19‌ خاڵی كارنامەكەی فراكسیۆنی لیستە كوردستانییەكان چی تێدایە؟

شفق نيوز

ئێراق بەدەركەوت، دوای ئەوەی بووە خاوەن كارنامەیەكی بەرچاو بەهۆی پێداگیرییانەوە لەسەر بابەتە دەستوورییەكان، جگە لەمەش نەبوونی هیچ ئەجێندا و بەرژەوەندییەكی دەرەكی لە نێو كارنامەكەدا بووە هۆیەكی دیكەی قورسایی لیستە كوردستانییەكان، ئەمڕۆ لەسەر ئاستی جیاجیای لیستە ئێراقییەكان پێشوازییەكی گەرم لەم داواكارییانە دەكرێت.لە كاتی ئاشكراكردنی دەقی ئەو كارنامەیە زۆر شرۆڤەی بۆ كرا، زۆربەی لایەنە ئێراقییەكان هەڵە تێگەیشتنێكیان بۆ ئەو كارنامەیە هەبوو، بەڵام دوای ئاشكرا بوونی ناوەڕۆك و لێكدانەوەكانی ئیدی لیستەكان كەوتنە پێشبڕكێی پەسەندكردن و رەزامەندی نیشاندان بۆ گفتوگۆ لەسەر ئەو 19 خاڵە. وەك لە بەیاننامەی كارنامەكەدا هاتووە فراكسیۆنی لیستە كوردستانییەكان 19 خاڵی گرنگیان بۆ مەبەستی دانیشتن و گفتوگۆ و بەشداریكردنی حكوومەت پێیە، ئاماژە بەوە كراوە، شاندی دانووستانكاری فراكسیۆنی لیستە كوردستانییەكان دەیەوێت پابەندبوون بە دەستوور و هەموو بەندەكانی بەبێ جیاوازی و پاراستنی سیستەمی سیاسی فیدراڵی، ئەمەیان لە ناوەڕۆكدا گرەنتیەكە بۆ دەستبەركردنی ماف و بەرژەوەندییەكانی كورد، چونكە پابەندبوون بە دەستوور و بابەتی سیستەمی فیدراڵی لە ئێراق، هەنگاوێكی سەرەتاییە لە ئامانجی دووبارە بونیادنانەوەی ئەو ئێراقەی كورد دەیەوێت، وەك بەرپرسان و ئەندامانی شاندەكەش لە لێدوانەكانیاندا ئەمەیان بە روونی باسكردووە، كە پێویستە هێزە ئێراقییەكان پابەند بكرێن بە دەستوور و ماددە دەستوورییەكان.بەهۆی پیادەكردنی دەسەڵاتی تاكڕەوی و كۆنترۆڵكردنی حكوومەت لە ماوەی رابردوودا، كورد مەرجی دووەمی خۆی لە كارنامەكەدا لەوبارەیەوە روونكردۆتەوە، كە ناخوازێت حكوومەتی ئێراقی لەلایەن هێزێك یاخود تائیفیەكی ئێراقیەوە كۆنترۆڵ بكات، بۆ ئەو مەبەستەش لە كارنامەكەیاندا ئەو مەرجەیان داناوە كە دەڵێت: پێكهێنانی حكوومەتی هاوبەشی نیشتمانی كە هەموو پێكهاتە سەرەكییەكانی ئێراقی تیایدا بەشداری بكات، ئەمەشیان خواستێكی هەموو ئێراقییەكانە، چونكە پەراوێزخستنی لایەنێك دەبێتە هۆی پشێوی و ناسەقامگیری. لە ماوەی رابردوو كاتێك سووننەكان بایكۆتی حكوومەتی ئێراقیان كرد، رەوشی ئێراق لە تەقینەوە چاوەڕوانكراوەكە نزیكبووە، بۆیە كورد حكوومەتێكی دەوێ، بە فیعلی نیشتمانی و هاوبەش بێت، ئەمەشیان سەرەنجام لەبەرژەوەندی كوردایە، بۆیە دەتوانین بڵێین: كورد لەهەر خاڵێكی ئەو كارنامەیەدا لایەنێكی بەرژەوەندانەی خۆی رەچاو كردووە. ئەگەر تەماشایەكی وردی خاڵی سێیەمی كارنامەكەی فراكسیۆنی لیستە كوردستانییەكان بكەین دەبینین بە ئالیەتێك پرەنسپی هاوبەش و بەشداریكردنی روونتركردۆتەوە بە 3 خاڵ، ئەو خاڵە دەڵێت: پرەنسیپی هاوبەشی و بەشداریكردن لە بڕیار لە رێگەی: یەكەم: دامەزراندنی ئەنجوومەنی ئاسایشی نیشتمانی بەدانانی یاساییەكی تایبەت بەم ئەنجوومەنە هاوكات بێت لەگەڵ دامەزراندنی حكوومەت، دووەم: هەبوونی پەیڕەوێكی ناوخۆیی بۆ ئەنجوومەنی وەزیران شەرعیەتی ئەم ئەنجوومەنە بسەلمێنێت و دووپات لەسەر بڕیاری هاوبەش و دابەشكردنی دەسەڵاتی ئیداری و دارایی لە نێوان سەرۆك وەزیرانی بكرێت، هەروەك لە خاڵی سێیەمیدا هاتووە: رەچاوكردنی پرەنسیپی تەوافوق، چونكە ئەوەی ئێراقی نوێ سەلماندوویەتی لە ماوەی ئەم حەوت ساڵە سیستەمی سیاسی بەبێ تەوافوق لە نێوان پێكهاتەكان هیچ ئەنجامێكی ئەتۆی ناوێت، جگە لە فیڕۆدانی كات و یاریكردن بە ئاگر. یەكێك لەو داواكارییانەی كورد كەخۆی لە خاڵی چوارەمی كارنامەكەدا دیاری دەكات، بریتییە لە: پێكهێنانی ئەنجوومەنی فیدراڵ لە ماوەی ساڵی یەكەمی كاری ئەنجوومەنی نوێنەران، تا پێكهێنانی ئەم ئەنجوومەنەش سەرۆكی كۆمار و جێگرانی مافی ڤیتۆیان هەیە، بێگومان ئەمەشیان دوای ئەوە دێت كە زۆربەی زۆری سووننەكان و شیعەكان لە هەوڵی كەمكردنەوەی دەسەڵاتەكانی سەرۆك كۆمار بوون، جگە لەوەش، لە مەسەلەی پێكهێنانی ئەنجوومەنی فیدراڵی جارێكی دیكە دانپێدانانێكی راستەوخۆییە بە واقیعی هەرێمی كوردستان و هەوڵدان بۆ دروستبوونی هەرێمی دیكە.

