ئه‌مه‌يه‌ حه‌قيقه‌تى كاره‌ساتى كوردانى فه‌يلى

عه‌لى  حسێن فه‌يلى

شه‌فه‌ق نيوز/ راسته‌ كه‌ سنووره‌ سياسيه‌كان ده‌ستكردى مرۆفن و به‌ پێى بارودۆخ گۆڕانيان به‌سه‌ر دێ،  و شيمانه‌‌ى هه‌يه‌ كه‌ ميلله‌تان دابه‌ش بكات بۆ ئه‌م ديو سنوور و ئه‌و ديو سنوور به‌ڵام نه‌ هه‌ميشه‌ به‌ نرخى جينوسايدى نه‌ته‌وه‌يه‌ك وه‌ك ئه‌وه‌ى به‌سه‌ر كورد هات !! به‌تايبه‌ت له‌ رۆژهه‌لاتى ديجله‌ كه‌ بوونه‌ته‌ قوربانيانى هه‌ميشه‌يى رێكه‌وتن نامه‌كه‌ى (ئه‌رزروم) له‌ نێوان عوسمانى و ئيران ، بوونه‌ته‌ قوربانى يه‌كه‌م ده‌ستوورى عيراق كه‌ له‌ ساڵى 1925 به‌ چاوه‌دێرى ئه‌دموندز حاكمى‌ ئيستعمارى به‌ريتانى نوسراو له‌ چه‌ند بڕگه‌يدا بۆجنسيه‌ و شه‌هاده‌ جنسيه‌ى عوسمانى و ته‌به‌عيه‌ ‌ قه‌ڕنێكه‌‌ كاره‌سات ده‌خوڵقێنێ ‌. وا ده‌كات مرۆفێكى كورد  به‌ناوى فه‌يلى تا  دوا قۆناغى  تاوان،  واته‌ جينوسايد باجى بۆ بدات.

 

دياره‌ ئه‌وانه‌ى له‌ خۆرهه‌ڵاتى رووبارى ديجله‌ن، ئه‌وانه‌ى له‌ باشوورى كوردستانى گه‌وره‌ن، ساڵانێكى زۆره‌ له‌ ئه‌ده‌بياتى سياسى عيراقدا به‌ فه‌يلى ناسراون و به‌ تێكۆشانى خۆيان پێگه‌ى سياسى و ئابووريى و كۆمه‌ڵايه‌تيان به‌هێز كرد به‌ڵام  ، به‌ غه‌درى حوكمڕانانى به‌غدا هه‌موو مافێكيان لێ زه‌وت كرا و ئێستا ته‌نيا خاوه‌نى پێگه‌ى مه‌زڵوميه‌تن

 

دياره‌ له‌گه‌ڵ ئه‌وه‌ى فه‌يليه‌كان قوربانيانى  قۆناغى يه‌كه‌مى جينوسايدى گه‌له‌كه‌مانن ، هاوكات  ده‌گونجێ به‌ پێى ئاماره‌كان  بڵێين ؛ ته‌نانه‌ت قوربانى گه‌وره‌ترين تاڵانى ره‌سمى له‌ عيراقى  پێش  شه‌ڕى كوه‌يتيشن ! ئه‌گه‌ر له‌ هه‌مووشت گه‌ڕێين و ته‌نيا باسى موڵك و ماڵيان بكه‌ين، به‌ڵگه‌نامه‌ ره‌سيمه‌كان ته‌نيا له‌به‌شى خانوبه‌ره‌ باسه‌ له‌بوونى 123 هه‌زار كێشه‌ى موڵكدارى ده‌كه‌ن كه‌ لايه‌نى په‌يوه‌ندى دار دانى پێدا ده‌نێ كه‌ كوردانى فه‌يلى پشكى شێريان به‌رده‌كه‌وێ، چونكو:

 

