مالیكی‌ له‌ به‌رده‌م هه‌ڵوێستێكی‌ دژواردا..

شفق نيوز

شێوه‌یه‌ك له‌ هاوپه‌یمانی‌ كه‌ سه‌ركه‌وتنیان بۆ په‌رله‌مان مسۆگه‌ر بكات له‌ كاتێكی‌ واشدا نوری‌ مالیكی‌ سه‌ره‌ك وه‌زیرانی‌ عیراق خۆی‌ له‌ به‌رده‌م دووڕیانێكدا ده‌بینێته‌وه‌ كه‌ ڕه‌نگه‌ خۆساغكردنه‌وه‌ی‌ كارێكی‌ هه‌روا ئاسان نه‌بێت. مالیكی‌ كه‌ كاندیدی‌ لیستی‌ ئیئتیلافی‌ یه‌كگرتوو بوو له‌ هه‌ڵبژاردنه‌كانی‌ ڕابردوو له‌ ڕێگه‌ی‌ ئه‌و لیسته‌وه‌ ده‌رفه‌تی‌ چوونه‌ ناو په‌رله‌مانی‌ بۆ ڕه‌خساو دواتر له‌ به‌ر هه‌ندێ‌ هۆكاری‌ بابه‌تی ڕێگه‌ی‌ بۆ خۆشكرا بۆ وه‌رگرتنی‌ پۆستی‌ سه‌ره‌ك وه‌زیران و چوونه‌ ناو لاپه‌ڕه‌كانی‌ مێژوو له‌ فراوانترن ده‌روازه‌یه‌وه‌ ماوه‌یه‌ك بێ‌ منه‌تی‌ خۆی‌ به‌رامبه‌ر لیسته‌كه‌ی‌ نیشاندا و ویستی‌ زیاتر وه‌ك كه‌سایه‌تیه‌كی‌ نیشتمانی‌ خۆی‌ نیشان بدات و بانگه‌شه‌ی‌ ده‌كرد بۆ  كۆمه‌ڵێك دروشمی‌ وه‌ك سیستمی‌ سه‌رۆكایه‌تی‌ و پاراستنی‌ یه‌كپارچه‌یی‌ خاكی‌ عیراق و پێویستی‌ بوونی‌ حكومه‌تێكی‌ ناوه‌ندی‌ به‌هێز بۆ پاراستنی‌ ئه‌و یه‌كپارچه‌ییه‌. به‌رزكردنه‌وه‌ی‌ ئه‌و دروشمانه‌ش بووه‌هۆی‌ ئه‌وه‌ی‌ كه‌ لیسته‌كه‌ی‌ به‌ ناوی‌ ده‌وڵه‌تی‌ یاسا بتوانێت له‌ هه‌ڵبژاردنه‌كانی‌ ئه‌نجومه‌نی‌ پارێزگاكاندا كه‌ ساڵی‌ ڕابردوو ئه‌نجامدرا ئه‌نجامێكی‌ باش به‌ده‌ستبێنێت كه‌ سه‌ره‌ڕای‌ ناوچه‌ شیعییه‌كان توانی‌ له‌ ناوچه‌ سوننه‌ نشینه‌كاندا ئه‌نجامێكی‌ باش به‌ ده‌ست بێنێت .له‌ سه‌روبه‌ندی‌ هه‌ڵبژاردنی‌ داهاتووشدا مالیكی‌ خۆی‌ له‌به‌رده‌م دوو ئه‌گه‌ردا ده‌بینێته‌وه‌ كه‌ هه‌ڵبژاردنی‌ هه‌ر یه‌كێكیان باجی‌ خۆی‌ هه‌یه‌ به‌جۆرێك ئه‌گه‌ر بێتوو دووباره‌ بچێته‌وه‌ ناو لیستی‌ ئیئتیلافی‌ یه‌كگرتوو كه‌ به‌ لیستی‌ شیعه‌ ناوده‌بَریت ئه‌وا دیسانه‌وه‌ خۆی‌ وه‌ك مرۆڤێكی‌ مه‌زهه‌بی‌ نیشان ئه‌داو ناتوانێت له‌ سێگوشه‌ی‌ سوننی‌ نیشین ئه‌و ده‌نگانه‌ی‌ پێشوو به‌ده‌ست بێنێته‌وه‌، چونكه‌ ئه‌گه‌ر له‌ هه‌ڵبژاردنی‌ ئه‌نجومه‌نی‌ شاره‌وانییه‌كاندا توانیبێتی‌ تا ڕاده‌یه‌ك هه‌ست و سوَزیان بجووڵێنێت به‌ به‌رزكردنه‌وه‌ی‌ هه‌ندێك