 

لە ماوەی رابردوو بۆ پەسەندكردنی یاسای هەڵبژاردنی 2010 ئەنجوومەنی نوێنەرانی ئێراق گەیشتە ئاستێكی زۆر زەحمەت لە چارەسەركردنی ئەو پرسەدا، بۆیە زۆربەی قوربانییەكان بەر كورد كەوت بەو یاساییە، لەم روانگەوە فراكسیۆنی لیستە كوردستانییەكان لە خاڵی پێنجەمی كارنامەكەیان وایان داواكردووە، هەمواركردنی یاسای هەڵبژاردن بۆ چەسپاندنی نوێنەرایەتییەكی عادیلانەی ئێراقییان. ئێراق هەمیشە لە بابەتی سەرژمێری ترسی هەبووە، چونكە زانیویەتی لە ئێراقی نوێدا سەرژمێر دەبێتە هۆی یەكلاكردنەوەی زۆر بابەتی هەڵواسراو بەتایبەتی ئەو ناوچانەی ماددەی 140ی دەستووری هەمیشەیی ئێراق دەیانگرێتەوە، بۆیە لە خاڵی شەشەمی كارنامەكەدا وایان داواكردووە، ئەنجامدانی سەرژمێریی دانیشتوان لە كاتی خۆیدا، بەڵام ئەم خاڵە ئەمساڵیش جارێكی دیكە لەلایەن شۆڤینیەكانەوە بە هاوكاری ئەنجوومەنی وەزیرانی ئێراق پێشێلكرا. هەمیشە لە ئێراق پێگەی سوپا بەهێزترین هێز بووە، بۆیە كورد لە خاڵی حەوتەمی خۆیدا جەخت لەسەر چاوپێخشانەوە دەكات بەو هێزانە و دەڵێت: چاوخشاندنەوە بە هەیكەلییەی هێزە چەكدارەكان و هێزی ئاسایشی ناوخۆ و هێنانەدیی پرەنسیپی هاوسەنگی و جێبەجێكردنی.

