ئەمەریكا دوای كشانەوەش، ئامادەیە جارێكی دیكە شەڕ لە ئێراق بكاتەوە

شفق نيوز

زەنگی مەترسی سەرهەڵدانی توندوتیژی و لەدەستچوونی رەوشی ئەمنی لە ئێراق وەك سێبەرێ بەسەر گۆڕەپانی ئەو وڵاتەوە دیارە، هەموو ئاماژەكان باس لەوە دەكەن كشانەوەی هێزەكانی ئەمەریكا تا 20 ساڵی دیكە مایەی نیگەرانی نابێت، چونكە ئێراق لە دۆخێكی زۆر نالەبارە چ لەسەر ئاستی ناوخۆ و چ لەسەر ئاستی هەرێمایەتی، هێشتا هەڕەشەكانی هەرەسهێنانی ئەم ئێراقە لە ئارادایە و تاكە لەلایەنیش كە درك بەم راستییە دەكات، كوردە، چونكە یەكلانەكردنەوەی كێشە سەرەكییەكانی ئێراق هۆكارێكە بۆ سەرهەڵدانەوەی توندوتیژی.

ئێستا گۆڕەپانی سیاسيی ئێراق وابەستەی مشتومڕی پێكهێنانی حكوومەتە، ئەگەرچی بۆشاییەكی ئەمنی گەورە هەستپێدەكرێت، سەركردە سەربازییەكانی ئەمەریكا دەخوازن پێش پاشەكشەی هێزەكانیان حكوومەتێكی پتەو لە ئێراق دابمەزرێ، ژەنەراڵ ڕای ئۆدێرنۆ سەرۆكی هێزەكانی ئەمەریكا لە ئێراق رایگەیاندووە، ئاواتەخوازم پێش ئەوەی هێزەكانی ئەمەریكا لە ئێراق بكشێنەوە حكوومەت پێكبهێنرێت. ئەم ئاواتەی ژەنەراڵ ئۆدێرنۆ پەیوەستە بە هەستكردنێكی مەترسیانە لەمەڕ سەرهەڵدانی ناكۆكییەكان و پەرەسەندنی توندوتیژی لە ئێراق، ژەنەڕاڵ ئۆدێرنۆ لە لێدوانێكدا ڕایگەیاند، ئاواتەخوازم پێش ئەوەی ئێراق جێبهێڵم پێكهاتنی حكوومەتێكی دیموكراتی بەهێز ببینم. وەك ئۆدێرنۆ ئاماژەیشی پێكردووە، هێزەكانی ئێراق لەتوانایاندا هەیە بەرگری لە بۆڕییە نەوتەكان بكەن و نەهێڵن تیرۆریستان بیان تەقێننەوە. ئەم بۆچوونەی ئۆدێرنۆ دوای ئەوەهات، تیرۆریستان تەكنیكی شەڕیان گواستەوە بۆ تەقاندنەوەی چەند بۆڕییەكی گواستنەوەی نەوتی ئێراقی وەك لێدانێك لە ئابووری ئێراق.

جێگری سەرۆكی ئەمەریكاش پێیوایە كشانەوەی سوپای وڵاتەكەی لە ئێراق مانای دەستهەڵگرتن نییە لەو وڵاتەدا، بایدن لە لێدوانێكی رۆژنامەوانیدا روونیكردۆتەوە، دەبێت ئێراقییەكان حكوومەت پێكبهێنن، ڕاشیگەیاندوە، كشانەوەی هێزەكانمان لە ئێراق مانای ئەوە ناگەیەنێت كە هیچ پەیوەندیەكمان بە ئێراقەوە نامێنێت و لە ئێراق دووربكەوینەوە. بە لێكدانەوەی بایدن ئەمەریكا هیچ كاتێك دەست لەو وڵاتە هەڵناگرێت، كە مەترسییەكانی سەرهەڵدانی توندوتیژی هێشتا وەك سێبەر مابێتەوە بەسەر ئێراق. چاودێرانیش ئەم لێكدانەوەی بایدن وانیشاندەدەن، ئەمەریكا ئێراقێك جێناهێڵت پڕ لە كێشە و ناكۆكی بێت، بەتایبەتی چارەسەرنەكردنی پرسی كورد لەو وڵاتەدا.

