سەرۆكایەتی‮ ‬هەرێمی‮ ‬كوردستان و نێچیرڤان بارزانی‮ ‬بایەخێكی‮ ‬زۆریان بە دۆسیەی‮ ‬كوردە فەیلیەكان داوە

شفق نيوز

بڕیاری لە سێدارەدانیان بۆ دەرچووە، ئەندامێكی دەستەی داكۆكیكار لە مافی كوردە فەیلیەكان لە دادگای باڵای تاوانەكانی ئێراق، ئاماژەی بە وردەكاری ئەم دۆسیە دەكات و هەروەها رۆڵی بەڕێز نێچیرڤان بارزانی سەرۆكی پێشووی حكوومەتی كوردستان بەرز دەنرخێنێت بۆ هاوكاریكردن و ئاسانكار و پاڵپشتیكردنی دۆسیەی كوردە فەیلیەكان.

ئارام گەردی ئەندامی دەستەی داكۆكیكار لە مافی كوردە فەیلیەكان لەبارەی دۆسیەی تاوانەكە و مێژوو و جۆری تاوانەكە ئاشكرا يكرد، ئەگەر باسی دۆسیەی كوردە فەیلییەكان بكەم، لە كۆتایی ساڵەكانی حەفتا و سەرەتای ساڵەكانی هەشتاكان تاوانێكی جینۆسایدی دژ بە كوردە فەیلییەكان كرا، بەتایبەتی ئەوانەی لە بەغدا و باشوری ئێراق نیشتەجێبوون و لە رێگای دەزگا ئەمنی و سەربازییەكانی رژێمی پێشووی ئێراق ڕەوانەی ناوچە سنورییەكانی ئێراق و ئێران كران كە سنورێكی زۆر مەترسیدار بوو، ئەمە جگە لە ناوبردنی گەنجەكانیان بە دەیان جۆر ئەشكەنجە، بەتایبەتی تاقیكردنەوەی ماددەی كیمیاویی لەسەر گەنجەكانیان و دەستگرتن و تاڵانكردنی ماڵ و سامانیان، ئەمە وایكرد ئەو تاوانە بەرفراوان بێت، كە لە بەغدا و بەسرا نزیكەی یەك ملیۆن بوون و كەمبوونەوە. لە بارەی دۆسیەی كوردە فەیلیەكانیشەوە پارێزری راوێژكار ئارام گەردی ئاماژەی بەوەدا، لە دوای روخانی رژێمی بەعس و پێكهێنانی دادگای باڵای تاوانەكانی ئێراق، یەكێك لەو دۆسیەیانەی كرانەوە لە نێو دادگاكەكەدا، دۆسیەی كوردە فەیلییەكان بوو، دۆسیەیەكی گەورە و فراوان بوو، سەرەتا دەستەیەكی دادوەران و لێكۆڵەرەوانی دادی وتەی سكاڵاكاران و شاهیدحاڵەكان و دیكۆمێنتەكانی كۆكردەوە.

ئەو پارێزەرە باسی لە رۆڵی رێزدار نێچیرڤان بارزانی سەرۆكی پێشووی حكوومەتی كوردستان دەكات وەك بایەخدانێكی بە دۆسیەكە و ئاسانكاریكردن بۆ دادوەران و سكاڵاكاران، لەوبارەوە روونيكردەوە، بە هاوكاری كابینەی پێنجەمی حكوومەتی هەرێمی كوردستان بە سەرۆكایەتی رێزدار نێچیرڤان بارزانی ئەوپەڕی هاوكاری و پاڵپشتی ئەو دۆسیەیان كرد و دادوەرەكان لە رێگای پاڵپشتی رێزدار نێچیرڤان بارزانی و بەڕێز د. چنار سەعد عەبدوڵڵا وەزیری كاروباری شەهید و ئەنفالكراوەكانی پێشوو ئاسانكاری بۆ كراو دادوەرەكان ڕەوانەی دەرەوەی وڵات كران بۆ وەرگرتنی وتەی سكاڵاكاران و گەواهیدەرەكان و كردنەوەی نووسینگەیەكی ئەو دادگایە لە هەرێمی كوردستان و هێنانەوەی ئەو سكاڵاكار و گەواهیدەرانەی لە دەرەوەی وڵات بوون بە راسپاردەی تایبەتی رێزدار نێچیرڤان بارزانی بۆ ئەوەی لەبەردەم دادگا و پێشكەشكردنی وتەكانیان لە رێگای وەزارەتی كاروباری شەهیدان و لە ئەستۆگرتنی تێچووی هاتووچۆ و ئاسانكاری مانەوەیان بۆ كرا، ئەمە وایكرد كوردی فەیلی هەست بكەن كابینەی پێنجەم و حكوومەتی هەرێمی كوردستان گرنگی بە دۆسیەكەیان دەدات، چونكە كوردە فەیلیەكان كوردی ڕەسەنن.

