كێ براوه‌ی ئه‌م دۆخه‌یه‌؟!

عه‌لى  حسێن فه‌يلى

شه‌فه‌ق نيوز/ له‌ كۆمه‌ڵگه‌كانی خاوه‌ن دیموكراسی لانی كه‌م 200 چه‌شنی ناره‌زایه‌تی ده‌ربڕین پێناسه‌ی بۆ هه‌یه‌‌ كه‌ گونجاون‌ له‌گه‌ڵ بابه‌ت و خواست و شێوازی خه‌بات و تێكۆشانی مه‌ده‌نیانه‌ی كۆمه‌ڵانی خه‌ڵك و ئاماده‌یی حكومه‌ت بۆ وه‌رگرتن یان چۆنیه‌تی ته‌حه‌موڵ كردن و وه‌ڵام دانه‌وه‌.

 

پرسیار ئه‌وه‌یه‌ كه‌ كام چه‌شنی خۆپیشاندان و ناره‌زایه‌تی له‌ عیراقدا بره‌وی هه‌یه‌ و گونجاوه‌ ؟!  له‌ دێر زه‌مانه‌وه‌ له‌م كۆمه‌ڵگه‌یه‌دا خۆپیشاندان و ناره‌زایه‌تی ده‌ربڕین و مانگرتن باوه‌ ، به‌ڵام نزیكه‌ی 15 ساڵه‌  په‌یتا په‌یتا ئه‌و دیارده‌یه‌ دووباره‌ ده‌بێته‌وه‌ و په‌رچه‌كرداری  حكومه‌ته‌كانیش له‌ به‌ڵێن و چه‌واشه‌كاری و سه‌ركوت كردن و هه‌ره‌شه‌ ناترازێ و هیچ هه‌نگاوێكی كرداریی بۆ چاره‌سه‌رنیه‌. 

 

به‌ كرده‌وه‌ له‌ جیات ده‌وڵه‌تی دامه‌زراوه‌كان ،‌ ده‌وڵه‌تی لایه‌نه‌كان دامه‌زراوه‌  و هه‌موو ئاقاره‌كانی ژیان به‌ سیاسی كراوه‌ و چینی نوخبه‌ش پێشبڕكێیانه‌ بۆ ئه‌وه‌ی له‌و زۆنگاوه‌دا باشتر مه‌له‌ بكه‌ن.  له‌ كاتێكدا ژیان و وڵاتداری نوێ پێداویستی تایبه‌ت به‌ خۆی هه‌یه‌ و حكومه‌تی ئه‌م وڵاته‌ ته‌نانه‌ت بۆ یه‌كجار ئه‌و قه‌ناعه‌ته‌ی  لا دروست نه‌بووه‌ كه‌  ئه‌گه‌ر تیرور و كرداری ره‌گه‌زپه‌ره‌ستانه‌و تائفی میلله‌ت نه‌كوژێ، بێ ئاوی و بێ كاره‌بایی ده‌رگای دۆزه‌خی به‌روودا كردۆته‌وه‌.  ‌ئه‌گه‌ر ته‌پو تۆزی بیابان و پیس بوونی ژینگه‌و دووكه‌ڵ و ده‌نگی موه‌لیده‌ و زبڵی سه‌رشه‌قام و كۆلانه‌كان و‌ ده‌یان جۆری په‌تاو نه‌خۆشی ته‌مه‌ن كورتی بۆ ژیان نه‌نووسێ ،  ته‌شیوش و‌ ژاوه‌ ژاوو لێدانی ده‌هۆڵی جه‌نگ و به‌ڵێن و هه‌ڕه‌شه‌كان،  هه‌ناسه‌بڕو ناهومێدی ده‌كات .

 

ئێمه‌ له‌ وڵاتی پاش شه‌ڕو به‌رده‌وام له‌ شه‌ڕداین. به‌و واتایه‌ی ئه‌گه‌ر‌ شه‌ڕێك  كۆتایی هاتبێ ئاشتی به‌رقه‌رار نه‌بوه‌ . كێشه‌كان  هه‌روا به‌رده‌وامن. په‌یوه‌ندی  ته‌ندروست له‌ نێوان ده‌سه‌ڵات و ميللةتدا نیه‌ تا كێشه‌ی ناعه‌داله‌تی له‌ دابه‌شینی سامانی وڵات و خوشگوزه‌رانى چاره‌سه‌ر و فه‌راهه‌م بكرێ  . له‌ كۆمه‌ڵگه‌ی پاش شه‌ڕی عیراق،  سه‌رباری وێرانبوونی بنه‌ماكانی ئابووریی وكۆمه‌ڵایه‌تی ، به‌رژه‌وه‌ندی ئابووریی و دووروویی سیاسی ناهێڵێ متمانه‌‌ دروست ببێ. ئه‌وه‌ی میلله‌تی هێناوه‌ته‌ سه‌ر جاده‌ ته‌نیا به‌ فیتی بێگانه‌ نیه‌ به‌ڵكو گه‌نده‌ڵی و كه‌مته‌رخه‌می ده‌سه‌ڵاته‌ و  ئه‌وه‌ی ئێستا  روو ئه‌دات ‌  له‌ ناو بازنه‌ی ناره‌زایه‌تی و ئومێد بۆ‌ چاك بوونی دۆخه‌كه‌یه‌ و ‌ به‌ حوكمی ئه‌وه‌ی  كاتێك  ده‌نگده‌ر شه‌رعیه‌ت به‌ حكومه‌ت و ده‌سه‌ڵات  ده‌دات، واتا مه‌ردم  رۆژانه‌و به‌رده‌وام خاوه‌نی حه‌قن  نه‌ ته‌نیا چوار ساڵ جارێك! ‌

