هیچ جه‌نگێك هێنده‌ی ئاشتی جوان نیه‌

عه‌لى  حسێن فه‌يلى

شه‌فه‌ق نيوز/ پاش زیانر له‌ 5000 رۆژ كاری هاوبه‌شی حوكمڕانی و ساڵانێكی زۆر خه‌باتی هاوبه‌ش دژی به‌عس شتیكی شاراوه‌ له‌ نێوان لایه‌نه‌كانی ده‌سه‌ڵات  به‌  ‌ سوونه‌و شیعه‌و كورده‌وه‌ نه‌ماوه‌‌ ‌. سیسته‌می حوكمڕانیش  به‌و شێوه‌یه‌ كه‌ ده‌سه‌ڵات له‌گه‌ڵ ده‌سه‌ڵات پێك دێ و مه‌ردم دوا وێستگه‌ی  هه‌ڵویسته‌ كردنن  له‌مه‌ڕ روانینی  دۆخی خراپه‌ ژیانیان. باسی  راده‌ی ده‌ستوه‌ردانی ده‌ره‌كی و پیلانی كۆنه‌  به‌عسیه‌كان و ئاژاوه‌ی لایه‌نه‌ سیاسیه‌كانی به‌شدا و نابه‌شدار له‌ ده‌سه‌ڵات ، هێنده‌ ره‌واجی  سه‌ندووه‌ ‌  كه‌ كه‌س ناڵێ چه‌ند له‌سه‌د ی ناره‌زایه‌تیه‌كانی شه‌قام  راسته‌قینه‌یه‌ و مافی خه‌ڵكه‌‌. كه‌س داننانێ كه‌ ژماره‌ی بێكاری راسته‌قینه‌ له‌ كاردار گه‌لێك فره‌تره‌. ژماره‌ی نه‌خۆش له‌ ته‌ندروست زۆر زیاتره‌ و هه‌ژارو نه‌داره‌كان چه‌ند هێنده‌ی  داراكانن!

 

له‌ هه‌موو سه‌رده‌مانێكدا جه‌نگی ره‌واو نا ره‌وا هه‌یه‌ به‌ڵام " هیچ جه‌نگێك هێنده‌ی  باسی ئاشتی جوان نیه‌، به‌ڵام له‌ ئێستادا  داهاتی بشێوی و  جه‌نگی به‌رژه‌وه‌ندی   گه‌لێك  له‌ باشتركردنی بارودۆخ زیاتره‌،  جا مه‌ودای چاكسازی زۆر بڕ ناكات و حكومه‌ت ده‌ڵێ؛ رزقتان به‌ ده‌ستی كێ بێ و ده‌سه‌لات  لای كێ بێ  ئه‌و خاوه‌ن حه‌ق و بڕیاره‌!

 

حكومه‌تی عیراق له‌گه‌ڵ شه‌ش وڵاتدا هاوسنووری وشكانیه‌ به‌ڵام   هیچ سنوورێكی خۆشی  له‌گه‌ڵ میلله‌تی خۆی نیه‌ ‌. له‌ كاتێكدا پێویسته‌  خاڵه‌هاوبه‌شه‌كانی له‌گه‌ڵ خواستی میلله‌ت به‌هێزبكات و خاڵی ناكۆك كپ بكات  تا پێكدادان روو نه‌دات ، سیاسه‌تی به‌رته‌سك كردنه‌وه‌و سڕكردن و ته‌جمیدی كردارو كاراكردنی گوتاری شه‌ڕانگێزی ره‌چاو ده‌كات. سنووره‌كانی ‌ سیاسه‌ت بۆ به‌رژه‌وه‌ندی ئابووری و ئه‌منی خۆی دژی میلله‌ت مین رێژ ده‌كات . مه‌نجه‌ڵی تێكه‌ڵ كردنی راست و ناراستی خستۆته‌ ‌ سه‌ر ئاگر و مافه‌كان   ده‌كوڵێنێ  بێ ئه‌وه‌ی  به‌ چه‌ند قوم ئاوی شیرین كه‌فو كۆڵی دڵی  میلله‌ت  دامركێنێ  یان ‌ به‌ چه‌ند ئامپێر كاره‌با‌ فێنكایی بۆ هه‌ناوی ژیانی سووتاو  بڕه‌خسێنێ .‌ ئه‌مه‌ ئه‌وه‌ ده‌سه‌لمێنێ كه‌  به‌‌ بوونی ئه‌و هه‌موو كێشانه‌ ، دوژمن له‌ هه‌ر ره‌نگێك، ئه‌گه‌ر بخوازێ له‌ ده‌رگای ناره‌زایه‌تیه‌كان بێته‌ ژوور بێشك ده‌توانێ چونكو ناره‌زایه‌تی بوونی هه‌یه‌.

 

به‌ روونی نه‌ له‌به‌ر ژئوپولیتیكی ناوچه‌كه‌ و به‌ڵای ره‌شی نه‌وت و كێشمه‌كێشی ژیار‌و ئایینه‌كان  كه‌ هه‌رهه‌مووی له‌ ناوچه‌كه‌دا په‌نگیان خواردووه‌ به‌ڵكو، له‌ دێر زه‌مانه‌وه‌ ئه‌وه‌ی به‌ دوای مافی خۆی ده‌گه‌رێ تووشی جه‌نگ و كاره‌ساتیش ده‌بێ. ئه‌م میلله‌ته‌ ش تا ئه‌و كاته‌ی بۆ سه‌ندنه‌وه‌ی مافه‌كانی هه‌وڵ بدات،  به‌رده‌وام  له‌گه‌ڵ  ده‌سه‌ڵاتی كه‌مته‌رخه‌م و تاوانباری سه‌رده‌می خۆی  تووشی پێكدادان ده‌بێ ، چونكو بڕیارده‌رو بڕیارسازی ئه‌م ولاته‌ به‌ شوێن قه‌یران و جه‌نگدان! ئه‌مه‌ ئه‌و پرسیاره‌ مه‌ترسیداره‌یه‌ كه‌  ته‌نانه‌ت نه‌ له‌ عیراقدا به‌ڵكو بۆ له‌ ناوچه‌كه‌دا زیاتر بیر له‌ جه‌نگ ده‌كرێته‌وه‌ تا ئاشتی؟! ئه‌مرۆ میلله‌ت ئه‌و مافه‌ی هه‌یه‌ كه‌ له‌ حكومه‌تی قه‌یرانساز پرسیار بكات له‌ وڵاتێكی كاولكراودا ده‌ورانی خۆشی به‌هاو  ته‌مه‌نی چه‌نده‌ ‌؟!

 

بۆ ئاشتی له‌م ده‌فه‌ره‌دا ته‌نیا له‌ داوانه‌كردنی هیچ و ره‌خنه‌ نه‌گرتن له‌ هیچ قه‌تیس ماوه‌؟!

 

 بۆ رژێمه‌ یه‌ك له‌ دوای یه‌كه‌كان  جه‌ژنی ساڵیادی  هاتنی خۆیان  ده‌گرن به‌ڵام  هیچ كات ‌ جه‌ژنی له‌دایك بوونی میلله‌تێكی بوێریان له‌بیر نیه‌؟!

عه‌لی حسێن فه‌یلی