چەمکی نەتەوە و چەمکی دەوڵەت

د. سامان سۆرانى

ئەنجامدانی ڕیفراندۆم بۆ سەربەخۆیی لە هەرێمی كوردستان و هەرێمی كاتەلۆنیا لە کۆتایی

ساڵی ٢٠١٧ وەکو خواستێکی سەرەتایی و ڕەوای مرۆیی پشت ئەستوور بە مافە

گەردوونیەکانی گەلان ڕووبەڕوونوونەوە و کاردانەوەی حکومەتە ناوەندیەکانی عیراق و

ئیسپانیای لێکەوتەوە.

لە هەمان کاتدا ڕیفراندۆم کۆمەڵێ پرسیاری بەجێ هێشت سەبارەت بە چەمکی نەتەوە و

جیاوزی نێوان چەمکی نەتەوە و چەمکی دەوڵەت.

ئەو پرسیارانەی کە دەکرێن بریتین لە، نەتەوە چیە؟ ئایا نەتەوە نیشتمان پەروەریە؟ ئایا هۆز و

خێڵ و نەتەوە یەك مانایان هەیە؟ ئایا ئەم چەمکانە لەگەڵ چەمکی دەوڵەت یەك مانا دەدەن،

کام یەك لەوانە لە چوارچێوەی کلۆبالیزەیشن یەك دەگرنەوە لە ڕووی ماناوە؟ ئەی سنووری

سەروەری و نیشتمانیبوون چۆن درووست دەبێ؟

ئاشکرایە کەوا ئەم پرسیارانەی سەرەوە پێویستان بە توێژینەوە و وەڵامی یاسایی و لۆژیکیە.

لە ئەوروپادا هەندێ پێیان وایە هۆکاری دەرچوونی بریتانیا لە یەکێتی ئەوروپا ئاینی بووە،

بۆیە دەبینین برێنت نیلسۆن و جێمز گۆز لە کتێبەکەیان بە ناوی

Religion and the Struggle for European Union “ئایین و ململانێ بۆ یەکێتی

ئەوروپا"، کە لەساڵی ٢٠١٥ لە زانکۆی جۆرج تاون بڵاوبۆتەوە، باس لەوە دەکەن، کەوا

کاتۆلیکەکان هاندەری یەکبوون و پرۆتستانتەکان هاندەری پەرتەوازەیین.

لە ناو ئەزموونی ئەوروپادا پرۆتستانتەکان باوەڕیان بە دەوڵەتی نیشتمانی هەیە وەکو

بنەمایەك بۆ سیستەمێکی نێودەوڵەتی سەقامگیر.

ماکس ڤێبەر، کۆمەڵناسی ئەڵمانی، لە کتێبە بە ناوبانگەکەی ساڵی ١٩٠٥ لە ژێر ناونیشانی

"ئاکار ی پرۆتستانتی و روحی سەرمایەداری" بەهای کار بەرز دەنرخێنێ و دژ بە تایفەگەری

کاتۆلیکە لەناو ماڵی مسیحیەکان.

 

لە ئێستادا برێنت و جێمز بیرۆکەکانی ڤێبەر دەکەن بە بەشێ لە بیرۆکەی خۆیان و لە بواری

سیاسەتدا بەکاری دەهێنن، لە کاتێکدا کاتۆلیکەکان یەکێتی بە شتێ دەزانن، کە لەسەرووی

دەوڵەتی نیشتمانیە. ئەوان بۆ پشتڕاستکردنەوەی بۆچوونەکەیان نموونەی یەکێتی ئەوروپا

دەهێننەوە، کە بووە بە فاکتەرێکی گرینگ بۆ سەقامگیری سیاسی.

لە بەرامبەردا لە ناوچەی رۆژهەڵاتی ناوەڕاست ویلایەتی فەقیه هەیە، کە لە پێناو

دەستبەرکردنی "ئیمامەت" باوەڕی بە بیرۆکەی تایفەگەری و سەرووی دەوڵەت و کرداری

شۆڕشگێڕانە هەیە.

لە لایەکی ترەوە دەبینین ئیخوان موسلمینەکانی میسر باوەڕیان بەو خیلافەتەیە، کە پێشووتر

لە مێژوو بوونی هەبووە.

دیارە چەمکی دەوڵەتی نیشتمانی لە لای شیعە و سوننە پەرەسەندنی بەخۆیەوە نەبینیوە. ئەوە

نەخشەی سایکش پیکۆیە، کە بەسەر ناوچەی ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست سەپێندراوە، بە بێ ئەوەی

دانیشتوانی ناوچەکە بەشدار بن لە بڕیار بەش بەش کردنی ناوچەکەیان.

خوێندنەوەی سیاسی و فەرهەنگی ڕەفتاری نەتەوە و دەوڵەتەکان بە شرۆڤەکردنی هەردوو

چەمکی نەتەوە و دەوڵەت لە ڕێگەی فاکتەرە ئایدیۆلۆژیەکان، ئەوەی کەوا ئایین ستونێکە لە

ستونەکانی، ڕۆڵی گێڕاوە لە سەرهەڵدانی ڕەوتی ئاینی و فەرهەنگی و ڕەوتی نەتەوەیی.

