ده‌سه‌ڵاته‌ فیدڕاڵییه‌كان له‌ ده‌ستووری عیراقدا

شفق نيوز

ده‌سه‌ڵاتی دادوه‌ری، ئه‌م سێ‌ ده‌سه‌ڵاته‌ پسپۆڕی ‌و ئه‌ركه‌كانیان له‌سه‌ر بنه‌مای پره‌نسیپی جیاكردنه‌وه‌ی ده‌سه‌ڵاته‌كان ئه‌نجامده‌ده‌ن.

یه‌كه‌م: ده‌سه‌ڵاتی یاسادانان

به‌پێی‌ ده‌ستووری‌ عیراق ده‌سه‌ڵاتی‌ یاسادانانی‌ فیدڕاڵی‌ له‌دوو ئه‌نجومه‌ن پێكدێت ئه‌وانیش ئه‌نجومه‌نی‌ نوێنه‌ران ‌و ئه‌نجومه‌نی‌ فیدڕاڵییه‌، ئه‌مه‌ش سیما ‌و ڕ‌و‌وخساری‌ سیستمی‌ فیدڕاڵی‌ عیراق نیشانده‌دات.

یه‌كه‌م: ئه‌نجومه‌نی‌ نوێنه‌ران (په‌رله‌مان): ئه‌م ئه‌نجومه‌نه‌ كه‌ خۆی‌ له‌ په‌رله‌مانی‌ فیدڕاڵیدا ده‌بینێته‌وه‌، نوێنه‌رایه‌تی‌ سه‌رجه‌م پێكهاته‌كانی‌ گه‌لانی‌ عیراق ده‌كات، هه‌ر (100000) سه‌د هه‌زار كه‌س یه‌ك نوێنه‌ریان له‌ په‌رله‌مان ده‌بێت كه‌ له‌م خوله‌ نوێیه‌دا ژماره‌ی نوێنه‌ره‌كان به‌پێی ژماره‌ی دانیشتوانی عیراق (325) نوێنه‌ره‌ ‌و هاوڵاتیان به‌ ڕێگه‌ی‌ ده‌نگدانی‌ گشتی‌ نهێنی‌ ‌و ڕاسته‌وخۆ ‌و له‌ڕێی‌ سندووقه‌كانی‌ ده‌نگدانه‌وه‌ متمانه‌یان پێده‌به‌خشن. ته‌مه‌نی‌ ئه‌نجومه‌نی‌ نوێنه‌ران وه‌ك هه‌ر په‌رله‌مانێكی‌ دیكه‌ چوار ساڵه‌. بڕیاره‌كان له‌ كۆبوونه‌وه‌كانی‌ ئه‌م ئه‌نجومه‌نه‌دا به‌ زۆرینه‌ی‌ ساده‌ ده‌درێن، ئه‌وه‌ش به‌ ئاماده‌بوونی‌ زۆرینه‌ی‌ ڕه‌های‌ ئه‌ندامانی‌ ئه‌نجومه‌نی نوێنه‌ران ‌و مسۆگه‌ربوونی نه‌سابی قانوونی.

ده‌سه‌ڵاته‌كانی‌ ئه‌نجومه‌نی‌ نوێنه‌ران

ئه‌م ئه‌نجومه‌نه‌ وه‌ك هه‌ر په‌رله‌مانێكی‌ وڵاتانی‌ دیموكراسی‌ پێگه‌ ‌و ده‌سه‌ڵاتی‌ خۆی‌ هه‌یه‌ ‌و هه‌ژموون ‌و باڵاده‌ستی‌ به‌سه‌ر زۆربه‌ی‌ ناوه‌نده‌كانی‌ دیكه‌ی ده‌سه‌ڵاتدا هه‌یه‌، بۆی‌ هه‌یه‌ چاودێرییان بكات ‌و له‌كاتی‌ سه‌رپێچی‌ یاساییدا له‌به‌رپرسانی‌ ئه‌و ناوه‌ندانه‌ بپرسێته‌وه‌ ‌و سزایان بدات.

ده‌سه‌ڵاته‌كانی‌ ئه‌نجومه‌نی‌ نوێنه‌ران له‌م خاڵانه‌دا چڕده‌كه‌ینه‌وه‌:

1ـ ئیشی‌ سه‌ره‌كی‌ ئه‌م ئه‌نجومه‌نه‌ داڕشتن ‌و ده‌ركردنی‌ یاسا فیدڕاڵییه‌كانه‌، ئه‌م یاسایانه‌ش به‌ یاسای‌ سیادی‌ داده‌نرێن ‌و ده‌بێت له‌سه‌رانسه‌ری‌ عیراقدا جێبه‌جێبكرێن ‌و هه‌موو هاوڵاتیان پێوه‌ی‌ پابه‌ندبن.