ئەگەرچی خاڵێكی زۆر دیار و روونە، بەڵام خاڵی هەشتەمی داواكارییەكانی كورد جەخت لەسەر پرەنسیپی هاوسەنگی لە دامەزراندن لە دامودەزگاكانی حكوومەت دەكات، لەو خاڵەدا هاتووە: جێبەجێكردنی پرەنسیپی هاوسەنگی لە هەموو دامودەزگاكانی دەوڵەت بە وەزارەت و دامودەزگای سەربەخۆ و دەزگای دیكەش. كەركووك بەهۆی كوردستانی بوونیەوە سەركردایەتی سیاسی كورد زۆر هەوڵ و كۆششی بۆ دەكەن، بۆیە لەدەستووری هەمیشەیی ئێراقدا بە ماددەیەكی دەستووری ئەوەیان لەسەر حكوومەت كردە ماڵ كە رەوشی ئەو شارە ئاسایی بكرێتەوە بە چەند قۆناغێك و دواتر بگەڕێتەوە سەر خاكی كوردستان، بەڵام حكوومەتەكانی ئێراق خۆیان لێلاداوە، بۆیە لە خاڵی نۆی ئەو كارنامەدا بەڕوونی فراكسیۆنی لیستە كوردستانییەكان داوایكردووە، جێبەجێكردنی ماددەی 140ی دەستوور و تەرخانكردنی بودجەی پێویست بۆ ئەم مەبەستە لە ماوەیەكی دیاریكراو كە لە 2 ساڵ تێنەپەڕێ. لە خاڵی دەیەمی ئەو كارنامەیە پرسی یاسای سەرچاوە ئاوییەكان باسكراوە كە تێدا هاتووە، موسادەقەكردن لەسەر یاسای سەرچاوە ئاوییەكان لە میانەی ساڵی یەكەمی كاركردنی ئەنجوومەنی نوێنەران(بەپێی دوایین رەشنووس كە رێككەوتنی لەسەر كرابێت).یەكێك لە كێشە هەڵواسراوەكانی نێوان هەولێر و بەغدا یاسای نەوت و گاز بووە، هەمیشە ئەم پرسە بەشێوەیەكی نادەستووریانە بەرامبەر كورد بەكارهێنراوە، ئەگەرچی كورد یاساییانە و دەستووریانە مامەڵەی كردووە، لە خاڵی یانزەیەمی ئەم كارنامەیەدا هاتووە: موسادەقەكردن لەسەر پرۆژەیاسای نەوت و غاز لە میانەی ساڵی یەكەمی كاركردنی ئەنجوومەنی نوێنەران(بەپێی دوایین رەشنووس كە رێككەوتنی لەسەركراوە).

