به‌غداد كۆسپ بۆ گه‌ڕانه‌وه‌ی موڵكی كوردانی فه‌یلی دروست ده‌كات

شفق نيوز

ده‌بێت سه‌رجه‌م موڵكه‌ داگیركراوه‌كانی كورده‌ فه‌یلییه‌كانی عێراق بگه‌ڕێندرێته‌وه‌ بۆ خاوه‌نه‌كانیان، به‌ڵام لیژنه‌ی كێشه‌ی موڵكایه‌تی له‌دادگای فیدراڵی عێراق، پێشكه‌شكردنی كه‌یسه‌كه‌ بۆ دادگا دوا ده‌خات، بۆیه‌ تا ئێستا نه‌توانراوه‌ موڵكی كورده‌ فه‌یلییه‌كان له‌عێراقدا بگه‌ڕێته‌وه‌ ده‌ست خاوه‌نه‌كانیان.(سه‌عدون فه‌یلی) لێپرسراوی مه‌ڵبه‌ندی یه‌كێتی نیشتمانی كوردستان له‌به‌غدا ڕاگه‌یاند، به‌پێی ئه‌و یاسایه‌ی له‌لایه‌ن په‌رله‌مانی عێراقه‌وه‌ ده‌رچووه‌ بۆ گه‌ڕانه‌وه‌ی ئه‌و موڵكه‌ زه‌وتكراوانه‌ی له‌عێراقدا هه‌یه‌، موڵكی كورده‌ فه‌یلییه‌كانیشی گرتووه‌ته‌وه‌، به‌ڵام به‌هۆی ئه‌وه‌ی ئه‌و یاسایه‌ ده‌سه‌ڵاتی سه‌ره‌كیی داوه‌ته‌ سه‌رۆكی لیژنه‌ی كێشه‌ی موڵكایه‌تی له‌دادگای فیدراڵی كه‌ خۆی دۆسییه‌كان ئاراسته‌ی دادگا ده‌كات، دواكه‌وتووه‌.وتیشی:"كه‌میی ژماره‌ی ئه‌ندامانی ئه‌و لیژنه‌یه‌ی كه‌ دۆسییه‌كان ئاراسته‌ی دادگا ده‌كات‌و زۆری ژماره‌ی كه‌یسه‌كان‌و دیاریكردنی ته‌نها یه‌ك دادگا بۆ ئه‌و كه‌یسه‌، هۆكاری سه‌ره‌كین بۆ دواكه‌وتن‌و یه‌كلاییكردنه‌وه‌ی كێشه‌‌و گرفتی موڵكایه‌تی كورده‌ فه‌یلییه‌كان له‌عێراقدا".لێپرسراوی مه‌ڵبه‌ندی یه‌كێتی نیشتمانی له‌به‌غدا هێمای به‌وه‌شكرد، خانوو هه‌یه‌ چه‌ندین كڕین‌و فرۆشتی پێوه‌ كراوه‌‌و له‌ئێستادا نازانرێت ئه‌و كه‌سانه‌ی كڕیویانه‌ كێن، به‌ڵام له‌لایه‌ن به‌رپرسانی كورده‌وه‌ پارێزه‌ری تایبه‌ت گیراوه‌ بۆ ئه‌وه‌ی ئه‌و كێشه‌یه‌ یه‌كلایی بكرێته‌وه‌.(سه‌عدون فه‌یلی) هێمای به‌وه‌شكرد، ده‌بوو حكومه‌تی ناوه‌ندی كه‌ دوای ڕووخانی ڕژێمی به‌عس هاتووه‌ته‌ به‌رهه‌م‌و میراتگری ئه‌و ڕژێمه‌ بووه‌، ئه‌و خانووانه‌ی قه‌ره‌بوو بكردایه‌ته‌وه‌، نه‌وه‌ك له‌دادگایه‌كدا سه‌رۆكی لیژنه‌یه‌ك به‌ئاره‌زووی خۆی ده‌سه‌ڵات به‌سه‌ر ئه‌و دۆسییه‌یه‌دا بگرێت‌و ڕێگه‌ نه‌دات دۆسییه‌كه‌ بگاته‌ ده‌ستی سه‌رۆكی دادگای فیدراڵی عێراق.لێپرسراوی مه‌ڵبه‌ندی یه‌كێتی له‌به‌غدا باسی له‌وه‌شكرد، تا ئێستا هیچ ئامارێكی ڕه‌سمی بۆ موڵكی كورده‌ فه‌یلییه‌كان له‌عێراقدا نییه‌، به‌ڵام پێویستبوو ئه‌و ئاماره‌ له‌لایه‌ن حكومه‌تی عێراقه‌وه‌ دابنرایه‌و موڵكه‌كان بگه‌ڕێنڕانایه‌ته‌وه‌.به‌وته‌ی لێپرسراوی مه‌ڵبه‌ندی به‌غدای یه‌كێتی نیشتمانی كوردستان، موڵكی كورده‌ فه‌یلییه‌كان له‌چه‌ند ناوچه‌یه‌كی عێراق به‌تایبه‌ت (كه‌ركوك، به‌غدا، كوت، واست‌و عه‌مماره‌) هه‌یه‌‌و له‌ساڵی (1968)وه‌ له‌لایه‌ن ڕژێمی ڕووخاوی به‌عسه‌وه‌ داگیركراون‌و تا ئێستاش نه‌گه‌ڕاونه‌ته‌وه‌ بۆ خاوه‌نه‌كانیان.