نه‌ریتی به‌كارهێنانی ئاو و كاره‌با لای كورد

شفق نيوز

پێداویستییه‌كانی مرۆڤ ئه‌ژمار كراوه‌، تائه‌وه‌ی ژیان بێ (ئاو) مه‌حاڵ و بێ (كاره‌با)ش سه‌خت. هه‌ر بۆیه‌ بوونی ئه‌و (دوو) سه‌رچاوه‌ گرنگه‌ی ژیان به‌ یه‌كێك له‌ نیشانه‌كانی پێشكه‌وتنی هه‌ر كۆمه‌ڵگا و ده‌وڵه‌تێك ناسراوه‌. جارێك (ئاو) ڕه‌گه‌زێكی گرنگی ئه‌زلی ژیان و هۆكاری زیندووهێشتنه‌وه‌ی گۆی زه‌وی و مانای ژیان بووه‌، به‌ڵام (كاره‌با) ئه‌و ده‌سكه‌وته‌ مێژووییه‌ی مرۆڤ بووه‌، كه‌ له‌ یه‌كێك له‌ قۆناغه‌كانی ژیان و مێژوودا دۆزرایه‌وه‌. ئامانج له‌و ده‌سكه‌وته‌ش ڕزگاربوونی به‌ره‌ی مرۆڤایه‌تی بوو له‌ شه‌وه‌ زه‌نگی تاریكی و نائومێدی. ئه‌و كه‌سه‌شی شه‌ره‌فی دۆزینه‌وه‌ی كاره‌بای به‌سه‌ردا بڕا، كه‌سێكی ئه‌مریكی بوو به‌ ناوی (تۆماس ئه‌لوا ئه‌دیسۆن/1847-1931ز)، كه‌ له‌ شاری (میلان)ی سه‌ر به‌ ویلایه‌تی (ئوهایو)ی ویلایه‌ته‌ یه‌كگرتووه‌كانی ئه‌مریكا، ئه‌و سه‌رچاوه‌ گرنگه‌ی دۆزییه‌وه‌. دواتر وه‌ك زانایه‌كی پایه‌داری جیهانی ناسرا. سه‌ره‌تاش زۆر به‌ لاوازی له‌گه‌ڵ پرۆسه‌ی خوێندندا ڕۆیشت و دواتر هه‌ر له‌به‌ر ئه‌و لاوازییه‌ی له‌ خوێندن ده‌ركرا، به‌ڵام زۆری نه‌خایاند و له‌ قه‌ره‌بووی ئه‌و ده‌ركرانه‌ی له‌ خوێندنگادا دووچاری بوو، به‌ داهێنانێكی گه‌وره‌وه‌ هاته‌مه‌یدان، كه‌ دۆزینه‌وه‌ی (ته‌زووی كاره‌با) بوو.

كاتێكیش دێنه‌سه‌ر كۆمه‌ڵگای كوردی و له‌نێو ئه‌و كۆمه‌ڵگایه‌شدا (هه‌رێمی كوردستان) وه‌ك به‌شێكی ئازاد كراوی سه‌رتاسه‌ری خاكی كوردستان، به‌هۆی بوونی ده‌سه‌ڵاتێكی خۆڕێبه‌ری تێدا، ماوه‌ی چه‌ند ساڵێكه‌ به‌رهه‌م و به‌كارهێنانی (ئاو و كاره‌با) به‌ گه‌وره‌ترین كێشه‌ی حكومه‌تی هه‌رێمی كوردستان و هاوڵاتیانی هه‌رێمی كوردستان ئه‌ژماركراوه‌. كێشه‌یه‌ك نه‌چاره‌سه‌ری بنه‌ڕه‌تی بۆ كراوه‌ و ده‌كرێت. نه‌توانراوه‌ و ده‌توانرێت وازی لێ بهێنرێت، چونكه‌ هه‌روه‌ك ئاماژه‌مان پێدا نه‌ ژیان بێ (ئاو) بوونی بووه‌، نه‌ بێ (كاره‌با)ش.

