مه‌ترسییه‌كانی‌ پاش كشانه‌وه‌ی‌ ئه‌مریكا له‌ عیراق

شفق نيوز

به‌ وێردی‌ سه‌ر زمانی‌ زۆربه‌ی‌ ده‌زگاكانی‌ ڕاگه‌یاندن و زۆریش بایه‌خی‌ پێدرا، ئه‌ویش پرسی‌ بارودۆخی‌ ئێستای‌ عیراق و ناوچه‌كه‌ و كشانه‌وه‌ی‌ سوپای‌ ئه‌مریكایه‌ له‌ عیراق.

ئه‌مریكا و ئیداره‌ی‌ سه‌رۆك بوش دووچاری‌ هه‌ڵه‌یه‌كی‌ زۆر سیاسی‌ گه‌وره‌ بوون ئه‌ویش ناساندنی‌ سوپای‌ ئه‌مریكا و هاوپه‌یمانه‌كانی‌ بوو، له‌ هێزی‌ ڕزگاركه‌ره‌وه‌ بۆ داگیركه‌ر ئه‌م ده‌سته‌واژه‌یه‌ بوو به‌ كردنه‌وه‌ی‌ ده‌روازه‌یه‌ك بۆ هاتنه‌ ناوه‌وه‌ی‌ گروپ و بانده‌ تیرۆریستییه‌كان و دووباره‌ زیندووبوونه‌وه‌ی‌ شانه‌ و هێڵه‌ جۆراوجۆره‌كانی‌ به‌عس و سه‌دامییه‌كان و ئه‌وه‌بوو عیراق له‌ماوه‌یه‌كی‌ زۆر كورتدا بوو به‌ گۆڕه‌پانی‌ یه‌كلاكردنه‌وه‌ی‌ زۆر كاڵای‌ سیاسی‌ وڵاتانی‌ ئیقلیمی‌ و ده‌ره‌كی‌ و ڕێكخراوی‌ قاعیده‌ی‌ تیرۆریستیش بوو به‌ ڕابه‌ری‌ هه‌موو كرده‌وه‌ تیرۆریستییه‌كان كه‌ زۆر جه‌رگبڕانه‌ ڕۆژانه‌ ده‌یان و سه‌دان هاوڵاتی‌ بێ‌ تاوانی‌ عیراقی‌ ده‌بوونه‌ ئامانجی‌ ئه‌و كرده‌وه‌ تیرۆریستیانه‌ی‌ كه‌ له‌ دژی‌ هێزه‌كانی‌ ئه‌مریكا ئه‌نجامده‌دران.

بێگومان ئه‌وانه‌ی‌ هه‌موو باسمانكردن ده‌رئه‌نجامی‌ هه‌ڵه‌یه‌ك بوو له‌ئیداره‌ی‌ سه‌رۆك بووش كه‌ ناوی‌ خۆیانیان له‌ ڕزگاریكه‌ره‌وه‌ كرد به‌ داگیركه‌ر و بڕیاریان پێ‌ ده‌ركرد له‌ ئه‌نجومه‌نی‌ ئاسایشی‌ نێوده‌وڵه‌تی‌ ئه‌م ده‌سته‌واژه‌یه‌ به‌عسییه‌كان و گروپه‌ تیرۆریستییه‌كان به‌شێوه‌یه‌كی‌ زۆر ڕاسته‌وخۆ و ناڕاسته‌وخۆ سوودمه‌ندبوون لێی‌ و توانیان زۆر له‌ عه‌شایه‌ری‌ عه‌ره‌بی‌ سوننه‌ و هه‌ندێك له‌ لایه‌نه‌ سیاسییه‌ تازه‌ دروستبووه‌كانیان به‌كارهێنا بۆ دژایه‌تیكردنی‌ ئه‌مریكا و حكومه‌تی‌ نوێی‌ عیراق ده‌رئه‌نجامیش ئه‌و بارودۆخه‌ی‌ لێ كه‌وته‌وه‌، هه‌روه‌ها هه‌ڵه‌كانی‌ دیكه‌ی‌ ئه‌مریكا ته‌نها ئه‌مه‌ نه‌بوو، به‌ڵكو به‌ هاتنه‌ ژووره‌وه‌یان بۆ گۆڕه‌پانی‌ عیراق زۆر به‌دیراسه‌وه‌ نه‌بوو بارودۆخ و واقیعی‌ ئه‌وكاتی‌ عیراقیان نه‌خوێنده‌وه‌ ڕاسته‌وخۆ كه‌وتنه‌ كردنه‌وه‌ی‌ سنووره‌كانی‌ عیراق و ماوه‌یه‌كی‌ زۆر سنووره‌كانی‌ عیراق به‌بێ‌ كۆنترۆڵ و چاودێری‌ مایه‌وه‌ تا ئه‌مریكا و هاوپه‌یمانه‌كانی‌ فریایی‌ كه‌وتن هێز و سوپای‌ عیراق دروستبوو ئه‌و شه‌ڕه‌ تایفی‌ و مه‌زهه‌بیه‌ی‌ لێ‌ كه‌وته‌وه‌ و عیراق دووچاری‌ ئه‌و نه‌هامه‌تیه‌ هات و ده‌رئه‌نجامیش دوولایه‌نی‌ سه‌ره‌كی‌ له‌ گۆڕه‌پانی‌ عیراقدا زه‌ره‌رمه‌ندی‌ یه‌كه‌م بوون. هاوڵاتی‌ و پێكهاته‌كانی‌ عیراق له‌ هه‌رێمی‌ كوردستانه‌وه‌ تا ناوه‌ڕاست و باشوور و دواتریش خانه‌واده‌ی‌ ئه‌و سه‌ربازه‌ ئازا و بوێرانه‌ی‌ سوپای‌ ئه‌مریكا و خانه‌واده‌كانیان كه‌ به‌ده‌ستی‌ گروپ و بانده‌ تیرۆریستییه‌كان ده‌بوونه‌ قوربانی‌.

