ساركۆزی چۆته‌وه‌ سه‌ر كێ؟

شفق نيوز

ده‌بێته‌وه‌ كه‌كوڕی باوكی خۆیه‌تی و ده‌یه‌وێت به‌ڕێچكه‌كه‌ی ئه‌ودا مل بنێت. هه‌رچه‌نده‌ باوكی له‌ته‌مه‌نی چوار ساڵییه‌وه‌ پشتی تێكردووه‌و به‌زه‌حمه‌ت ئه‌وه‌ی بیركه‌وتۆته‌وه‌ كه‌كوڕێكی هه‌یه‌و ناوی ساركۆزییه‌. كه‌چی ئه‌میش هه‌مان تاس و هه‌مان حه‌مام، باوكی مێبازێكی سه‌یرو سه‌مه‌ره‌و پاڵه‌وانی راوه‌ژن و وه‌ستای موغازه‌ی كچان بووه‌، زانیویه‌تی چۆنچۆنی له‌خشته‌یان به‌رێت و دواییش هه‌ر زوو لێیان بێزاربووه‌، ده‌ستێكی ته‌ڕی پێدا هێناون و به‌دوای یه‌كێكی دیكه‌دا وێڵ بووه‌. له‌ئه‌نجامی ئه‌م پاڵه‌وانبازییه‌دا ده‌رزه‌نێ ژنی هێناوه‌، به‌لام كاتێ ژنی تازه‌ی هێناوه‌ ئاوڕی له‌ژنه‌ كۆنه‌كه‌ی نه‌داوه‌ته‌وه‌. ساركۆزیش كاتێ (كارلا)ی ناسی نه‌یكرده‌ نامه‌ردی و سێ به‌رده‌ خسته‌ ده‌ستی (سیسیلیا)وه‌ بیری له‌وه‌ش نه‌كرده‌وه‌ كه‌پێنج مناڵی لێی هه‌یه‌و ئاوڕی له‌مناڵه‌كانیشی نه‌دایه‌وه‌.ئه‌گه‌رچی نووسه‌ری ژیاننامه‌ی ساكۆزی خۆی شین و مۆر كردۆته‌وه‌ بۆ ئه‌وه‌ی ساركۆزی بكاته‌ هاوشانی ناپلیۆن بۆناپارت. بۆئه‌م مه‌به‌سته‌ش كۆمه‌ڵێ خاڵی ریز كردووه‌ وه‌ك: هه‌ردووكیان به‌ئه‌سڵ فه‌ڕه‌نسی نین ئه‌میان هه‌نگاری و ئه‌ویان كورسیكییه‌، هه‌ردووكیان كورته‌ بالاو كۆڵه‌ بنه‌ن، هه‌ردووكیان ژنه‌كانیان خیانه‌تی لێكردوون. به‌لام ئه‌مانه‌ش به‌س نین بۆ ئه‌وه‌ی ساركۆزی بكرێته‌ هاوشانی ئیمپراتۆر ناپلیۆن بۆ ناپارت كه‌ به‌قووڵی چاوی له‌به‌رامبه‌ره‌كه‌ی بڕیووه‌و نیگای ئه‌وه‌نده‌ تۆقێنه‌ر بووه‌ جه‌نه‌ڕاڵه‌كانی سوپای فه‌ڕه‌نسا له‌به‌رده‌میدا له‌رزیون. به‌لام ساكۆزی له‌نیگاو چاوباشقاڵیی و موغازه‌له‌ی ژناندا چۆته‌وه‌ سه‌ر باوكه‌ مێبازه‌كه‌ی، هه‌ر به‌و شێوازه‌ش كاری له‌ (كارلا) كردو له‌خشته‌ی برد، ئه‌و شه‌وه‌ی پاش ئاهه‌نگێ به‌سه‌یاره‌كه‌ی خۆی گه‌یاندبووی بۆ ماڵه‌وه‌ كارلا وتبوی ( ئه‌م هه‌موو سیحرو زیره‌كی و سه‌رنج راكێشییه‌ چییه‌ له‌م كابرایه‌دا كۆبووه‌ته‌وه‌؟). به‌ینی خۆمان بێت  پێده‌چێت ساكۆزی خزمایه‌تییه‌كی له‌گه‌ڵ راسپۆتیندا هه‌بێت.