 

قۆناغی په‌نا بردن بۆ ناره‌زایه‌تی ده‌ربڕین و خۆپیشاندان له‌سه‌ر شه‌قامه‌كان و سووتاندنی بنكه‌و باره‌گاكان سه‌ره‌تای ده‌ورانی ناهۆمیدی و دوا هه‌وڵی پێش كاره‌ساتێكی گه‌وره‌تره‌ وئه‌گه‌ر له‌و ئاسته‌دا‌ كۆتایی نه‌ێت،  ‌ قۆناغی جه‌نگێكی گه‌رمی  ناوخۆیی  ده‌ست پێده‌كات. ئه‌مه‌ش به‌و واتایه‌ كه‌ هاووڵاتیان  ئه‌و ده‌مه‌ ده‌بێ هه‌وڵ بده‌ن كه‌ نه‌مرن‌ !!

 

مارتین لوتر كینگ ، ‌ خه‌باتكاری دژ به‌ نه‌ژاد په‌ره‌ستی ده‌ڵێ: له‌ كۆتاییدا ئێمه‌ نه‌ قسه‌ی دوژمنانمان به‌ڵكو‌ بێده‌نگی‌ دۆستانمان له‌بیر ناكه‌ین! هاووڵاتیان نه‌ به‌ڵێنه‌كان به‌ڵكو په‌یمان شكێنیه‌كانی حكومه‌ت له‌ بیر ناكه‌ن. هاوپه‌یمانه‌كان چه‌شنه‌ دیموكراسییه‌كیان كردۆته‌ دیاری بۆ عیراق كه‌ له‌گه‌ڵ واقعی ئه‌م وڵاته‌دا ناگونجێ ، به‌ تایبه‌ت له‌ روانگه‌ی ئایدۆلۆژیاوه‌. نه‌ خه‌ڵكی فێری  هونه‌ری ناره‌زایه‌تی ده‌ربڕین كردووه‌ نه‌ حكومه‌تی ملكه‌چی یاساو ئه‌ركه‌كانی كردووه‌. ئه‌م  هه‌ڵچوون وخرۆشانه‌ بێ رێبه‌رایه‌تیش ‌ شكستی شێوازی حوكمڕانیه‌ت ده‌نووسنه‌وه‌ و شوێنه‌وارێكی كاریگه‌ری ده‌بێ‌ دژی حكومه‌تی خۆ به‌ گه‌وره‌ زانی به‌غدا ‌كه‌ له‌ رواڵه‌تدا داواكاریه‌كانی خه‌ڵك به‌ ره‌وا ناو ده‌بات ‌ به‌ڵام ئیجازه‌ی ده‌ربڕینیشیان ناداتێ!

 

ناره‌زایه‌تی هه‌میشه‌ هه‌بووه‌ به‌ڵام   ئه‌مانه‌ی دوایی‌ ‌ دوورترن له‌ ئایدۆلۆژیایه‌كی تایبه‌ت و به‌ده‌رن له‌ رێكخستنێكی سیاسی تایبه‌ت و بۆ ئه‌وه‌ی  كێشه‌كان به‌ راستی چاره‌سه‌ر بكرێن ، پێویسته‌  حكومه‌ت به‌رامبه‌ر به‌و  ناره‌زایه‌تیانه‌ی كه‌ بڕیاره‌ به‌ ئه‌نجامی سه‌ركه‌وتوو كۆتاییان بێ! باش ببیستێ و باش ببینێ و قبووڵ بكات  كه‌ سیاسه‌ت زانستێكی نه‌زه‌ری و ته‌جروبییه‌ و حوكمڕانیه‌تیش وه‌ك هه‌ر زانستیكێ دیكه‌ بنه‌مای خۆی هه‌یه‌ و ده‌بێ فێری بێ و به‌   لێزانانه‌ به‌كاری بهێنێ. نه‌ك به‌ دوای پاساوێكدا بگه‌ڕێ كه‌  باشتركردنی ژیان و گوزه‌ران و چاكسازیی ئیداری و پێشگیری له‌ گه‌نده‌ڵی نامومكین ده‌كات .

عه‌لی حسێن فه‌یلی