ئێراق…خاكێكی ڕەقەڵان بۆ دیموكراسی

شفق نيوز

دیموكراسی پەیدابوو، هەندێ بۆچوونیش زۆر بە پەلە ڕووداوەكانی ئێراقیان دەخوێندەوە، بەوەی زۆر نابات دیموكراسی بەرقەرار دەبێت و چیدی لە ئێراقدا جیاوازی لە نێوان پێكهاتەكاندا ناكرێت، لە بنیاتنانی ئەو بۆچوونە خێرایەدا، ئەوە لەبیركرا كە وڵاتێك پڕكرابێت لە گۆڕی بەكۆمەڵ و ناوە ناوە جاڕی دۆزینەوەی كەللەسەر و ئێسك و پروسكی مرۆڤ بدرێ، چۆن چۆنی بەو خێراییە، ئەو خاكە تۆوی دیموكراسی وەخۆ هەڵدەگرێ؟ بەداخەوە هێشتا كەندو كۆسپی زۆر لە ڕێگادا ماون، سەیركەن لە بەغدا ململانێ لەسەر ئەوە نییە كامە هێزولایەنی سیاسی لەویدی دیموكراسیترە، بەڵكو ململانێ لەسەر وەرگرتنی دەسەڵاتە، ئەمەش لەوەوە هاتووە كە ئەو هێزو لایەنانە متمانەیان بە یەكتری نییە، هەر لایەك لە دەسەڵات نەبێ بە مەترسیی دەزانێ و خۆ بە پەراوێزكراو دەبینێ، بە درێژایی ماوەی دوای ڕووخاندنی رژێمی بەعس، هێشتا گرووپ و دەستەو تاقمی زۆر هەن ژەهر دەڕێژن، هێشتا ناسیونالیزمی عەرەبی لە ئێراقدا جورئەتی ئەوەی نییە بڕیاری بەخۆداچوونەوەیەكی جدی بدات و واقیعی تازەی قبووڵ بێت، نەك ئەو بڕیارە نادرێت، بەڵكو ڕەواج بۆ ئەوە پەیدا دەكرێت كە لە كاری ئێستادا پشت لە دەستوورو واقیعی نوێ بكرێت، لە دۆخێكی وەهاشدا زەمینە بۆ ئەو گرووپانە خۆش دەبێت كە تەنیا خۆیان دەبینن و تەواوی پێكهاتەكانی دی پشت گوێ دەخەن، تەنانەت هەندێكیان بێ هیچ دوو دڵی و شەرمكردنێك بە ئاشكرا دژایەتی كورد دەكەن و ئەو دژایەتی كردنەیان بۆ بانگەشەی هەڵبژاردنیش بەكارهێناوە، ئاخر دیموكراسی چۆن لە خاكێكدا چەكەرە بكات هێزە كاراكانی پشت لەدەستوور بكەن، لە ئێراقدا تەنیا كورد بڕوای بە دەستوورەو هەر ئەو هێزەش بە جدی پشتیوانی لەو دەستوورە دەكات، پشت كردنە دەستوورو پرەنسیپی كاری پێكەوەیی و تەوافوق لە كاری سیاسیدا لەبەر ئەوەیە تەنیا كورد كە زۆرینە نیە لە ئێراقدا پشتیوانی دەستوورە، كاتێكیش كەمینە خۆی بەپارێزەری دەستوور بزانێ لەبەرامبەر زۆرینەیەك كە خۆی لە هەنگاوەكانی بەرقەراركردنی دیموكراسیدا دەدزێتەوە، ئەوا هێندەی دی بێمتمانەیی و ترس لەیەكتری و هەوڵدان بۆ پەراوێزخستن بەرامبەر جێگەی كاری پێكەوەیی دەگرێتەوە. بەوپێیەی هێزو گرووپ و لایەنە سیاسییەكان هەڵقووڵاوی كۆمەڵگای ئێراقن، نابێ خۆمان هەڵخەڵەتێنین و پێمانوابێ ئەو هێزو گرووپانە نامۆن بە خەڵكی ئێراق و مەترسی نین لەسەر دیموكراسی، لە راستیدا ئەو تروسكە دیموكراسیەی لەڕێی ملدان بۆ هەڵبژاردن دەبیندرێ زادەی زاڵبوونی هێزی دەرەكی و لاوازی بەغدایە وەك ناوەندێكی بەهێز كە ناسیونالیزمی عەرەبی هەوڵی بۆ دەدات، نەك لە ناخەوە بڕوابوون بە دیموكراسی، ئەوەتا ناسیونالیستانی عەرەب نایانەوێ سەرژمێری بكرێ، بۆئەوەی نەتەوەی كورد لە پەنای ساختەكاریی سەرژمێردا بە قەبارەیەكی بچووك پیشان بدرێت، دەیانەوێ لە دژایەتی كردنی كورددا پەنا بۆ میكانیزمێكی دیكە ببەن كە بەهیچ جۆرێك لەگەڵ ئێراقێكی نوێدا تێكناكاتەوە، ئەو میكانیزمەش سەپاندنی ئیرادەی ناسیونالیزمی عەرەبییە كە بریتییە لە هەنجن هەنجن كردنی كورد لەڕێی دابڕ دابڕكردنی بەسەر چەند پێكهاتەیەك و ناوهێنانی ئێزدی و شەبەك و فەیلی لە ئیستیمارەی سەرژمێری وەك نەتەوەی جیا لە نەتەوەی كورد، ئەمەش سیاسەتێكی لەمێژی ناسیونالیزمی عەرەبییە بەرامبەر بە كورد، ئەم ئاراستەیەی ناسیونالیزمی عەرەبی مایەی گومان و ترسە لەئایندەی ئێراق كە وڵاتێكی فرە نەتەوەو ئاین و مەزهەب و كولتوورە، ناسیونالیزمی عەرەبی قەبارەی كورد بە مەترسی دەزانێ، بۆیە هەوڵ دەدات لە بەرامبەر عەرەبدا هەموو نەتەوەو پێكهاتەیەكی دی بە بچووك پیشان بدات، بۆیە كە ناسیۆنالیستە شۆڤێنییەكانی عەرەب خۆیان بە بەرگریكاری نەتەوەكانی دیكەی غەیرە كورد پیشان دەدەن، جۆریكە لە تاكتیك و شتێكی كاتییەو لە قۆناغی بەهێزبوونەوە لە ڕێی كۆنتڕۆڵكردنی دامودەزگا گرنگەكانی دەوڵەت بەچاوی سەردەمی پێش 2003 سەیری هەموو پێكهاتەیەكی غەیرە عەرەب دەكرێت.

 

خاكی ئێراق وێڕای ئەوەی پڕكراوە لە دڕكوداڵ، بۆ دیموكراسی هەر ڕەقەڵانەو ناكێڵدرێ چونكە هێشتا نەخوساوە،  بۆ ئەوەی بۆ كێڵان ئامادەبێ و تۆوی دیموكراسیی پێوەربكرێ، پێویستە باش روسە بكرێت تا بەچاكی دەخوسێ