وەك مەترسیەك لەلای ئەمەریكییەكان چەند جارێك ئەوە دووپاتكراوەتەوە ئەمەریكا دەتوانێت هەركاتێك بیەوێ ئێراق داگیربكاتەوە، بەتایبەتی ئەو كاتەی هەست بكات، ئێراق لە هێڵی خۆی ناوەستێ و دەبێتە گۆڕەپانی كێشەكانی هەرێمایەتیی، بە گوتەی ژەنەراڵ ئۆدێرنۆ، هێزەكانی ئێراق ئامادەیی پڕكردنەوەی شوێنی هێزەكانی ئەمەریكایان هەیە، بەپێی هەواڵێكی رادیۆی DW ی ئەڵمانیاش كە بۆچوونێكی ئۆدێرنۆی وەرگرتووە، ئەگەر پێویست بكات، ئەمەریكا جارێكی دیكە ئامادەییە رۆڵی كاتی شەڕ لە ئێراقدا بگێڕێت. هەر بە گوتەی ژەنەڕاڵ ئۆدێرنۆ، هێزەكانی ئەمەریكا بۆ راهێنان و مەشقپێكردنی یەكە سەربازییەكانی ئێراق دەمێننەوە و چەند ساڵێك راهێنان بەو یەكە سەربازییانەی ئێراق دەكەن.

بەرپرسە باڵا سەربازییەكەی ئەمەریكا لە ئێراق ئەو هۆشدارییشەشی روونكردۆتەوە، گەربێتوو هێزە ئەمنییەكانی ئێراق لەبەر یەكهەڵوەشێتەوە یاخود قەیرانێكی سیاسی قووڵ بێتەوە، ئەوا ئەوكاتە ئەمەریكا و هێزە ئەمەریكییەكان دەگەڕێنەوە سەر رۆڵی كاتی جەنگ، بەم پێیەش بێت، ئەمەریكا نایەوێ لەم ساتەوەختەدا كە كێشەی دەسەڵات لە ئێراقدا هەیە بكشێتەوە، وەك چۆن زۆربەی سەركردە سەربازییەكانیان لە ئێراق ئاماژەیان بەوەداوە، لەگەڵ كشانەوەی هێزەكانیان لە ناوچە دابڕێنراوەكانی كوردستان ناكۆكی دروست دەبێت و ئەگەری شەڕی لە ئارا دەبێت.

وەك كاردانەوەیەك بەرامبەر پرسی كشانەوەی هێزەكانی ئەمەریكا، وەزیری دەرەوەی ئێراق هۆشداریداوە لەئەگەری كشانەوەدا ئەمەریكا شەرمەزاری بۆ ئێراق دەهێنێت، هۆشیار زێباری وەزیری دەرەوەی ئێراقی فیدراڵ لە لێدوانێكیدا رایگەیاندووە،

ویلایەتە یەكگرتووەكانی ئەمەریكا دەسەڵاتێكی باڵای لە ئێراقدا هەیە، بەڵام پێویستە ئەم دەسەڵاتەی بەكار بهێنێت. وەزیری دەرەوەی ئێراق رایگەیاندووە، كە ئەو بە ویلایەتە یەكگرتووەكانی ئەمەریكای راگەیاندووە، كە پرسی كشانەوەی هێزەكانیان لە ژێر رۆشنایی نەبوونی حكوومەتێكی ئێراقی یەكگرتوو، ئێراق دووچاری شەرمەزاری دەكات. زێباری روونیشكردۆتەوە، واشنتۆن دەسەڵاتێكی باڵای لە ئێراقدا هەیە، بەڵام پێویستە ئەم دەسەڵاتەی بەكاربهێنێت بۆ ئەوەی دواجار دەرەنجامی باشی لێ بكەوێتەوە، سەركردە ئێراقییەكان لە تەنگەژەدان و بۆیە ئێمە پێویستمان بەهاوكاری ئەمەریكای دۆست هەیە.

وەزیری دەرەوەی ئێراق ئەوەشی راگەیاندووە، لەمەودا هەموو پرسیارەكان خۆیانە بەیەك شێواز دەردەخەن، ئەویش بریتییە لەوەی (چی دەبێت)؟، چی دەبێت ئەگەر بۆشایی سیاسی ئەو دەسكەوتە ئەمنیانەمان لەناو ببات كە بە قوربانیدانێكی زۆر هاتۆتە ئاراوە، ئەی چی دەبێ ئەگەر وڵاتە دراوسییەكانی ئێراق ئەم بۆشاییە سیاسییە بۆ بەرژەوەندی خۆیان بقۆزنەوە، ئەی چی دەبێت ئەگەر نەتواندرێت لە ژێر سایەی ئەم دیموكراتییە تازە بەدیهاتووە حكوومەت پێ نەهێندرێت.