1- ئه‌وه‌ى به‌سه‌ر فه‌يليه‌كاندا هات له‌ تۆڵه‌يه‌كى سياسى و مه‌زهه‌بى و دينى و ته‌نانه‌ت نه‌ته‌وه‌يى زياتره‌، له‌ سنوورى هه‌موو پێوه‌ره‌ ناسراوه‌كانى تاوانكردن ده‌رده‌چێ و ده‌بێته‌ جنونى تاوان به‌ ره‌سمى!!  كوشتنى گيان و جه‌سته‌  به‌ ره‌ها،  بێ سه‌روشوێنكردنى ئه‌به‌دى‌ و  ده‌ركردنى بێگه‌ڕانه‌وه‌ و چاندنى ترسێكى هه‌ميشه‌يى و ناباوه‌ڕيه‌كى سه‌راپايى!  بۆ به‌رچاو رونيتان و ئاگادار بوون له‌ راده‌ى ناهومێديان، له‌ كه‌يسى جينوسايدى فه‌يليه‌كان كه‌  باسى هه‌زاران تاوانبار وسه‌دان هه‌زار تاوانليكراوو هه‌زاران شه‌هيدى بێسه‌روشوێنكراوى تيدايه‌ ،  ته‌نيا كه‌متر له‌ 400 شكات يان سكاڵا ئاراسته‌ى دادگاى باڵاى تاوانه‌كان كرا و ژماره‌ى سزادراوانيش له‌ په‌نجه‌كانى ده‌ست ناترازێ!!

 

2- به‌ گوێره‌ى به‌ڵگه‌نامه‌كانى دادگاى باڵاى تاوانه‌كان، فه‌يليه‌كان ته‌نيا پێكهاته‌ى كوردن كه‌ راسته‌و خۆو ناراسته‌وخۆ، له‌ مێژووى دامه‌زراندنى عيراقدا 85 بڕيارو ياسا دژيان ده‌ركراوه و‌ له‌ هه‌ر ده‌ پارێزگاى ناوه‌ڕاست و باشوور،  واته‌ له‌  به‌غداوه‌ بۆ به‌سراو ته‌نانه‌ت پارێزگاكانى ديكه‌ى عيراق، له‌ نيسانى 1980 سزاى ره‌شبگيرى و له‌ناوبردنى يه‌كجارييان  به‌سه‌ردا  سه‌پێنراوه‌!!

 

3- له‌و  دۆسيه‌دا ، ئه‌م ‌ كۆمه‌ڵ كوژيه‌ به‌ تاوانێك ناوزه‌د كراوه‌ كه‌‌ له‌ سه‌ره‌وه‌ بۆخواره‌وه‌ شۆڕ بۆته‌وه‌، وهه‌موو ده‌زگاكانى ميرى  له‌ ژێر فه‌رمانى راسته‌وخۆى (مجلس القياده‌ الثورة) واته‌‌ ئه‌نجومه‌نى سه‌ركردايه‌تى به‌ ناو شۆرشى به‌د ناوى به‌عسيه‌كان تيايدا ‌  به‌شدار بوون و ده‌ستيان نه‌بواردوه‌  له‌ ته‌مه‌ن و ره‌گه‌زى قوربانيه‌كان‌ ، ئه‌و قوربانيانه‌ى كه‌ له‌ هيچ پيلان و خيانه‌ت و شه‌ڕوململانێى نێوان ده‌سته‌و تاقمه‌كانى ده‌سه‌ڵات خوازدا به‌شدار نه‌بوون و هيچ دادگايه‌ك سزاى نه‌دابوون! ته‌نيا له‌ يه‌ك شت ، هاوبه‌شى ته‌واو بوون ئه‌ويش ‌ سه‌رجه‌ميان كورد بوون.

