حه‌ساره‌كه‌ی عیراق

شفق نيوز

خۆگرتووه‌. زۆر جار خۆشه‌ویستی ڕۆمانسیئامێز بۆ نیشتیمان مرۆڤ به‌ره‌و نابینایی ده‌بات و به‌داماڵراوی بیر له‌ ئینتمائاتی خۆی ده‌كاته‌وه‌، به‌ڵام كاتێك دێته‌وه‌ هۆش و شته‌كان وه‌ك خۆی ده‌بینێت، له‌بری ئاسۆی نیشتیمان له‌ناو تونێلی سته‌مكاریدا یان بازنه‌ی بچووكی خێڵ و تایفه‌ و مه‌زهه‌بدا خودی خۆی ده‌دۆزێته‌وه‌.

به‌م جۆره‌ له‌مێژووی هاوچه‌رخیدا، عیراق یان با بڵێین خاكی ڕه‌شبوونه‌وه‌ زیاتر له‌ حه‌سارێك ده‌چوو، له‌لایه‌كه‌وه‌ سته‌می سیاسی به‌ره‌و كه‌ناری توانه‌وه‌ له‌ مه‌رگێكی ڕۆمانسیدا ده‌برد و له‌لایه‌كی تریشه‌وه‌ له‌ناو خودی ئه‌و حاڵه‌ته‌ ڕۆمانسیه‌دا بازنه‌ی په‌یوه‌ندی تاك و گروپه‌كان ڕۆژ له‌ دوای ڕۆژ بچووك ده‌بوونه‌وه‌ و غه‌ریزه‌ی سه‌ره‌تایی وه‌ك ئاگری بن كا له‌گه‌ڵ خه‌سڵه‌ته‌كانی سته‌مدا ته‌شه‌نه‌ی ده‌كرد.

(9)ی نیسان كه‌ تیایدا ده‌بابه‌كانی ئه‌مریكا گه‌یشتنه‌ گۆڕه‌پانی فیرده‌وس له‌ به‌غدا له‌ زه‌مه‌نێكی ناكاو ده‌چوو، چوونكه‌ شكان و داڕووخانی پێگه‌كانی سته‌م تێیدا بوونه‌ یارییه‌كی مناڵانه‌ی ته‌مه‌ن كورت و ئیتر غه‌ریزه‌ سه‌ره‌تاییه‌كان ده‌ركه‌وتن. كائینه‌ نامۆ و سه‌یروسه‌مه‌ره‌كانی ناو حه‌ساره‌كه‌ی به‌عس ڕه‌دووی ئاره‌زووه‌ حه‌شاردراوه‌كانی چه‌ند ساڵه‌یان كه‌وتن و لاشه‌ و دیمه‌نه‌ به‌جێماوه‌كانی باوكه‌ زاڵمه‌كه‌یان بۆ سه‌ربازه‌ ئه‌مریكییه‌كان و ئه‌بو ته‌حسین و كه‌ناڵه‌ ئاسمانییه‌كان به‌جێهێشت.

ئه‌و چركانه‌ی عیراقیان خسته‌ ناو بۆشایی نێوان سته‌م و ڕزگاربوون له‌ سته‌م، له‌ڕاستیدا دوور نه‌بوون له‌فیكره‌ی هه‌ڵهاتن له‌ ئازادی و گیرۆده‌بوون به‌ هه‌ناسه‌بڕكێ و فه‌رهود و ڕاكردن به‌دوای تارمایی عیراقێكدا هه‌موو ده‌نگه‌كان تێیدا له‌ ده‌نگدانه‌وه‌یه‌كدا كۆده‌بوونه‌وه‌ و ده‌هاتنه‌ گوێ.

