شه‌هیدانى كوردى فه‌یلى مه‌شخه‌ڵى عێراقن

شفق نيوز

شه‌فه‌ق له‌ به‌غدا، هه‌ستا به‌ گرێدانى كۆڕێكى فراوان له‌ ژێر دروشمى "شه‌هیدانى كوردى فه‌یلى مه‌شخه‌ڵیكن بۆ عێراق"، به‌ ئاماده‌بوونى كۆمه‌ڵێك سیاسه‌تمه‌دار و رۆشنبیر و ڕێكخراوه‌كانى كۆمه‌ڵگاى مه‌ده‌نى و لایه‌نه‌ په‌یوه‌ندیداره‌كان به‌ كێشه‌ى كوردى فه‌یلى و ژماره‌یێكى به‌رچاوى جه‌ماوه‌ر و كه‌ناڵه‌كانى ڕاگه‌یاندن.

له‌ سه‌ره‌تاى كۆڕه‌كه‌دا، عه‌لى حوسێن فه‌یلى ئه‌ندامى په‌رله‌مانى كوردستان و به‌رپرسى ده‌زگاى ڕۆشنبیرى و ڕاگه‌یاندنى كوردى فه‌یلى "شه‌فه‌ق" وته‌یێكى پێشكه‌ش به‌ ئاماده‌ بووان كرد، وێڕاى به‌خێر هاتنى هه‌موو لایه‌ك جه‌ختى له‌سه‌ر ئه‌و ڕاستیه‌ كرد كه‌ :" له‌و شوێنه‌ كه‌ شاهید نه‌بێت شه‌هیدیش نیه‌؛ ئێمه‌ش لێره‌ له‌ شه‌هیدانى كوردى فه‌یلى ده‌دوێین به‌ گوێره‌ى پێوه‌ره‌كانى ئاسمانى و یاساكانى سه‌ر زه‌وى و ئه‌مانه‌وێ ژماره‌ و ڕێژه‌یان له‌ كاروانى شه‌هیدانى عیراق دیارى بكه‌ین و له‌مباره‌یه‌وه‌ چه‌ند یاسایه‌ك هه‌یه‌ په‌یوه‌ندى به‌ شه‌هیدانه‌وه‌ هه‌یه‌ و چه‌ند ده‌زگایه‌ك پێكهێنراوه‌ بۆ رێكخستن و به‌ ئاماركردن و نووسینى زانیارى سه‌باره‌ت به‌ شه‌هیدان و ده‌مانه‌وێ بزانین هه‌وڵ و ته‌قه‌لاى ئه‌م ده‌زگایانه‌ گه‌یشتۆته‌ چ ڕاده‌یه‌ك چونكه‌ ئه‌مه‌ ئه‌ركى سه‌ر شانیانه‌ كه‌ چه‌ند لاپه‌ڕه‌یێكى گرنگى مێژووى عیراق  بنووسن ئه‌ویش به‌ پێى ئه‌و ڕاستیانه‌ كه‌ سه‌باره‌ت به‌ شه‌هیدانى ده‌نووسرێن.

ئێمه‌ ئه‌مڕۆ له‌ چین و توێژێك له‌ شه‌هیدانى عێراق ده‌دوێین كه‌ نه‌ شوێنه‌واریان ماوه‌ و نه‌ مه‌زارگه‌یان هه‌یه‌ و شێوه‌ى ئه‌و تاوانانه‌ كه‌ ده‌رهه‌قى ئه‌وان و كه‌سوكاریان ئه‌نجامدراوه‌ كه‌ شایه‌تحاڵێكى زۆر كه‌میان ماوه‌ته‌وه‌ له‌ گه‌ڵ ژماره‌ و قه‌باره‌ى ئه‌و قوربانیانه‌ ناگونجێ كه‌ شه‌هیدانى كوردى فه‌یلى و كه‌س وكاریان پێشكه‌شى كردووه‌، به‌و هیوایه‌ كه‌ له‌ ئه‌نجامى ئه‌م كۆڕه‌ بگه‌ینه‌ ئاكامێكى ڕوون و شه‌فاف، كه‌ شه‌هیدانى كوردى فه‌یلى وه‌كوو به‌شێك له‌ شه‌هیدانى عیراق بوونه‌ته‌ سومبوڵى برایه‌تى و ده‌سته‌به‌ركردنى مافه‌كانیان كه‌ ئه‌مه‌ش ده‌بێته‌ پێشه‌كیێك بۆ ئینسافكردنى كه‌سوكاره‌كانیان.

عه‌لى فه‌یلى ئاماژه‌شى به‌وه‌ دا كه‌:" له‌ عیراقێك كه‌ مرۆڤێكى فه‌یلى زیندووى تێدا نه‌بێ، كێ له‌ شه‌هیده‌كانى ده‌دوێ كه‌ هیچ شوێنه‌وارێك له‌ شه‌هیده‌كانى نه‌ماوه‌ته‌وه‌ و چۆن بتوانین ئه‌وه‌ بچه‌سپێنین كه‌ ئێمه‌ قوربانیمان داوه‌؟".

فه‌یلى له‌ كۆتایى وته‌كه‌ى دا گوتى:" نابێ له‌ مه‌سه‌له‌ى خستنه‌ ڕووى كێشه‌ى كوردى فه‌یلى شه‌رمه‌زار بین ، ده‌بى تاوانباره‌كان شه‌رمه‌زارى ئه‌و كرده‌وه‌ چه‌په‌ڵه‌یانه‌ بن كه‌ به‌هه‌قى ئێمه‌ ئه‌نجامیان داوه‌".

