ئێمه‌ شانازی به‌ دۆستایه‌تیتانه‌وه‌ ده‌كه‌ین"

شفق نيوز

سه‌رۆ‌ك وه‌زیرانه‌كانی به‌ریتانیا به‌ڕێزان، جۆن مێجه‌ر و تۆنی بلێر و گۆردن براونن.

له‌كاتی خۆیدا، من و سه‌ركرده‌‌كانی دیكه‌ی ئۆپۆزسیۆنی عیراق داوامان له‌ حكومه‌ته‌كه‌ی به‌ڕێز بلێر كرد یارمه‌تی عیراق بدات بۆ ڕزگاربوون له‌ چنگی دیكتاتۆری. ئێمه‌ش ئازایه‌تی و خۆبه‌ختكردنی سوپای به‌ریتانیا به‌رز ده‌نرخێنین.

ئێمه‌ زۆرمان چه‌شت به‌ده‌ست سه‌دام حسێنه‌وه‌ كه‌ ڕه‌نگه‌ زۆرێك له‌ كۆمه‌ڵگه‌ی نێوده‌وڵه‌تی له‌یادیان نه‌مابێت. ڕژێمه‌كه‌ی سه‌دام كۆمارێك بوو له‌ ترس كه‌ عیراقییه‌كانی سه‌رده‌بڕی و په‌لاماری وڵاته‌ دراوسێكانمانی ده‌دا. ‌ به‌ختمان هه‌بوو كه‌ ئه‌و ڕۆیشت و ‌ئێمه‌ش ده‌رفه‌تێكمان هه‌یه‌ كۆمه‌ڵگه‌ی خۆمان سه‌رله‌نوێ بنیات بنێینه‌وه‌.

عیراق یه‌كێكه‌ له‌ مۆڵگه‌ مێژووییه‌كانی شارستانیی نوێ. كاره‌سات له‌وه‌دابوو كه‌ سه‌دام هه‌موو تواناكانمانی به‌ هه‌ده‌ر ده‌دا له‌پێناو مه‌رامه‌كانی خۆیدا‌.

ئێستا كه‌ سه‌دام ڕۆیشتووه‌، ده‌رفه‌تێكی مه‌زنمان هه‌یه‌ بۆ كۆنترۆڵكردنی ده‌یان ساڵ له‌ گۆشه‌گیری تا بتوانین په‌یوندییه‌كانمان له‌گه‌ڵ كۆمه‌ڵگه‌ی نێوده‌وڵه‌تیدا بنیات بنێینه‌وه‌. هه‌ڵبژاردنه‌ په‌رله‌مانییه‌‌كه‌مان كه‌ بۆ جاری دووه‌م له‌  7ی مارتدا به‌ڕێوه‌ ده‌چێت، ده‌رفه‌تێكمان ده‌داتێ بۆ پته‌وكردنی دیموكراسییه‌ گه‌شه‌كردووه‌كه‌مان و ئه‌وانه‌ش په‌راوێز بخه‌ین كه‌ چه‌ك و بۆمب دژی خه‌ڵكی خۆمان به‌كاردێنن.

ئێمه‌ وه‌ك میلله‌تێك، سۆزێكی زۆرمان هه‌یه‌ بۆ به‌ریتانییه‌كان و زۆریش‌ جێی بایه‌خن بۆ ئێمه‌؛ و هه‌وڵی زۆر ده‌ده‌ین له‌پێناو په‌یوه‌ندییه‌كی قووڵی دوورمه‌ودا و به‌رفراوان له‌گه‌ڵ سیاسه‌تمه‌دار و ئه‌كادیمی و گروپه‌ وه‌رزشییه‌كان و كۆمپانیا بازرگانیه‌كانتاندا.

له‌ڕاستیدا ئێمه‌ وڵاتێكی ده‌وڵه‌مه‌ندین، به‌ڵام سه‌روه‌تێكی كه‌ممان بۆماوه‌ته‌وه‌. توانای كۆمپانیا بازرگانییه‌ به‌ریتانییه‌كان به‌رزهه‌ڵده‌سه‌نگێنین بۆ واڵاكردنی سه‌رچاوه‌كانمان له‌ڕێی وه‌به‌رهێنان و مامه‌ڵه‌كردنی بازرگانی له‌گه‌ڵماندا. عیراق به‌ره‌و كرانه‌وه‌ی زیاتری بازرگانی ده‌ڕوات، كه‌ ئامرازێكه‌ شێوازێكی گوزه‌رانی باشتر به‌ میلله‌ته‌كه‌مان ده‌به‌خشێت كه‌ هه‌وڵی بۆ ده‌دات و شایسته‌یه‌تی.

هه‌روه‌ها له‌ به‌رژه‌وه‌ندی به‌ریتانیا ده‌بێت‌ ئه‌گه‌ر په‌ره‌ به‌‌ په‌یوه‌ندییه‌كانی نێوانمان بدات. ئێمه‌ شانازی پێوه‌ ده‌كه‌ین‌ دۆستتان بین و هیوادارم ئێوه‌ش هه‌میشه‌‌ دۆستمان بن و پێكه‌وه‌ كار بكه‌ین له‌پێناو به‌رژه‌وه‌ندییه‌ هاوبه‌شه‌كانی مرۆڤایه‌تیدا.