پێگەی هەرێمی كوردستان لە قۆناغی نێودەوڵەتی نوێی دۆناڵد ترامپ

د. سامان سۆرانى

لەگەڵ ئەوەی دۆناڵد ترامپ بە هاوەڵی دوو زلهێزی وەکو ڕوسیا و چین لەسەر ئاستی
نێودەوڵەتی ڕێبەری ئەم قۆناغەیە و بە شێوەیەکی بازرگانی و سیاسی و ئابوری خۆی نمایش
دەکات بە ئاشکرا دەڵێ: "ئێمە لە لادانێکی کاتیدا و بۆ ماوەیەكی دیاریکراو پێویستمان بە
فرەجەمسەری هەیە و کێ هاوپەیمانێتیمان لەگەڵ ببەستێ، پێویستە لەسەری پارە بدات و
سواری کەشتیەکەی ئێمە بێ و کێ پارە نەدات، ناهێڵین سواری کەشتیەکەمان بێت و
بەرپرسیش نابین لە پاراستنی".
ئەم بنەمایە پوختی فەلسەفە و بەها و هێز و ڕەنگدانەوەی ڕێساکانی قۆناغی نێودەوڵەتی
نوێی دۆناڵد ترامپە. ئەمڕۆ زیاتر لە ڕابووردوو دەرکەوتووە، بۆچوونی بیرمەندی سیاسی
ناوداری ئەمریکا، فرانسیس فۆکۆیاما، سەبارەت بە ململانێی جیۆسیاسی و ئایدیۆلۆژی پاش
دووەم جەنگی جیهانی و وەرچەرخانی ئەو ململانێە بۆ ململانێی کلتوری و شارستانی و
شوناس لە جێی خۆی نەبووە، بۆیە ناوبراو لە ئابی ٢٠١٨ لە گۆڤاری فۆرین پۆلیسی تێزێکی تری
خستە ڕوو، کەوا هاوتەریب لەگەڵ فراوانبوونی "سفێری" دیموکراسی پاش جەنگی سارد و
ڕووخانی دیواری بەرلین و بوونی چواردە ولاتی بلۆکی ڕۆژهەڵاتی ئەوروپا بە ئەندام لە
یەکێتی ئەوروپا فراوانبوونی و بە هۆی قەیرانی دارایی جیهانی ساڵی ٢٠٠٨ و سەرهەڵدانی
فاکتەرە نادەوڵەتیەکانی پاش ساڵی ١٩٧٩، کە بە دوای شوناسی نیشتمانی دەگەڕێن،
"سفێری" شوناس و چینە پەراوێزخراوەکان درووست بووە. لە ئێستادا زووە لێرەدا باس
لەوە بکەین، تا چەند ئەم تێزە نوێیە فۆکۆیاما ئەرێنی دەبێ و تا چەند دۆناڵد ترامپ وەکو
ڕێبەرێ بەو درووشمەی کە دەڵێ، "هەمووان بۆ یەكێ و یەکێ بۆ هەمووان"، سەرکەوتوو
دەبێ.
ترامپ ڕۆژئاوای ئەوروپا بە پەککەوتوو دەبینێ و زیاتر گرینگی بە ڕۆژهەڵاتی ئەوروپا دەدات،
بۆیە جێی سەرسوڕمان نیە لە شوباتی ٢٠١٩ لووتکەیەکی نێودەوڵەتی بەسەرپەرشتی ئەمریکا
سەبارەت کۆکردنەوەی هاوپەیمانان بۆ "ڕووبەڕووبوونەوەی ئێران" لە پۆڵەندا بەڕێوە

دەچێ، ئەمەش ئەو ڕاستیە پشتڕاست دەکاتەوە، کەوا لە سیاسەتدا کۆمپاسی ترامپ ڕوو لەو
دەوڵەتانە دەکات، کە لە سیاسەتدا "مۆدێرات" و بگرە ڕاستڕەو ڕەفتارن.
ترامپ مەبەستیە لە قۆناغی پێش درووستبوونی سیستەمێکی نێودەوڵەتی نوێ بە میکانیزمی
كشانەوەی هێزی سەربازی ئەمریکا لەسوریا و ئەفغانستان و یەمەن و جێگیرکردنیان لە عیراق
و هەرێمی كوردستان پایتەختێکی سەربازی ستراتیژ و گرینگ بۆ هەرێمی جیۆسیاسی لە
ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست دامەزرێنێ.
ئامانج لەم کارەی ترامپ نەهێشتنی سەرچاوەی ئەو فاکتەرە نادەوڵەتیانەیە، کە لە لایەن ئەو
ڕژێمانەوە دادەمەزرێن و پاڵپشی دەکرێن، کە هەڵگری دروشمی شۆڕشگێڕین. مەبەسمان ئەو
فاکتەرانەیە، کە پاش دووەم جەنگی جیهانی دامەزراون و دەبنە مایەی هەڕەشە بۆ دەوڵەتی
نەتەوە.
هەروەها ترامپ بە جاڕدانی درووشمی "ئەمریکا پێش هەموو شتێ" دەیەوێ بەرژەوەندیە
ئابووریەکانی وڵاتەکەی لەم ناوچەیە بپارێزێ، ئەو بەرژەوەندیانەی پەیوەستە بە نەوت و کانزا
سروشتیەکانی تری ژێر زەوی لە ناوچەکە و بەتایبەتی لە عیراق و هەرێمی كوردستان و تا بۆی
بکرێ ئابووری ئەم ناوچەیە بە ئابووری وڵاتەکەی گرێ دەدات.
لێرەدا پێویستە باس لە گرینگی پێگەی هەرێمی كوردستان بکرێ لەناو ئەم قۆناغە نوێیەدا.
ئاشکرایە هەرێمی كوردستان وەکو هەرێمێکی فیدڕاڵ ئەندامێکی کارا و متمانەپێکراوی
هاوپەیمانێتی نێودەوڵەتی شەڕی دژ بە تیرۆرە و لەم چوارچێوەیەدا وەك بكەرێکی خاوەند
دەسەڵاتێکی فراوان و یەکلاکەرەوە ڕۆڵی بەرجەستەی گێڕاوە لە درووستبوونی هاوسەنگی و
سەقامگیری لەم ناوچەیە و لەم ڕووەوە کەمتر لە دەوڵەتێ هەڵسوکەوتنی نەکردووە.
قۆناغی نوێی دۆناڵد ترامپ لە ناوچەکە پێویستی بە هاوپەیمانێكی باوەڕپێکراوی وەکو
هەرێمی كوردستانە و دەکرێ ئەم هاوپەیمانێتیە لە زۆر بواردا بەرزبێتەوە بۆ هاوبەشی
ڕاستەقینە، ئەگەر سیاسەت و ستراتیژی هەرێمی كوردستان بە پەیڕەوكردنی سیاسەتێکی
سەنگین و و ژیرانەی هاوشێوەی سیاسەتی سەرۆك مسعود بارزانی و بە کارکردنی بێ ووچان

لە پێناو بەها مرۆییەکان و پێکەوەژیانی ئاشتیانە و ئاسایش و سەقامگیری و بازاڕی بازرگانی
ئازاد و هاوچەرخ ببێت بە بەشێ لە سیاسەت و ستراتیژی ویلایەتە یەکگرتووەکانی ئەمریکا،
ئەمەش تەنها بە سەلماندنی یەكڕیزی ناوخۆ و سەنگ و قورسایی هەرێم دەبێ لە ڕووی
سیاسی و ئابووری و کۆمەڵایەتیەوە.
دکتۆر سامان سۆرانی