ئێستا، توركیا‌و ئێران چاویان له‌سه‌ر عێراقه‌

شفق نيوز

له‌شانی‌ ئێرانه‌ له‌نیو ریزی‌ ئه‌و وڵاتانه‌ی‌ چوارده‌وری‌ به‌رنامه‌ ئه‌تۆمییه‌كه‌ی‌ تارانیان داوه‌. به‌ڵام ئێستا، كۆتاییهاتنی‌ ئه‌ركی‌ ویلایه‌ یه‌كگرتوه‌كانی‌ ئه‌مه‌ریكا له‌عێراق ناكۆكی‌ گه‌وره‌ له‌نێوان ئه‌نقه‌ره‌و تاران ده‌خاته‌ڕو".

بیلگای‌ دومان لێكۆڵه‌ره‌وه‌ی‌ كاروباری‌ عێراق له‌سه‌نته‌ری‌ توێژینه‌وه‌ی‌ ستراتیژی‌ خۆرهه‌ڵاتی‌ ناوه‌ڕاست (ئۆرسام) كه‌ناوه‌ندێكی‌ توێژینه‌وه‌یه‌ له‌ئه‌نقه‌ره‌، له‌میانی‌ چاوپێكه‌وتنێكدا وتی‌: "له‌ناوچه‌ی‌ خۆرهه‌ڵاتی‌ ناوه‌ڕاست گه‌ڕان هه‌یه‌ به‌دوای‌ هاوسه‌نگێكی‌ نوێی‌ هێز.. رۆڵی‌ توركیا له‌عێراق وه‌كو هه‌ڕه‌شه‌ له‌لایه‌ن ئێرانییه‌كانه‌وه‌ ته‌ماشا ده‌كرێت".

له‌كاتێكدا هه‌ردو وڵاته‌كه‌ له‌هه‌وڵی فراوانكردنی‌ ده‌سه‌ڵات‌و نفوزی‌ خۆیاندان له‌ناو عێراق، سیاسه‌تمه‌داران له‌به‌غدا ره‌خنه‌ له‌ده‌ستوه‌ردانی‌ وڵاتانی‌ ده‌ره‌وه‌ ده‌گرن. هۆشیار زێباری‌ وه‌زیری‌ ده‌ره‌وه‌ی‌ عێراق كۆتایی‌ مانگی‌ رابوردو به‌ رۆژنامه‌ی‌ كۆریرا دێلا سێرای‌ ئیتالی‌ وت:"كاتێك ئه‌مه‌ریكییه‌كان ده‌ڕۆن، ئێرانییه‌كان‌و توركه‌كان‌و سورییه‌كان‌و زۆر وڵاتی‌ تر دێن".مانگی‌ رابوردو، به‌ڕێز زێباری‌ وتی‌: "توركیا‌و ئێران دو گه‌وره‌ یاریكه‌ربون له‌هه‌وڵدانی‌ خێرایان بۆ به‌ده‌ستهێنانی‌ نفوز". خودی‌ سیاسه‌تمه‌دارانی‌ توركیا ئه‌وه‌یان رونكردوه‌ته‌وه‌ كه‌ به‌ره‌وپێشچونه‌كانی‌ عێراق زۆر جێی‌ بایه‌خه‌ بۆ ئه‌نقه‌ره‌.

مانگی‌ حوزه‌یران، ئه‌حمه‌د داودئۆگڵۆی‌ وه‌زیری‌ ده‌ره‌وه‌ وتی‌: "خۆرهه‌ڵاتی‌ ناوه‌ڕاست سه‌رله‌نوێ‌ بنیاتده‌نرێته‌وه‌، عێراقی‌ برا‌و هاوڕێمان سه‌رله‌نوێ‌ بنیاتده‌نرێته‌وه‌".

به‌ڵام ئه‌نقه‌ره‌و تاران بۆچونیان زۆر جیاوازه‌ له‌باره‌ی‌ ئه‌وه‌ی‌ پێویسته‌ عێراقی‌ نوێ‌ چۆن بێت. توركیا خوازیاری‌ حكومه‌تێكی‌ عێراقی‌ ناوه‌ند به‌هێز‌و سه‌قامگیره‌ له‌به‌رئه‌وه‌ی‌ پێویستی‌ به‌شه‌ریكی‌ متمانه‌پێكراوه‌ بۆ هه‌ماهه‌نگیكردن له‌دژی‌ ئه‌و چه‌كداره‌ كوردانه‌ی‌ توركیا كه‌ خۆیان له‌باكوری‌ عێراق شاردوه‌ته‌وه‌و له‌به‌رئه‌وه‌ی‌ حكومه‌تێكی‌ به‌هێز له‌به‌غدا یارمه‌تیده‌ر ده‌بێت له‌وه‌ی‌ خه‌ونی‌ كورده‌كان بۆ سه‌ربه‌خۆیی‌ نه‌یه‌ته‌ دی‌.