له‌ په‌راوێزی ئه‌و ڕاستیانه‌شدا بۆ ماوه‌یه‌كه‌ به‌كارهێنانی (ئاو و كاره‌با) بووه‌ته‌ نه‌ریتی ڕۆژانه‌ی تاك و خێزانه‌كانی كۆمه‌ڵی كورده‌واری، به‌تایبه‌ت له‌ هه‌رێمی كوردستان. وه‌ك ئه‌وه‌ی هیچ هاوڵاتییه‌ك ئه‌و (دوو) سامانه‌ گرنگه‌ی ژیان له‌ هه‌رێمه‌كه‌مان به‌ سامانێكی نیشتمانی نازانێت، به‌ڵكو وه‌ك تۆڵه‌یه‌ك له‌دژی حكومه‌تی هه‌رێمی كوردستان به‌كاری هێناوه‌ و به‌كاری ده‌هێنێت. وه‌ك ئه‌وه‌ی ئه‌و كاتانه‌ی بۆ ماوه‌یه‌كی دیاریكراو ئاوی نیشتمانی ببڕدرێت، تێكڕای تاك و خێزانه‌كان ده‌ست ده‌كه‌ن به‌ جنێو و قسه‌ی ڕه‌ق به‌ حكومه‌تی هه‌رێم و به‌رپرسه‌كانی، به‌ڵام كاتێك ئاوه‌ نیشتمانییه‌كه‌ دێته‌وه‌ ده‌ستی پێوه‌ناگرن و چی خراپه‌ پێیده‌كه‌ن. وه‌ك ئه‌وه‌ی به‌ر ده‌رگا و كۆڵان و شه‌قامه‌كانی به‌رده‌م ماڵ و سه‌یاره‌ی پێده‌شۆن! دواتر ده‌ستده‌كه‌ن به‌ ئاوپرژێنی دیواره‌كانی ماڵ و شۆسته‌كان، تا ئه‌وه‌ی ئاوه‌كه‌ ده‌بڕێت! هه‌روه‌ها كاتێك كاره‌بای نیشتمانی دێته‌وه‌، كه‌س سۆزی بۆی ناجوڵێت و ڕه‌حمی پێناكات، به‌ڵكو له‌به‌رامبه‌ردا چی گۆڵپی ماڵ و ته‌له‌فزیۆن و سه‌ته‌لایه‌ت و سپلێت و بۆیله‌ر و هیته‌ر و ئامێره‌ كاره‌باییه‌كانی تره‌ كاری پێده‌كه‌ن، به‌ڵام كاتێك كاره‌بای نیشتمانی به‌هۆی نابه‌رپرسیاریه‌تی به‌شێك له‌ هاوڵاتیانییه‌وه‌ ده‌بڕدرێت یه‌كه‌سه‌ر جارێكیتر جنیۆ و قسه‌ی سووك سه‌رو و گۆیلاكی حكومه‌تی هه‌رێم و وه‌زاره‌تی كاره‌با و ئه‌ندازیار و به‌رپرسانی ئه‌و وه‌زاره‌ته‌ ده‌گرێته‌وه‌. له‌وانه‌ش سه‌رنج ڕاكێشتر ئه‌گه‌ر كاره‌بای نیشتمانی جارێكی تر بێته‌وه‌ ڕه‌حمه‌ت بۆ (ئه‌دیسۆن) ده‌نێردرێت! ئه‌م دیارده‌یه‌ش هه‌ر وه‌ك كاری به‌ناو سیاسییه‌كانی خۆمان وه‌هایه‌، كه‌ زیاد له‌ڕاده‌ ڕێز و خۆشه‌ویستیان بۆ بێگانه‌كان و نه‌یارانی كورد هه‌یه‌ و له‌قسه‌ و ڕاسپارده‌ی ئه‌وان ده‌رناچن، به‌ڵام له‌ئاست هاوشێوه‌ كورده‌كانیان زۆر كه‌م ته‌رخه‌م و بێ متمانه‌ن، تا ئه‌وه‌ی حیسابی بۆ ناكرێت، هاونه‌ته‌وه‌ كورده‌كانیانه‌!

