا، به‌ڵكو ئاڕاسته‌ی‌ ئه‌مریكا و وڵاتانی‌ ئیقلیمی‌ و ته‌واوی‌ ئه‌و وڵاتانه‌یش كرا كه‌ به‌رژه‌وه‌ندییه‌ ئابوورییه‌كانیان له‌ عیراقێكی‌ جێگیر و ئارامدایه‌، به‌گوێره‌ی‌ ئامانجی‌ په‌یامه‌كه‌ ده‌بێت هه‌موو ئه‌و وڵات و لایه‌نانه‌ هه‌ڵوێسته‌كانیان یه‌كبخه‌ن و پشتیوانیی‌ ڕكابه‌ره‌ سه‌ره‌كییه‌كانی‌ مالیكی‌ و لیسته‌كه‌ی‌ بكه‌ن، له‌پێش هه‌موویانه‌وه‌ لیستی‌ ئه‌لعیراقیه‌، كه‌ به‌پێی‌ وتارێكی‌ نوری‌ مالیكی‌ كه‌ له‌پاش ڕاگه‌یاندنی‌ ئه‌نجامه‌ به‌راییه‌كانی‌ (7/3)ه‌وه‌ پێشكه‌شیكرد، چه‌ندین ئه‌ندام و سه‌ركرده‌ی‌ ئه‌و لیسته‌، یاسای‌ ڕیشه‌كێشكردنی‌ به‌عس ده‌یانگرێته‌وه‌ و به‌شێوه‌یه‌ك له‌ شێوه‌كان په‌یوه‌ندییان به‌ حزبی‌ به‌عس و چه‌كداره‌ تووندڕه‌وه‌كانه‌وه‌ هه‌یه‌.

باشترین به‌ڵگه‌ی‌ ئاشكرا كه‌ ئه‌و تێڕوانینه‌ی‌ سه‌ره‌وه‌ پشتئه‌ستوور ده‌كات، ئه‌وه‌یه‌ هه‌ر ڕۆژێك له‌دوای‌ زنجیره‌ ته‌قینه‌وه‌كانی‌ چوارشه‌ممه‌ی‌ ڕابردوو، تاریق هاشمی‌ له‌لایه‌ك و لیستی‌ عیراقیه‌ش له‌لایه‌كی‌ تره‌وه‌ به‌ ڕاشكاوی‌ له‌ كه‌ناڵه‌كانی‌ ڕاگه‌یاندنه‌وه‌ هێرشیان كرده‌ سه‌ر حكومه‌ت و داوایانكرد، دان به‌وه‌دا بنێت كه‌ توانای‌ پاراستنی‌ ئاسایشی‌ عیراقی‌ نییه‌. له‌لایه‌كی‌ تره‌وه‌ به‌ ئامانجی‌ دروستبوونی‌ ناڕه‌زاییه‌كی‌ به‌رفراوانی‌ شه‌قامی‌ عیراقی‌ و سه‌ره‌نجام گوشار خستنه‌ سه‌ر لیستی‌ ده‌وڵه‌تی‌ یاسا تاكو ده‌ستبه‌رداری‌ خواستی‌ پێكهێنانی‌ حكومه‌ت بێت، هه‌روه‌ها بۆ ئه‌وه‌ی‌ ده‌ریبخه‌ن نه‌ك هه‌ر لیستی‌ عیراقیه‌ و سوننه‌كان له‌ دژی‌ هاتنه‌وه‌ سه‌ر كاری‌ مالیكین، به‌ڵكو ته‌واوی‌ دانیشتوانی‌ ناوچه‌ جیاجیاكانی‌ عیراقیش هه‌مان هه‌ڵوێستیان هه‌یه‌، نه‌خشه‌داڕێژه‌رانی‌ په‌لاماره‌كان، شێوازێكی‌ نوێیان له‌ هێرشه‌كانیاندا به‌كارهێنا، به‌وه‌ی‌ په‌لاماره‌كانیان ناوچه‌ی‌ سوننه‌نشین و شیعه‌نشین و كوردنشینیشی‌ گرته‌وه‌.

به‌هاری‌ ڕابردوویش دوای‌ ڕاگه‌یاندنی‌ ئه‌نجامی‌ به‌رایی‌ هه‌ڵبژاردنه‌كان و پێداگریی‌ مالیكی‌ له‌سه‌ر مانه‌وه‌ له‌ پۆسته‌كه‌یدا، نه‌یارانی‌، زنجیره‌ په‌لاماره‌كانی‌ یه‌كشه‌ممه‌ و سێشه‌ممه‌ و چوارشه‌ممه‌ی‌ خوێناوییان ئه‌نجامدا كه‌ یه‌كه‌م په‌یامی‌ تووندڕه‌وه‌كان له‌ دژی‌ مالیكی‌ بوو له‌دوای‌ هه‌ڵبژاردن، به‌ڵام كێشمه‌كێشه‌كانی‌ پێنج مانگی‌ ڕابردوو ده‌ریانخست گه‌رچی‌ ته‌قینه‌وه‌كان ناڕه‌زایی‌ جه‌ماوه‌ریی‌ دروستده‌كه‌ن، به‌ڵام سه‌ركه‌وتوو نه‌بوون له‌ به‌دیهێنانی‌ ئامانجه‌ سه‌ره‌كییه‌كانی‌ داڕێژه‌رانیدا كه‌ بریتییه‌ له‌ دوورخستنه‌وه‌ی‌ مالیكی‌ له‌ ململانێی‌ به‌ده‌ستهێنانه‌وه‌ی‌ پۆستی‌ سه‌ره‌ك وه‌زیران.

ئاخۆ ئه‌م زنجیره‌ په‌لاماره‌ی‌ چوارشه‌ممه‌ و ئه‌و زنجیره‌ په‌لاماره‌ی‌ دوو ڕۆژ له‌وه‌وبه‌ر نوری‌ مالیكی‌ پێشبینیكرد ڕووبده‌ن؟ ده‌وڵه‌تی‌ یاسا له‌ حیراكی‌ سیاسی‌ تایبه‌ت به‌ پێكهێنانی‌ حكومه‌ت دوورده‌خه‌نه‌وه‌؟