كورد ‌و سه‌رژمێری ‌و پێكهێنانی‌ حكومه‌ت

شفق نيوز

دیكه‌ی‌ كوردستانه‌وه‌ خه‌ڵكی كورد دێنن بۆ شاری كه‌ركوك، من كه‌ ساڵانێكی زۆر له‌ وه‌زاره‌تی‌ مافی مرۆڤ ‌و ئاواره‌ و ئه‌نفال كارمكردووه‌ و زۆرێك له‌ ئاواره‌كانی‌ كه‌ركوك ده‌ناسم له‌ سه‌ركردایه‌تی‌ تا خواره‌وه‌، پێموایه‌ ئه‌گه‌ر به‌ڕاستی‌ هه‌ر كه‌ركوكییه‌ ڕاسته‌قینه‌كان بڕۆنه‌وه‌ بۆ شاری كه‌ركوكی كوردان هه‌موو هاوسه‌نگییه‌ ناڕاسته‌كان ده‌گۆڕن، نه‌ك ئه‌وه‌ی‌ كه‌ ئێمه‌ كورد بنێرین بۆ كه‌ركوك.

ڕاسته‌ ئاواره‌یه‌كی زۆری كه‌ركوكی له‌ هه‌ژار و دڵسۆزه‌كان گه‌ڕاونه‌ته‌وه‌ بۆ شاره‌كه‌ی‌ خۆیان ‌و ئه‌وانه‌شیان كه‌ له‌ ئاواره‌كانی‌ سه‌ربازگه‌ی‌ سه‌لام ‌و قالاوا و عه‌لوه‌كه‌ و زۆر شوێنی‌ دیكه‌ دیار و ڕاپۆرتی‌ ڕۆژنامه‌وانیم له‌گه‌ڵ كردوون، له‌ شاره‌كه‌ی‌ زێدی خۆشیاندا هه‌ر به‌ ئاواره‌یی له‌ مه‌لعه‌به‌كه‌ و فه‌یله‌ق ‌و شوێنه‌كانی‌ دیكه‌ به‌ ئاواره‌یی ‌و نه‌داریی ‌و هه‌ژاریی دووباره‌ بینیوومنه‌وه‌ و دیدار و ڕاپۆرتم له‌سه‌ر كردوونه‌ته‌وه‌، به‌ڵام ده‌یان گه‌وره‌ و وردیله‌ به‌رپرس ‌و چه‌ندین ڕۆشنبیر و نووسه‌ر و شاعیر و هونه‌رمه‌ندیش ده‌ناسم كه‌ به‌ پێناسه‌ی‌ كه‌ركوكیبوون له‌ چه‌ندین شوێن ‌و بۆ چه‌ندینجار سوودمه‌ندبوون، به‌ڵام له‌جیاتی‌ ئه‌وه‌ی‌ ببنه‌ پێشه‌نگ بۆ گه‌ڕانه‌وه‌ی‌ كه‌ركوییه‌كانی‌ شاره‌كانی‌ دیكه‌، به‌ڵام به‌ پێچه‌وانه‌وه‌ له‌دوای‌ كاتژمێر دووی پاشنیوه‌ڕۆوه‌ كه‌م به‌رپرس هه‌یه‌ له‌ شاره‌كه‌ی‌ پێناسه‌ی‌ كوردان بمێننه‌وه‌ و ئه‌وه‌ش هه‌موو ڕۆشنبیر و شاعیر و نووسه‌ر و هونه‌رمه‌ندان نین كه‌ گه‌ڕاونه‌ته‌وه‌ بۆ شاری كه‌ركوك، به‌مه‌رجێك ئێستا له‌هه‌موو كاتێك زیاتر پێویستمان به‌ ئاماده‌گی كه‌ركوكییه‌كان له‌ شاری كه‌ركوك هه‌یه‌ به‌ هه‌موو چین ‌و توێژ و ئاسته‌كانه‌وه‌. جێگه‌ی‌ داخه‌ كه‌ ئه‌و حه‌ماسه‌ نابیننین بۆ گه‌ڕانه‌وه‌ و سه‌لماندنی‌ كوردستانییه‌تی‌ كه‌ركوك له‌لایه‌ن هه‌ندێك به‌رپرس ‌و كه‌سانی‌ دیكه‌وه‌.

له‌هه‌ر یه‌كێكیش له‌و كه‌ركوكیانه‌ ده‌پرسیت بۆچی ناگه‌ڕێیته‌وه‌؟ چه‌ندین بیانووی ڕه‌واو ناڕه‌وایان هه‌یه‌ بۆ نه‌گه‌ڕانه‌وه‌یان كه‌ هه‌مووی تێكه‌ڵه‌ له‌گه‌ڵ ئه‌و هه‌لومه‌رجه‌ ناكۆكه‌ی‌ كوردستان ‌و نادادپه‌روه‌ری ‌و گه‌نده‌ڵی ‌و ناشیاوییه‌ی‌ كار و به‌رپرسیارێتی‌ كوردستان.

