كوردی فه‌یلی له‌ به‌ڵگه‌نامه‌ی كونسولخانه‌كانی ئێران و گه‌شتنامه‌ی رۆژهه‌ڵاتناساندا

شفق نيوز

كه‌ له‌ لوڕه‌كانی لوڕستان بوون حوكمڕانی كراوه‌. له‌وسه‌رده‌مه‌ مه‌عامله‌ی خه‌ڵكی ناوچه‌كه‌ له‌گه‌ڵ عیراقدا زیاتر بووه‌ تاوه‌كو ده‌وڵه‌تی ناوه‌ندی ئێران. فه‌راهه‌م بوونی زه‌مینه‌ی هاتووچۆ له‌ نێوان كوردی پشتكێو و عیراق و فشاری والییه‌كان به‌ بۆنه‌ی وه‌رگرتنی باج له‌ خه‌ڵكی برسی و هه‌ژار و زه‌مینه‌ی كاركردن له‌ شاره‌كانی ژێرده‌سه‌ڵاتی عوسمانی به‌ تایبه‌ت له‌ به‌غدا بوو به‌ هۆی ئه‌وه‌ی كه‌ پۆڵ پۆڵ خه‌ڵكی هه‌ژاری ناوچه‌ی ژێر ده‌سه‌ڵاتی والییه‌كیانی پشتكێو روو له‌ عیراق بكه‌ن بۆ دابین كردنی بژێوی رۆژانه‌ی خێزانه‌كانیان. كونسوڵی ئێران له‌ عه‌مماره‌ هه‌ر سه‌باره‌ت به‌ مه‌عامله‌ی خه‌ڵكی پشتكێو له‌گه‌ڵ بازرگانانی ئه‌و شاره‌ له‌ ڕاپۆرتێكی خۆی بۆ ده‌وڵه‌تی ناوه‌ند به‌م جۆره‌ باسده‌كات: " له‌ پشتكێو، گه‌نم، مه‌ڕ، خوری، ڕۆن و، شتانی دیكه‌ ده‌هێننه‌ عه‌مماره‌ و له‌به‌رانبه‌ردا، قه‌ن، چا، شه‌كر و پێداویستیه‌كانی دیكه‌ وه‌رده‌گرن." ئه‌م شێوه‌ مه‌عامله‌ كردنه‌ی نیشته‌جێكانی پشتكێو له‌گه‌ڵ عیراق تاكو ساڵی 1928 ز به‌رده‌وام بوو. به‌ڵام له‌گه‌ڵ به‌هێزبوونی ده‌سه‌ڵاتی ده‌وڵه‌تی ناوه‌ند له‌ هه‌ر دوولا سنووره‌كان داخران و ئه‌و په‌یوه‌ندییه‌ رووی له‌ كزی كرد و ئه‌گه‌ر مه‌عامله‌یه‌ك له‌نێوانیان هه‌بووایه‌ له‌ ڕێگه‌ی قاچاخ بوو . ئیدی له‌وه‌ به‌ دواوه‌ كه‌ ده‌سه‌ڵاتی والییه‌كان رووخاو ئه‌و فشاره‌ قورسه‌ی سه‌ر خه‌ڵك كه‌مبووه‌وه‌ و په‌یوه‌ندی خه‌ڵكی پشتكێو(ئیلام) له‌گه‌ڵ شاره‌كانی ئێران له‌وانه‌ كرماشان و تاران رووی له‌ زیادبوون كرد.

سه‌باره‌ت به‌ كوردی فه‌یلی له‌ عیراقی عه‌ره‌ب (نیزامه‌لسه‌لته‌نه‌ی مافی) كه‌ ساڵی 1881 زایینی بۆ وڵاتی عوسمانی سه‌فه‌ر ده‌كات له‌مباره‌وه‌ ده‌نووسێت: " كۆی كرێكارانی كه‌شتیه‌كان و حه‌ماڵه‌كانی عیراقی عه‌ره‌ب پێكهاتوون له‌ هه‌ڵاتوان له‌ ده‌ستی زوڵمی حوسه‌ین قولی خان والی پشتكێو یان خه‌ڵكی كه‌ركووك و موسڵ، زۆربه‌یان كوردی قسه‌ ده‌كه‌ن."  كورده‌ كۆچبه‌ره‌كانی پشتكێو، له‌به‌ر ئه‌وه‌ی خه‌ڵكانێكی ئاژه‌ڵدار و جوتیار بوون و له‌ كار وبازرگانی نێو شار پسپۆڕییه‌كی وه‌هایان نه‌بوو، له‌سه‌ره‌تادا وه‌كو كرێكاری ساده‌ ده‌ستیان به‌ كاركردن كرد، به‌ڵام ورده‌ ورده‌ له‌ كاری بازاڕ و بازرگانییدا پێشكه‌وتن و له‌ به‌شه‌ جۆربه‌جۆره‌كانی عیراق ده‌ستیان گرت به‌سه‌ر بازاڕدا.

