نوجێفی و چاره‌نووسی موسڵ

شفق نيوز

ئاڵۆزی له‌شاری موسڵ هاتووه‌ته‌ ئاراوه‌. كه‌فاكته‌ری یه‌كه‌م له‌م مه‌سه‌له‌یه‌دا په‌یوه‌ندی راسته‌وخۆی به‌سیاسه‌تی تاكڕه‌وانه‌و عه‌قڵیه‌تی شۆڤینی لیستی حه‌دباو نوجێفییه‌كانه‌وه‌ هه‌یه‌، كه‌نه‌ك مافه‌كانی كورد له‌شاره‌كه‌و عیراقی نوێدا به‌ڕه‌وا نازانن، به‌ڵكو هه‌بوونی كورد وه‌ك نه‌ته‌وه‌یه‌ك كه‌خاوه‌نی زمان و كه‌له‌پوورو شارستانی و تایبه‌تمه‌ندی خۆیه‌تی به‌هه‌ڕه‌شه‌یه‌كی جدی داده‌نێنن، بۆ كپارچه‌یی و سه‌روه‌ری عیراق.

وه‌نه‌بێ له‌دوای ده‌ركه‌وتنی ئه‌نجامی هه‌ڵبژاردنه‌كانی پارێزگاكان ئه‌م لیسته‌و بنه‌ماڵه‌ فه‌رمانره‌واكه‌ی دوژمنی كورد بووبێتن، به‌ڵكو له‌هه‌ركوێیه‌ك بۆیان كرابێت و بۆیان لوابێت درێغییان نه‌كردووه‌ له‌ڕشتنی رق و كینه‌و بوغزی مێژووییان به‌رامبه‌ر به‌كوردو دۆزه‌ره‌واكه‌ی و ئوسامه‌ی برای ئه‌سیل نوجێفی له‌چوار ساڵی رابردوودا له‌ناو په‌رله‌مانی عیراقیدا به‌رده‌وام دژی ده‌ستوورو سیستمی فیدراڵی و ماده‌ی 140 كاری كردووه‌.

سیاسه‌تی تاكڕه‌وانه‌ی حه‌دباییه‌كانی نوجێفی له‌وكاته‌وه‌ به‌پراكتیكی ره‌نگیدایه‌وه‌ كه‌لیستی برایه‌تی نه‌ینه‌وا كه‌هاوكات 12 كورسی ئه‌نجومه‌نی پارێزگای برده‌وه‌ له‌هاوكێشه‌ی به‌ڕێوه‌بردن و ده‌سه‌لات ئه‌م لیسته‌ی بێبه‌شكردو له‌گه‌ڵ كۆنه‌ به‌عسی و تیرۆریستانی هاوبیر باوه‌ڕیدا پۆسته‌كانی پارێزگاو ئه‌نجومه‌نی پارێزگای دابه‌شكردو به‌مه‌ش بازیدا به‌سه‌ر سیستمی ته‌وافوق و بۆشاییه‌كی ئیداری و دیمۆگرافی دروستكرد. هه‌روه‌ك له‌و ره‌هه‌نده‌وه‌ كه‌شاری موسڵ له‌دێرینه‌وه‌ پێكهاته‌یه‌ك بووه‌ له‌عه‌ره‌ب و كوردو یه‌زیدی و مه‌سیحی و كه‌مه‌نه‌ته‌وه‌كانی دیكه‌ تۆوی فیتنه‌یه‌كی تائیفی و مه‌زهه‌بی چاندو سیاسه‌ته‌كانی رژێمی به‌عسی له‌سیناریۆی تردا و له‌به‌رگی دیكه‌دا دووباره‌كرده‌وه‌.

سه‌ردانی چه‌ند رۆژی رابردوویی ئه‌سیڵ نوجێفی بۆ ناوچه‌ كوردستانییه‌كان و رێگریكردنی كورده‌كان له‌مه‌و دروستبوونی پێكداهه‌ڵپژان و ئاژاوه‌و توندوتیژی له‌نێوان هه‌ردوولادا، تائاستێكی دیاریكراو چاوه‌روانكراوبوو، به‌لام ئه‌وه‌ی مایه‌ی نیگه‌رانی و مه‌ترسییه‌ ئه‌وه‌یه‌كه‌ هێزه‌كانی ئه‌مریكا بێلایه‌نیان له‌ده‌ستداو پێشڕه‌وی نوجێفیا كرد بۆ ئه‌وه‌ی بتوانێت بچێته‌ ناوشاری تلكێف.

ئه‌م هه‌ڵوێسته‌ی ئه‌مریكییه‌كان و ئه‌وه‌شی كه‌ له‌پرسی دوورخراوه‌كاندا به‌ئاشكرا داوای گه‌ڕٍانه‌وه‌ی به‌عسییه‌ دوورخراوه‌كانیان ده‌كرد بۆئه‌وه‌ی به‌شداری هه‌ڵبژاردنه‌كان بكه‌ن. ئاماژه‌ی ترسناكن بۆ پرۆسه‌ی سیاسی و ئاینده‌ی عیراقی نوێ و هه‌روه‌ها له‌ده‌ستدانی ده‌سكه‌وته‌ به‌دیهاتووه‌كان و به‌فیڕۆدانی قوربانییه‌كانی خودی ئه‌مریكییه‌كان، كه‌خۆی ده‌دات له‌هه‌زاران قوربانی رۆحی و سه‌دان ملیاری مادی.

ئه‌زموونی سه‌ده‌ی رابردووی ئه‌م ولاته‌ باشترین به‌ڵگه‌یه‌ له‌سه‌رئه‌وه‌ی كه‌هیچ هێزو لایه‌ن و پێكهاته‌یه‌ك  ناتوانێت ئه‌وانی دیكه‌ بسڕێته‌وه‌، به‌ڵكو دانیشتن و گفتوگۆوداننان به‌مافه‌كانی یه‌كترو شۆڕكردنه‌وه‌ی كلتووری لێبوورده‌یی ده‌توانێت قه‌تماغی برینه‌كانمان سارێژبكات. نه‌ك ئه‌و سیاسه‌ته‌ی نوجێفی كه‌چاره‌نووسی موسڵ به‌ره‌و ئاراسته‌یه‌كی نادیار ده‌بات.