گەڕانەوەی بارزانیی نەمر لە یەكێتی سۆڤیەت و هێنانەوەی تەرمی نەمران بوونە مایەی دروستبوونی هەستێكی قووڵی كوردایەتی و نەتەوایەتی

شفق نيوز

1993 دا روویانداوە، هەستی كوردیان جولاندبێت. لەم دوو رۆژەدا بارزانیی نەمر سەركردەی شۆڕشگێڕی كوردستان لە دوو قۆناغی جیاجیاداو لە دوو كاروانی جیادا بۆ باشووری كوردستان گەڕاوەتەوە، یەكەم گەڕانەوەی پاش نزیكەی دوانزە ساڵ كە لە یەكێتی سۆڤیەتی جاران ئاوارە بوو، لە رۆژی 6ی تشرینی یەكەمی 1958 دا بارزانیی نەمر لەناو پێشوازییەكی گەرمی جەماوەری ئێراق و كوردستاندا بۆ كوردستان و ئێراق گەڕاوەتەوە، دووەمین گەڕانەوەشی لە 6ی تشرینی یەكەمی 1993 دا بوو، ئەو كاتەی لەناو ئاپۆڕای سەدان هەزار هاووڵاتی و لەنێو پێشوازیی گەرم و فرمێسكی جەماوەرداو لە رێزگرتنێكی بێ وێنەدا تەرمی نەمران مستەفا بارزانی سەركردەی نەتەوەیی كورد و كاكە ئیدریسی هەمیشە زیندوو لە گوندی هەڵەج لە كوردستانی ئێرانەوە بۆ خاكی كوردستانی ئێراق هێنرانەوە

گەڕانەوەی بارزانیی نەمر لە یەكێتی سۆڤیەت و هێنانەوەی تەرمی نەمران بوونە مایەی دروستبوونی هەستێكی قووڵی كوردایەتی و نەتەوایەتی

هەرچەندە ئەم رووداوانە لە دوو مێژووی جیاوازدا بوون، بەڵام هەردووكیان لەكات و ساتی خۆیدا گۆڕانی قووڵ و قۆناغی نوێیان لە ژیانی گەلانی ئێراق و بزاڤی رزگاریخوازی كوردیشدا دروست كرد، چونكە لەلایەك گەڕانەوەی بارزانی لەوكاتەدا برایەتی كورد و عەرەبی پتەوتر كرد، لەلایەكی دیكەش سەرلەنوێ قسەو بڕیاری نەتەوەی كوردیشی یەكخست و كورد و بزاڤە رزگاریخوازەكەی لەو تەنگژەیە رزگاركرد كە لەپاش خامۆشبوون و رووخانی كۆمارە ساواكەی كوردستان لە مهاباد دوچاری بزووتنەوەی رزگاریخوازی كورد بووبوو. لە 6-10-1993ش كاتێك تەرمی نەمران هێنرایەوە نێو خاكی باب و باپیران، بووە هۆی ئەوەی ئەو رۆژە مێژووییە ببێتە رۆژێكی نەتەوەیی و كەرنەڤاڵێكی میللی وا كە تیایدا گەلی كورد بە یەكگرتوویی و یەكڕیزییەوەو بەبێ جیاوازی ئایین و نەتەوەو بیروبۆچوونی حزبایەتییەوە هەستی نەتەوایەتی و كوردایەتیان جۆش بدەنەوە، چونكە خەبات و تێكۆشانی ئەو قارەمانانە لە پێناو مافە رەواكانی كوردو ئازادی و سەرفرازی میللەتەكەمان بوو كە هەزارەها ساڵ بوو لەژێر چەرمەسەری و دەردو مەینەتی دژواردا دەژیان. هێنانەوەی تەرمی نەمران و بە خاك سپاردنیان لە –بارزان-ی لانكەی كەڵەمێران، هیوایەكی زیاتری بە كورد بەخشی و تامی سەركەوتنی راپەڕینی ئاداری خۆشتر و شیرینتر كردو ورەو قەناعەتی زیاتری بەخشییە میللەتەكەمان. بارزانیی نەمر پاش گەڕانەوەی لە یەكێتی سۆڤییەتەوە بۆ ئێراق هەموو هەوڵێكی خۆی و پارتی دیموكراتی كوردستانی خستە گەڕ بۆ سەرخستنی ئەو گۆڕانكارییە سیاسییە قووڵانەی كە شۆڕشی 14ی تەمووز بەسەركردایەتی عەبدولكەریم قاسم لە ئێراقدا دروستی كردبوو

