بێکەسیی زمانی کوردی

شفق نيوز

پەسن و پێدا هەڵگوتنێکی سەرڕۆ "سطحی" نییە حاجی بۆ خۆشەویستیی کورد کردبێتی، بگرە قسەیەکی بە سەرچاوە و بناخەیە، دەشێ بێتە ئیسپاتکردن. راستە کورد پەڕپووتن لە مێژووی خۆیاندا بەڵام وە نییە هەموو شتێکی کوردی هەر پەڕپووت بێ. زۆرجاری تریش ئەو قسەیەی مەسعوود محەمەدم بەنموونە هێناوەتەوە کە دەیگوت: "ئێمە خاکەکەمان لە خۆمان پیاوتر بووە"، واتە خاکی کوردستان زیاتر جێی شانازییە لە مێژووی کوردەکە خۆی. من دەڵێم دەبێ پرسی زمانیش بچێتە پاڵ خاکی کوردستان، ئەویشمان لە خۆمان و مێژووەکەمان پیاوتر بووە. حاجی قادر ئەوەش دەڵێ کە زمانەکە بەهۆی بێخەمیی کوردانەوە بێ رەواج و بێ بەها کەوتووە. زۆر راستە، ئەگەر سەیری کتێبخانەی کوردی بکەی دەبینی لە رووی لێکۆڵینەوەی زمانەوانییەوە زۆر هەژارە. زمانێک تا ئێستە گرامەر و رێزمان و رێنووسی بۆ نەهاتبێتە دانان کە ئێمە ئێستا نێزیکەی سەدە و چاریەکە سەدەیەک لە دوای قسەکەی حاجی قادرەوە دەژین، دەبێ لە چ کڵۆڵییەکدا بێ؟ زۆرجار بیانییەک داوام لێ دەکا بۆ نامیلکەیەکی فێربوونی زمانی کوردی، نازانم چیی وەڵام بدەمەوە. ئەو هەموو پڕۆفیسۆر و ئەکادیمیا و بەشی کوردییەش لە کوردستان کڵاشە دەکا.

لە سەردەمی نوێدا، زمان دوو قۆناغی بڕیوە. مەبەستم لە سەردەمی نوێ سەردەمی دوای زاینی پێغەمبەر عیسایە. قۆناغی یەکەم: تۆمارکردن و نووسینەوەی زمان. قۆناغی دووەم: رێکخستنی. زمانی عەرەبی لە سەردەمی عەباسیدا هاتە تۆمارکردن و هەروەها رێکخستن، واتە دانانی رێزمانەکەی. زمانی کوردی باش بوو لە سایەی چەند کەڵەپیاوێکەوە هاتە تۆمارکردن بێ ئەوەی چ داوودەزگایەکیشیان لە پشتەوە بێ. لەم نووسینەدا زیاتر باسی کوردیی ناوەڕاست دەکەم کە پێی دەڵێن دیالەکتی سۆرانی و ئاشکرایە دەوڵەمەندترین دیالەکتی کوردییە لە هەموو رووێکەوە. ئەمەش ناوچەیەکە لە رۆهەڵات لە شاری سنەوە دێ تا دەگات بە هەولێر لە رۆئاوا. لە باکوریش لە ناوچەی موکریان "مەهاباد"ەوە تا دەگا بە گەرمیان "کەرکووک". ئەوانەی زمانی کوردییان کۆ کردەوە بەسەر تەواوی ئەو ناوچە فراوانەدا هاتوونەتە دابەشبوون. مەبەستم لە کۆکردنەوە ئەو کەسانەیە کە جوانترین دەقیان بەزمانی کوردی داڕشتووە جا چ نووسینی خۆیان بێ چ وەرگێڕان. بۆ نموونە عەلائەدین سەجادی "سنە" تەنیا ئاماژە بە دوو بەرهەمی دەکەم: رشتەی مرواری و کوردواری کە مرۆڤ لە ئاست دەوڵەمەندیی زمانی کوردیدا سەرسام دەکەن. شێخ محەمەدی خاڵ "سلێمانی" فەرهەنگی خاڵ و پەندی پێشینان و ناڵەی دەروون. عەبدوڕەحمان شەرەفکەندی ـ هەژار "مەهاباد" تەنیا ئاماژە بە شەرەفنامە و فەرهەنگی هەنبانە بۆرینە و وەرگێڕانی قورئان دەکەم. مەلا عەبدولکەریمی مودەریس "هەورامان" تەنیا یادی مەردان و دیوانی نالی. شوکور مستەفا "کەرکووک" قەڵای دمدم و وەرگێڕانی بەرهەمەکانی یەشار کەمال. مەسعوود محەمەد "کۆیە" هەر سێ بەرگی حاجی قادر و مرۆڤ و دەوروبەر وەک نموونە. دوا ناویش لەم زنجیرەیەدا عەزیز گەردی "هەولێر" داغستانی منی رەسووڵ هەمزەتۆڤ، وەک نموونە. بێگومان ناوی تریش هەن وەک تۆفیق وەهبی، حوسێن حوزنی و کەمال جەلال غەریب کە خزمەتی بێ وێنەیان بە زمانی کوردی کردووە بەڵام ئەمانە زیاتر لە بواری رێزمان و زاراوەسازی و رۆژنامەوانیدا کاریان کرد بۆیە کارەکانیان دەچێتە ناو قۆناغی دووەمەوە کە قۆناغە گرینگەکەیە و بەنیوەچڵی لەلایەن کوردی بێخەمەوە هاتووەتە بەجێهێڵان.

