به‌غدا چى له‌ كورد ده‌وێ؟

عه‌لى  حسێن فه‌يلى

شه‌فه‌ق نيوز/ سه‌د ساڵه‌ ده‌ستدرێژى به‌رده‌وامه‌، له‌ نيوه‌ى يه‌كه‌ميدا ئيسرائيلێك هه‌ر نه‌بوو تا كورد تاوانبار بكرێ به‌ جێبه‌جێكارى سياسه‌ته‌كاني، ئه‌مريكايه‌كى  ئيستعمارگه‌رهه‌ر نه‌بوو كه‌ ئێمه‌ تاوانبار به‌ نه‌وكه‌رى بكرێين!! ئه‌ى بۆ زوڵممان لێ كرا؟

هه‌رچى جۆرى تاوان و چه‌كى كۆمه‌ڵ كوژو سياسه‌تى شۆفێنيه‌ دژمان‌ به‌ كار هێنرا،ئه‌و كات هه‌موو ئه‌و وڵاتانه‌ كه‌ مافى كورديان پێشل ده‌كرد نه‌وكه‌رو به‌كرێگرته‌و جێبه‌جێكارى سياسه‌تى ئيستعماربوون و هه‌ن ، كه‌چى كورد تاوانبار ده‌كرا و ده‌كرێ!  مه‌سه‌له‌ مه‌سه‌له‌ى چه‌وساندنه‌وه‌ى ميلله‌تێكه‌ كه‌ ، نايه‌وێ حكومه‌تێكى ميليتاريستى و شۆفێنى حوكمى عيراق بكات ، ئه‌ى بۆ په‌يامه‌كه‌ هێشتا نه‌گه‌يشتۆته‌ به‌غدا و ئه‌وانه‌ى وه‌ك ئه‌و بير ده‌كه‌نه‌وه‌؟! سه‌ير ئه‌وه‌يه‌ خاوه‌نى ئه‌م شێوازى بيركردنه‌وه‌يه‌ ،‌ لاى وايه‌ هه‌ميشه‌ هه‌ق به‌ده‌ستى به‌غدايه‌!  له‌ خۆيان ناپرسن ‌ هۆكارى راسته‌قينه‌ى پێك نه‌هاتنى كوردستان و عيراق  چييه‌؟!هۆكارى سه‌رهه‌ڵدانى په‌يتا په‌يتاى قه‌يرانه‌كان كامانه‌ن ؟! ئه‌م به‌رێزانه‌ هه‌رگيز ئه‌و پرسياره‌يان له‌ خۆيان كردووه‌ كه‌ بۆ به‌غدا به‌رده‌وام داواى به‌ڵێن و په‌يمان له‌ كورد ده‌كات ؟ ئه‌ويش نه‌ ئه‌و به‌ڵێن و په‌يمانه‌ى كه‌ كورد ده‌ستوه‌ردان له‌ كاروبارى ناوخۆى به‌غدا نه‌كات ، به‌ڵكو  به‌ڵێن و په‌يمانێكى ده‌وێ كه‌ ‌ له‌ تخوبى سياسه‌تى شۆفينى ئه‌و ده‌رنه‌چێ  و ميلله‌ته‌كه‌مان بۆ هه‌ميشه‌ ژێر ده‌سته‌ بێ ؟!! ئه‌مه‌يان ئه‌گه‌ر كۆلۆنياليزمێكى كاڵفامانه‌ و چه‌واشه‌كاريه‌كى سه‌رده‌ميانه‌ نه‌بێ، ئه‌ى چيه‌ ؟!

 

له‌ كاتێكدا هه‌ڕه‌شه‌كان   هه‌ميشه بۆنى شه‌ڕيان لێ دێ، هێندێ به‌ ناو كارناس و لێكۆڵه‌ر و شاره‌زاى سياسى كورد سه‌باره‌ت به‌ گفتوگۆ و دانوستان له‌گه‌ڵ به‌غدا وه‌ها قسه‌ ده‌كه‌ن كه‌ گوايا سياسه‌ت ته‌نيا يه‌ك ديوى هه‌يه‌ ئه‌ويش   تۆران و ئاشت بوونه‌وه‌يه‌، بێ ديارى كردن و چاره‌سه‌رى كێشه‌ و ده‌سته‌به‌رى ماف .  خۆكورد له‌ به‌غدا نه‌تۆراوه‌و و به‌غدا ناتوانێ نكۆڵى له‌و هه‌موو بڕيارو كرداره‌ ناڕه‌وايه‌ى خۆى بكات، ئه‌ى ئه‌م جۆره‌ كه‌سانه‌ بۆ لۆمه‌ى سياسه‌تى كورديى و دژايه‌تى گه‌لى خۆيان ده‌كه‌ن؟! ئايا عيراق وڵاتێكى زوڵملێكراوه‌ و له‌  كورد ده‌پاڕێته‌وه‌ كه‌ غه‌درى لێنه‌كات ،يان به‌جێى نه‌هێڵێ؟! ئه‌مه‌ جێى سه‌ر سوڕمانه‌!