دوور نییه‌ ساركۆزیش وه‌كو باوكی به‌دوای ژنێكی تازه‌دا وێڵ بێت، بۆیه‌ هه‌ر ژنێك روو له‌كۆشكی ئه‌لیزێ ده‌كات به‌چاوی مشته‌ری لێی ده‌ڕوانێت، ئیتر گوێ به‌وه‌ نادات گه‌وره‌كچ بێت یان پیرێژن. ماوه‌یه‌ك پێش ئێستا كاتێ هیلاری كیلنتۆن وه‌زیری ده‌ره‌وه‌ی ئه‌مریكا چووه‌ كۆشكی ئه‌لیزێ، ساكۆزی له‌پێشوازییدا وه‌ها چاوی تێبڕی و وه‌ها موجامه‌له‌ی كرد، ئه‌و داماوه‌ له‌شه‌رما پێلاوه‌كه‌ی له‌پێ داكه‌نراو هێنده‌ی نه‌مابوو بكه‌وێته‌ باوه‌شی ساركۆزییه‌وه‌. رۆژی پێنجی ئه‌م مانگه‌ش ئه‌نجیلا مێركل یه‌كه‌م ژنی راوێژكاری ئه‌ڵمانیا وه‌ك ئه‌وه‌ی هه‌وێی هیلاری بێت و كراسی خه‌سوو ته‌قێنه‌ی بۆ له‌به‌ربكات. كاتێ گه‌یشته‌ كۆشكی ئه‌لیزێ وه‌ها به‌گه‌رمی باوه‌شی به‌ساركۆزیدا كردو وه‌ها به‌سۆزه‌وه‌ ماچی كرد، ده‌تگوت به‌گوێیدا ده‌چرپێنێ: (ئاخر پیره‌ژنی واچییه‌ له‌و په‌ڕی دنیاوه‌ هاتووه‌؟ هیچ نه‌بێت ئێمه‌ دراوسێین). دوورنییه‌ سوعبه‌تێكی ئاوا نیوه‌ی راستی بێت، چونكه‌ یه‌كه‌م هیلاری ئه‌مساڵ ته‌مه‌نی ده‌بێت به‌(63) ساڵ و مێركل (7) دانه‌ ساڵ له‌و مناڵتره‌. ئه‌وه‌شمان له‌یاد نه‌چێت ماوه‌یه‌ك پێش ئێستا هه‌واڵی ئه‌وه‌ بلاوبووه‌وه‌ كه‌مێركل سنگ و به‌رۆكی رووت ده‌كات و حه‌ز ده‌كات پیاوان سنگ و به‌رۆكی ببینن!! دووریش نییه‌  مێرده‌كه‌ی له‌سه‌ر ئه‌و سنگ و به‌رۆك رووتكردنه‌ سه‌رزه‌نشتی كردبێ و شتێكی له‌بابه‌تی ئه‌م شیعره‌ فۆڵكۆرییه‌ی لای خۆمانی پێوتبێ كه‌ده‌ڵێت ( چه‌ندم پێوتی مه‌چۆ بۆ مالان – سنگ و مه‌مكه‌كه‌ت مه‌ده‌ به‌تالان)!! بۆیه‌ كاتێ ساركۆزی ماچ كرد سنگی رووت نه‌بوو.دوور نییه‌ هاتوچۆی هیلاری و مێركل كاری له‌ كارلاش كردبێ و غیره‌ له‌ساركۆزی بكات، له‌وانه‌یه‌ پێشی وتبێ (خێره‌ واده‌وری پڕوپیرێژن ده‌ده‌ی) به‌تایبه‌تی ئه‌گه‌ر بزانین كارلاش به‌لكه‌ بزانه‌و وه‌ك ده‌ڵێن جۆ به‌دیواردا هه‌ڵده‌گێڕێ. بۆیه‌ هه‌ر دوو رۆژ دوای سه‌ردانه‌كه‌ی مێركل، دیاره‌ به‌ڕه‌زامه‌ندی كارلا خانه‌یه‌كی زیادكردن له‌پاریس رایگه‌یاند كه‌وێنه‌ رووته‌كه‌ی كارلا به‌ (6) هه‌زار یۆرۆ ده‌خاته‌ مه‌زاته‌وه‌. ئه‌م نرخه‌ش له‌چاو نرخی ساڵی (2008) دا كه‌هه‌مان وێنه‌ به‌ (58) هه‌زار یۆرۆ فرۆشرا نیشانه‌ی پرسیارێكی گه‌وره‌ قوت ده‌كاته‌وه‌. ئه‌و ماسجه‌ی من له‌م هه‌ڵوێسته‌ی كارلادا ده‌یخوێنمه‌وه‌ ئه‌م شیعره‌ فۆڵكۆرییه‌ى خۆمانه‌ كه‌ده‌ڵێت: (تۆ ها ده‌كه‌ی من هوو ده‌كه‌م – تۆ ژن دێنی من شوو ده‌كه‌م).