هەندێ لایەن لەو باوەڕەدان، کەوا هۆکاری دەرچوونی بریتانیا لە یەکێتی ئەوروپا دەگەڕێتەوە

بۆ باڵادەستی ڕەوتی ڕاستی ئاینی، ئەو هەوڵەی، کە بریتانیا درا، لە فەرەنسا سەرنەکەوت،

پاش ئەوەی ماکرۆن لە هەڵبژاردنەکان دژ بە خواستی ڕەوتی ڕاستی ئاینی سەرکەوتنی

بەدەست هێنا.

بۆیە هەندێ لایەن گرەو لەسەر ئەوە دەکەن، کەوا ململانێ لەسەر شوناسی فەرهەنگی و ئاینی

لە ئەوروپا دەتوانێ ببێتە هۆکارێ بۆ لێكترازانی یەکێتی ئەوروپا.

لە شرۆڤەکردنی ئەو ڕووداوانەی، کە لە جیهان ڕوودەدەن پانتاییەکی خۆڵەمێشی لێڵ هەیە، بە

تایبەتی لەوەی، کەوا سەرکردە سەربازییەکان لە ئەمریکا دەستیان هەبووە لە

 

هەڵوەشاندنەوەی یەكیتی سۆڤیەتی پێشوو، کە ١٥ دەوڵەتی نوێی لێ کەوتەوە، یان لەوەی

جیکۆسلۆفاکیا بوو بە دوو کۆماری سەربەخۆ، یان لەوەی یۆغسلافیا حەوت دەوڵەتی لێ

درووست بوو، پاش ئەوەی خۆێنڕێژیەکی زۆر کرا، چونکە ئەو ناوچەیە هەر لە دێر زەمانەوە

ناوچەی ململانێ و ناسەقامگیری و هەڕەشە بووە. هۆکاری سەرەکی ململانێەکان جیاوازی

فەرهەنگ و ئایین بووە.

ئەگەر بگەڕێینەوە بۆ مێژووی ئیمپریالیزمی نوێ، دەردەکەوێ، کەوا لە ئێستادا ویستێکی زۆر

هەیە بۆ پێداچوونەوە یان داڕشتنەوەیەکی نوێی نەخشەکان. هەرچەند ئەم داڕشتنەوەیە

پێکدادان درووست دەکات لەگەڵ واقیعی سیاسی.

ئێمە دەزانین کەوا سنووری کوردستان پاش هەرەسهێنانی ئیمپراتۆریەتەکانی عوسمانی و

نەمساوی و هەنگاری و لە گەرمەی یەکەم جەنگی جیهانی هێشتا دیار و جێگیر بوو، بەڵام لە

پێناو بەرژەوەندی براوەکانی یەکەم جەنگی جیهانی كوردستان دابەشبوونێکی تری بە خۆیەوە

بینی.

دیارە پاش دووەم جەنگی جیهانی لە رێگەی ویلایەتە یەکگرتووەکانی ئەمریکا و یەکێتی

سۆڤیەت لە سەر ئاستی سیستەمی نێودەوڵەتی دوو جەمسەری درووست بوو، ناوچەی

ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست کەوتە ژێر کاریگەری هەژموونی ئەو دوو زلهێزە و ئیتر سەقامگیری بە

خۆیەوە نەبینی.

بیرۆکەی نەتەوە بە ڕووخانی کۆمۆنیستەکان ڕووبەڕووی ئاستەنگ بوو، ئەم بیرۆکەیە جارێکی تر

پاش قەیرانی دارایی ساڵی ٢٠٠٨ و بەرزبوونەوەی گرفتەکان لە وڵاتانی ڕۆژئاوا سەری هەڵدایەوە.

پرسیاری ئەوە دەکرا، ئایا سکوتلەندا ببێ بە دەوڵەتێکی سەربەخۆ؟ هەرچەند دەرئەنجامی ڕاپرسی

لە سکوتلەندا نەرێنی بوو، بە واتای ئەوەی خەڵکی ئەو وڵاتە لەگەڵ مانەوەیان بوون لە ژێر سایەی

سیستەمی پاشایەتی. هێشتا ئەم بابەتە کۆتایی نەهاتووە، چونکە خواستە نەتەوەییەکان دەکرێ لە

کاتی پێویست جارێکی تر بورووژێنرێنەوە.