کورد لەم قۆناغی دووەمەدا کە قۆناغی رێکخستنی زمانە، تەواو سەری لێ شێوا، پسپۆڕ و شارەزای پێویستی نەبوو بۆ کارەکە. ئازادیی کوردستان و تەقینەوەی نووسین بەکوردی و لێمشتی میدیای کوردیشی بەسەردا هات. زمانی کوردی لە قۆناغە خۆڕسکییەکەی کۆنیدا مەترسیی لەسەر نەبوو، بەدرێژای مێژوو بەدەنگ داخوازیگەلی کۆمەڵی کوردییەوە هاتبوو، لێ بەڵێ لەم چاخە تیژڕۆیەدا ناتوانێ فریا بکەوێ. کوردی، ئەمڕۆ زمانێکە بێ فەرهەنگی زانستییانە و بێ رێزمان و بێ رێنووس و بێ زاراوەسازیی بەردەوام، زمانی وا ناتوانێ راکردن لەگەڵ رۆژاندا دەستەبەر بکا. ئەمڕۆ لە ئەزموونی فەرمانڕەواییی کوردستاندا، کەرتی زمان شەپڕێوترین کەرتە، بچووکترین رێکخستن و بەرنامەکاریی تێدا نایە دیتن. ئەمەش بێگومان پشووی زمانەکە سوار دەکا و رەنگە لە ماوەیەکی داهاتوودا بەجارێک لە کەڵکی بخا.

دەڵێن لە مەلایەکیان پرسی واتای چییە: "وجر بالفتحە ما لاینصرف؟" کە پرسێکی زمان و رێنووسی عەرەبییە، پاش چەند رۆژێک بیرکردنەوە مەلا دیارە کۆلکە بووە، گوتی ئەمە دەڵێ "جوڕەجوڕی بە مەلا فەتحوڵڵای بێخن با ئەوەندە سەرف نەکا". لێرەدا مەبەستم گاڵتەوگەپ لەگەڵ مەلایان نییە، پرسەکە پرسێکی زمانەوانییە و نموونە لە زمان دەهێنمەوە لە بواری رێکخستنی زماندا، ئەگینا زۆربەی ئەو کەڵەبنووسانەی لەسەرەوە وەک دەقنووسی رەسەن ناوم هێنان، یەکێک یان دوانیان نەبێ ئەوانی تر گشتیان مەلا و خوێندووی حوجرەی مزگەوت بوون و مایەی شانازیشن تا هەتایە. بەڵام زمانی کوردی ئەمڕۆ وەک مەلا فەتحوڵڵا زۆر سەرف دەکا، بیست و چوار سات راگەیاندنی کوردی لەگەڕدایە و زمان بەکار دێنێ بۆ بەدەنگەوەچوونی ژیانی نوێدەم، رۆژانە کتێب بە کوردی دەردەچن و بەڵاڤۆکی تریش بەلێشاون. نەبوونی هیچ رێکخستنێک بۆ ئەم زمانە لەناو ئەم بەکارهێنانە بەرفرەیەدا، دووچاری مەترسیی گەورەی دەکا و وەک مەلا فەتحوڵڵا جوڕەجوڕی پێ دەکەوێ.

لەبارەی هەموو شتێکەوە بەوێرایی دەنووسم و لە ئەنجامەکانی ناپرینگێمەوە ئاخۆ چی روو دەدا، تەنیا لە دوو پرسدا بە بیرەبیر "تردد" و دڵەڕاوکەوە دێمە پێش، یەکیان پرسی زمانی کوردی و ئەوی تریان پرسی ئافرەتی کوردە. لەم دوو بوارەدا دەم هەراش و خۆبەگەورەزانی فشوفۆڵ ئەوەندە زۆرن مرۆڤ ناوێری بۆچوونی خۆی بەڕاشکاوانە دەربڕێ. بەڵام پرسیارێک هەر دەکەم: بیلامانێ ئەو ئەکادیمیای کوردییە چی دەکا؟ کوا رێزمان کوا رێنووس کوا قامووس؟ یان پرسیارێکی تر: چەندان تێزی خوێندنم بینیوە لە ماستەر و دکتۆرا، کوردییەکەیان ئەوەندە پەڕپووتە سەرسامت دەکەن. خوێندنی باڵا بەم باڵایییەی خۆیەوە بۆ داناچەمێتەوە و سەیری یەکێکیان بکا؟

لەبارەی هەر پرسێکی کوردییەوە بنووسی و رەخنە ئاراستەی لایەنی کوردی بکەی، ئەگەر هەزار راوێژی جوانیشت نووسیبێ نەک کەس گوێت لێ ناگرێ و بەقسەت ناکا، بگرە تا بۆشیان بلوێ بوغزت لێ دەکێشن. هیوادارم کەس وەڵامی ئەو پرسیارەی سەرەوەم نەداتەوە و دان بەخۆیاندا بگرن لە ئاست رەخنەیەکی دۆستانە و وا باشترە بەخۆیاندا بچنەوە. ئەگەر وا نەکەن، بەم حاڵەی کوردییەوە کەرکووک نابێتەوە بەکوردستان، بەم حاڵەی کوردییەوە دەوڵەتی کوردی چاوی بەژیان ناپشکوێ کە دەوڵەت بنیشتۆکەی زارانە لەناو هزری هەرزە خەیاڵاندا. بەم حاڵەی کۆڕ و زانستگەی کوردیشەوە، زمانی کوردی لە سایەی ئەم بێ تەعەسوبییەی کورد "حاجی گوتەنی"، سەدەی بیست و یەکەم تەواو ناکا. بەداخەوە بۆ ئەم زمانە نازدارە و بەداخەوە بۆ بێکەسییەکەی.