ئه‌مه‌ و به‌ده‌ر له‌و دیاردانه‌، كه‌ بۆ چه‌ند ساڵێكه‌ بوونه‌ته‌ نه‌ریتی ڕۆژانه‌ تاك و خێزانه‌كانی ئه‌م هه‌رێمه‌، به‌وه‌ی ئه‌وه‌ی خه‌می ئه‌و دوو سامانه‌ نیشتمانییه‌ ناخوات، هاوڵاتیانی هه‌رێمی كوردستان و حكومه‌ته‌كه‌یه‌تی، كه‌چی له‌به‌رامبه‌ردا هه‌مووان سكاڵا له‌ حكومه‌تی هه‌رێمی كوردستان و حكومه‌تیش سكاڵا له‌ هاوڵاتییه‌كانی ده‌كات! له‌م بواره‌شدا ئه‌وه‌ی جێگای باس و قسه‌له‌سه‌ركردنه‌ ئه‌و نه‌ریته‌ هه‌ڵه‌یه‌ی هاوڵاتیانی هه‌رێمه‌كه‌یه‌ له‌ پڕكردنه‌وه‌ی ناوه‌وه‌ و ده‌ره‌وه‌ی ماڵه‌كانیان به‌ ده‌یه‌ها گلۆپی جۆراوجۆر و ڕه‌نگاوڕه‌نگ و ده‌یه‌های ئامێری كاره‌بای جۆراوجۆر. وه‌ك ئه‌وه‌ی بۆ هه‌ر ماڵێك بچێت به‌ ده‌یه‌ها گلۆپی سپی و زه‌رد و سوور ڕازاوه‌ته‌وه‌! ئه‌مه‌ و زیاتر له‌ چه‌ندین مۆبایل و ته‌له‌فزیۆن و ڕادیۆ و هیته‌ر و سپلێت و كامپیوته‌ری هه‌یه‌ و له‌كاتی هاتنه‌وه‌ی كاره‌بای نیشتمانیشدا هه‌موو ئه‌و ئامێرانه‌ به‌كار ده‌هێنێت! ئه‌مه‌ و به‌ده‌رله‌وه‌ی له‌هه‌ر ماڵێكدا زیاتر له‌ (دوو) ته‌والێت و گه‌رماو و مه‌غسه‌ل بوونی هه‌یه‌، كه‌ زۆربه‌یان بێ پلان ئاویان تێدا به‌فیڕۆ ده‌ڕوات. ئه‌مه‌ و به‌ده‌ر له‌و جۆره‌ ته‌والێته‌ی ناوی (ته‌والێتی غه‌ربی) لێنراوه‌! ئه‌وه‌ش به‌وه‌ی له‌هه‌ر به‌كارهێنانێكدا نزیكه‌ی (پێنج) لیتر ئاو به‌ هه‌ده‌ر ده‌بات!

له‌كۆتایی ئه‌م ڕاستیانه‌شدا، كه‌ چه‌ند ساڵێكه‌ بوونه‌ته‌ نه‌ریتی ڕۆژانه‌ی تاكه‌كانی كوردی ئه‌م هه‌رێمه‌ به‌ تایبه‌تی و دوای (77) ساڵ له‌ مه‌رگی ئه‌و دۆزره‌وه‌ی ته‌زووی كاره‌با وه‌ك سه‌رچاوه‌یه‌كی دۆزراوه‌ی نوێی مێژوویی، ده‌كرێت بڵێین "ئه‌ی ئه‌دیسۆن ئارام بنوو، تۆی ئه‌مریكی، كه‌ نزیك به‌ پێنج سه‌ده‌یه‌ خاوه‌نی خاكی خۆتی، له‌ ته‌مبه‌ڵیدا ته‌زووی كاره‌بات دۆزییه‌وه‌، به‌ڵام ئێمه‌ی كورد، كه‌ زیاتر له‌ (ده‌ هه‌زار) ساڵه‌ له‌سه‌ر خاكی ڕه‌سه‌نی خۆمان ده‌ژین! هه‌نوكه‌ش به‌ زیاتر له‌ (سه‌د و په‌نجا و سێ هه‌زار و سه‌د و چل و یه‌ك) به‌رپرس و ئه‌ندازیار و كارمه‌نده‌وه‌ به‌ كاوخۆ چه‌ند كاتژمێرێك كاره‌بایان پێ دابین" ده‌كرێت، بۆیه‌ له‌ كۆتاییدا ته‌نیا ئه‌وه‌نده‌ ده‌ڵێین "ئه‌ی خوایه‌ ئێمه‌ت بۆیه‌ دروستكرد تا ببینه‌ په‌ندی زه‌مانه‌ و نه‌ته‌وه‌ و دانیشتوانی سه‌ر ڕووی زه‌وی؟ یان بۆ ئه‌وه‌ی له‌ كوێره‌وه‌ی و هیچ له‌هه‌گبه‌ نه‌بوومان بۆ ئه‌و دونیا دۆزه‌خی گه‌رمی خۆتمان پێئاوه‌دان بكه‌یته‌وه‌؟"