 

به‌ راده‌يه‌ك ئه‌م به‌رێزانه‌  له‌ بيرو شرۆفه‌ى دروستى سياسى و هه‌ستى نه‌ته‌وه‌يى به‌دوورن كه‌ نه‌ته‌نيا رابردووى داگيركه‌ران و سياسه‌ته‌كانى به‌غدايان له‌بير كردووه‌ ، به‌ڵكو ده‌ڵێن هه‌رێمى كوردستان  ده‌بێ به‌ هه‌ر نرخێك به‌غدا له‌ خۆى رازى بكات ! ئه‌ى ئه‌گه‌ر به‌غدا  رازى نه‌بوو كورد چى پێ ده‌كرێ ؟! به‌غدا  مل كه‌چى داخوازيه‌ ره‌واكانى گه‌لى كورد نه‌‌بێ و هه‌ميشه‌ به‌ راشكاوانه‌ هه‌ڕشه‌ى سه‌ربازى بكات و بڵێ بژارده‌ى جه‌نگ له‌سه‌ر مێزه‌‌، ئه‌وكات كورد ده‌بێ چى بكات؟ سه‌د ساڵه‌ ئه‌و پرسياره‌ وڵامێكى ئه‌رێنى وه‌رنه‌گرتووه‌ كه‌ ده‌كرێ بێ جه‌نگ و خوێنڕشتن مافه‌كان ده‌سته‌به‌ر بكرێن ،چونكو وڵامى ئه‌و چاره‌سه‌ره‌ ته‌نيا لاى به‌غدايه‌ وبه‌س. نه‌خۆى ده‌گۆڕێ و نه‌ دان به‌ گۆڕانكاريه‌كانى جيهان و ناوچه‌كه‌دا ده‌نێ. تا نهۆ نه‌مان بيستووه‌‌ به‌غدا به‌ڵێنى ئه‌وه‌ى داوه‌ كه‌ له‌ مافى‌ خۆمان پاشگه‌ز بين ، وه‌رچه‌رخان له‌ سياسه‌تى روو ئه‌دات و ئێمه‌  به‌ره‌و ئاقارى باش رێنوێنى ده‌كات ،  بارودۆخى كوردستان وه‌ك رومادى و فه‌لوجه‌و موسڵ و تكريت و له‌ كۆتايشدا وه‌ك ناوه‌راست و باشوورى عيراقى لێنايه‌ت ؟!

 

 ته‌نانه‌ت بێجگه‌ له‌ لايه‌نى سوننه‌، راستگۆكانى ناو هاوپه‌يمانى شيعه‌ پڕ به‌ده‌م هاوار ده‌كه‌ن سياسه‌تى به‌غدا روو له‌ ناوخۆو ده‌ره‌وه‌  تووشى نسكۆ هاتووه‌ وله‌ زۆنگاوى كێشه‌كان رۆ چووه‌ و  پێويستى به‌ سه‌نگ و پێگه‌ى  كورد هه‌يه‌ تا هاوسه‌نگى بكات.  پێچه‌وانه‌ى هه‌رزان فرۆشى ده‌ستكه‌وت و سه‌روه‌ريه‌كانى گه‌له‌كه‌مان له‌ لايه‌ن هێندێ كه‌س ولايه‌ن،  كوردستانى ‌ ئه‌مڕۆ  ده‌توانێ ئه‌و هاوسه‌نگييه‌ به‌دى بێنێ له‌ نێوان عه‌ره‌بى سوننه‌ وشيعه‌ ،  ده‌توانێ كليلى متمانه‌ بداته‌ ده‌ستى  پارته‌ سياسيه‌ دژبه‌ره‌كان ودواجاريش هه‌ر ئه‌وه‌ په‌ناگه‌ى كه‌مايه‌تيه‌ ئايينى و نه‌ته‌وه‌ييه‌كانه‌ له‌م گۆشه‌يه‌ى جيهان!! به‌رامبه‌ر به‌م هه‌موو به‌خشه‌نده‌ييه‌ به‌غدا چى به‌ كورد ده‌به‌خشێ، بێجگه‌ له‌وه‌ى كه‌ سه‌لماندوويه‌تى‌ له‌ هه‌ركێشه‌يه‌كى ناو هه‌رێمدا ، پشتى نا ئارامى ده‌گرێ!!  له‌ هه‌ر هه‌ڕه‌شه‌يه‌كى ناوخۆيى و ده‌ره‌كيدا ‌ ته‌ماشاچييه‌‌ و به‌هه‌رشێوازێك و به‌ هه‌ر نرخێك ته‌نيا ده‌خوازێ  كوردستان  سه‌ردانوێنێ وحكومه‌تى هه‌رێم بگه‌ڕێته‌وه‌ بۆ باوه‌شه‌ تاريكه‌كه‌ى ئه‌و پايته‌خته‌ى‌ كه‌ داهاتووه‌كه‌ى نادياره‌. ده‌خوازێ به‌ دونياى رابگه‌ێنێ  كورد هه‌ڵه‌ن  و ئه‌وان له‌سه‌ر هه‌قن.

 

 له‌وه‌ تێده‌گه‌ين كه‌ گفتوگۆ له‌ ژێر هه‌ڕه‌شه‌ و گوشار  پيشه‌ى حكومه‌ته‌كانى عيراقه‌ ‌و گه‌ڕانه‌وه‌ى كورد بۆ به‌غدا له‌سه‌ر شێوازى كۆن ئاو له‌ هاوه‌ن كوتانه‌!! به‌ڵام له‌وه‌ تێناگه‌ين، بۆ هێندێ لايه‌نى سياسى و كه‌سانى سياسێنراو، له‌ جيات داواكردنى مافى ميلله‌ته‌كه‌يان و يه‌كسانى و دادگه‌رى  ته‌نيا له‌سه‌ر يه‌كپارچه‌يى خاكى وڵاتێك داكۆكى ده‌كه‌ن كه‌ بێجگه‌ له‌ مه‌ينه‌تى بۆ كورد هيچى تێدانيه‌ ؟!

عه‌لى حسێن فه‌يلى