لە سێدارەدانی عەلی حەسەن مەجید، بۆ ئێمە تۆڵە نەبوو

شفق نيوز

بە هەزاران تاوانی گەورەیان دژی مرۆڤایەتی و بنەماكانی ژیانی سەرەتایی مرۆییان ئەنجامداوە، تا ئەو رادەیەی چەكی یاساغی نێو دەوڵەتی و پرۆسەی پاكتاوی بەكۆمەڵیان بەكارهێناوە بۆ لە ناوبردنی نەتەوەیەك و سڕینەوەی ئاسەواری بوونیان لەسەر خاكی خۆیدا، بەتایبەتی پڕبوونی دڕاندایەتی بەعس لە ساڵەكانی 80ی سەدی رابردوو بەرامبەر كورد هەموو هێزێكی دڕاندایەتیان نیشاندا و لە ئەنجامی چەند پرۆسەیەكی داڕێژراو و بەرنامەدارا بە رێنمایكاری سەددام حوسێن و جێبەجێكاری عەلی حەسەن مەجید بەناخی كۆمەڵگەی كوردیدا رۆچوون و پرۆسەی بەدناوی ئەنفال و كیمیبارانكردنی چەندین شاری كوردستان بەتایبەتی هەڵەبجەیان بەئەنجامگەیاند، كە لە چركەساتێكدا پێنج هەزار كورد لە رەگەز و تەمەنی جۆراوجۆرە شەهیدبوون و بوون بە قوربانی رژێمە دیكتاتۆریەكەی بەعس، ئەمە جگە لە مەینەتیەكانی لە رووی مرۆییەوە لەڕووی سیاسیشەوە وای لە كورد كرد زیاتر پێداگیری بكات بۆ رووخانی ئەم رژێمە بێ هاوتایە لە ناوچەكەدا، بەڵام ئەوەی زۆر گرنگ بوو لە دوای پرۆسەی ئازادی ئێراقەوە و رێچكەگرتنی ئەم وڵاتە لەسەر پرەنسپیەكانی دیموكراسیەت و گەڕاندنەوەی ماف بۆ مافخوراوەكان و سزادانی تاوانباران وەك بەگەردنكردنی ئەو پرۆسانە بوونە هۆی لەناوبردنی نەتەوەیەك، هیچ كاتێك كورد و سەركردایەتیەكە حەز و مەیلان بۆ تۆڵەسەندنەوە نەبووە، ئەوەندە مەیلیان بۆ دادپەروەری و یەكسان و گەڕاندنەوەی ماف بووە بۆ مافخوراوەكان، بڕیاری لەسێدارەدانی سەددام حوسێن توانی بەشێك لە زامەكانی نەتەوەیی كورد كەمبكاتەوە، بەڵام گرنگتر بڕیارەكەی دادگای باڵای تاوانەكانی ئێراقە كە بەسەر عەلی حەسەن مەجید ناسراو بە عەلی كیمیاویی و لە سێدارەدانی سەپێنرا، ئەم هەنگاوە یاخود ئەم بڕیارە ئەوەندی دەمانگەیەنێتە ئاستی یەكسانی و ئێراقی دیموكراسیەت ئەوەندە خەیاڵمان یاخود مەیلمان بۆ تۆڵەسەندنەوە نابات، چونكە ئەگەر تۆڵە بێت ئەوان خوێن و قوربانیانی كارەساتەكانی ئەنفال و هەڵەبجە كە خودی عەلی حەسەن مەجید جێبەجێكاری بوو بە بڕیارێكی لە سێدارەدان ناتوانێ قەرەبووی بكاتەوە، تەنیا ئەوەندە نەبێت ئێمە لەرووی سیاسی و مرۆیی و ناساندنی تاوانێكی بێهاوتا سەركەوتین و ئیرادەمان لە دادپەروەری و یەكسانیدا بۆ خۆمان و بۆ دەرەوەش سەلماند، ئەمڕۆ گەلی كورد و تەواوی گەلانی ئێراق دڵنیا بوونەوە جارێكی دیكە هێزێك ناتوانێ ناسنامەی گەلێك و نەتەوەیەك بسڕێتەوە و تاوانی گەورە دژی مرۆڤایەتی ئەنجامبدات، وەك ئەوەی بەعسی رووخا و سەددام و عەلی حەسەن مەجید بەرامبەر بە نەتەوەكەمان كردیان، ئەمڕۆ زیاتر كورد پێداگیری لەسەر ئەم جۆرە مافانە دەكاتەوە و ئەركێكی گەورەش دەخاتە ئەستۆ حكوومەتی ئێراقی بۆ ئەوەی لەرووی پیادەكردنی دەسەڵاتەكانەوە مافەكانمان زامنتر بكەین، لە سێدارەدانی عەلی حەسەن مەجیدی تاوانباری گەورەی پرۆسەی لە ناوبردنی مرۆڤایەتی لە ئێراق، هەنگاوێك بەرەو دیموكراسیەت و یەكسان و دادپەروەری ئێراق دەگەیەنێتە كەناری ئارام بوون و ئێمەش وەك كورد دڵنیا دەبینەوە هێز نەماوە پرەنسیپەكانی مافی مرۆڤ و نەتەوەیەك لە ئێراقدا پێشێل بكات و دەنگمان دەخەینە پاڵ دەنگی ئازادیخوازان و هەڵگرانی پەیامی دادپەروەری. هاوكات پەیامێكیشە بۆ هەموو ئەوانەی دان بەبوونی كورد نانێن و تاوانی بەرامبەر دەكەن.