بارزانیی نەمر و شۆڕشی سەرتاسەریی

بارزانیی نەمر (مەلا مستەفای شێخ محەمەد بارزانی) كە لە 14ی ئاداری 1903 لەدایكبووە، هەر لە تەمەنی 3 ساڵیدا لەتەك دایكیدا نزیكەی نۆ مانگ لە زیندانی مووسڵ زیندانی كراوە. بارزانیی نەمر هەر لە منداڵییەوە بەهۆی زیرەكی و رەوشتبەرزیی و ئازایەتییەوە سەرنجی دەوروبەرەكەی بۆ خۆی راكێشاوەو زۆریش حەزی لە خوێندن و زانیاری كردووە، بۆیە ماوەی چەندین ساڵ شەریعەو فیقهی ئیسلامی لە بارزان خوێندووە، بارزانیی نەمر كە زیاتر لە نیو سەدە ژیانی خۆی لە خەباتی نەپساوەی دژی زوڵم و زۆرداری و بەدەستهێنانی مافە رەواكانی گەلی كورد بەسەربردووە، بەزیرەكیی و لێهاتوویی خۆی واقیعی سیاسی و كۆمەڵایەتی میللەتەكەمانی خوێندۆتەوەو، لەوە گەیشتووە كە بەبێ یەكگرتوویی گەلەكەمان و بەبێ بەشداربوونی گشت چین و توێژەكانی گەلەكەمان ئەستەمە بتوانرێ مافی گەلەكەمان دابین بكرێت و لەدەست رژێمە زۆردارو دیكتاتۆرەكانی ناوچەكە رزگارمان بێت. هەروەها بارزانیی نەمر زۆر بە باشی لەو زوڵمە مێژووییەی كۆڵیوەتەوە كە داگیركەران و بەرژەوەندیی زلهێزەكان بەسەر گەلەكەمانی هێناوەو وڵاتەكەیان پارچە پارچە كردووین. بۆیە هەر لە سەرەتاوە هەوڵی داوە خەبات و شۆڕشەكەی تەنها لە ناوچەیەك قەتیس نەكات، بەڵكو گشت ناوچەیەكی كوردستانی گەورە بكاتە ئامانجی سەرەكیی خۆی. ئەوەتا هەر لەدوای سەرنەكەوتنی شۆڕشی دووەمی بارزان روودەكاتە رۆژهەڵاتی كوردستان و بە هەموو شێوەیەك لە خزمەت كۆمارە ساواكەی كوردستان لە مەهاباد دەبێت و چەندین شەڕی قارەمانانە بۆ بەرگریكردن لەو كۆمارە دەكات. وەك گوتمان پێشتریش بارزانیی نەمر لەپاڵ شێخ ئەحمەد بارزانی بەشداری لە شۆڕشی یەكەمی بارزان لە ساڵی 1931 كردبوو، هەروەها لە شۆڕشی دووەمی بارزانیش لە ساڵەكانی 1943 -1945 بارزانیی نەمر رۆڵێكی جوامێرانەی گێڕابوو و دەسەڵاتی چلكاوخۆری ئەوكاتەی ئێراقی تەنگەتاو كردبوو، بەڵام لە بەختی كورد و بەهۆی بەرژەوەندی زلهێزەكانی ئەو كات بەتایبەتیش بەریتانیا، هەردوو شۆڕشەكە سەركەوتنیان بەدەست نەهێنا. كاتێكیش هۆكارە نێوخۆییەكان و بەرژەوەندییە نێودەوڵەتییەكان نەیانهێشت كۆماری كوردستان لە مهاباد زیاتر لەسەر پێی خۆی بوەستێت و پشتیان لەكورد كرد، پێشەوا قازی محەمەدیش هەر زوو دەیزانی رژێمی شای ئێران تۆڵە لە خەڵكی سڤیل دەكاتەوە، بۆیە پێی باشتر بوو بە بەبێ شەڕ خۆی بەدەستەوە بدات و دانیشتووانی رۆژهەڵاتی كوردستان لە قەتل و عام بپارێزیت. بارزانیی نەمریش لەگەڵ شێخ ئەحمەدی بارزانی و هاوەڵەكانی رووی كردەوە سنوورەكانی باشووری كوردستان و دوای راوێژكردن لەگەڵ شێخ ئەحمەدی بارزانی بڕیاریدا بەرەو سنوورەكانی وڵاتی شوورەوی بكەوێتە ڕێ و خۆی نەداتە دەست هیچ هێزێك، ئەوەبوو لەگەڵ زیاتر لە 500 كەس لە هەڤاڵانی رێگای مان و نەمانی گرت و بەنێو سنووری سێ وڵاتی دوژمندا رێڕەوە مێژووییەكەی دەستپێكرد، دوای چەندین شەڕو كەمین دانانەوەی هێزەكانی دوژمنانی كورد، بارزانیی نەمر توانی بگاتە سنوورەكانی شوورەوی و داوای مانەوە لە بەرپرسانی ئەو وڵاتە بكات، بۆ ئەوەی لە دەرفەتێكی گونجاوتردا دەست بەشۆڕش بكاتەوە. ئەوەشمان لە یاد نەچێت كە بارزانیی نەمر پێشتر و لە 16ی ئابی 1946 بەهاوكاری چەندین كەسی شۆڕشگێڕ پارتی دیموكراتی كوردستانی لە باشووری كوردستان دامەزراندبوو، بۆیە ئەو كاتەی لە رووسیاش بوو ئاگاداری پارتەكەی بوو و بەهۆی چەندین كەسایەتییەوە رێنمایی بۆ سەركردایەتی پارتی رەوانە دەكرد، كە یەكێك لەوانە بەڕێز مام جەلال بوو