پاشان ماوه‌ درایه‌ كۆڕگێر عامر عه‌بدولكه‌ریم ئه‌ندامى ئه‌نجوومه‌نى ده‌سته‌ى كارگێڕى ده‌زگاى شه‌هیدان بۆ پێشكه‌شكردنى بابه‌ته‌كه‌ى.

عه‌بدولكه‌ریم دواى پێشكه‌شكردنى پێناسه‌یێك بۆ ده‌زگاى شه‌هیدان و ئه‌ركه‌كانى ئاماژه‌ى به‌وه‌دا كه‌ ده‌بوو له‌ ماوه‌یێكى پێشتر ئه‌م كۆبوونه‌وه‌ ئه‌نجام بگرتایا ، به‌ هه‌ماهه‌نگى له‌ گه‌ڵ ڕێكخراوه‌كانى كوردى فه‌یلى له‌ پێناوى گه‌یشتن به‌ هه‌موو ئامانجه‌كان له‌ گه‌یشتن به‌ مافه‌ ڕه‌واكانى ئه‌م چینه‌ زوڵملێكراوه‌".

گوتیشى :"پاش ڕووخاندنى ڕژیمى پێشوو هه‌موو دیكۆمێنته‌كانى دام و ده‌زگا ئه‌منى و زیندان و گرتووخانه‌كان له‌لایه‌ن هه‌ندى هاوڵاتى و چه‌ند كۆمه‌ڵه‌ و ڕیكخراوى جۆربه‌جور ده‌ستیان نایه‌ سه‌ر ئه‌و دیكۆمێنتانه‌ و ئێمه‌ش وه‌كوو ده‌زگاى شه‌هیدان كه‌ ده‌زگایه‌كى فه‌رمى حكومیه‌ توانیمان هه‌ندێ له‌و دیكۆمێنتانه‌ كۆ بكه‌ینه‌وه‌و بیانكه‌ینه‌ ئه‌رشیفێك بۆ قوربانیانى ڕژێمى پێشوو، بڕێك له‌و دیكۆمێنتانه‌ش تایبه‌ت بوون به‌ قوربانیانى كوردى فه‌یلى كه‌ وه‌كوو پشتراسكردنێك به‌ كارى دێنین بۆ ئه‌و كه‌سانه‌ كه‌ فایلیان بۆ قوربانیه‌كانیان پێشكه‌ش ده‌كه‌ن".

سه‌باره‌ت به‌ ئاستى مامه‌ڵه‌كردن له‌ گه‌ڵ كه‌س و كارى قوربانیانى كوردى فه‌یلى له‌لایه‌ن حاكمه‌كانه‌وه‌ عه‌بدولكه‌ریم ئه‌وه‌ى خسته‌ڕوو كه‌ :" به‌داخه‌وه‌ زۆربه‌ى حاكمه‌كان به‌عسین و هێشتا به‌ ئه‌قڵیه‌تى شۆڤێنى پێشوو  له‌ گه‌ڵ كوردى فه‌یلى مامه‌ڵه‌ ده‌كه‌ن ته‌نیا دو دادگا نه‌بێت له‌ كازمیه‌ و له‌ شارى سه‌در كه‌ به‌داخه‌وه‌ به‌م دواییانه‌ حاكمه‌كانى ئه‌وانیشیان گۆڕى".

عه‌بدولكه‌ریم ئاماژه‌ى به‌وه‌شدا كه‌ :" كه‌ كه‌سوكارى شه‌هیدى فه‌یلى فایل پێشكه‌ش ده‌كات بۆ وه‌رگرتنى مافه‌كانى وه‌كوو پێنه‌گه‌یشتوو یا (قاصر) مامه‌ڵه‌ى له‌گه‌ڵ ده‌كرێ كه‌ ده‌بێ دواى چوار ساڵ بێته‌وه‌ بۆ ته‌واوكردنى (حجه‌ وفات)ـه‌كه‌ى كه‌ ده‌كاته‌ ساڵى 2014 و مێژووى مردنه‌كه‌شى هه‌ر له‌و به‌رواره‌ تۆمار ده‌كرێت كه‌ ئه‌مه‌ش ده‌بێته‌ گرفتێكى یاسایى چونكه‌ له‌ یاساى ده‌زگاى شه‌هیدان هاتووه‌ كه‌ ئه‌و كه‌سانه‌ به‌شه‌هید دێنه‌ هه‌ژماردن كه‌ له‌ به‌روارى 1968 وه‌ تا وه‌كوو 2003 به‌ده‌ستى ڕژێمى پێشووه‌وه‌ شه‌هیدكراون".

عه‌بدولكه‌ریم دانى به‌وه‌دا نا ژماره‌ى ئه‌و فایلانه‌ كه‌ جێبه‌جێكراون بۆ كه‌سوكارى شه‌هیدانى كوردى فه‌یلى ناگاته‌ پتر له‌ هه‌زار فایل له‌كاتێك كه‌ ژماره‌ى شه‌هیدان به‌ هه‌زاران شه‌هید دێته‌ هه‌ژماردن.

له‌ كۆتایى قسه‌كانى دا عه‌بدولكه‌ریم داواى له‌ كۆمه‌ڵه‌ و ڕێكخرا و و ده‌زگا فه‌یلیه‌كان كرد كه‌ گوشار بخه‌نه‌ سه‌ر ده‌وڵه‌ت بۆ چاره‌سه‌ركردنى كێشه‌ى (حجة‌ الوفاة‌) بۆ ئاسانكردنى كارى ده‌زگاى شه‌هیدان له‌ جێبه‌جێكردنى داواكاریه‌كانى كه‌سوكارى شه‌هیدان.