 

4- راسته‌ ‌ زۆربه‌ى دانيشتوانى ئه‌و شارو شارۆچكانه‌ى ئه‌م وڵاته‌ كه‌ كاره‌ساتى فه‌يلى قڕان تيايدا رووى دا، ‌ شيعه‌  زۆرينه‌ بوون و زۆرينه‌ن! ئه‌گه‌ر به‌ هۆكارى مه‌زهه‌بى بێ ، چۆنه‌ هاومه‌زهه‌ب، له‌و تاوانه‌ ده‌رهاوێژراوه‌ ؟!!  دياره‌ ئه‌م كوردقڕانه‌‌ ‌ له‌ جوگرافياى مه‌زهه‌بى سياسيدا شوێنى نا‌بێته‌وه‌‌!! ته‌نيا بۆ به‌رچاوڕونيتان؛ كوردانى فه‌يلى له‌ هه‌ردوو ره‌وتى خه‌باتى نه‌ته‌وه‌يى كورد و چه‌پ خوازى عيراقدا كه‌ به‌ويست و قه‌ناعه‌تى خۆيان به‌شدار بوون، تا پله‌ى ئه‌نداميه‌تى له‌  سه‌ركردايه‌تى و سكرتێرى پارتى ديموكراتى كوردستان و حزبى شيوعى عێراقى هه‌ڵكشان ، به‌ڵام له‌ هيچ بزافێكى مه‌زهه‌بيدا ئه‌وه‌نده‌ به‌شدارو ده‌ورو نه‌خشيان نه‌بووه‌ كه‌ شوێن ده‌ستيان ديارى بێ!

 

5- ‌ له‌ كه‌يسێكى وه‌هادا زۆرتر باسى زيانى گيانى و ماڵى ده‌كرێ و كه‌متر ئاوڕ له‌ مه‌سه‌له‌ى خاك ده‌درێته‌وه‌، بۆ زانياريتان، هێندێ شار هه‌يه‌ نه‌وه‌ى نوێى  گه‌له‌كه‌مان ناوى نه‌بيستوون كه‌ كورد نشين بوون و كورد نشين نين، وه‌ك حه‌ى، عه‌لى شه‌رقى، عه‌لى غه‌ربى، روفاعى، به‌دره‌، جه‌سان، زرباتيه‌، نه‌عمانيه‌، شيخ سه‌عد ، قه‌لعه‌ سوكه‌ر ، نازانين شارێك وه‌ك كوت ناوه‌ندى پاريزگاى واسط له‌ باشوورى عيراقدا كه‌ له‌ چله‌كانى سه‌ده‌ى رابردوو گه‌وره‌ترين شارى كورد نشين بوو ، يان به‌غدا كه‌ سه‌رده‌مانێك   به‌ گوێره‌ى ژماره‌ زۆرترين كوردى  تێدابوو، چه‌نده‌ كورديان تێدا ماوه‌‌؟!!!! جا پرسيار ئه‌وه‌يه‌ : كه‌ خاكه‌كه‌ت لێ زه‌وت كرا، ئه‌ى خاوه‌نى خاكه‌كه‌ چى لێهات؟!  كه‌واته‌ نه‌مانى فه‌يليه‌كان يه‌كسانه‌ به‌ نه‌مانى كورد‌ له‌و شوێنانه‌‌!!

 

6- له‌ 17/7/1968 تا 1/5/2003  كه‌ سه‌رده‌مى حوكمرانى ره‌هاى به‌عسه‌، به‌ گوێره‌ى ئامارى فه‌رمى مانگى سوور و خاجى سوور و وه‌زاره‌تى كۆچ و كۆچه‌رانى عيراقى و به‌ڵگه‌نامه‌كانى دادگاى باڵاى تاوانه‌كان، مه‌زه‌نده‌كراوه‌  به‌ تيكڕا تا 750 هه‌زار كوردى فه‌يلى ده‌ركراون، لێره‌دا وا باشه‌ بۆ سه‌ره‌تاى هه‌شتاكان بگه‌ڕێينه‌وه‌ و ته‌نيا له‌روى ديموگرافى بزانين كاتێك پرۆسه‌ى ده‌ركردنى فه‌يليه‌كان گه‌يشته‌ لوتكه‌ خۆى،  نفووسى كوردستان چه‌ند كه‌س بووه‌؟!  بۆ وێنه‌ ؛ به‌ گوێره‌ى  ئامار‌ى  دكتور عه‌بدوڵلا غه‌فوور  له‌ كتێبى پێكهاته‌ى نه‌ته‌وه‌يى دانيشتوان له‌ باشوورى كوردستان  ،  پشت به‌ستوو به‌ ئامارى ره‌سمى ساڵى 1977 كه‌ نزيكه‌ له‌ ساڵى روودانى كاره‌ساته‌كه‌، ژماره‌ى دانيشتوانى پارێزگاى سلێمانى 690,557 كه‌س بووه‌ ،  جا به‌راورد به‌ 750هه‌زار ده‌ربه‌ده‌ركراوى ئه‌م پێك هاته‌يه‌،  نزيكه‌ى 60 هه‌زار كه‌س سه‌روى ژماره‌ى هه‌موو دانيشتوانى پارێزگاكه‌ ده‌ركراون!

