رۆژێك بۆ ماندێلا.. رۆژه‌كانی‌ تر بۆ كێ‌؟

شفق نيوز

رۆژی‌ 18ی‌ ته‌مموزی‌ هه‌موو ساڵێك وه‌ك "رۆژی‌ نیڵسۆن ماندێلا بۆ دادپه‌روه‌ریی‌ كۆمه‌ڵایه‌تی‌" دیاریكرا.ئه‌وه‌ی‌ ماندێلا بۆ باشووری‌ ئه‌فریقا و تێكڕای‌ مرۆڤایه‌تی‌ كردی‌ به‌ رۆژێك پاداشت ناكرێته‌وه‌، به‌ڵام ئه‌م بریاره‌ مه‌غزای‌ تایبه‌تی‌ خۆی‌ هه‌یه‌ و ده‌كرێت هه‌ڵوه‌سته‌ی‌ له‌سه‌ر بكرێت.ئه‌م هه‌نگاوه‌ یه‌كه‌م بڕیاره‌ كه‌ له‌نێو كۆمه‌ڵه‌ی‌ گشتیدا به‌بێ‌ مشتومڕ و به‌كۆی‌ ده‌نگ په‌سه‌ند ده‌كرێت، یه‌كه‌م رۆژیشه‌ كه‌ تایبه‌ت ده‌كرێت به‌ تاكه‌ كه‌سێك. ئه‌مه‌ش گه‌وره‌یی‌ ئه‌و مرۆڤه‌ نیشان ده‌دات كه‌ هه‌موو جیهان بۆ هه‌تاهه‌تایه‌ شانازیی‌ پێوه‌ ده‌كات. ماندێلایه‌ك كه‌ نزیكه‌ی‌ 70 ساڵ له‌ ته‌مه‌نی‌ خۆی‌ له‌پێناو چه‌سپاندنی‌ دادپه‌روه‌ریی‌ كۆمه‌ڵایه‌تی‌ و نه‌هێشتنی‌ جیاكاریی نه‌ژادیدا له‌ شۆڕش و زیندان و پاشانیش فه‌رمانڕه‌واییدا برده‌سه‌ر.ماندێلا توانی‌ هه‌م ته‌ختی‌ ئاپارتاید بڕوخێنێت و هه‌میش ببێته‌ ئه‌و رێبه‌ره‌ی‌ كه‌ باشووری‌ ئه‌فریقای‌ له‌ گۆڕه‌پانی‌ جه‌نگ و كوشتوبڕ و جیاكاریی نه‌ژادییه‌وه‌ كرده‌ سه‌رزه‌مینی‌ یه‌كترقبوڵكردن و پێكه‌وه‌ژیانی‌ ئاشتیانه‌. له‌وه‌ش گه‌وره‌تر، هه‌ر زوو ته‌ختی‌ فه‌رمانڕه‌وایه‌تیی‌ بۆ یه‌كێك له‌ خوێندكاره‌كانی‌ خۆی‌ به‌جێهێشت!له‌به‌ر رۆشنایی‌ ئه‌و راستییانه‌ی‌ سه‌ره‌وه‌، ده‌كرێت بڵێین دیاریكردنی‌ رۆژێك به‌ناوی‌ كه‌سێكی‌ وه‌ك ماندێلاوه‌ زاده‌ی‌ كۆششی‌ مرۆڤدۆستانه‌ی‌ خۆیه‌تی‌. ئه‌وه‌ی‌ ئه‌مڕۆ بۆ ماندێلا ده‌كرێت جیاوازه‌ له‌و ئاهه‌نگ و مه‌راسیم و پیاهه‌ڵدان و پشووه‌ "ره‌سمی"یانه‌ی‌ له‌سایه‌ی‌ رژێمه‌ دیكتاتۆرییه‌كاندا بۆ سه‌رۆك و پادشای‌ وڵاتان ده‌كرێت! چونكه‌ ئه‌وان هه‌تا له‌سه‌ر عه‌رشی‌ حوكمڕانیدان مرۆڤایه‌تی ده‌خه‌نه‌ خزمه‌تی‌ خۆیانه‌وه‌ و هه‌ر خۆیشیان تاجی‌ "شانازی‌" ده‌كه‌نه‌ سه‌ریان، بۆیه‌ دوای‌ نه‌مانیان (هیچ) له‌دوای‌ خۆیان جێده‌هێڵن! به‌ڵام ماندێلا كه‌ هه‌موو ته‌مه‌ن و كۆششه‌كانی‌ خۆی‌ له‌ خزمه‌تی‌ مرۆڤایه‌تیدا بوون، خۆنه‌ویستییه‌كانی‌ ده‌بنه‌ تاجی‌ سه‌روه‌ری و بۆ هه‌میشه‌یش ناوی به‌ دره‌وشاوه‌یی‌ له‌ لاپه‌ره‌كانی‌ مێژووی‌ مرۆڤایه‌تیدا ده‌دره‌وشێته‌وه‌.راسته‌ سنووری‌ جوگرافیی‌ په‌یامه‌كه‌ی‌ ماندێلا ناوچه‌یه‌كی‌ بچووكی‌ ئه‌فریقای‌ گرته‌وه‌، به‌ڵام له‌ جه‌وهه‌ردا په‌یامێكی‌ جیهانیی‌ و مرۆیی‌ گه‌وره‌ بوو. كه‌واته‌ ماندێلا ته‌نها موڵك و مێژووی‌ باشووری‌ ئه‌فریقا نیه‌ به‌ڵكو له‌هه‌ر گۆشه‌یه‌كی‌ ئه‌م دنیایه‌دا هه‌ستێكی‌ مرۆڤدۆستی‌ هه‌بێت ده‌كرێت خۆی‌ به‌ میراتگر و شوێنكه‌وته‌ی‌ ماندێلای‌ رچه‌شكێن و مرۆڤ بزانێت.په‌یام و مێژوو و رابردووی‌ ماندێلا له‌وه‌ گه‌وره‌تره‌ كه‌ رۆژێكی‌ بۆ ته‌رخان بكرێت، به‌ڵام په‌یامه‌كه‌ی‌ كۆمه‌ڵه‌ی‌ گشتیش هه‌نگاوێكی‌ مه‌عنه‌وی‌ و ناڕاسته‌وخۆیه‌ بۆ ئه‌و رژێمانه‌ی‌ كه‌ نه‌زعه‌ی‌ ئاپارتاید و قه‌تڵوعام و ئینكاری‌ ناسنامه‌ و شێواندنی‌ جیاوازییه‌كانیان له‌ زه‌یندایه‌!له‌به‌رئه‌وه‌ی‌ هێشتا جیهان غه‌رقی‌ كاره‌سات و ناعه‌داله‌تی‌ و كوشتوبڕ و سته‌مكاری و له‌ناوبردنی‌ بێده‌نگه‌، پێویستمان به‌ ماندێلای‌ تره‌.هه‌م كات ماوه‌ و هه‌میش رۆژه‌كانی‌ ساڵ ماون بۆ ماندێلاكانی‌ دیكه‌!!!