به‌ڕاستی‌ ئه‌وه‌ی‌ من لێره‌دا مه‌به‌ستمه‌ زیاتر ئه‌وه‌یه‌ له‌دوای‌ چه‌ندین ساڵ ‌و جار دواكه‌وتن ‌و دواخستنی‌ سه‌رژمێری عیراق به‌گشتی‌ كه‌ بۆته‌ مایه‌ی‌ دواكه‌وتنی‌ سه‌رژمێری كوردستانیش، سه‌رباری هه‌موو ئه‌مانه‌ كورد كه‌خۆی خاوه‌نی‌ په‌رله‌مان ‌و حكومه‌ت ‌و ده‌سه‌ڵاتی‌ خۆیه‌تی‌ ‌و له‌ هه‌موو ناوچه‌كانی‌ ناوه‌ڕاست ‌و باشووری عیراق ئاسایش ‌و ئارامی پارێزراوتره‌، له‌گه‌ڵ ناوهێنانی‌ سه‌رژمێریدا عه‌ره‌به‌ شۆڤێنی‌ ‌و توركمانه‌كانی‌ كه‌ركوك سه‌رباری ئه‌و هه‌موو به‌عه‌ره‌بكردنی‌ شاره‌كه‌ له‌به‌رئه‌وه‌ی‌ چه‌ندین ژماره‌ و داتای هه‌ڵه‌یان له‌سه‌ر ژماره‌ی عه‌ره‌ب ‌و توركمان ‌و كورد له‌ شاری كه‌ركوك به‌ مه‌رجه‌عه‌كانیان داوه‌ كێچ ده‌كه‌وێته‌ كه‌وڵیان ‌و دژایه‌تی‌ گه‌وره‌ی‌ پرۆسه‌ی‌ سه‌رژمێری ده‌كه‌ن، ئه‌گه‌رچی له‌ ڕابردوودا توانییان سه‌رژمێری وڵات به‌هه‌ر بیانوویه‌ك دوابخه‌ن ئیدی كاتی‌ ئه‌وه‌یه‌ كورد هه‌ڵوێستی‌ ڕاسته‌قینه‌ و ئازایانه‌ی‌ خۆی بنوێنێ‌.

له‌ ئازاری ئه‌مساڵه‌وه‌ ئه‌وه‌ بۆ حه‌وت مانگ ئه‌چێت هه‌ڵبژاردنی‌ عیراق ئه‌نجامدراوه‌، به‌ڵام ناكۆكی لیسته‌ سه‌ركه‌وتووه‌كان ‌و كه‌سایه‌تییه‌ خۆ به‌كاندیدگره‌كانی‌ پۆستی‌ سه‌رۆك وه‌زیران له‌نێوان شیعه‌كاندا وایكردووه‌ نه‌ هیچكام له‌ پۆسته‌كانی‌ هه‌رسێ سه‌رۆكایه‌تییه‌كه‌ دیارن ‌و نه‌ ئاسۆی نزیكیش دیاره‌ بۆ ڕێكه‌وتن، به‌ڵام كورد له‌ سه‌ركۆماره‌وه‌ تاكو سه‌رۆكی هه‌رێم ‌و ته‌نانه‌ت ئه‌ندام په‌رله‌مانه‌ كورده‌كانی‌ عیراقیش هه‌ریه‌كه‌ و له‌لایه‌كه‌وه‌ سه‌رقاڵی پڕۆژه‌ پێشكه‌شكردنن بۆ كردنه‌وه‌ی‌ گرێكوێره‌كه‌ و پێكهێنانی‌ حكومه‌تی‌ داهاتوو.

به‌پێچه‌وانه‌ی‌ هه‌موو سه‌رۆك ‌و سه‌ركرده‌ و ئه‌ندام په‌رله‌مانه‌ كورده‌كانی‌ عیراقه‌وه‌ پێمخۆشه‌ و داواكاریشم كه‌ كورد هێنده‌ به‌گوڕ نه‌بێت بۆ پێكهێنانی‌ حكومه‌ت لانیكه‌م تاكو دوای‌ سه‌رژمێریی ئه‌گه‌ر دڵنیان كه‌ركوك شارێكی كوردییه‌ و ده‌توانین به‌ ژماره‌ی‌ كورده‌كانی‌ كوردستانییه‌تی‌ شاره‌كه‌ ده‌سه‌لمێنین، چونكه‌ ئه‌و نارێكی ‌و په‌رته‌وازه‌ییه‌ی‌ عه‌ره‌به‌كان بۆ كورد سوودێكی زۆری هه‌یه‌ كه‌ ناتوانن له‌سه‌ر به‌رنامه‌یه‌كی جێگیر ڕاكۆك بن ئه‌گه‌رچی نه‌یاره‌كانیش له‌ دژایه‌تی‌ كورددا ڕاكۆكن، به‌ڵام له‌م كاته‌دا و بۆ ڕاكێشانی‌ سه‌رنجی كورد به‌ره‌و به‌رنامه‌ی‌ كوتله‌ و لیسته‌كانی‌ خۆیان له‌ پێكهێنانی‌ حكومه‌تدا نه‌رمی ده‌نوێنن، بۆیه‌ ئه‌گه‌ر ئه‌م ئاریشه‌ی‌ پێكنه‌هێنانی‌ حكومه‌ت تاكو دوای‌ سه‌رژمێرییه‌كه‌ درێژه‌ بكێشێت به‌ بۆچوونی‌ من له‌به‌رژه‌وه‌ندی كورددایه‌.