به‌پێچه‌وانه‌وه‌، ئێران له‌هه‌وڵی‌ ئه‌وه‌دایه‌ چه‌ند ناوچه‌یه‌كی‌ به‌هێز له‌سه‌ر حسابی‌ حكومه‌تی‌ ناوه‌ندی‌ ده‌ربكه‌ون.

عارف كه‌سكین لێكۆڵه‌ره‌وه‌ی‌ سیاسیی‌ خۆرهه‌ڵاتی‌ ناوه‌ڕاست له‌په‌یمانگای‌ سه‌ده‌ی‌ بیست‌ویه‌كه‌مینی‌ توركی‌، كه‌ ناوه‌ندێكی‌ توێژینه‌وه‌یه‌ وتی‌: "ئێرانییه‌كان به‌ ره‌سمی‌ حكومه‌تی‌ كوردییان له‌ باكوری‌ عێراق ناساندوه‌.. كاتێك مه‌سعود بارزانی‌ سه‌رۆكی‌ حكومه‌تی‌ هه‌رێمه‌ كوردییه‌كه‌ له‌ عێراق، سه‌ردانی‌ ئێران ده‌كات وه‌كو سه‌رۆك وه‌زیران مامه‌ڵه‌ی‌ له‌گه‌ڵ‌ ده‌كرێت".

به‌ڕێز بارزانی‌ ناتوانێت پێشبینی‌ ئه‌م جۆره‌ مه‌راییكردنه‌ له‌ئه‌نقه‌ره‌ بكات. له‌كاتێكدا توركیا به‌م دواییانه‌ په‌یوه‌ندییه‌كانی‌ له‌گه‌ڵ‌ كورده‌كانی‌ عێراقدا باشكردوه‌، به‌ڵام هێشتا به‌په‌رۆشه‌ بۆئه‌وه‌ی‌ كارێك نه‌كات خواستی‌ سه‌ربه‌خۆیی‌ كورده‌كان به‌هێزبكات، له‌به‌رئه‌وه‌ی‌ ده‌ترسێت له‌وه‌ی‌ بونی‌ ده‌وڵه‌تی‌ كوردی‌ له‌دراوسێی‌ گرژی‌‌وئاڵۆزی‌ له‌گه‌ڵ‌ دانیشتوانه‌ كورده‌كه‌یدا زیاتر ده‌كات.

 

هه‌روه‌ها توركه‌كان‌و ئێرانیه‌كان ناكۆكن له‌سه‌ر به‌رده‌وامبونی‌ رۆڵی‌ ویلایه‌ته‌ یه‌كگرتوه‌كانی‌ ئه‌مه‌ریكا له‌عێراق‌و ئاسۆی‌ ئاینده‌ی‌ سیاسه‌تی‌ ده‌ره‌وه‌ی‌ ئه‌و وڵاته‌. به‌ڕێز دومان شیكه‌ره‌وه‌ی‌ كاروباری‌ عێراق وتی‌: "به‌رژه‌وه‌ندییه‌كانی‌ واشنتۆن‌و ئه‌نقه‌ره‌ له‌به‌غدا ته‌بابون، به‌ڵام ئێران نایه‌وێت عێراق ببێته‌ ئه‌ندامێكی‌ كامپی‌ لایه‌نگری‌ خۆرئاوا".

 

هه‌ردو وڵات پشتیوانییان له‌گروپی‌ جیا جیاكرد له‌میانی‌ هه‌ڵبژاردنه‌ په‌رله‌مانییه‌كه‌ی‌ عێراق له‌مانگی‌ ئادار. له‌كاتێكدا تاران به‌هه‌مو قورساییه‌وه‌ پشتیوانی‌ له‌فراكسیۆنێكی‌ شیعه‌ به‌سه‌رۆكایه‌تی‌ نوری‌ مالیكی‌ سه‌رۆك وه‌زیران كرد، توركیا پاڵپشتی‌ هاوپه‌یمانێتی‌ عێراقیه‌ی‌ عه‌لمانی‌ عه‌یاد عه‌لاوی‌ كرد كه‌ به‌جیاوازییه‌كی‌ كه‌م زۆربه‌ی‌ ده‌نگه‌كانی‌ برده‌وه‌.

توركیا ده‌ڵێت له‌هه‌وڵی‌ پاراستنی‌ په‌یوه‌ندی‌ باشدایه‌ له‌گه‌ڵ‌ هه‌مو گروپه‌ ئیتنیكی‌‌و ئایینیه‌كانی‌ عێراقدا. ئه‌نقه‌ره‌ كونسوڵخانه‌ی‌ له‌باشوری‌ شیعه‌، شاری‌ موسڵی‌ ناوه‌ڕاست‌و زۆرینه‌ی‌ سونه‌‌و شاری‌ هه‌ولێری‌ كوردی‌ له‌باكور هه‌یه‌. مانگی‌ رابوردو كاتێك چو بۆ دیمه‌شق له‌ روداوێكی‌ كتوپڕدا به‌ڕێز داودئۆگڵۆ نه‌ك ته‌نیا به‌ڕێز عه‌لاوی‌ بینی‌ به‌ڵكو هه‌روه‌ها چاویشی‌ به‌ پیاوی‌ ئایینی‌ شیعه‌ی‌ نه‌یاری‌ ئه‌مه‌ریكا موقته‌دا سه‌در كه‌وت.