2ـ ئه‌م ئه‌نجومه‌نه‌ چاودێری‌ كاره‌كانی‌ ده‌سه‌ڵاتی‌ جێبه‌جێكردن ده‌كات، ده‌سه‌ڵاتی‌ جێبه‌جێكردنیش له‌م ده‌ستووره‌دا هه‌ر دوو ئه‌نجومه‌نی‌ سه‌رۆكایه‌تی‌ ‌و ئه‌نجومه‌نی‌ وه‌زیران ده‌گرێته‌وه‌. واته‌ ئه‌و دوو ئه‌نجومه‌نه‌ له‌ ژێر هه‌ژموون ‌و قه‌ڵه‌مڕه‌وی‌ ئه‌نجومه‌نی‌ نوێنه‌راندان، ئه‌مه‌ش ڕ‌و‌وی‌ گه‌شی‌ شارستانی‌ ‌و دیموكراسی‌ ئه‌و ده‌ستووره‌ نیشانده‌دات.

3ـ ئه‌نجومه‌نی‌ نوێنه‌ران به‌ ده‌نگی‌ زۆرینه‌ی‌ 3/2ی‌ ئه‌ندامانی‌ یاسایه‌ك ده‌رده‌كات بۆ په‌سه‌ندكردنی‌ ڕێكه‌وتننامه‌ ‌و په‌یماننامه‌ نێوده‌وڵه‌تییه‌كان، ئه‌مه‌ش بایه‌خی‌ تایبه‌تی‌ خۆی‌ هه‌یه‌، چونكه‌ نوێنه‌رانی گه‌لی كوردستان له‌ ئه‌نجومه‌نی‌ نوێنه‌ران ئاگاداری‌ هه‌موو ئه‌و ڕێكه‌وتننامه‌ ‌و په‌یماننامه‌ نێوده‌وڵه‌تییانه‌ ده‌بن كه‌ عیراق له‌گه‌ڵ‌ وڵاتانی‌ تردا مۆری‌ ده‌كات.

4ـ هه‌ڵبژاردنی‌ سه‌رۆك كۆمار له‌لایه‌ن ئه‌ندامانی‌ ئه‌نجومه‌نی‌ نوێنه‌رانه‌وه‌ ده‌بێت ‌و ئه‌و ئه‌نجومه‌نه‌ وه‌ك نوێنه‌ری‌ گه‌ل متمانه‌ی‌ پێده‌به‌خشێت.

5ـ ئه‌نجومه‌نی‌ نوێنه‌ران به‌ زۆرینه‌ی‌ ڕه‌های‌ ده‌نگی‌ ئه‌ندامانی‌ ‌و له‌سه‌ر پێشنیازی‌ ئه‌نجومه‌نی‌ دادوه‌ری‌ باڵا، سه‌رۆك ‌و ئه‌ندامانی‌ دادگای‌ ته‌میزی‌ فیدڕاڵی‌ ‌و سه‌رۆكی‌ داواكاری‌ گشتی‌ ‌و سه‌رۆكی‌ ده‌سته‌ی‌ سه‌رپه‌رشتیاری‌ دادوه‌ری‌ داده‌مه‌زرێنێت.

6ـ ئه‌م ئه‌نجومه‌نه‌ له‌سه‌ر پێشنیازی‌ ئه‌نجومه‌نی‌ وه‌زیران باڵیۆز ‌و خاوه‌ن پله‌تایبه‌ته‌كان داده‌مه‌زرێنێت.

7ـ ئه‌م ئه‌نجومه‌نه‌ له‌سه‌ر پێشنیازی‌ ئه‌نجومه‌نی‌ وه‌زیران سه‌رۆكی‌ ئه‌ركانی‌ سوپا ‌و یاریده‌ده‌رانی‌ ‌و خاوه‌ن پله‌كانی فه‌رمانده‌ی‌ فیرقه‌ ‌و به‌ره‌‌و ژوور ‌و سه‌رۆكی‌ ده‌زگای‌ هه‌واڵگری‌ داده‌مه‌زرێنێت.

8ـ ئه‌نجومه‌نی‌ نوێنه‌ران له‌سه‌ر داوای‌ زۆرینه‌ی‌ ئه‌ندامانی‌ ‌و له‌سه‌ر بنچینه‌ی‌ داوایه‌كی‌ ڕه‌وا ‌و هۆدار ده‌توانێت له‌ سه‌رۆك كۆمار بپرسێته‌وه‌.

9ـ ئه‌م ئه‌نجومه‌نه‌ به‌ زۆرینه‌ی‌ ڕه‌های‌ ده‌نگی‌ ئه‌ندامانی‌ ده‌سه‌ڵاتی‌ له‌سه‌ركار لابردنی‌ سه‌رۆك كۆماری‌ هه‌یه‌، دوای‌ ئه‌وه‌ی‌ له‌لایه‌ن دادگای‌ باڵای‌ فیدڕاڵییه‌وه‌ به‌یه‌كێك له‌م سێ‌ تۆمه‌ته‌ی‌ خواره‌وه‌ تۆمه‌تبار ده‌كرێت (1ـ شكاندنی‌ سوێندی‌ ده‌ستووری‌. 2ـ پێشێلكردنی‌ ده‌ستوور. 3ـ خیانه‌تی‌ گه‌وره‌)

10ـ هه‌ر ئه‌ندامێكی‌ ئه‌نجومه‌نی‌ نوێنه‌ران بۆی‌ هه‌یه‌ پرسیار ئاڕاسته‌ی‌ سه‌رۆك وه‌زیران ‌و وه‌زیره‌كان بكات له‌سه‌ر هه‌ر بابه‌تێك كه‌ په‌یوه‌ندی‌ پێیانه‌وه‌ هه‌یه‌.

