فه‌يليه‌كان له‌ په‌خشان كۆڵن به‌ڵام ...

شه‌فه‌ق  نيوز

شفق نيوز/ له‌ دێر زه‌مانه‌وه‌ ئه‌و باوه‌ڕه‌ ريشه‌داره‌ كه‌ پێگه‌ى مرۆف ئه‌و ده‌مانه‌ بايه‌خداره‌ كه‌ به‌ ئازادى كارى خۆى هه‌ڵبژاردبێ و له‌م سونگه‌وه‌ شاعير و ئه‌ديبه‌كان پێشه‌نگى  بيرو به‌رهه‌مى ئازادن، بێگومان شاعير هێنده‌ رێز له‌ خۆى ده‌گرێ كه‌ به‌ جوانترين وشه‌و ره‌سته‌و ته‌عبير بچێته‌ پێشوازى ميوانى خوانه‌كه‌ى و تايبه‌تمه‌نديى دياريىشى ئه‌وه‌يه‌ بێده‌نگى هه‌ڵنابژيرێ چونكو ده‌خوازێ بانگ بۆ خه‌ياڵ وبڕواى رادێرێ

 

ئه‌وه‌ مرۆفى ‌ ترس له‌ زگه‌ كه‌ ره‌خنه‌ ده‌گرێ وه‌ ئيلا  به‌هره‌دار،  به‌هره‌ ده‌به‌شێته‌وه‌ و فه‌يليه‌كان ئه‌گه‌ر له‌ په‌خشان  بێ ده‌نگ وروو له‌ زه‌واڵن  ، له‌ شيعردا  ره‌خنه‌يان لێ ناگيرى وه‌ك عه‌بباسى ئارام كه‌ هيچ كات  ترسى شيعر وتنى نه‌بوو و هێنده‌ ساماندارى وشه‌ى ره‌سه‌نى زاراوه‌كه‌ى  بوو كه‌ به‌رده‌وام له‌ نێوان خۆى و شيعردا تابلۆى ته‌بايى هه‌ڵده‌واسى

 

باسه‌كه‌ لێره‌دا ده‌ست پێ ده‌كات كه‌  محه‌مه‌د جه‌ليل به‌هادرى له‌ شاعيره‌ ناسراوه‌كانى ئيلام سه‌باره‌ت به‌ دۆخى ئه‌ده‌بياتى كوردى  له‌ ئيلام پيداگرى ده‌كات كه‌ ‌ زمان و ئه‌ده‌بياتى كوردى باشوور(فه‌يلى) له‌ لێوارى ئاوابووندايه‌ و ئه‌وانه‌ى كه‌ له‌بانكه‌لى ئه‌م ئاوا بوونه‌دا وه‌ستاون هه‌ر خۆمانين، چونكو خۆمان خاوه‌نى ئه‌م سامانه‌ين و ده‌بێ ئه‌وه‌ له‌بير نه‌كه‌ين كه‌ زمان و ئه‌ده‌بياتى كوردى كاتێك  زيندووه‌ كه‌ له‌ كوچه‌ و كۆڵانو ناو ماڵان قسه‌ى پێ بكرێ ! مخابن ئه‌مرۆ زۆربه‌ى خه‌ڵكى ئێمه‌ به‌ زمانى كوردى واته‌ زمانى دايك نائاخفن و ئه‌گه‌ر دۆخه‌كه‌ وه‌ها بچێته‌ پێش ده‌بێ فاتيحه‌ بۆ ئه‌م  زمان وئه‌ده‌بياته‌ بخوێنين چونكو كتێب و نووسراو له‌م بواره‌دا به‌ زمانى كوردى يان نيه‌ يان زۆر كه‌مه‌ ،بێگومان كاتى ئه‌وه‌ هاتووه‌  بايه‌خ به‌ نووسه‌رو شاعيرو ‌ به‌رهه‌مه‌ به‌ كوردى نووسراوه‌كان بدرێ

 

هه‌ر له‌م ده‌رفه‌ته‌دا به‌هادرى لاى وايه‌ واتاى شيعره‌كانى شاعيرى ناسراوى فه‌يلى، عه‌بباسى ئارام و قورساييان زۆرتر ئه‌و شيعرانه‌ن كه‌ باسى ناسه‌قامگيرى دۆخى ئاده‌ميزاد له‌ ژيان و  خۆشيه‌كانى ژيانى رابردوو ده‌كه‌ن، هه‌ر ئه‌ويشه‌ كه‌ تێكهه‌ڵكيشى يادو باسى ناوداران و واتا كۆمه‌ڵايه‌تى و ئايينيه‌كانى كردووه‌،‌ به‌ تێكڕا به‌هادرى دڵنياشه‌ له‌ واتا كۆمه‌ڵايه‌تيه‌كاندا  شاعير سه‌ره‌داوى حه‌سره‌ت و ماته‌م ئه‌دا به‌ ده‌ست خوێنه‌رى خۆى

 