 

سەركەوتنی شۆڕشی 14ی تەمووز و دەرفەتی پێكەوە ژیان

 

دوای سەركەوتنی شۆڕشی 14ی تەمووز بەسەركردایەتی عەبدولكەریم قاسم و دامەزراندنی سیستەمی كۆماری ئێراق و دانانی دەستوورێكی بۆ ئێراق كە لەماددەی سێیەمیدا ئاماژەی بە برابەشی كوردو عەرەب لە ئێراقدا كردبوو، زەعیم قاسم داوای لە بارزانیی نەمر كرد بگەڕێتەوە ئێراق و هاوكاری شۆڕشەكە بكات. ئەوەبوو دوای مانەوەی نزیكەی 12 ساڵ لە سۆڤیەت و لە رۆژێكی وەكو ئەمڕۆی ساڵی 1958 لە پێشوازییەكی گەرم و بێ وێنەدا بارزانیی نەمر بە خاكی پیرۆزی وڵات شادبوویەوە. لەو رۆژەدا هەر لە شاری بەسراوە تاوەكو شارەكانی دیكەی باشووری ئێراق و دواتر خەڵكی شاری بەغداو جەماوەری كوردستان لە پێشوازی بارزانیی نەمردا بوون، چونكە دەیانزانی ئەو قارەمانە هێمای ئاشتی و برایەتی گەلانی ئێراقە. بەڵام لەبەرامبەردا كەسانی شۆڤێنی عەرەب هەر لە سەرەتاوە دژی ئەم هەنگاوەی قاسم بوون و كاریان بۆ تێكدانی پەیوەندییەكانی نێوان بارزانیی نەمر و قاسم دەكرد، تا دواجار توانیان كاریگەریی بخەنە سەر زەعیم قاسم و بەلاڕێیدا بەرن و تووشی چەندین هەڵەی مەترسیداری بكەن، تا گەیشتە ئەوەی وا لە قاسم بكەن بەرە بەرە لە مافەكانی كورد پەشیمان ببێتەوەو كۆسپ و تەگەرەش بخاتە بەردەم پارتیمان. هەروەها لە هەنگاوێكی چاوەڕوان نەكراودا ماددەی سێی دەستووریان هەڵپەسارد كە باسی لە برابەشی كوردو عەرەب دەكرد لە ئێراقدا، لەوەش زیاتر لەساڵی 1961 هێرشی سەربازی بكاتە سەر چەندین ناوچەو دەڤەری كوردستان. لەبەرامبەریشدا بارزانیی نەمر كە پێشتر هەستی بەو مەترسیانە كردبوو هاتبۆوە كوردستان، چیتر ئەو ناحەقیانەی پێ قبوڵ نەكرا، بۆیە شۆڕشی مەزنی ئەیلوولی جاڕداو شەڕ لە نێوان شۆڕشگێڕانی كوردو سوپای ئێراق دەستیپێكردەوە. دواتریش هەر ئەو شۆڤێنیستانە لەساڵی 1963 كودەیان بەسەر قاسمدا كردو لەناویان برد

