كارە دادگەرییەكانی پەرلەمان

شفق نيوز

دادوەری یان سەبارەت بەوەی ئایا پەرلەمان دەتوانێ هەندێك كاری دادگەری ئەنجام بدات و ئایا ئەنجامدانی ئەم كارە دادگەرییانە لەلایەن پەرلەمانەوە كاریگەری نییە بۆ سەربەخۆیی دادگاكان و بنەمای جیاكردنەوەی دەسەلاتەكان، دیارە لە دەوڵەتی یاسایی دەسەڵاتەكان بەپێی بنەمای جیاكردنەوەی دەسەڵاتە گشتییەكان دابەشكراون بۆ سێ دەسەڵاتی سەرەكی كە ئەمیش دەسەڵاتەكانی "پەرلەمان ـ حكوومەت ـ دادوەری" دەگرێتەوە و بەپێی ئەم بنەمایە هەریەك لەم دەسەڵاتانە چەندین ئەرك و مافیان بۆ دیاریكراوە بەهۆی دەستوورەوە، بەواتایەكی دیكە دەستوور و سنوور و چالاكی هەریەك لەم دەسەڵاتانە دیاریكردووە و بەم پێیەش نابێ دەسەڵاتێك زیادەڕەوی لە دەسەڵاتەكانی بكات.

ئەگەر بنەمای جیاكردنەوەی دەسەڵاتەكان بەو واتایە دێت كە هەریەك لە سێ دەسەڵاتەكان بەكاروچالاكی دیاریكراون هەڵدەستن ئەوا ئەم بنەمایە بەو واتایە نایەت كە نابێ هیچ هاوكارییەك لەنێوان ئەم سێ دەسەڵاتانە هەبێت بەڵكو لەهەندێك سیستەم بەتایبەت كۆمارییەكان دەبینرێت كە پەرلەمان مافی پەیڕەوكردنی دەسەڵاتە دادوەرییەكان هەیە هەروەكو چۆن كۆنگریس لە ویلایەتە یەكگرتووەكانی ئەمەریكا مافی ئاراستەكردنی تۆمەتی بۆ سەرۆكی وڵات هەیە و دوای لێكۆڵینەوە لەگەڵ مافی ئیدانەكردنی هەیە بەوە دەتوانێ سزای شیاوی بۆ دەربكات كە لەوانەیە بە هەڵبژاردن "غرامە" یان لادان بێت لەسەر كارەكەی و بەهەمان ئاراستەدا دەبینرێ یاسادانەری ئێراقی و یاسادانەری هەرێمی كوردستان هەمان رێچكەیان وەرگرتووە لە هەردوو دەستووری ئێراقی كارپێكراو و پرۆژە دەستووری هەرێمی ئامادەكراو بۆ دەنگدان و ریفراندۆم.

دیارە هەڵسانی پەرلەمان بەكاری دادگەری بەشێوەیەكی رەهاو بێ سنوور نییە، بەڵكو ئەم ئەركە تایبەتە بە پەرلەمان لە هەندێك تاوان و بۆ كەسانێكی دیاریكراو و تاوانەكانیش بەزۆری سنوورداركراون بەو "هەڵگەڕانەوە لە دەستوور یان خیانەتی گەورەیان نكۆلیكردن لەو سوێندەی خواردوویەتی" بەو مەرجەی ئەم تاوانانە لەلایەن سەرۆكی وڵات یان جێگرەكەی رووبدات و ئەگەر ئەم تاوانانە رووبدات لەلایەن ئەم كەسایەتیانە ئەوا پەرلەمان مافی ئەوەی هەیە لیژنەیەك پێكبهێنێت بۆ ئاراستەكردنی تۆمەتەكان و دواتر لیژنەیەكی لێكۆڵینەوە پێكبهێنێت و دواتر لیژنەكە دەرەنجامەكانی بەسەرۆكایەتی پەرلەمان دەدات تاوەكو بڕیاری كۆتایی لەسەر دەرەنجامەكان بدات.

 