ئارام گەردی لەبارەی قۆناغەكانی ئەم دۆسیە لەدادگای باڵای تاوانەكانی ئێراقەوە ئاماژەی بەوەكرد 44 دانیشتنی تایبەت كراوە و بۆ خەباتی روونتركردەوە، لە 2009/1/29 یەكەم دانیشتنی ئەو دۆسیە دەستیپێكرد، لە ماوەی ئەو تا 2010/11/29 بڕیاری یەكلاكەرەوە و بڕیاری حوكمی تێدا دەرچوو، 44 دانیشتنی دادگای باڵای تاوانەكان بەڕێوەچوو، قۆناغەكان بە وەرگرتنی وتەی سكاڵاكاران و گەواهیدەران و نمایشكردنی دیكۆمێنتەكان و خوێندنەوەی لێنووسی دادوەرەكان و لێنووسی داواكاری گشتی و ئاڕاستەكردنی تۆمەت و پاشان وەرگرتنی وتەی تۆمەتبارەكان و دەركردنی حوكم، ئەو پەڕاوەی لێكۆڵینەوەكان بۆ دادگای باڵای تاوانەكان بەرزكرابووە زیاتر لەهەزار لاپەڕە و وتەی هەشت سەد سكاڵاكاری تێدا بوو، بەڵام لە دادگای تاوان زیاتر لە سەد وتەی گەواهیدەر و سكاڵاكار كە حكوومەتی هەرێمی كوردستان تێچووی ئەركی هێنا بەردەم دادگایانی گرتبووە ئەستۆ.

ئەو پارێزەرەی دەستەی داكۆكیكار لە دۆسیەی كوردە فەیلیەكان ئاماژەی بەو حوكمە كرد، كە دادگای باڵای تاوانەكانی ئێراق بەسەر تاوانبارانی دەركردووە و گوتی: ئەو دۆسییە لە كۆتاییدا حكوومی تێدا دەركرا و سزای لە سێدارەدان بۆ 3 تۆمەتبار دەركرا كە ژمارەیان 16 تۆمەتبار بوو و عەلی حەسەن مەجیدیش سزای وەرگرتبوو و 15 دانەیان مایەوە و 3 تۆمەتبار سزای لە سێدارەدانیان بۆ دەرچوو، لەوانە سەعدون شاكر و مزبان خزر هادی و عەزیز ساڵح و هەروەها 2 لە تاوانبارەكان تاریق عەزیز و ئەحمەد حسێن سزای 10 ساڵ بەندكردنیان بۆ دەرچوو، بەهۆی نەبوونی بەڵگەی تەواو 9 تۆمەتبارەكەی دیكە ئازاد كران بەمەرجێك ئەگەر دۆسیەی دیكەیان لەسەر نەبێت.

لەبارەی گرنگی بەجینۆساید ناساندنی ئەم دۆسیەوە پارێزەری راوێژكار ئارام گەردی رايگەیاند، ئەوەی زۆر گرنگ بوو لەلایەن سەرۆكایەتی هەرێمی كوردستان كە چاودێرییەكی وەردی ئەم دۆسیەی دەكرد، وەكو كوردە فەیلیەكان دەركردنی بڕیاری جینۆساید بوو لەو دۆسیە و ئەمە دەبێتە سێهەم بڕیاری جینۆساید دژی گەلی كورد، دوای ئەنفال و كیمیاباران و دەركردنی بڕیاری جینۆسایدیش گرنگیەكی زۆری هەیە و بۆ قوربانیەكانیش گرنگە و هیوادارین یەكێك لە بڕگەكانی ئەو حكوومەیە قەرەبووكردنەوەیە حكوومەتی ئێراقی جێبەجێ بكات و گەڕانەوەی مافێكی كوردە فەیلیەكان قەرەبوو بكرێنەوە و ئالیەتێكی گونجاو دابنێن لە رێگای ئەنجوومەنی نوێنەرانی ئێراق و حكوومەتی هەرێمی كوردستان ئەو دۆسییەی لە رێگای قەرەبووكردنەوە مافی خۆیان وەرگرنەوە.

xabat