هه‌ر ئه‌و ده‌ڵى : شاعير له‌ روانگه‌ى شيعرو ئه‌ده‌بيات ساده‌و خۆماڵى و خۆمانى ژياو  هه‌ر ئه‌وه‌ش ره‌نگاڵه‌ و ره‌نگ رێژى به‌رهه‌مه‌كانيه‌تى ، ئه‌وه‌ى ئه‌زموونيه‌تى به‌ زمانێكى ساده‌و پاراو له‌ قاڵبى (مثنوي) دا ده‌يدركێنێ كه‌ وه‌ك چه‌كێكى كاراو به‌ بڕشت په‌يامى خۆى به‌ گويێ ئێمه‌دا چرپاندووه‌

 

دكتور به‌هروز سپيد نامه‌‌ شاعيرێكى ديكه‌ى كوردى فه‌يلى له‌ باسى شيعره‌كانى ئارامدا ده‌ڵێ: مرۆف پێناسه‌كراوه‌ و زه‌مان و مه‌كان ديارى كراوه‌ و خواش به‌ گه‌وره‌يى خۆى بوونى هه‌يه‌ و شوناس وهويه‌تى به‌خشيوه‌ته‌ سروشت ، ئه‌و ده‌م كه‌ بۆ خوێنه‌ر كات و شوێن پێناسه‌ كرا، واتايه‌كى ديكه‌ى پێ ده‌به‌خشێ به‌ تايبه‌ت سه‌باره‌ت به‌ سروشتى ئيلامى فه‌يلى

 

به‌ بڕواى به‌هروز عه‌باسى ئارام له‌ سه‌ركه‌وتووترين شاعيرانى كوردى وێژى ئيلامى هاوچه‌رخ بووه‌‌ و هۆكارى سه‌ركه‌وتنيشى ده‌گه‌ڕێته‌وه‌ بۆ تێكه‌ڵاوى و هه‌بوونى په‌يوه‌ندى توندو تۆڵ له‌ گه‌ڵ گشت چين و توێژه‌كانى كۆمه‌ڵ و شيعره‌كانى له‌ ياده‌وه‌رى خه‌ڵكدا ماخولانيه‌تى و هاوتاو يه‌كسانه‌ له‌ گه‌ڵ ئه‌وه‌ى شاعير  وتويه‌تى و ئه‌وه‌ى مه‌ردم ده‌يڵێنه‌وه‌

 

له‌ بير نه‌كه‌ين مامۆستا زاهر سارايى كه‌ له‌ پيشه‌نگه‌كانى ئه‌ده‌بياتى كوردى باشووره‌ و خاوه‌نى خامه‌و به‌رهه‌مى يه‌كجار ناوازه‌يه‌  به‌ هۆى ئه‌وه‌ى كه‌ له‌گه‌ڵ شاعيردا هاو ده‌م و هاونشين بووه‌ و توانيويه‌تى به‌ كۆ كردنه‌وه‌ى ئه‌و شيعرانه‌ و نووسينى پێشه‌كيه‌كى به‌ پێزتر له‌ پێشه‌كى ، هه‌و‌رازى سه‌ختى خۆره‌تاوى  تێگه‌يشتن بۆ خوێنه‌رى ئه‌م شيعرانه‌ بكاته‌ نشيوى لا نسارى چێژ وه‌رگرتن

 

محه‌مه‌د جه‌ليل به‌هادرى له‌م  باره‌وه‌ هاوڕامانه‌ كاتيك  ده‌ڵێ: مامۆستا زاهيرى سارايى به‌  كۆ كردنه‌وه‌ى شيعره‌كانى خوالێخۆشبووعه‌بباسى ئارام  ‌و ده‌ست نيشانكردنى چه‌مكه‌كانى و له‌ چاپ دانيان  نه‌مرى دووباره‌ى به‌و شاعره‌و به‌رهه‌مه‌كاني به‌خشيوه‌، چونكو وه‌ك سه‌رچاوه‌يه‌كى جێ متمانه‌ و پڕ له‌ زانيارى سه‌باره‌ت به‌ ئه‌ده‌ب و ويژه‌ى كوردى به‌ زاراوه‌ى فه‌يلى بۆ ئه‌م جيله‌ و نه‌وه‌‌كانى داهاتوو‌ش دێته‌ ئه‌ژمار

 

دكتور به‌هروز سپيد نامه‌ش خاڵ ده‌خاته‌ سه‌ر دوا پيت و ده‌بێژێ:‌ كه‌سێك بێجگه‌ له‌ سارايى نه‌يده‌توانى هێنده‌ سه‌ر بنێته‌ سه‌رئه‌و هه‌ستو سوزه‌ خۆماڵيه‌ و راز له‌ هه‌گبه‌ى به‌رهه‌مه‌كانى شاعيرى گه‌وره‌ عه‌بباسى ئارام  ده‌ربينێ و به‌و جوانيه‌ خۆى تێبگات  و دواجار خوێنه‌ر تێبگه‌ينێ