بۆیه‌ دوای‌ حه‌وت ساڵ و له‌ ساڵی‌ هه‌شته‌مدا له‌ كۆتایی‌ ساڵی‌ 2011 ئیداره‌ی‌ سه‌رۆك ئۆباما بڕیاری‌ كشانه‌وه‌ی‌ هێزه‌كانی‌ ئه‌مریكایان داوه‌ له‌ عیراق و زۆربه‌ی‌ هێزه‌ جه‌نگاوه‌ره‌كانی‌ وڵاته‌ یه‌كگرتووه‌كانی‌ ئه‌مریكا له‌ عیراق ده‌كێشنه‌وه‌، ئه‌م بڕیاره‌ بووه‌ته‌ مه‌ترسییه‌كی‌ گه‌وره‌ بۆ هه‌موولایه‌ك و له‌م سۆنگه‌یه‌شه‌وه‌ بوو چه‌ند ڕۆژێك له‌مه‌وبه‌ریش له‌سه‌روبه‌ندی‌ هه‌ستكردن به‌و مه‌ترسیانه‌ گه‌وره‌ ئه‌فسه‌ره‌ سه‌ربازییه‌كانی‌ عیراق مه‌ترسی‌ كشانه‌وه‌ی‌ ئه‌مریكا و ترسی‌ سه‌رهه‌ڵدانی‌ توندوتیژی‌ و ئاڵۆزیان له‌ عیراق نه‌شارده‌وه‌ كه‌ جارێكی‌ تر عیراق و عیراقییه‌كان به‌ ئاقارێكی‌ مه‌ترسیداردا به‌رێت.