لە دوای پێكهێنانی حكوومەتی دوای سەددام حوسێن كورد بەشداریكردنی لە بەغدا لەسەر ئەو بنەمایانە بوو كە بەشدارییەك لە ئێراقدا بكات بەپێی ویستی نەتەوەیی بێت، لەمەڕ سوپاش هەمیشە كورد روونتر دواوە، لە كارنامەكەدا لە خاڵی دوانزەهەمدا ئەم بابەتە باسكراوە بەوەی، دابینكردنی پێداویستییەكانی پاسەوانی هەرێم (پێشمەرگە) لە پارە و چەك وەكو بەشێك لە سیستەمی بەرگریی نیشتمانی ئێراق، بەڵام تاكو ئێستا ئەم پرسە لە نێوان هەولێر و بەغدا جێگای گفتوگۆیە. بەهۆی ئەو زوڵمە مێژووییەی لە رابردوو لە چوارچێوەی ئێراق لە كورد كراوە، هەمیشە بۆ زامنكردنی مافەكان و دڵنیابوون لەم ئێراقە كورد بەپێویستی دەزانێت لە پۆستە باڵاكاندا بوونی هەبێت، بۆیە لەخاڵی سێزدەی ئەو كارنامەیەدا هاتووە: پاڵپشتیكردنی پاڵیوراوی فراكسیۆنی لیستە كوردستانییەكان بۆ پۆستی سەرۆكایەتی كۆمار. دوای ناساندنی تاوانەكانی رژێمی پێشوو بەرامبەر كورد وەك جینۆساید بەپێی دادگای تاوانەكان لە ئێراق، كورد دەخوازێت بە هەمان پێوەر و مافی نێودەوڵەتیش، قەرەبووی زیانلێكەوتووانی كورد بكرێتەوە، وەك لەخاڵی چواردەهەمی كارنامەكەدا هاتووە: قەرەبووكردنەوەی قوربانیانی رژێمی پێشوو لەوانەش قوربانیانی كیمیاباران و ئەنفال لە هەڵەبجە و ناوچەكانی دیكە بە پەلە و بەشێوەیەكی عادیلانە. جارێكی دیكە لە كارنامەكەی فراكسیۆنی لیستە كوردستانییەكان جەخت لەسەر نوێنەرایەتیكردنی كورد كراوەتەوە و لە خاڵی پانزەهەمدا هاتووە: هەبوونی نوێنەرایەتییەكی عادیلانەی لایەنی كوردستانی لە نێو وەزارەتە سیادییەكان و دەستە و دامەزراوە سەربەخۆكانی حكوومەت و هەموو دامودەزگاكانی دەوڵەت بەشێوەیەكی عادیلانە و بەپێی ئیستحقاقی نەتەوەیی.

بەهۆی دژایەتیكردنی كوردەوە لەلایەن چەند وەزیرێكی پێشوو، كورد لە خاڵی شانزەهەمدا مەرجی ئەوەی خستۆتەڕوو دەبێت لایەنی كوردستانیش مافی لێكۆڵنیەوەی هەبێت لەو كاندیدانەی بۆ پۆستی وەزارەتەكان دیاری دەكرێت و تێیدا هاتووە: لایەنی كوردستانی مافی لێكۆڵینەوەی هەبێت لە پاڵێوراوانی وەزارەتە سیادییەكان و ئەو وەزارەتانەی بە هەرێمی كوردستانەوە پەیوەستن. لە خاڵی حەڤدەهەمی كارنامەكەی فراكسیۆنی لیستە كوردستانییەكان ئاماژە بە پۆستی ئەمینداری گشتی ئەنجوومەنی وەزیران دراوە و تێیدا هاتووە: ئەمینداری گشتی ئەنجوومەنی وەزیران لەلایەن فراكسیۆنی لیستە كوردستانییەكان بپاڵێورێت. ئەوەی تاكو ئێستا لایەنە ئێراقییەكان ترسیان لێی هەیە ئەو مەرجەیە لە خاڵی پێشكۆتایی كارنامەكدا هاتووە، لەو خاڵە كورد داوای ئەوە دەكات، ئەگەر لە حكوومەت كشایەوە ئەوا ئەو حكوومەتە هەڵدەوەشێتەوە، لە خاڵی هەژدەهەمی كارنامەكەدا هاتووە: ئەگەر لایەنی كوردستانی لە حكوومەت كشایەوە، بەهۆی هەر لادانێكی دەستووریی روون یان پابەند نەبوون بە پرۆگرامی رێككەوتن لەسەركراو ئەوكات حكوومەت بەدەست لەكاركێشاوە لە قەڵەمدەدرێت، ئەمەش تاكو ئێستا خاڵێكی ناكۆكی نێوان فراكسیۆنی لیستە كوردستانییەكان و لیستەكانی دیكەیە، بەڵام كورد دەیەوێت گرەنتی زیاتری دەستبكەوێت. خاڵی كۆتایی كارنامەكەی فراكسیۆنی لیستە كوردستانییەكان پەیوەستە بە جێبەجێكردنی هەژدە خاڵەكەی پێشووی خۆیەوە لەلایەن ئەو لیستەی دەگاتە پۆستی سەرۆك وەزیران، لە خاڵی نۆزدەهەمدا هاتووە: كوتلەی سەرۆك وەزیرانی ئایندەی ئێراق لە پەرلەمان و لە ئەنجوومەنی وەزیراندا بەجێبەجێكردنی ئەو مەرجانەوە پابەندە.