به‌رز مه‌فڕن تا نزم نه‌نیشنه‌وه

شفق نيوز

. تازه‌كاریی له‌ زۆر بواری ئێستای هه‌رێمی كوردستاندا هه‌یه‌، گرفتیش ئه‌وه‌یه‌ تازه‌كاران زوو زوو ده‌گۆڕێن كه‌چی خۆیان به‌كه‌س ناگۆڕنه‌وه‌!

من له‌گه‌ڵ ئه‌وه‌دام كار به‌ كار-زان بسپێرین، حیزب حیزبایه‌تی بكات و كۆمپانیای بازرگانی، ئه‌گه‌ر هه‌ریه‌كێكیان كاری ئه‌وه‌یتر بكات، وه‌ك ئێستا ده‌كرێت، ئه‌وا شته‌كان تێكه‌ڵ ده‌بن، له‌و تێكه‌ڵییه‌شدا میدیایه‌كی سه‌یر سه‌ریهه‌ڵداوه‌ كه‌ خۆی له‌ هه‌موو ده‌سه‌ڵات و پیرۆزییه‌ك به‌رزتر و پاكتر ده‌بینێت و ده‌ڵێت " كه‌س بۆی نییه‌ پێم بڵێ لاقت خوار داناوه‌".

كاری میدیاكار ئه‌وه‌یه‌ راستی بگه‌یه‌نێت، راستگۆیی بنه‌مای سه‌ره‌كی كاری راگه‌یاندنه‌ و بڵاوكراوه‌كان به‌رله‌وه‌ی به‌لای هه‌ر هه‌واڵێكدا بچن پێویسته‌ له‌ دروستیه‌كه‌ی دڵنیابن، بۆئه‌وه‌ی دواڕۆژ شه‌رمه‌نده‌ی خوێنه‌ری خۆیان نه‌بن.

چ خۆشییه‌ك له‌وه‌دایه‌ خوێنه‌ر تامه‌زرۆی مانشێته‌ وروژێنه‌ره‌كان بكه‌ین و له‌ راستی و دروستیی ناوه‌ڕۆكی نووسراو نه‌پێچینه‌وه‌؟

له‌به‌رده‌م هه‌موو كۆشكێكی رۆژنامه‌فرۆشیدا ده‌یان جۆر بڵاوكراوه‌ ده‌بینین، چاوخشاندنێكی خێرا به‌ به‌رگ و مانشێته‌كاندا كوردستانت لێده‌كاته‌ جه‌نگه‌ڵێكی سه‌یر، ئه‌وه‌ی هه‌یه‌ میدیای حزبی و ناحزبی نییه‌ وه‌ك ده‌وترێت. میدیای حزبی هه‌یه‌، ئه‌هلی هه‌یه‌، مولته‌زیم هه‌یه‌، نامولته‌زیم و سه‌ره‌ڕۆ هه‌یه‌، له‌ناو ئه‌هلییه‌كانیشدا هه‌ن خۆیان پێ ئه‌هلی و سه‌ربه‌خۆیه‌ كه‌چی زۆر له‌ حزبییه‌كان حزبیترن. ئه‌وه‌ راستییه‌كه‌ ئازاریان ده‌دات، حاڵه‌ته‌كه‌ بۆ ئێمه‌ی رۆژنامه‌نووسان و خوێنه‌رانیش ناخۆشه‌، ئه‌وان چۆن خۆیان ده‌ناسێنن گرنگ نییه‌، ئه‌وه‌ی بڵاوی ده‌كه‌نه‌وه‌ ناسنامه‌ی راسته‌قینه‌یه‌.

مه‌خابن ئه‌مڕۆ له‌ كوردستاندا له‌ژێر په‌رده‌ی ئه‌هلیبووندا میدیایه‌ك كار ده‌كات كه‌ زۆر به‌رز ده‌فڕێت، به‌رزفڕین به‌ومانایه‌ نا كه‌ ئاواتی باشی گه‌وره‌ی هه‌یه‌ و ده‌یه‌وێت پێیان بگات، به‌و مانایه‌ی خۆی له‌هه‌مووان به‌رزتر ده‌زانێت و ده‌یه‌وێت له‌سه‌رووی هه‌موو یاسا و رێساكان بێت و به‌كه‌یفی خۆی په‌لاماری هه‌موو لایه‌ن و كه‌س و ده‌زگایه‌ك بدات، په‌لاماره‌كه‌ش له‌ڕێگه‌ی بریندار كردنه‌وه‌یه‌ و مه‌به‌ستیش هاندانیانه‌ بۆ وه‌ڵامدانه‌وه‌، كه‌ ئه‌سڵی كاریش له‌ بڵاوكردنه‌وه‌ی نه‌زانراوێك ئه‌وه‌یه‌ تۆ وه‌ڵامێك بۆ خوێنه‌ر وه‌ربگریت، كه‌چی كه‌ وه‌ڵامه‌كه‌ به‌دڵی بڵاوكراوه‌ نه‌بێت وڵات له‌به‌رده‌میاندا ده‌بێته‌ دۆزه‌خ!

هه‌ر بڵاوكراوه‌یه‌ك به‌رپرسه‌ له‌ ده‌قی ئه‌و بابه‌ته‌ی بڵاوی ده‌كاته‌وه‌، ئه‌و به‌رپرسیارێتییه‌ رێك بۆ ئه‌وه‌یه‌ خه‌ون و خه‌یاڵی نووسه‌ر نه‌كرێته‌ هه‌واڵ، شتی بێبنه‌ما و هه‌ڵبه‌ستراو به‌ مانشێتی رازاوه‌ ده‌رخواردی خوێنه‌ر نه‌درێت و خه‌ڵك چه‌واشه‌ نه‌كرێت. ئه‌و به‌رپرسیارێتییه‌ واده‌كات رۆژنامه‌نووس رێز له‌ پیشه‌كه‌ی خۆی بگرێت و خۆی نه‌كاته‌ كه‌ره‌سته‌ی شه‌ڕی كه‌سانی ئه‌ودیو په‌رده‌، ئه‌و به‌رپرسیارێتییه‌ واده‌كات رقی شه‌ڕخوازان نه‌ڕژێندرێته‌ سه‌ر رووپه‌ری بڵاوكراوه‌كان تا ئه‌وه‌ی له‌ مه‌یدانی دیكه‌دا پێیان نه‌كراوه‌ له‌ڕێگه‌ی میدیاوه‌ بیكه‌ن كه‌ به‌داخه‌وه‌ ئێستا ئه‌وه‌ رووده‌دات.

ئه‌و به‌رپرسیارێتییه‌ بۆ ئه‌وه‌یه‌ زۆر زوو درۆ و راستی بۆ خوێنه‌ر روون بكرێته‌وه‌ و ئه‌گه‌ر ده‌ركه‌وت بڵاوكراوه‌یه‌ك درۆی له‌گه‌ڵ خوێنه‌ر كردووه‌ شه‌رمه‌زاربێت نه‌ك خۆی بكاته‌ پاڵه‌وانی مه‌یدان.