دروشم و خۆی‌ وه‌ك كه‌سێكی‌ نیشتمانی‌ نه‌ك مه‌زهه‌بی‌ ده‌رخستبێ‌ ئه‌وا به‌ گه‌ڕانه‌وه‌ی‌ بۆ لیستی‌ ئیئتیلاف متمانه‌ی‌ ئه‌و ناوچانه‌ له‌ ده‌ست ده‌دات و له‌ناو ئیئتیلافیش له‌وانه‌یه‌ هیچ گره‌نتیه‌ك نه‌بێت بۆ دووباره‌ هه‌ڵبژاردنه‌وه‌ی‌ بۆ پۆستی‌ سه‌ره‌ك وه‌زیران. ئه‌گه‌ری‌ دووه‌م ئه‌وه‌یه‌ ئه‌گه‌ر مالیكی‌ به‌ لیستی‌ جیا بۆ نموونه‌ ده‌وڵه‌تی‌ یاسا دابه‌زێت لێره‌شدا دووباره‌ لیسته‌كه‌ی‌ ناتوانێت له‌ ناوچه‌ شیعه‌ نشینه‌كان به‌ربه‌ره‌كانی‌ لیستی‌ ئیئتیلاف بكات كه‌ زۆربه‌ی‌ لایه‌نه‌ شیعیه‌كان له‌ خۆده‌گرێت و ده‌نگده‌ری‌ شیعه‌ش زیاتر پاڵپشتی‌ كه‌سێك ده‌كات كه‌ هه‌ستی‌ مه‌زهه‌بی‌ به‌هێزتر بێت بۆیه‌ ده‌نگدان به‌ لیستی‌ یه‌كگرتووی‌ شیعه‌ به‌ ئه‌ڵته‌رناتیڤ ده‌زانێت له‌وانه‌یه‌ مالیكی‌ نه‌توانێت له‌ ناوچه‌ شیعه‌نشینه‌كان باڵاده‌ستی‌ خۆی‌ بسه‌لمێنێت به‌تایبه‌تی‌ ئه‌گه‌ر بێتوو گه‌وره‌ مه‌رجه‌عه‌كانی‌ شیعه‌ كار بۆ لیستی‌ ئیئتیلاف بكه‌ن له‌و حاڵه‌ته‌شدا ناچار ده‌بێت پشت به‌ ناوچه‌ سوننییه‌كان ببه‌ستێت كه‌ ئه‌وانیش له‌ ئه‌نجامی‌ ئه‌زموونی‌ پێشوویان له‌گه‌ڵ حكومه‌تی‌  عیراق و بڕوایان به‌وه‌ی‌ پێویسته‌ كه‌سێك ده‌سه‌ڵات بگرێته‌ ده‌ست كه‌ به‌جدی‌ كار بۆ به‌هێزكردنی‌ ناوه‌ند بكات و پێده‌چێت نه‌ته‌وه‌په‌رسته‌كان ئه‌زموونی‌ موسڵ دووباره‌ بكه‌نه‌وه‌ بۆ ئه‌وه‌ی‌ بتوانن له‌ حكومه‌ت و په‌رله‌مانی‌ ئاینده‌دا سه‌نگیان هه‌بێت لێره‌شدا مالیكی‌ ئه‌و ئه‌ڵته‌رناتیڤه‌ نابێت كه‌ ئه‌وان گره‌وی‌ له‌سه‌ر بكه‌ن به‌تایبه‌تیش له‌ سه‌روبه‌ندی‌ هاتنه‌ ناوه‌وه‌ی‌ سوپای‌ ئێران بۆ دورگه‌ی‌ فه‌ككه‌ به‌ڕای‌ ئه‌وان حكومه‌ته‌كه‌ی‌ ئه‌و كاردانه‌وه‌ به‌هێزه‌ی‌ نه‌بوو كه‌ سوننه‌كان ده‌یانویست و زۆر سه‌رزه‌نشت كرا هه‌ربۆیه‌ باشترین ڕێگا بۆ ئه‌و له‌م كاته‌ی‌ ئێستادا گه‌ڕانه‌وه‌یه‌تی‌ بۆ ناو لیستی‌ ئیئتیلافی‌ به‌و پێیه‌ی‌ گه‌وره‌ترین لیسته‌ و ده‌توانێت له‌ ئاینده‌دا زۆرینه‌ی‌ ده‌نگه‌كان به‌ ده‌ست بێنێته‌وه‌ و هه‌وڵبدات له‌وێوه‌ كار بۆ دووباره‌ وه‌رگرتنه‌وه‌ی‌ پۆسته‌كه‌ی‌ بكات.