 

قەیرانی ریفراندۆم لە کەتەلۆنیا پرسیارێکی سەبارەت بە چەمکی نەتەوە خستە ڕوو، ئایا

دەوڵەتەکانی ئەوروپای ڕۆژئاوا دەتوانن سەروەت و ئاستی بژێوی بەرزی هاوڵاتیانیان لە ناو

ئابووریەکی بە جیهانیکراو بپارێزێن، بێ ئەوەی هەوڵ بدەن، بۆ ئەوەی نەتەوەکان بەرەو

مەبەستێکی گەورەتر بەرن؟

بۆ وەڵامدانەوەی ئەم پرسیارە دەکرێ بگەڕێنەوە بۆ پێنج سەدە لەمەو پێش، ئەو کاتەی لێشاوێکی

سیاسی و ئابووری درووست بوو بوو. گەڕانەوە بۆ بنچینە خۆجێیەکان هاوئاهەنگە لەگەڵ

بەرزبوونی دیاردەی پۆپۆلیزمی، بەڵام لە کەتەلۆنیا ئەلبێرت ڕیڤێرا، کە ڕێبەری پارتی

Ciudadanos ی لیبرال و میانڕەوەکانە، دژ بە جیابوونەوەی کەتەلۆنیا بوو لە ئیسپانیا.

ئەو دەڵێ، کاتەلۆنیا نیشتمانمە و ئیسپانیا وڵاتمە و ئەوروپا ئایندەمانە. بەڵام پرسیار ئەوەیە، ئایا

ئەوروپا بووە یان دەبێ بە نەتەوەیەکی یەکگرتوو؟

دیارە لە پەیوەندیە سیاسیەکان شلێتی سەبارەت بەم جیهانە هەیە، لە بەرامبەردا بە بەردەوامی

گفتوگۆ هەیە لەسەر ڕۆڵی ئایین لە پاراستن و هەڵوەشاندنەوەی دەوڵەتی نیشتمانی.

ئەمەش هۆکارێکە، کەوا لە ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست زۆر ئەستەمە یەكگرتن سەربگرێ، بەڵام بە

پێچەوانەوە دەبینین لە ئەوروپا یەکگرتنێ لەسەر بنەمای ئابووری درووست بووە، بێ ئەوەی ئاین

و فەرهەنگ رۆڵ بگێڕن لەو یەکگرتنە.

پۆپۆلیزم لە ڕۆژهەڵات و ڕۆژئاوا بووە بە زەنگی مەترسیدار، هۆکاری سەرهەڵدانی پۆپۆلیزم

دەگەڕێتەوە بۆ ئیفلاسی سیاسی، چونکە پۆپۆلیزم بۆ بەدەستهێنانی ڕەوایێتی لە دەسەڵات و

دەرکردنی بڕیار پشت بە وورووژاندنی سۆز و هەستی کۆمەڵانی خەڵک دەبەستێ.

ئەو جۆرە وورووژاندنی سۆزەی، کە ویلایەتی فەقیە لە ناوچەکە بەکاری دەهێنێ و ئەوەی ئیخوان

موسلمین لە ساڵی ٢٠١٣ لە میسر بە ناسەرکەوتووی بەکاری هێنا.

لە بەرامبەردا پارتی داد و گەشەپێدان لە تورکیا، کە لە ڕواڵەتدا پارتێکی ئیخوانیە توانیویە خۆی

لەگەڵ ئەم سەردەمە بگونجێنێ و تەنانەت عەلمانیبوونی دەوڵەت جاڕ بدات، واتە قبوڵکردنی

هەموو پێکهاتە ناموسڵمانەکان، ئەوەی مورسی ئیخوانی لە میسر ڕەتیکردەوە.

 

فەیلەسوف و زانای فەرەنسی Pierre-André Taguieff بەهەڵەی دەزانێ پۆپۆلیزم بە

دیماگۆگیەت بەراوورد بکرێ یان بە یەکسان ببینرێ، چونکە ئەو پێی وایە، کەسی دیماگۆگ

مەبەستیە بەرامبەر چەواشە بکات، لە کاتێکدا پۆپۆلیست بێجگە لەخۆی کەسی تر چەواشە

ناکات.

هەندێ کەس پۆپۆلیزم بە ئایدیۆلۆژیایەك دەزانێ، کە زۆرینەی خەڵک هاندەدات بۆ دژایەتی

کردنی دەسەڵاتی سیاسی باو و بۆ ڕووبەڕووبوونەوەی کەمینە و کۆچبەران، یان هەر هێزێکی

دەرەکی، بە بیانووی پاراستنی شوناسی نیشتمانی و بەرگری کردن لە مافی زۆرینەی گەل.

هەرێمی كوردستان توانیویە لە ژێر سایەی حکومەتی هەرێمی كوردستان، بە ڕێزگرتن لە

پرنسیپە سەرەکیەکانی دیموکراسی و مافی مرۆڤ و بە پاراستنی ئەزموونی پێکەوە ژیانی

ئاشتیانەی نێوان نەتەوە و پێکهاتە ئاینییەکان ئەو ڕاستیە بسەلمێنێ، کەوا گەلی كوردستان

ئامادەیە و سەرکەوتوو دەبێ لە پەیڕەوکردنی نموونەی دەوڵەتی نەتەوە، کە ئەمڕۆ مەرجێکە

لە مەرجەکانی سیستەمی نێودەوڵەتی نوێ.

دکتۆر سامان سۆرانی