هێشتا ڕێگاكه‌ی‌ ئه‌كه‌په‌ گوڵڕێژ نییه‌

شفق نيوز

كوده‌تا و هه‌ژموونی‌ دامه‌زراوه‌ی‌ سه‌ربازیی له‌ وڵاتدا.

گه‌رچی‌ له‌ بنه‌ڕه‌تدا بڕیاردان له‌سه‌ر ڕیفراندۆمێكی‌ له‌و شێوه‌یه‌ له‌لایه‌ن ئه‌كه‌په‌ و خودی‌ ڕه‌جه‌ب ته‌یب ئه‌ردۆغانه‌وه‌ ده‌چووه‌ خانه‌ی‌ سه‌ركێشییه‌كی‌ سیاسیی گه‌وره‌وه‌، به‌ڵام سه‌ركه‌وتنی‌ ئه‌و پڕۆژه‌یه‌ له‌ گه‌وره‌ترین سه‌ركێشییه‌وه‌ بووه‌ ده‌ستكه‌وتێكی‌ زێڕین هه‌م بۆ "توركیای‌ نوێ‌" و هه‌م بۆ ئه‌كه‌په‌.

ئه‌گه‌ر به‌شێوه‌یه‌كی‌ ڕێژه‌یی هه‌ڵوێستی‌ كوردانی‌ باكوور له‌باره‌ی‌ هۆكار و ئاكامی‌ بایكۆتكردنی‌ پرۆسه‌كه‌ له‌ هاوكێشه‌كه‌ ده‌ربكه‌ین، چه‌ند ده‌ره‌نجامێك به‌دی‌ ده‌كه‌ین:

بۆ "توركیای‌ نوێ" له‌ حاڵه‌تی‌ جێبه‌جێكردنی‌ ناوه‌ڕۆكی‌ هه‌مواركردنه‌كاندا، سیستمی‌ سیاسی‌ و سه‌ربازی‌ و دادوه‌ریی (هه‌م له‌ شكڵ و هه‌م له‌ جه‌وهه‌ردا) ڕێچكه‌یه‌كی‌ سه‌لیم و هاوته‌ریبی‌ ئه‌م قۆناغه‌ ده‌گرنه‌به‌ر. بۆ ناوخۆی‌ وڵات ده‌ستووری‌ هه‌مواركراو ده‌شێت ده‌لاقه‌یه‌كی‌ نوێ بێت كه‌ له‌ ڕێگه‌ی‌ به‌مه‌ده‌نیكردنی‌ حوكم و دامه‌زراوه‌ ده‌وڵه‌تییه‌كانه‌وه‌ ئیراده‌ی‌ میلله‌ت له‌ تارمایی خۆسه‌پێنی‌ نوخبه‌ی‌ سه‌ربازیی‌ بێنێته‌ده‌ر. به‌ چه‌سپاندنی‌ بنه‌ماكانی‌ دیموكراسی‌ و ئازادییه‌ مه‌ده‌نییه‌كان و جیاكردنه‌وه‌ و دیاریكردنی‌ ده‌سه‌ڵاتی سه‌ربازی‌ و دادوه‌ری‌، توركیا چه‌ند هه‌نگاوێكی‌ دیكه‌ له‌ ئه‌ندامێتی‌ یه‌كێتی‌ ئه‌وروپا نزیك ده‌بێته‌وه‌. ئه‌وه‌ی‌ ئه‌م گریمانه‌یه‌ تۆختر ده‌كاته‌وه‌ به‌ڵێنه‌كانی‌ ئه‌ردۆغانه‌ له‌باره‌ی‌ دانانی‌ ده‌ستوورێكی‌ نوێ‌ بۆ توركیا ئه‌گه‌ر پارته‌كه‌ی‌ هه‌ڵبژاردنه‌كانی‌ 2011 بباته‌وه‌.

بۆ (ئه‌كه‌په‌) كه‌ له‌ هه‌ڵبژاردنه‌كانی‌ ساڵی‌ 2007دا ته‌نها ڕێژه‌ی‌ 47%ی‌ ده‌نگه‌كانی‌ هێنا، ئه‌نجامی‌ ئه‌م ڕیفراندۆمه‌ (58%) پێشبینییه‌كانی‌ له‌ ترس و دڵه‌ڕاوكێوه‌ كرده‌ هه‌وێنی‌ متمانه‌ به‌خۆبوون و به‌رده‌وامیدان به‌و میتۆده‌ی‌ كه‌ پێڕه‌وی‌ ده‌كات بۆ چه‌سپاندنی‌ پایه‌كانی‌ "دیموكراسیی ئه‌ردۆغانی‌" له‌ توركیا، چونكه‌ ئه‌كه‌په‌ هه‌م له‌ پێشوازیی هه‌ڵبژاردنه‌كانی‌ ساڵی‌ 2011دا سه‌نگ و قورسایی خۆی‌ چێك كرده‌وه‌، هه‌میش له‌مه‌ودوا به‌ نه‌فه‌سێكی‌ تر و پاڵپشت به‌ شه‌رعیه‌تی‌ جه‌ماوه‌ریی و ده‌ستووریی به‌ره‌نگاری گێچه‌ڵی‌ كه‌مالیست و نه‌ته‌وه‌په‌رسته‌كان ده‌بێته‌وه‌.

له‌ هیچ ململانێ‌ و گه‌مه‌یه‌كی‌ سیاسیدا هه‌موو جه‌مسه‌ره‌كان وه‌كو یه‌ك براوه‌ و دۆڕاو نابن، ڕاسته‌ له‌م پرۆسه‌یه‌شدا (ئه‌كه‌په‌) سوودمه‌ند و براوه‌ی‌ سه‌ره‌كییه‌، به‌ڵام له‌ هه‌مان كاتیشدا به‌رژه‌وه‌ندیی گشتی خه‌ڵكی‌ توركیا (ته‌نانه‌ت به‌ كوردیشه‌وه‌ كه‌ بایكۆتی‌ پرۆسه‌كه‌ی‌ كرد) بێبه‌ش نابێت له‌ لایه‌نه‌ ئیجابییه‌كانی‌ به‌جێهێنانی‌ هه‌مواركردنی‌ ده‌ستوور (وه‌ك ئه‌وه‌ی‌ له‌ پڕۆژه‌كه‌دا هاتوون).

پرسیاری‌ سه‌ره‌كی‌ لێره‌دا ئه‌وه‌یه‌ كه‌ ئایا سه‌ركه‌وتنی‌ به‌ره‌ی‌ "به‌ڵێ‌" به‌سه‌ر به‌ره‌ی‌ "نه‌خێر"دا مانای‌ ته‌ختبوونی‌ ڕێگاكه‌یه‌ بۆ ئه‌كه‌په‌؟

له‌ ڕاستیدا ئه‌مه‌ جێگه‌ی‌ هه‌ڵوه‌سته‌كردنه‌، چونكه‌ ڕێگاكه‌ گوڵڕێژ نییه‌، وه‌ك ده‌وترێت "جێبه‌جێكردنی‌ یاسا قورستره‌ له‌ ده‌ركردنی‌".

گرنگ هه‌نگاوه‌كانی‌ دوای‌ په‌سه‌ندكردنی‌ هه‌مواركردنه‌كانه‌، بۆیه‌ هێشتا حكومه‌ت هیچی‌ نه‌كردووه‌، سه‌ركه‌وتنی‌ پڕۆژه‌كه‌ له‌وه‌دایه‌ كه‌ له‌سه‌ر ئه‌رزی‌ واقیع جێبه‌جێبكرێت.