 

بارزانیی نەمر و

 

هەڵوێست بەرامبەر بەعس

 

بارزانیی نەمر لە شۆڕش كردن بەردەوام بوو تاكو لە ساڵی 1970 توانی مل بەدوژمنان بداو لەگەڵی بكەونە گفتوگۆوە، كە دەرەنجامیش رێككەوتننامەی 11ی ئاداری لێكەوتەوە. بەڵام دوای ماوەیەك جارێكی تر بەعسییە بە بوغزەكان سەلماندیان كەوا ئامادە نین بەندەكانی رێككەوتننامەكە جێبەجێ بكەن، لەوەش زیاتر هەوڵی تیرۆركردنی بارزانیی نەمرو ئیدریسی جوانەمەرگیشیان دا، زۆرینەی كوردیش دەیانخواست لەسەر ئەم هەڵوێستانەی رژێم شۆڕش دەستپێبكەنەوە، بەڵام بارزانیی نەمر نەیهێشت بارودۆخەكە لەسەر ئەو تێك بچێ و گوتی ئەگەر شۆڕش دەست پێ بكەینەوە دەبێ لەسەر كەركووك بێت نەك لەسەر من. ئەوە بوو دواجار هەر لەسەر كەركووك شۆڕش دەست پێكرایەوەو، دەستكەوتیش گەورەش بەدەیتهات. بەڵام لەلایەكی دیكەوە رژێمیش كە دەمێك بوو لە ژێرەوەو لە پەنای ئاشتی و رێككەوتننامەی 11ی ئاداردا بە ناوبژی كیسنجەر و كەسانی تر لەگەڵ شای ئێران كەوتبووە گفتوگۆ، لەساڵی 1975 بۆ كۆتایی پێهێنانی شۆڕشی كورد، سازشی لەسەر بەشێك لە خاكی ئێراق كردو لە جەزائیر رێككەوتننامەی شوومی جەزائیری لەگەڵ شای ئێران ئیمزا كرد. بارزانیی نەمریش لەو بارودۆخە دژوارەدا بۆ ئەوەی گەلەكەمان دوچاری قڕكردن نەبێتەوە شۆڕشی بۆ ماوەیەكی كاتی وەستاند. پاشانیش دوای ماوە یەك توانرا شۆڕشێكی تر بەناوی شۆڕشی گوڵان دەست پێ بكرێتەوە. بەڵام بارزانیی نەمر لە وڵاتی غەریبیداو لە ئاوارەیی دوچاری نەخۆشییەكی ترسناك دەبێ و هەر بەهۆی ئەم نەخۆشییەوە لە 1-3-1979 بۆ دواجار ماڵئاوایی لە كوردو كوردستان دەكات و. لە رۆژهەڵاتی كوردستان تەرمە پیرۆزەكەی بەخاك دەسپێردرێت

 

هێنانەوەی تەرمی نەمران بۆ خاكی پیرۆزی كوردستان

 