ئه‌م جۆره‌ هه‌نگاوانه‌ ئه‌گه‌ریی‌ ئه‌و پێشبینیانه‌ زیاد ده‌كات كه‌ توركیا له‌سه‌ر حسابی‌ ئێرانییه‌كان، له‌هه‌وڵی‌ زۆرتركردنی‌ نفوزیدایه‌ له‌ناو عێراق . به‌ڕێز كه‌سكین له‌په‌یمانگای‌ سه‌ده‌ی‌ بیست‌ویه‌كه‌مینی‌ توركی‌ وتی‌: "هه‌ندێك كه‌س له‌خۆرهه‌ڵاتی‌ ناوه‌ڕاست ده‌یانه‌وێت توركیا ببێته‌ ئه‌ڵته‌رناتیڤی‌ ئێران‌و هه‌ندێك له‌ئێرانیش هه‌ست به‌وه‌ده‌كه‌ن كه‌ توركیا رۆڵی‌ وڵاته‌كه‌یان له‌ناوچه‌كه‌ بۆخۆی‌ ده‌بات".

له‌ماوه‌ی‌ چه‌ند ساڵی‌ رابوردودا، توركیا زیاتر ئاماده‌گی‌ هه‌بوه‌ له‌مه‌سه‌له‌كانی‌ خۆرهه‌ڵاتی‌ ناوه‌ڕاستدا، له‌وانه‌ رێكخستنی‌ گفتوگۆی‌ راسته‌وخۆی‌ نێوان سوریا‌و ئیسرایل، هه‌وڵدان بۆ ناوبژیكردن له‌نێوان گروپه‌ فه‌له‌ستینییه‌كانی‌ حه‌ماس‌و فه‌تح‌و هه‌روه‌ها ناردنی‌ هێز بۆ لوبنان له‌چوارچێوه‌ی‌ هێزی‌ ئاشتیپارێزی‌ نێوده‌وڵه‌تی‌.

به‌هۆی‌ هه‌ڵوێستی‌ توندی‌ له‌ئیسرایل، ره‌جه‌ب ته‌یب ئه‌ردۆگانی‌ سه‌رۆك وه‌زیران به‌لای‌ هه‌ندێك كه‌س له‌خۆرهه‌ڵاتی‌ ناوه‌ڕاست بوه‌ته‌ پاڵه‌وان. به‌ڵام سه‌ره‌ڕای‌ ده‌ستپێشخه‌رییه‌كانی‌ ئه‌م دواییانه‌ی‌ له‌ناوچه‌كه‌و هه‌روه‌ها هه‌ڵوێستی‌ زۆر جیاوازی‌ له‌و مه‌سه‌لانه‌ی‌ په‌یوه‌ندییان به‌عێراقه‌وه‌یه‌ له‌چاو هه‌ڵوێستی‌ ئێران به‌رامبه‌ر ئه‌و مه‌سه‌لانه‌، توركیا ده‌ڵێت نایه‌وێت بكه‌وێته‌ ململانێیه‌وه‌ له‌گه‌ڵ‌ تاران. دیپلۆماتێكی‌ دیاری‌ تورك كه‌ نه‌یویست ناوی‌ بهێنرێت وتی‌: "ئێمه‌ له‌باره‌ی‌ عێراقه‌وه‌ ده‌مانه‌وێت هه‌ماهه‌نگی‌ له‌گه‌ڵ‌ ئێراندا بكه‌ین".

وتیشی‌: "ئه‌وان بۆچونی‌ جیاوازیان هه‌یه‌ له‌باره‌ی‌ هه‌ر حكومه‌تێكی‌ داهاتو له‌عێراق.. به‌ڵام ئێمه‌ په‌یوه‌ندیمان له‌گه‌ڵ‌ هه‌مو لایه‌نه‌كاندا پته‌وه‌". به‌ڕێز كه‌سكین رونیكرده‌وه‌ كه‌ توركیا به‌وریاییه‌وه‌ مامه‌ڵه‌ ده‌كات له‌مه‌سه‌له‌ی‌ خۆدورخستنه‌وه‌ی‌ له‌ هه‌ر ئاڵۆزییه‌ك له‌گه‌ڵ‌ تاران له‌باره‌ی‌ عێراقه‌وه‌.

وتیشی‌: "حكومه‌تی‌ ئێستا (له‌ئه‌نقه‌ره‌) نایه‌وێت ركابه‌ری‌ ئێران بكات، نه‌ك له‌سه‌ر عێراق به‌ڵكو له‌سه‌ر هه‌مو مه‌سه‌له‌كانی‌ تریش".

سه‌رچاوه‌: زه‌ناشناڵ‌