كشانه‌وه‌ی سوپای ئه‌مریكا تاكتیكه‌ یان ستراتیژ؟

شفق نيوز

ململانی له‌گه‌ڵ هێزه‌كانی تری دونیادا، به‌پێی ئه‌و هێزه‌ی هه‌یه‌تی توانی مۆركی خۆی له‌ زۆرێك وڵاتی دونیا بدات، چی له‌ ڕووی سیاسی یان سه‌ربازی یان ئابووری یان كولتووری، ڕۆژ به‌ڕۆژ له‌گه‌ڵ گه‌شه‌سه‌ندنی ئابووری جیهان و به‌گڵۆباڵ بوونی جیهان، ئه‌مریكاش گه‌شه‌ی سه‌ندو به‌ پێی ئه‌و ئیستراتیجیه‌ی كه‌ بۆ خۆی دایناوه‌، له‌ هه‌ندێ شوێنی جیهان حاكم بێت و له‌ هه‌ندێكی پۆلیس و له‌ هه‌ندێكیشی فریادڕه‌س بێت، تێكۆشاوه‌وه‌ كاریشی بۆ كردووه‌ و ئیمكاناتیشی بۆ سه‌رف كردووه‌.

یه‌كێ له‌و شوێنانه‌ی دونیا كه‌ ئه‌مریكا ویستویه‌تی حاكمیه‌تی بكات، گرنگنترین شوین له‌ جیهاندا ئاماژه‌ی بۆ ده‌كرێت و به‌ دڵی جیهان ناوزه‌ند ده‌كرێت ڕۆژهه‌ڵاتی ناوین و عیراقه‌.

ئه‌مریكا بۆ ئه‌وه‌ی بێته‌ عیراق و حاكمیه‌ت و سیاسه‌ته‌كانی خۆی له‌ ناوچه‌كه‌دا په‌یڕه‌وبكات، ساڵانێكی دوور و درێژه‌ كاری بۆ كردووه‌، به‌ ملیارات دۆلاری بۆ خه‌رج كردووه‌.

ئه‌مریكا ئه‌توانین بڵێین پێش كۆتایی سه‌ده‌ی ڕابردوو  وه‌كو چاودێرێك له‌ هه‌ندێ جێگاش ده‌ست تێوه‌ردانی بچووكی بووه‌ بۆ ڕۆژهه‌ڵاتی ناوین، به‌ڵام له‌ دوای هه‌زاره‌ی دووه‌مه‌وه‌ ئیتر ڕاسته‌وخۆ ده‌ستێوه‌ردانی ڕۆژهه‌ڵاتی ناوینی كردووه‌ و به‌ داگیركردنی عیراق ئه‌و ئیستراتیجیه‌ی جێبه‌جێكرد، واتا خۆی گه‌یاندا دڵی جیهان و كونترۆڵی كرد، له‌گه‌ڵ داگیركردنی عیراق هێزێكی سه‌ربازی زۆری هێنایه‌ ناوچه‌كه‌، به‌هاتنی ئه‌م هێزه‌ زۆر گرفت بۆ ئه‌مریكا دروستبوو، ئه‌و دۆسیانه‌ی كه‌ جاران له‌ دووره‌وه‌ مامه‌ڵه‌ی له‌گه‌ڵدا ئه‌كرد هه‌ندێكیشی داخراوبوون، ئه‌مڕۆ كرایه‌وه‌ و له‌نزیكه‌وه‌ یاخود ڕۆژانه‌ ئه‌بێ مامه‌ڵه‌ و هه‌ڵسوكه‌وتیان له‌گه‌ڵدا بكات، له‌وانه‌ (سوریا، حزبوڵڵا، كێشه‌ی حه‌ماس ئیسرائیل، ئێران، پاكستان، ئافغانستان، قاعیده‌، كێشه‌كانی بازاڕی نه‌وتی جیهان، غازی سروشتی ئاسیا و ڕوسیا بۆ ئه‌وروپا)، ئه‌مانه‌ هه‌مووی دۆسییه‌ی كراوه‌ن بۆ ئه‌مریكا، به‌ ئاسانی ناتوانی دایانخات یان جێیان بهێڵێت.

ئه‌مانه‌ی باسمانكرد هه‌موویان ڕاسته‌وخۆ په‌یوه‌ندییه‌كی به‌هێزیان هه‌یه‌ به‌ كشانه‌وه‌ی سوپای ئه‌مریكا له‌ عیراق، واتا ئه‌گه‌ر ئه‌مریكا هێزه‌كه‌ی بكشێنێته‌وه‌ ئه‌وا ئه‌بێت ئه‌و هه‌موو دۆسیانه‌ به‌جێبهێڵێت و جارێكیش چاره‌سه‌ر نه‌كراوه‌، هیچ نه‌بێ بۆ ئه‌مریكا.

به‌پێی ئه‌م ده‌رئه‌نجامانه‌ لۆژیكی نییه‌ ئه‌مریكا جێیان بهێڵێت و بكشێته‌وه‌، به‌تایبه‌ت له‌ ڕووی سه‌ربازی و سیاسیه‌وه‌، له‌كاتێكدا ئێران و قاعیده‌ جارێ دوژمنی سه‌ره‌كی ئه‌مریكان له‌ جیهاندا و به‌هێزیشن، به‌پی چاودێران ئه‌م دوو هێزه‌ش تا ڕاده‌یه‌كی باش له‌ پشت دۆسێیه‌كانی ئه‌مریكاوه‌ن و به‌پێی توانای خۆیان نایه‌ڵن ئه‌مریكا تیایدا سه‌ركه‌وتن به‌ده‌ستبێنی، چونكه‌ سه‌ركه‌وتنی ئه‌مریكا له‌م ناوچه‌یه‌ نه‌مانی ئه‌وانه‌ و به‌ پێچه‌وانه‌شه‌وه‌ ڕاسته‌.

ئه‌مریكا بۆ به‌ره‌نگاربوونه‌وه‌ی ئه‌م دوو نه‌یاره‌ی خۆی چه‌ندین ئیستراتیجیه‌ت و تاكتیكی ئاماده‌كردووه‌ و ڕێوشوێنی خۆی هه‌یه‌ بیانگرێته‌به‌ر، كشانه‌وه‌ی سوپای ئه‌مریكاش به‌ ته‌واوه‌تی له‌ عیراق یه‌كێكه‌ له‌و تاكتیكانه‌ی ئه‌مریكا، به‌تایبه‌ت له‌م هه‌لومه‌رجه‌ی كه‌ عیراق تیایه‌ ده‌ربازده‌بی.