ئه‌مریكا و به‌عس

شفق نيوز

ئه‌منی‌ و كارگێڕییه‌كانی‌ عیراق له‌ ترۆپكی‌ سه‌ری‌ تاكو خواری‌ خواره‌وه‌ی‌ ده‌بوایه‌ به‌عسی‌ بوایه‌. هه‌ركه‌سێك به‌ئاشكرا ڕه‌فزی‌ ئینتماكردنی‌ بكردایه‌ بۆ حزب، ئه‌وه‌ بێگومان یه‌كسه‌ر په‌لكێشی‌ زیندان ده‌كرایه‌وه‌ و سزای‌ خۆی‌ وه‌رده‌گرت، به‌سه‌دانجار ئه‌م سزایه‌ گه‌یشتوووه‌ته‌ مه‌رگ. هه‌موو ئه‌و حزبانه‌ی‌ له‌ عیراق هه‌بوون یان ئه‌وه‌ته‌ی له‌ به‌ره‌یه‌كی‌ شه‌ڕی‌ خوێناویدابوون له‌گه‌ڵ حزبی‌ به‌عس یان ئه‌وه‌ته‌ی له‌ده‌ره‌وه‌ی‌ وڵاتبوون و ده‌نگیان به‌زه‌حمه‌ت به‌ وڵات ده‌گه‌یشت. كه‌واته‌ له‌ماوه‌ی‌ سێ‌ ده‌یه‌ هه‌موو ئه‌وكه‌سانه‌ی‌ له‌ بواری‌ كارگێڕی‌ و سیاسی‌ و سه‌ربازی‌ پێگه‌یشتون له‌ قوتابخانه‌ی‌ به‌عس په‌روه‌رده‌ بوون. جگه‌ له‌ به‌شێكی‌ كورد و شیعه‌ نه‌بێ‌ به‌رده‌وام له‌سه‌رخاكی‌ عیراق چالاكی‌ سیاسی‌ و به‌ره‌نگاربوونه‌وه‌یان هه‌بووه‌. ئه‌مڕۆش كاتێ‌ لیژنه‌ی‌ لێپرسینه‌وه‌ و دادوه‌ری‌ ژماره‌یه‌ك قه‌واره‌ی‌ سیاسی‌ و پالێورا و له‌به‌شداریكردنی‌ پڕۆسه‌ی‌ هه‌ڵبژاردن دوورده‌خاته‌وه‌. بۆ ئێمه‌ی‌ كورد دووسه‌ره‌یه‌ یه‌كه‌میان وه‌ك لایه‌نێكی‌ مێژووی‌ تاوانه‌كانی به‌عس دووژمنێكی‌ سه‌رسه‌ختی‌ ئێمه‌ بووه‌، به‌ڵام وه‌ك واقعی‌ ئه‌مڕۆ به‌عس واته‌ سوننه‌ی‌ عه‌ره‌ب، ئه‌وانیش وه‌ك یه‌كه‌م به‌یه‌كگه‌یشتنی‌ جوگرافی‌ ئه‌وه‌نده‌ دژمان نه‌بن و ئه‌وه‌نده‌ ته‌نگه‌تاونه‌كرێن و به‌لای‌ توند و تیژیدا نه‌ڕۆن باشه‌، به‌ڵام به‌لای‌ ئه‌مریكاوه‌ ئه‌مڕۆ زۆرگرنگه‌ هه‌موو تاكێكی‌ ئه‌م عیراقه‌ به‌شداری‌ له‌ پڕۆسه‌ی‌ سیاسیدا بكات، چونكه‌ لای‌ ئه‌وان به‌شێوه‌ی‌ ڕه‌سمی‌ حزبی‌ به‌عس هه‌ڵوه‌شاوه‌ته‌وه‌، له‌وكاته‌ی‌ پۆل بریمه‌ری‌ حاكمی‌ سیاسی‌ به‌بڕیارێك حزبی‌ به‌عس و سوپای‌  عیراقی‌ هه‌ڵوه‌شانده‌وه‌. ئه‌وه‌ی‌ ئه‌مریكا ده‌یه‌وێ‌ دووباره‌ ئاڵۆزنه‌بوونه‌وه‌ و نه‌گه‌ڕانه‌وه‌یه‌ بۆ خاڵی‌ سفر له‌ عیراق، به‌تایبه‌ت له‌ڕووی‌ ئه‌منیه‌وه‌، چونكه‌ ئه‌مریكا وابڕیاره‌ تاكو ساڵی‌ 2011 ته‌واوی‌ هێزه‌كانی‌  بكێشێته‌وه‌. گه‌ر ئێستا پڕۆسه‌ی‌ سیاسی‌ تێكبچێته‌وه‌ بێگومان واته‌ تێكچوونه‌وه‌ی‌ ئه‌م ڕه‌وشه‌ ئه‌منیه‌ ڕێژه‌ییه‌ كه‌وا هاتووه‌ته‌كایه‌وه‌. نموونه‌ی‌ ئه‌فغانستان به‌رده‌وام لای‌ ئه‌مریكا ئاماژه‌ی‌ ترسناك ده‌به‌خشن، چونكه‌ ئه‌فغانستان دوای‌ 9 ساڵ ڕۆژ به‌ڕۆژ ڕوو له‌ خراپبوونه‌ له‌ باشبوون نییه‌. به‌شێوه‌یه‌ك زۆر له‌ وڵاتانی‌ به‌شداربوو له‌ هێزی‌ ئیساف تاقه‌تیان چووه‌ و ڕایانگه‌یاندووه‌ كه‌وا بێسووده‌ له‌گه‌ڵ ئه‌فغانستان و دیموكراسیه‌تیشی‌ به‌كه‌ڵك نایه‌ت. بۆیه‌ به‌ به‌راوورد له‌گه‌ڵ ئه‌فغانستان عیراق زۆر چووه‌ته‌پێش. له‌سه‌ر هه‌موو ئاسته‌كانی‌ ژیان، بۆیه‌ به‌لای‌ ئه‌مریكاوه‌ بڕیاره‌كه‌ی‌ لێپرسینه‌وه‌ و دادوه‌ری‌ ترسناكه‌ و به‌ر له‌هه‌مووان بۆ ئه‌مریكا، چونكه‌ واقعی‌ عیراق لای‌ ئه‌مریكا ڕوونه‌ كورده‌كان چیان ده‌وێ‌ و شیعه‌ش چی‌ ده‌وێ‌. ئه‌وه‌ی‌ ده‌مێنێته‌وه‌ عه‌ره‌بی‌ سوننه‌یه‌ ده‌شزانی‌ ئه‌وانیش چیان ده‌وێ‌، به‌ڵام ئه‌مریكا سه‌د ده‌ر سه‌د له‌گه‌ڵ داوای‌ هیچ پێكهاته‌یه‌ك نییه‌، به‌ڵكو له‌گه‌ڵ ڕاگرتنی‌ باڵانسه‌كه‌یه‌ و تێكنه‌چێ‌. بۆیه‌ دیفاع له‌ دوور خراوه‌كانی‌ هه‌ڵبژاردن ده‌كات نه‌وه‌ك به‌عسییه‌كان.