هوگۆ گرووته‌-ی ئه‌ڵمانی نیشته‌جێكانی پشتكێو " به‌ كه‌سانێكی به‌هێز و كارا" ده‌زانێت و ده‌نووسێت: " زۆربه‌ی بارهه‌ڵگره‌كانی به‌غدا خه‌ڵكی پشتكێو-ن و من به‌رده‌وام به‌ گرنگیه‌وه‌ ده‌منواڕیه‌ ئه‌و پیاوه‌ زامه‌ت كێشانه‌ كه‌ له‌گه‌رمای سووتێنه‌ری ئه‌وێنه‌دا ئه‌و باره‌ قورسانه‌یان له‌شوێنێك بۆ شوێنێكی دیكه‌ ده‌گواسته‌."

فریا ئستارك كورده‌كانی پشتكێو وه‌كو " جوانترین نیشته‌جێكانی به‌غدا " پێناسه‌ ده‌كات و له‌باره‌یان ده‌نوسێت: " زۆربه‌یان كرێكارن و ئه‌و بارانه‌ی كه‌ ده‌یانگوازنه‌وه‌ زۆربه‌یان كێشێكی نائاساییان هه‌یه‌ و جانتای كه‌لووپه‌ل و تیری ئاسن به‌ كۆڵ كێش ده‌كه‌ن." ئه‌وان جگه‌ له‌ كرێكاری، چالاكی فه‌رهه‌نگی و كه‌له‌پووریشیان هه‌بوو. ئه‌وان ساڵێك یه‌ك جار پێشانگایه‌كیان له‌ به‌غدا ده‌كرده‌وه‌، تێیدا بۆ به‌شداربووان داب و نه‌ریت و كه‌له‌پوور و چۆنێتی ژیان و گوزه‌رانی خۆیانیان نمایش ده‌كرد.

به‌ پێی نووسراوێكی (عه‌ینولسه‌لته‌نه‌) له‌ساڵی 1923 كه‌ له‌ رۆژنامه‌ی (خاترات) بڵاوبووه‌ته‌وه‌، هاتووه‌: زیاتر له‌ شه‌ش  هه‌زار كرێكار"  كوردی فه‌یلیی" له‌به‌غدا به‌ كرێكاری خه‌ریك بوون كه‌ ئه‌گه‌ر بۆ یه‌ك ڕۆژ ده‌ستیان له‌ كار بكێشایه‌وه‌ بارووه‌زعی عیراق تووشی  شڵه‌ژاوی ده‌بوو.    دوابه‌دوای هه‌ڵوه‌شانه‌وه‌ی ئیمپراتۆریه‌تی عوسمانی و له‌ ماوه‌ی هه‌ڵسووڕاندنی كاروباری عیراق له‌لایه‌ن بریتانیا و له‌سه‌ره‌تای ساڵه‌كانی حوكوومه‌تی عیراق، ژماره‌یه‌كی زۆر له‌ كورده‌ فه‌یلییه‌كان له‌ به‌ڕێوه‌به‌رایه‌تیه‌كانی عیراق دامه‌زران. كونسولی ئێران له‌ به‌غدا ساڵی 1922 له‌ نامه‌یه‌ك بۆ وه‌زاره‌تی ده‌ره‌وه‌ی وڵاته‌كه‌ی ده‌نووسێت: "سه‌دان سه‌دان به‌ڵكو هه‌زاران هه‌زار كوردی فه‌یلی پشتكێو و سه‌رسنووره‌كان كرێكاری به‌ڕێوه‌به‌رایه‌تێكانن له‌ عیراق".