ئه‌گه‌ر كه‌مێك مه‌دره‌سی بین و بپرسین (9)ی نیسان چی بۆ جێهێشتین، ئه‌وا بێ منه‌ت وه‌ڵامێكی مه‌دره‌سیشمان ده‌بێت و ده‌ڵێین ڕزگاربوون له‌ سته‌م و خۆشی و گه‌ڕان به‌ دوای لیستی ناوی ونبوو و له‌سێداره‌دراوه‌كان، هه‌روه‌ها گه‌ڕان به‌دوای وێنه‌ و به‌ڵگه‌نامه‌ و ئه‌و شتانه‌ی دڵڕه‌قی و بێده‌نگییان ده‌سه‌لماند، به‌ڵام هه‌ر ئه‌و ڕۆژه‌ كه‌ ئه‌مریكی و عیراقییه‌كان تێیدا به‌ده‌ست په‌یكه‌ره‌ قه‌به‌كه‌ی دیكتاتۆره‌وه‌ له‌ گۆڕه‌پانی فیرده‌وس دامابوون و نه‌یانده‌زانی به‌چی هێزێك بیهێننه‌ خواره‌وه‌، ڕۆژێكی لێوان لێو بوو له‌ فه‌رهوود و دڵه‌ڕاوكێ و دڵنیانه‌بوون له‌ داهاتوو.

هه‌رواش بوو، ساته‌وه‌خته‌كانی گۆڕه‌پانی فیرده‌وس له‌به‌رامبه‌ر گه‌ڕانه‌وه‌ بۆ باوه‌شی تایفه‌ و مه‌زهه‌ب و خۆشاردنه‌وه‌ له‌ ڕاستییه‌كان و ڕووبه‌ڕوونه‌بوونه‌وه‌یان و له‌به‌ركردنی "عه‌با"ی زوڵملێكراو بووه‌ بیركردنه‌وه‌یه‌كی ڕۆژانه‌ی وه‌ها كه‌ ئیتر خه‌سڵه‌ته‌ مێژووی و شارستانییه‌كانی عیراقی خسته‌ به‌رده‌م پرسێكی گه‌وره‌وه‌. له‌به‌رامبه‌ر ئه‌و هه‌موو دروشمه‌ سیاسییانه‌ی كه‌ ساڵانێكه‌ عیراق وه‌ك وڵاتێكی مه‌ده‌نی و دوور له‌ ئینتمائاتی دینی و مه‌زهه‌بی پێناسه‌ ده‌كات، كۆمه‌ڵگایه‌كی تر ده‌ركه‌وت و ڕه‌هه‌نده‌كان له‌ پانتاییه‌ك بۆ قسه‌ و په‌خشانی سیاسی زیاتر هیچی تر نه‌بوون.

له‌ دوای (9)ی‌ نیسان خه‌یاڵدان و دیارده‌ی سه‌دام حسێن به‌شێوه‌یه‌كی ڕوونتر هاتنه‌ ناو ژیانی خه‌ڵكه‌وه‌ و قوربانییه‌كانیش توانای به‌جێهێشتنی سه‌كۆی ئازاره‌كانیان نه‌بوو. پێش ئه‌و ڕۆژه‌ دڵڕه‌قی ته‌نها كار و پیشه‌ی ده‌وڵه‌ت و ده‌زگاكانی بوو، له‌و ڕۆژه‌ به‌ دواوه‌ دڵڕه‌قییه‌كه‌ وه‌ك تارماییه‌كی پێهات له‌پشته‌وه‌ی تاك و گروپ و تایفه‌كانه‌وه‌ ڕاوه‌ستابێت. جه‌للاده‌كانی "موقاوه‌مه‌"ی نیشتیمانیی عیراقی نموونه‌یه‌كی باشی ئه‌و خه‌یاڵدانه‌ بوون .

(9)ی نیسان كردنه‌وه‌ی ده‌رگاكان بوو به‌سه‌ر دونیایه‌كی بێوێنه‌ی توندوتیژیدا، به‌سه‌ر ڕابوردووی دیكتاتۆرێكدا كه‌ وه‌ك ئێستا زیاتر خۆی نمایش ناكات.