بەرپرسێكی دیكەی ئەمەریكا لە ئێراق پێوایە ئەو رەوشە ئەمنییە نالەبارەی ئێستای ئێراق پەیوەندی بەو گرووپانەوە هەیە كە لە ئێرانەوە دێنە ئێراقەوە، لەوبارەیەوە عەمید رالف بیكەر جێگری‌ فەرماندەیی فیرقەی‌ ئەمەریكی‌ بۆ پاڵپشتییكردنی‌ پڕۆسە سەربازییەكان لە بەغداو ئەنبار، رایگەیاند؛ تێكچوونی‌ رەوشی‌ ئەمنیی لەم ماوەیی‌ دواییدا لە ئێراق، پەیوەندی‌ بەگەڕانەوەی‌ چەند میلیشیایەكە بۆسەر گۆڕەپانەكە، كە پێشترو لە ئێران راهێنانی‌ سەربازییان پێكراوە، هەروەك بەدووری‌ زانی‌ گەڕانەوەی‌ توندوتیژی‌ و پەلاماری‌ چەكداریی، پەیوەندیی بە كشانەوەی‌ سوپای‌ ئەمەریكاوە هەبێت لە ئێراقدا.

گۆڤارێكی ئەڵمانیش لە وتارێكیدا ئاماژەی بەوەداوە، كشانەوەی هێزەكانی ئەمەریكا لە ئێراق مەترسییەكە بۆ سەر ئەو وڵاتە لە ئایندەدا، گۆڤاری (دێر شپیگڵ)ی ئەڵمانیا لە وتارێكدا بە ئاماژەدان بۆ كشانەوەی سوپای ئەمەریكا لە ئێراق نووسیویەتی، هێرشكردنە سەر ئێراق كە تا ئێستا كوژرانی 4 هەزار و 400 سەربازی ئەمەریكی و ماڵوێرانبوونی خەڵكی ئێراقی لێكەوتۆتەوە بڕیارێكی هەڵە و زیانبەخش بووە و تا ئێستاش هێرشی گرووپە توندڕەوەكان كۆتایی نەهاتووە و پێناچێت بەم زووانە ئێراق رووی ئاسایش و ئارامی بەخۆیەوە ببینێت. گۆڤارەكە لە بەشێكی دیكەی وتارەكەدا بە گومان و نیگەرانیەوە دەڕوانێتە دواكەوتنی پڕۆسەی پێكهێنانی حكوومەتی نوێی ئێراق و دەڵێ، هیچ ئاسۆیەك بۆ سەقامگرتوویی و ئارامی ئێراق بەدی ناكرێت و دووریش نییە جارێكی دیكە سووننە و شیعە و كورد و عەرەب دەستەویەخەی یەكتر ببنەوە.

فەرماندەی‌ پێشووی‌ سوپای‌ ئەمەریكا لە ئێراق جەختی‌ لەوە كرد تا ئێستاش سوپای‌ وڵاتەكەی‌ ئێراقی‌ جێنەهێشتووە. ژەنەراڵ دەیڤید پترایۆس كە ئێستا فەرماندەی‌ هێزەكانی‌ ناتۆیە لە ئەفغانستان، لە چاوپێكەوتنێكدا كە لە كەناڵی‌ سی‌ بی ئێس نیوز بڵاوكراوەتەوە، رایگەیاند؛ هێزە ئەمنییەكانی‌ ئێراق بە هاوكاری‌ سوپای‌ ئەمەریكا، توانای‌ ئەوەیان هەیە بەشێوەیەكی‌ گونجاو مامەڵە لەگەڵ بارودۆخی‌ ئەمنیی وڵاتەكەیان بكەن، ئەوەشی‌ رەتكردەوە كە ئیدارەی‌ واشنتۆن تەواوی‌ سوپای‌ وڵاتەكەی‌ لەئێراقدا كشاندبێتەوە، كە باشترین بەڵگەش بۆئەوە، مانەوەی‌ نزیكەی‌ (50) هەزار سەربازە لە ئێراقدا. لێدوانەكەی‌ پیترایۆس لە كاتێكدایە، چەند رۆژێك بەرلەئێستا، حكوومەتی‌ ئەمەریكا بەشێوەیەكی‌ رەسمیی كۆتایی بە ئەركی‌ سەربازی سوپای‌ وڵاتەكەی‌ لە ئێراقدا هێناو لە ئێستاشدا نزیكەی‌ (50) هەزار سەربازی‌ سوپای‌ ئەمەریكا لە ئێراقدا ماون، كە بەوتەی‌ بەرپرسانی‌ ئیدارەی‌ واشنتۆن هێزی‌ شەڕكەر نین و ئەركی‌ سەرەكیان سازكردنی‌ مەشق و راهێنانی‌ سەربازییە بە هێزەكانی‌ ئێراق