 

پارێزگاى هه‌ولێر 541,456 كه‌س  دانيشتوانى هه‌بووه‌،   واته‌ هێنده‌ى ‌ هه‌موو دانيشتوانى  پاريزگاكه‌ و نزيكه‌ى 210هه‌زار كه‌س زيده‌تر ده‌ركراون

 

بۆ پاريزگاى دهۆك به‌سه‌نده‌يه‌ بگوترێ؛  ئه‌و كات 250,575 كه‌س‌ ژماره‌ى دانيشتوانى بووه‌، به‌ گوێره‌ى ئه‌م ئاماره‌ ،  سێ ئه‌وه‌نده‌ى هه‌موو ژماره‌ى دانيشتوانى پارێزگاى دهۆك كوردى فه‌يلى ده‌ركراوه‌‌ !!

 

و خاڵى گرنگتر ئه‌وه‌يه‌ ، ئه‌گه‌ر كۆى دانيشتوانى هه‌رسێ پارێزگا سه‌ره‌كيه‌كه‌ى كوردستانى ئه‌و كاته‌ كه‌ ده‌بێته‌ 1,482,588 له‌به‌رچاوبگرين، واته‌  نيو  هێنده‌ى هه‌موو ژماره‌ى دانيشتوانى ئه‌م پارێزگايانه‌ كوردى فه‌يلى ده‌ركراوه‌ !! ئه‌گه‌ر واى دابنێن ئه‌و ژمارانه‌ راست نين ، ته‌نانه‌ت هه‌رچى  لێ كه‌م بكرێ،  ديسان گه‌وره‌تره‌ له‌ پێشبينيه‌كان!  و ئه‌زموونێكى‌  سه‌خت و دژوارمان له‌پێشه‌ ‌ بۆ مامڵه‌كردن له‌گه‌ڵ ئه‌و راستيه‌ كه‌ وه‌زاره‌تى كۆچ و كۆچبه‌رانى عيراق ده‌لێ: دواى 37 ساڵ ته‌نيا نزيكه‌ى 12 هه‌زار كه‌سيان گه‌ڕاونه‌ته‌وه‌.

 

جا وه‌ك چۆن دوژمنان له‌ تۆڵه‌ى شۆرشى نه‌ته‌وه‌ييمان جينوسايدو ئه‌نفالى كورد و كيميا بارانى  كوردستانيان كردبووه‌ به‌رنامه‌ و ئامانجى سه‌ره‌كى خۆيان و كاتێك فه‌يليه‌كانيان كشتوبڕ ده‌كرد، به‌ كورديان ده‌وت ئه‌وانه‌ ئێرانين ئێوه‌ كارتان نه‌بێ، به‌ عه‌ره‌بى سوننه‌يان ده‌گوت ئه‌وانه‌ شيعه‌ن، خه‌متان نه‌بێ، به‌ عه‌ربى شيعه‌يان ده‌گوت ئه‌وانه‌ كوردن، باكتان نه‌بێ!!  ! كورد ده‌بێ په‌رۆشيى و پابه‌ندبوون به‌ ئه‌ركه‌ نه‌ته‌وه‌ييه‌كان و ‌ مافى هه‌موو پێكهاته‌كانى لا ببێ به‌ ئه‌رك و بڕواو به‌رنامه‌ى كار و ده‌ستبه‌ردارى به‌ڵگه‌نامه‌ى سه‌فه‌وى و عوسمانى، و شۆفينى عه‌ره‌بى بين !

عه‌لى حسێن فه‌يلى