دوای راپەڕینی ئاداری 1991 و رزگاركردنی بەشێكی زۆری خاكی كوردستان و دامەزراندنی پەرلەمان و حكوومەتی كوردستان، داخوازی جەماوەرەیی بۆ هێنانەوەی تەرمی نەمران روو لەزیادبوون دەكات، ئەوە بوو بەڕێز مسعود بارزانی سەرۆكی كوردستان و سەركردایەتی پارتی بڕیاری هێنانەوەی تەرمی نەمران دا. دوای ئامادەكارییەكی باش، لە 6 ی تشرینی یەكەمی 1993 شدا تەرمی نەمران گەیەنرانە مەرزی باشماخی نزیك پێنجوینی سەر بە پارێزگای سلێمانی و دواتر لەوێوە لەڕێوڕەسمێكی شایستەو جەماوەریدا لە باشماخەوە بەرەو سلێمانی شاری هەڵمەت و قوربانی گوازرانەوە، بەشێوەیەك كەوا بەدرێژایی رێگای پێنجوین و شارەزوور تاكو ناو شاری سلێمانی بەسەدان هەزار ئافرەت و پیاو و پیر و منداڵ بەچاوی فرمێسكاوییەوە لە پێشوازی تەرمی نەمران دابوون، هەرچەندە بڕیار وابوو تەرمی نەمران لە مەرزی حاجی ئۆمەرانەوە بە خاكی نیشتیمان شاد بكرێتەوە، بەڵام سۆز و خۆشەویستی خەڵكی شاری سلێمانی و دەڤەری گەرمیان بۆ رێبازی بارزانیی نەمر رێڕەوی هێنانەوەی كەژاوەی تەرمی نەمرانیان گۆڕی و لەجیاتی حاجی ئۆمەران لە باشماخەوە هێنرانەوە، لە شاری سلێمانیشدا كەژاوەی تەرمی نەمران سەردانی خانەقای مەولانا خالیدی نەقشبەندیان كرد و شەوێكیش لە مەرقەدی كاكە ئەحمەدی شێخ و شێخ مەحموودی نەمردا مانەوە، خەڵكی سلێمانی ئەو شەوە تا سپێدە لە خزمەت تەرمەكاندا مانەوە، رۆژی دواتریش بە درێژایی رێگای سلێمانی تا كۆیەو، دواتر تا هەولێری هۆلاكۆ بەزێن و پایتەختی هەرێمی كوردستان بەهەمان شێوە سەدان هەزار هاووڵاتی لە چاوەڕوانی و پێشوازی تەرمی نەمراندا بوون، لەناو هوتاف و فرمێسك و خۆشەویستی و لە خۆدانی خەڵكدا تەرمی نەمران گەیەنرانە بەردەمی تەلاری پەرلەمانی كوردستان ئەو پەرلەمانەی كە مستەفا بارزانی پتر لە نیو سەدە بوو خەبات و تێكۆشانی لە پێناودا كردبوو، دواتریش بەهەمان شێوە تا گەیەنرانە بارزان و لەوێش بەخاك سپێردران

مەغزای ئەو دوو رووداوە مەزنە

گەر گەڕانەوەی بارزانیی نەمر لە یەكێتی سۆڤیەتی جارانەوە بۆ ئێراق و كوردستان بووە مایەی ئاشتی و برایەتی و یەكگرتن لەناو ریزەكانی گەانی كوردستان و ئێراق، ئەوا هێنانەوەی تەرمی نەمران بۆ كوردستانی ئێراق لە ساڵی 1993 دا دیسان بووە مایەی جۆشدانی هەستی كوردایەتی و نەتەوایەتی و یەكگرتنەوەی كورد و پتەوكردنی ریزەكانی جەماوەر، چونكە لەو كات و ساتەدا تەنها دوو ساڵ و چەند مانگێك بوو كورد بەهۆی راپەڕینی ئادارەوە لە چنگی رژێمی دیكتاتۆری رزگاری ببوو. هێشتاش مەترسی لەسەر ئەزموونەكەمان هەبوو، بۆیە هێنانەوەی تەرمی نەمران ورەیەكی زیاتری بە جەماوەری گەلەكەمان بەخشی و سووڕتری كردن لەسەر مافە نەتەوایەتییەكانمان. بۆ ئەمڕۆش پێویستە سوود لەم دوو رووداوە مەزنە وەربگرین و دەست لەناو دەست هەموومان بەیەكەوە، یەك دەنگ و یەك هەڵوێست بین، لەسەر داواكارییەكانی كورد، بەتایبەتیش لەسەر ماددەی 140 و پرسی پێشمەرگەو نەوت و ..هتد، چونكە ئێستا بارودۆخی نێودەوڵەتی وەكو پێشتر لەدژی ئێمە نییە، بەڵكو بارودۆخەكە زیاتر لەسەر خۆمان وەستاوەو پێویستی بەیەكگرتن و هاوهەڵوێستی سەرجەم لایەنە سیاسیەكانی كوردستانەوە هەیه‌