چاره‌نووسی ئاك پارتی و كێشه‌ی كورد ‌

شفق نيوز

له‌سه‌ردمێكدا نه‌بوو كه‌هێزی به‌ره‌نگاریی چه‌كداریی كورد له‌توركیا له‌لووتكه‌ی گه‌شه‌و به‌ره‌وپێشچووندا بێت، به‌ڵكو له‌دوای قۆناغێكه‌وه‌ هات كه‌ئه‌و هێزه‌ پێی نابووه‌ قۆناغێكی هه‌ستیارو لاوازه‌وه‌و قۆناغێك بوو كه‌جۆرێك له‌هه‌ژموونی هه‌رێمایه‌تی رۆڵی هه‌بوو له‌پارچه‌ پارچه‌كردنی ئه‌و بزووتنه‌وه‌یه‌و دروستكردنی فره‌ جه‌مسه‌ریی بڕیاردان تێیدا، هه‌ربۆیه‌ ئه‌و سیاسه‌تی كرانه‌وه‌یه‌ له‌و قۆناغه‌دا له‌لایه‌ن پێكهاته‌ی كوردی ئه‌و ولاته‌و كه‌مینه‌كانی دیكه‌وه‌ به‌نیازپاكی خوێندرایه‌وه‌و ئاك پارتی له‌حزبی شاره‌وانییه‌كانه‌وه‌ كرده‌ حزبێك كه‌بۆ یه‌كه‌مجار دوای كێشمه‌كێشمی كێشه‌ی ئیئتیلافه‌كان له‌نه‌وه‌ده‌كانداو به‌تایبه‌ت له‌دوای ئۆزاله‌وه‌ توانیی حكومه‌ت به‌ته‌نیا پێكبهێنێت و هه‌رسێ سه‌رۆكایه‌تیی كۆمارو وه‌زیران و په‌رله‌مانی ئه‌و ولاته‌ بگرێته‌ ده‌ست، چونكه‌ هه‌موو ئه‌و پێكهاتانه‌و هه‌موو ئاشتیخوازان و دیموكراتخوازانی ئه‌و ولاته‌ له‌ده‌وری دروشمه‌كانی ئه‌و حزبه‌ كۆبوونه‌وه‌ به‌و هیوایه‌ی تیۆری چاكسازی و كرانه‌وه‌ پراكتیزه‌بكات.

له‌و ماوه‌یه‌شدا هێزی سه‌ربازیی بزووتنه‌وه‌ی كورد له‌و ولاته‌و هێزه‌ سیاسی و مه‌ده‌نییه‌كانیش له‌هه‌وڵی به‌رده‌وامدابوون بۆ فه‌راهه‌مبوونی زه‌مینه‌ی ئاشتی، به‌لام ئه‌وه‌ی تائێستا بووه‌ته‌ رێگر له‌پراكتیزه‌بوونی پرۆسه‌ی ئاشتیی نێوان ده‌وڵه‌ت و پێكهاته‌ی كوردو به‌د گومانیی بزووتنه‌وه‌ چه‌كدارییه‌كه‌ی كورد له‌و ولاته‌دا، زات نه‌كردنی ئه‌و پارته‌یه‌ له‌خۆده‌ربازكردن له‌و كۆتوبه‌ندانه‌ی كه‌ ماوه‌ی زیاتر له‌80 ساڵه‌ توركیا به‌ده‌ستییه‌وه‌ ده‌ناڵێنێت، ئه‌ویش داننانه‌ به‌كورددا وه‌ك نه‌ته‌وه‌، چونكه‌ وه‌ك نووسه‌ری به‌ناوبانگی تورك محه‌مه‌د نوره‌ددین ده‌ڵێت: (له‌دروستبوونی ده‌وڵه‌تی توركیاوه‌ دان به‌بوونی كورددا نه‌نراوه‌ وه‌ك نه‌ته‌وه‌و ئاشتیش نه‌هاتووه‌ته‌دی، باشه‌ با ده‌وڵه‌ت دانپێدانانیش تاقیبكاته‌وه‌).

ئه‌مه‌ جگه‌ له‌وه‌ی هێشتا ئاك پارتی كه‌سی به‌وتووێژكار وه‌رنه‌گرتووه‌ نه‌ بزووتنه‌وه‌ چه‌كدارییه‌كه‌ كه‌تائێستا نزیكه‌ی 20 جار ئاگربڕی راگه‌یاندووه‌و نه‌ هێزه‌ سیاسییه‌ مه‌ده‌نییه‌كانی به‌شدار له‌ژیانی سیاسیی ئه‌و ولاته‌شدا. بۆیه‌ ئێستا دوا تیرێك كه‌ به‌ده‌ست ئاك پارتی-یه‌وه‌ مابێت بیهاوێژێت، مه‌سه‌له‌ی راپرسییه‌ له‌سه‌ر ده‌ستوور كه‌ به‌سه‌ركه‌وتنی ئه‌و راپرسییه‌ له‌به‌رژه‌وه‌ندیی ئه‌جێندای ئاك پارتی هیوایه‌ك بۆ كرانه‌وه‌ی گرێكوێره‌كه‌ به‌دیده‌كرێت، به‌لام ئه‌گه‌ر راپرسییه‌كه‌ شكست بهێنێت و كوردی ئه‌و ولاته‌ش له‌چاره‌سه‌ری ئاشتیانه‌ی كێشه‌كه‌یان بێ ئومێدببن له‌سایه‌ی ئه‌و حزبه‌دا، ئه‌وا پێناچێت ئاك پارتی دوای له‌ده‌ستدانی سۆزی شه‌قامی كوردو كه‌مینه‌كانی دیكه‌ی ئه‌و ولاته‌ بتوانێت جارێكی دیكه‌ حكومه‌ت به‌ته‌نیا پێكبهێنێته‌وه‌و ئه‌و فه‌زایه‌ی بۆ بڕه‌خسێته‌وه‌ كه‌توركیا به‌تاموبۆیه‌كی ئیسلامیی مۆدێرنه‌وه‌ شانبه‌شانی ئه‌وروپاو ناوچه‌كه‌ رابگرێت و ده‌وڵه‌ته‌كه‌ش ئه‌و هاوسه‌نگییه‌ حساب بۆكراوه‌ی ئێستای بمێنێته‌وه‌.