بەگەڕانەوە بۆ مێژووی گەشەكردنی كۆنگرێسی ئەمەریكا ئەو راستییە بەدیار دەكەوێ كە كۆنگرێس چەندین جار بەم ئەركە دادگەرییە هەڵساوە، بەڵام لە زۆربەی كارە دادگەرییەكانی نەیتوانیوە بڕیاری ئیدانە دەربكات چونكە دەنگی پێویستی بەرجەستە نەكردووە و بەهۆیەوە پاڵنەرە سیاسییەكان بەسەر پاڵنەرە یاسایی و دادگەرییەكان سەركەوتوون و هەربۆیە هەندێك ولات وای دەبینن كە سپاردنی هەندێك دەسەڵاتی دادگەری بە پەرلەمان لە جێگای خۆی نییە بەوەی ناتوانرێت بڕیاری یەكلاكەرەوە دەرهەق بە تۆمەتبارەكان دەربهێنرێت، جیا لەوەی كە راسپاردنی هەندێ دەسەڵاتی دادگەری بە پەرلەمان پێچەوانەی بنەمای جیاكردنەوەی دەسەڵاتەكانە، بەڵام لەگەڵ رێزمان بۆ ئەم بۆچوونە ئەوا راسپاردنی هەندێ دەسەڵاتی دادگەری بە پەرلەمان و لەهەندێك بابەتی دیاریكراودا ئەوا بناغەیەكی مێژووی هەیە كە ئەم بناغەیە لەوە سەرچاوە دەگرێت كە لەمێژووی مرۆڤایەتی دادگاكان نەیانتوانیوە وەكو پێویست سزای بەرپرسان و پیاوانی كەنیسە بدەن هەر بۆیە بیر لەوە بكرێتەوە كە دەسەلاتێك هەبێت بتوانێ بەم ئەركە هەڵبستێت و دوای لێكدانەوەیەكی زۆر ئەوا دەرەنجامەكان ئەمەیان بەدیار خست كە باشترین دەسەڵات كە بەم ئەركە هەڵبستێ ئەوا پەرلەمانە، بەوەی پەرلەمان دەسەڵاتێكە كە دەربڕی ویست و داخوازییەكانی خەڵكە و نوێنەرایەتی ئەوان دەكات، بۆیە بەهیزترین دەسەڵات كە دەتوانێ بەبێ ترس و دڵەڕاوكێ بەم بەرپرسیاریەتە هەڵبستێ و دادگەری ئەو كەسانە بكات كە پێشێلی مافی خەڵك دەكەن.

لەسەردەمی ئەمڕۆدا كە دیموكراتیەت و مافەكانی مرۆڤ جێگیرن ئەوا بیروبۆچوونی وا هەیە كە جەخت لەوە دەكاتەوە كە دەسەڵاتی دادگەری بەدادگان بدرێتەوە، بەڵام لەگەڵ ئەمەشدا دەبینرێ كە زۆرێك لە دەستوورەكان جەخت لەوە دەكەنەوە كە لەبەر هەستیاری هەندێك بابەت و كەسایەتی هەندێ كەس و پۆستدا ئەوا وا گونجاوە كە پەرلەمان دەسەڵاتی دادگەری لە هەندێك بابەت و تاوان دا هەبێت، بەڵام لە سنوورێكی دیاریكراودا تا پەرلەمان زیادەڕەوی نەكات لەو دەسەڵاتەی كە پێی دراوە و دەبێ پەرلەمان هەر كاتێك بڕیاری لەسەر ئاراستەكردنی تۆمەتدا ئەوا واگونجاوە ئەم ئەركەو ئەركی هەڵسان بەلێكۆڵینەوە بە لیژنەی یاسای پەرلەمان بدات، چونكە یاساییەكان زیاتر ئاشنا بەكاری لێكۆڵینەوەو وردەكارییەكانی و ئەگەر لیژنەی ناوبراو نەیتوانی وەكو پێویست بەم ئەركە هەڵبستێ لەبەر سەرقاڵی یان هەر هۆیەكی دیكەی تەكنیكی، ئەوا دەتوانێ داوای هاوكاری بكات لە پسپۆڕانی ئەم بوارەو شارەزاكانی بواری لێكۆڵینەوە و دامو دەزگا دادگەرییەكان تا بتوانێت بە جوانترین شێوە خزمەت بەم پرۆسە بكات و بەدەرەنجامەكان بگات.

راسپاردنی هەندێك دەسەڵاتی دادگەری بە پەلەمان لەو روانگەیەوە سەرهەڵدەدا كە هەندێك لە كەسەكان بەتایبەت سەرۆكی وڵات و جێگرەكەی شەرعیەتی یاسایی راستەوخۆ لە خەڵك وەردەگرن و هەر كاتێك ئەم كەسانە لەم رێڕەوەیان لادا كە پێیان سپاردراوە ئەوا پەرلەمان كە شەرعییەتی یاسایی هەیە لەخەڵك ئەوا دەتوانێ دادگەری ئەم كەسانە بكات تاوەكو هەیبەت و دەسەڵاتی وڵات رووبەڕووی سازش و پێشێلكردن نەبێتەوە.

دادگەری كەچی دەبینرێ لە هەندێك وڵات بەتایبەت ئەمەریكا ئاراستەكان پێچەوانەن و سنووری دەسەڵاتی كۆنگریس لە رووی تاوانەكانی سەرۆك فراوانتر دەبێت و واپێشبینی دەكرێت كەلەگەڵ زیادبوونی ئەم دەسەڵاتانەی دادگەری پەرلەمان لەرووی تاوانەكان ئەوا دەسەڵاتەكە فراوانتر بێت لە رووی ئەو كەسانەی كەدەكرێت دادگەری بكرێن، بەوەی جیا لەسەرۆك و جێگری بگرێتەوە ئەوا كەسانی كاریگەریترلە وڵات بگرێتەوە، بەتایبەت سەرۆكی كۆنگرێس و سەرۆكی دەسەڵاتی دادوەری و كەسانی هاوشێوە.