لێدوان و خستنه‌ڕووی‌ مه‌ترسییه‌كانی‌ چه‌ند ڕۆژێ‌ له‌مه‌وبه‌ری‌ به‌ڕێز بابه‌كر زێباری‌ سه‌رۆك ئه‌ركانی‌ سوپای‌ عیراق له‌جێی‌ خۆی‌ بوو، كه‌ له‌ هیچ بوارێكی‌ زه‌مینی‌ و ده‌ریایی‌ و ئاسمانی‌ ئاماده‌ نیین بۆ به‌رگریكردن و وه‌رگرتنه‌وه‌ی‌ مه‌له‌فی‌ ئاسایشی‌ عیراق به‌گشتی‌ و لێدوانه‌كشی‌ زۆر دروستبوو، بۆیه‌ پێموایه‌ كشانه‌وه‌ی‌ سوپای‌ ئه‌مریكا له‌م ساته‌وه‌خته‌ی‌ ئێستایی‌ وڵاتی‌ گرتۆته‌وه‌ كاره‌ساتێكی‌ چاوه‌ڕوان نه‌كراو به‌رۆكی‌ عیراق ده‌گرێت، چونكه‌ ئێستا ئه‌مریكا به‌ قورسایی‌ سیاسی‌ و سه‌ربازی‌ و ئابووریه‌وه‌ له‌ عیراقدایه‌ وڵاتانی‌ درواسێ‌ به‌جۆره‌ها شێوه‌ ده‌ست وه‌رده‌ده‌نه‌ كاروباری‌ عیراق جارێ‌ به‌ سنووربه‌زاندن له‌ بیره‌ نه‌وتییه‌كانی‌ فه‌كه‌كه‌ و جارێك به‌ تۆپبارنكردن چ له‌لایه‌ن سوپای‌ ئیرانی‌ دراوسێ‌ چ له‌ له‌لایه‌ن سوپای‌ توركیایی‌ دۆست و دراوسێ‌ ئه‌مه‌ جیاله‌وه‌ی‌ گۆڕه‌پانی‌ سیاسی‌ عیراق به‌كاردێنن بۆ یارییه‌ تایبه‌تییه‌كانی‌ خۆیان، بۆیه‌ پێموابێت ته‌واوی‌ كوتله‌ و هێز و لایه‌نه‌ سیاسییه‌ عیراقییه‌كان هه‌مان مه‌ترسی‌ سوپا سالاری‌ عیراقیان هه‌یه‌ و زۆربه‌شیان به‌ لێدوان و پرێس كۆنفرانس ئه‌و مه‌ترسیانه‌یان پشتڕاست كرده‌وه‌ شیعه‌ له‌ خواروو مه‌ترسی‌ ئه‌وه‌ی‌ هه‌یه‌ كه‌ ئه‌گه‌ر ئه‌مریكا كشایه‌وه‌ سوننه‌ جارێكی‌ تر ده‌سه‌ڵات بگرێته‌وه‌ده‌ست و بیانچه‌وسێننه‌وه‌ و ترسه‌كه‌شیان له‌جێی‌ خۆیدایه‌، عه‌ره‌بی‌ سوننه‌ش ئه‌گه‌رچی‌ زۆربه‌ی‌ لایه‌نه‌ سیاسییه‌كانیان كاتی‌ خۆی‌ به‌شداری‌ پرۆسه‌ی‌ سیاسییان نه‌كرد، به‌ڵام له‌م هه‌ڵبژاردنه‌ی‌ 7- 3- 2010 به‌وه‌زنێكی‌ زۆر و قورساییه‌وه‌ هاتنه‌وه‌ گۆڕه‌پانی‌ سیاسی‌ و ئه‌وانیش هه‌مان مه‌ترسییان هه‌یه‌ كه‌ ئه‌گه‌ر سوپای‌ ئه‌مریكا كشایه‌وه‌ وه‌ك خۆیان ده‌ڵێن ئه‌جیندا و نفوسی‌ ئێرانی‌ به‌سه‌ریاندا زاڵ ده‌بێت و ده‌بنه‌ قوربانی‌ له‌ گۆڕه‌پانی‌ سیاسیدا، ئێمه‌ی‌ كوردیش مه‌ترسییه‌كانمان له‌ سوننه‌ و شیعه‌ گه‌وره‌تره‌، چونكه‌ تائێستا كێشه‌ی‌ كه‌ركوك و ناوچه‌ دابڕاوه‌كانمان و بودجه‌ی‌ هه‌رێم و یاسایی‌ نه‌وت و گاز و پێشمه‌رگه‌ و كێشه‌كانی‌ نێوان هه‌رێم و به‌غدا به‌ هه‌ڵپه‌سێردراوی‌ ماوه‌ته‌وه‌ بێ‌ چاره‌سه‌ر، كه‌ ئه‌م مه‌ترسیه‌یی‌ ئێمه‌ی‌ كورد له‌هه‌موو مه‌ترسییه‌كان گه‌وره‌تر و چه‌ق به‌ستووتره‌، چونكه‌ به‌بێ‌ چاره‌سه‌ركردنی‌ ئه‌م پرس گه‌لانه‌ به‌بێ‌ ئه‌مریكا پێموابێت عیراق به‌ره‌و ئه‌و كاره‌ساته‌ هه‌نگاوده‌نێت كه‌ له‌سه‌ره‌وه‌ ئاماژه‌مان بۆ كرد، بۆیه‌ ده‌توانین وتاره‌كه‌مان له‌ چوارچێوه‌ی یه‌ك ڕسته‌دا چڕبكه‌ینه‌وه‌ كه‌ سه‌رجه‌م پێكهاته‌ و كوتله‌ و هێز و لایه‌نه‌ سیاسییه‌كان هه‌ست به‌ مه‌ترسییه‌كانی‌ پاش كشانه‌وه‌ی‌ ئه‌مریكا له‌ عیراق ده‌كه‌ن.