شه‌فه‌ق ڕۆژى ئافره‌تانى جیهان به‌رز ڕاده‌گیرێت

شفق نيوز

مۆسیقا و هه‌ڵپه‌ڕكێى كوردى بوو، ده‌زگاى ڕۆشنبیرى و بڵاوكردنه‌وه‌ى كوردى فه‌یلى (شه‌فه‌ق) هه‌ستا به‌سازدانى ئاهه‌نگێكى خنجیلانه‌ به‌ بۆنه‌ى ڕۆژى هه‌شتى مارس، ڕۆژنى جیهانى ئافره‌تان به‌ دروشمى (ئافره‌تان گوڵى ژیانن)، به‌ ئاماده‌بوونى چه‌ندین كه‌سایه‌تیه‌كى كۆمه‌ڵایه‌تى ونوێنه‌رانى ڕێكخراوه‌ مه‌ده‌نیه‌كان و چالاكوانانى داكۆكیكه‌ر له‌ مافى ژنان و ژماره‌یه‌ك ڕۆناكبیر و ڕۆژنامه‌نووس و به‌ئاماده‌بوونى كارمه‌ندانى ده‌زگاى شه‌فه‌ق و چه‌ندین میوانى دیكه‌.

له‌ سه‌ره‌تاى ئاهه‌نگه‌كه‌ خاتوو سامیه‌ عه‌زیز فه‌یلى ئه‌ندامى پێشووى په‌رله‌مانى عیراق له‌ میانى وته‌یه‌كى كورتدا پیرۆزباییه‌كى گه‌رمى خۆى ئاڕاسته‌ى هه‌موو ئافره‌تانى جیهان به‌گشتى و عیراق و كوردستان وئافره‌تانى كوردى فه‌یلى به‌تایبه‌تى كرد، و ئاماژه‌ى دا به‌ خه‌بات وتێكۆشان و قوربانیدانى ئافره‌تان.

له‌ وته‌كه‌یدا گله‌یى و گازنده‌ى خۆى ئاڕاسته‌ى لێژنه‌ى مادده‌ى 140ى ده‌ستوورى عیراقى كرد؛ كه‌ به‌م دویاییه‌ بڕیارى داوه‌ كه‌ هه‌موو كۆچپێكراوان و كۆچبه‌رانى كوردى فه‌یلى قه‌ره‌بوو بكرێنه‌وه‌، به‌ڵام ئه‌و ئافره‌تانه‌ له‌م قه‌ره‌بووه‌ دوور خستۆته‌وه‌ كه‌ ته‌ڵاق دراون یان بێوه‌ژنن یان گه‌وره‌كچن، و ئه‌م بڕِیاره‌ به‌ بریارێكى زاڵمانه‌ وه‌سفكرد و وتى ئه‌و ئافره‌تانه‌ شایه‌نى زیاتر قه‌ره‌بووكردنن چونكه‌ ناچاركراون كۆتایى به‌ژیانى هاوسه‌گیرى خۆیان بێنن و جگه‌رگۆشه‌كانیان به‌جێبێڵن به‌ پێى بڕیارێكى ڕژێمى به‌عسى پێشوو به‌به‌هانه‌ى (ته‌به‌عیه‌ت)، داواشى له‌ لێژنه‌كه‌ كرد ئه‌م بڕیاره‌ هه‌موار بكات بۆ ئه‌وه‌ى چیدى ئافره‌تانى كوردى فه‌یلى له‌وه‌زیاتر هه‌ست به‌ زوڵم و سته‌م نه‌كه‌ن.

پاشان هاوكار جه‌مال ئه‌ركه‌وازى هه‌ستى خۆى به‌رامبه‌ر به‌و بۆنه‌یه‌ و بۆ به‌قه‌در زانینى ئافره‌تان كه‌ به‌ نیوه‌ گه‌وره‌كه‌ى كۆمه‌ڵگه‌ زانى، پارچه‌ شیعرێكى خوێنده‌وه‌.

 

خاتوو سوندس میرزا به‌رێوه‌به‌رى كارگێڕى و دارایى ده‌زگاى شه‌فه‌ق به‌ناوى خۆى و سه‌رۆكى ده‌زگا و هه‌موو كارمه‌ندانى ده‌زگاى شه‌فه‌ق وته‌یه‌كى پێشكه‌شكرد، تێیدا ئافره‌تان به‌ به‌هار و گوڵى ژیان چوواند و داواى له‌ هه‌موان كرد كارى پێكه‌وه‌یى بكه‌ن بۆ ڕزگاربوون له‌هه‌ندێك كلتوورى به‌جێماو كه‌ سووكایه‌تى به‌ ئافره‌تان و ڕۆڵیان ده‌كات له‌ ژیانى كۆمه‌ڵگه‌؛ بۆ ئه‌وه‌ى به‌یه‌كه‌وه‌ بتوانین ژیان به‌ره‌و ئاقارێكى نوێ ببه‌ین كه‌ یه‌كسانى و دادپه‌روه‌رى و مافى مرۆڤى تێیدا ده‌سته‌به‌ر بكرێت.

 

پاشان ئاهه‌نگه‌كه‌ به‌ گۆرانى و هه‌ڵپه‌ركێى كوردى ڕازایه‌وه‌ و چه‌ن ساتێكى خۆش و شاد به‌سه‌ربرا.

 

ماجد سوره‌مێرى