مه‌غریب و "كرانه‌وه‌ی‌ به‌ڕووی‌ ئه‌مازیغییه‌كان"دا

شفق نيوز

چه‌وساندنه‌وه‌یان له‌ سه‌رده‌می‌ فتوحاتی‌ ئیسلامییه‌وه‌، سه‌ره‌نجام حكومه‌تی‌ مه‌غریب بڕیاریدا (كه‌ناڵێكی‌ ته‌له‌فزیۆنی‌) بۆ ئه‌مازیغییه‌كان بكاته‌وه‌. بێگومان هه‌نگاوێكی‌ له‌مجۆره‌ ئه‌گه‌رچی‌ مایه‌ی‌ هه‌ڵوه‌سته‌ له‌سه‌ركردنێكی‌ ئیجابییه‌، لێ‌ له‌هه‌مانكاتدا له‌ ئاستی‌ گشتی‌ و به‌پێوه‌ره‌ مرۆییه‌كان مافێكی‌ سه‌ره‌تایی‌ هه‌ر گه‌ل و نه‌ته‌وه‌ و كۆمه‌ڵێكه‌ بیه‌وێت به‌زمانی‌ خۆی‌ ڕۆژانه‌ی‌ ژیانی‌ موماره‌سه‌ بكات.

ئه‌مازیغییه‌كان له‌ مه‌غریب كه‌مه‌ نه‌ته‌وه‌ن و له‌سه‌رووی‌ ئه‌وانه‌وه‌ نه‌ته‌وه‌ی‌ "عه‌ره‌بی‌ باڵا" هه‌یه‌، ئه‌م باڵابوونه‌ له‌ سه‌ره‌تای‌ فتوحاتی‌ ئیسلامیه‌وه‌ ده‌ستپێده‌كات و بوون و ده‌سه‌ڵات و شوناسی‌ ئه‌مازیغییه‌كان كۆتایی‌ دێت و له‌وساوه‌ تائێستا به‌به‌رده‌وامی‌ له‌هه‌وڵی‌ به‌ده‌ستهێنانه‌وه‌ی‌ مافه‌كانیان بوون.

بوونی‌ نه‌ته‌وه‌ی‌ دووه‌م له‌ چوارچێوه‌یه‌كی‌ جوگرافی‌ ده‌ستكرددا وه‌ك ئه‌وه‌ی‌ كورد له‌ عیراقدا له‌ ئه‌نجامی‌ په‌یمانی‌ (سایكس-بیكۆ 1916) و دابه‌شكردنی‌ كوردستان، هه‌میشه‌ ڕووبه‌ڕووی‌ چه‌وساندنه‌وه‌ بۆته‌وه‌. ئه‌مه‌ وایكردووه‌ به‌رده‌وام دۆخێكی‌ ناجێگیر په‌یدابێت و ده‌یان كاره‌سات به‌دوای‌ خۆیدا بهێنێت.

نموونه‌كه‌ بۆ گه‌لی‌ كورد له‌ باشووری‌ كوردستان (هه‌رێمی‌ كوردستانی‌ عیراق) ڕوونتره‌ كاتێك ده‌بینیت له‌ ساڵی‌ 1988دا ڕووبه‌ڕووی‌ ئه‌نفالكردن و كیمیابارانكردن (دوو جینۆسایدی‌ گه‌وره‌ی‌ سه‌ده‌ی‌ بیسته‌م) ده‌بێته‌وه‌ و هه‌ڕه‌شه‌یه‌كی‌ گه‌وره‌ له‌ شوناس و كولتووری‌ ده‌كرا، ئێستاش كوردێك ده‌بێته‌وه‌ سه‌رۆك كۆماری‌ هه‌مان ده‌وڵه‌ت و له‌هه‌موو بواره‌كانی‌ سیاسی‌ و كۆمه‌ڵاتی‌ و ڕۆشنبیری‌ گه‌لی‌ كورد به‌ئاشكرا ژیان ده‌گوزه‌رێنێ‌.

ئه‌و نموونه‌یه‌ی‌ سه‌ره‌وه‌ ئه‌گه‌ر وه‌ك ده‌ره‌نجامی‌ شۆڕش دژی‌ دیكتاتۆریه‌ت قبوڵ بكرێت، ئه‌وا كردنه‌وه‌ی‌ كه‌ناڵێكی‌ ته‌له‌فزیۆنی‌ بۆ ئه‌مازیغییه‌كان گومان هه‌ڵناگرێت به‌وه‌ی‌ ده‌ره‌نجانی‌ شۆڕش و هه‌ڵێسانه‌ به‌رده‌وامه‌كانیانه‌.

ئه‌مازیغییه‌كان كه‌ نه‌ته‌وه‌یه‌كی‌ ڕه‌سه‌نی‌ باكووری‌ ئه‌فریقیان به‌وێنه‌ی‌ كورد ده‌وڵه‌تی‌ سه‌ربه‌خۆیان نییه‌، ساڵانێكی‌ زۆر خاوه‌ن هه‌یبه‌ت و ده‌سه‌ڵاتی‌ خۆیان بوون و به‌ئازادانه‌ موماره‌سه‌ی‌ مافه‌كانی‌ خۆیان كردووه‌، كه‌ ئه‌م كه‌ناڵه‌ش ده‌كرێته‌وه‌ ده‌بێته‌ سه‌ره‌تایه‌ك بۆ پرۆسه‌ی‌ زیندووكردنه‌وه‌ی‌ كولتووره‌كه‌یان و چه‌ند ده‌سه‌ڵاتدارانی‌ مه‌غریب زیاتر بڕوایان به‌دیموكراسی‌ و ئازادی‌ ئه‌وانی تر هه‌بێت، ئه‌وا هێنده‌ ئه‌و  كه‌مه‌ نه‌ته‌وه‌یه‌ به‌مافه‌كانیان ئاشنا ده‌بن.

ناكرێت كردنه‌وه‌ی‌ كه‌ناڵێكی‌ ته‌له‌فزیۆنی‌ بۆ ئه‌مازیغییه‌كان له‌ ده‌ره‌وه‌ی‌ چوارچێوه‌ی‌ ئه‌و زنجیره‌ گۆڕانكاریانه‌ دابنێین كه‌وا به‌شێوه‌یه‌كی‌ گشتی‌ له‌ ڕۆژهه‌ڵاتی‌ ناوه‌ڕاستدا ڕووده‌ده‌ن، له‌گه‌ڵ ئه‌وه‌شدا بۆ مه‌غریب له‌سه‌ر ئاستی‌ وڵاتانی‌ عه‌ره‌بی‌ هه‌نگاوێكی‌ ئیجابییه‌ و پێویسته‌ نرخی‌ بدرێتێ‌.