11ـ لانیكه‌م (25) ئه‌ندام له‌ ئه‌ندامانی‌ ئه‌نجومه‌نی‌ نوێنه‌ران بۆیان هه‌یه‌ بابه‌تێكی‌ گشتی‌ بخه‌نه‌ڕ‌و‌و سه‌باره‌ت به‌ سیاسه‌ت ‌و چۆنیه‌تی‌ كاری‌ ئه‌نجومه‌نی‌ وه‌زیران یان یه‌كێك له‌ وه‌زاره‌ته‌كان ‌و ده‌بێت سه‌رۆكی‌ ئه‌نجومه‌نی‌ وه‌زیران یا وه‌زیره‌كان له‌واده‌ی دیاریكراودا له‌ ئه‌نجومه‌نی‌ نوێنه‌ران ئاماده‌بن بۆ گفتوگۆكردن سه‌باره‌ت به‌وبابه‌ته‌.

12ـ هه‌ر ئه‌ندامێكی‌ ئه‌نجومه‌نی‌ نوێنه‌ران پاش وه‌رگرتنی‌ ڕه‌زامه‌ندی‌ (25) ئه‌ندام بۆی‌ هه‌یه‌ لێكۆڵینه‌وه‌ ئاڕاسته‌ی‌ سه‌رۆك وه‌زیران یا وه‌زیره‌كان بكات ‌و لێیان بپرسێته‌وه‌ له‌سه‌ر ئه‌و كار‌وبارانه‌ی‌ په‌یوه‌ندی‌ پێیانه‌وه‌ هه‌یه‌.

13ـ ئه‌نجومه‌نی‌ نوێنه‌ران به‌ زۆرینه‌ی‌ ڕه‌های‌ ده‌نگی‌ ئه‌ندامانی‌ ده‌توانێت متمانه‌ له‌هه‌ر وه‌زیرێكی‌ ئه‌نجومه‌نی‌ وه‌زیران وه‌ربگرێته‌وه‌.

14ـ ئه‌نجومه‌نی‌ نوێنه‌ران له‌سه‌ر داوای‌ 5/1ی‌ ئه‌ندامانی‌ ده‌توانێت متمانه‌ له‌ سه‌رۆك وه‌زیران وه‌ربگرێته‌وه‌.

15ـ ئه‌نجومه‌نی‌ نوێنه‌ران به‌ زۆرینه‌ی‌ ڕه‌های‌ ده‌نگی‌ ئه‌ندامانی ده‌توانێت متمانه‌ له‌ سه‌رۆك وه‌زیران وه‌ربگرێته‌وه‌.

16ـ ئه‌نجومه‌نی‌ نوێنه‌ران به‌ زۆرینه‌ی‌ ڕه‌های‌ ده‌نگی‌ ئه‌ندامانی‌ مافی‌ لێكۆڵینه‌وه‌ی‌ هه‌یه‌ له‌ به‌رپرسانی‌ ئۆرگانه‌ سه‌ربه‌خۆكان ‌و به‌پێی‌ هه‌مان ڕێوشوێنی‌ تایبه‌ت به‌وه‌زیره‌كان بۆی‌ هه‌یه‌ به‌رپرسی‌ ئه‌و ئۆرگانه‌ سه‌ربه‌خۆیانه‌ له‌سه‌ركار لابدات.

 

17ـ له‌سه‌ر داخوازیی‌ هاوبه‌شی‌ سه‌رۆك كۆمار ‌و سه‌رۆكی‌ ئه‌نجومه‌نی‌ وه‌زیران، ئه‌نجومه‌نی‌ نوێنه‌ران به‌زۆرینه‌ی‌ 3/2ی‌ ده‌نگی‌ ئه‌ندامانی‌ ده‌توانێت ڕه‌زامه‌ندی‌ نیشانبدات له‌سه‌ر ڕاگه‌یاندنی‌ جه‌نگ ‌و باری‌ نائاسایی‌.

18ـ ئه‌نجومه‌نی‌ نوێنه‌ران ده‌سه‌ڵاتی‌ په‌سه‌ندكردنی‌ پرۆژه‌ی‌ یاسای‌ بودجه‌ی‌ گشتی‌ ‌و حساباتی‌ كۆتایی‌ هه‌یه‌ له‌دوای‌ ئه‌وه‌ی‌ كه‌ ئه‌نجومه‌نی‌ وه‌زیران پێشكه‌شی‌ ده‌كات، ئه‌نجومه‌نی‌ نوێنه‌ران ده‌سه‌ڵاتی‌ گۆڕین ‌و گواستنه‌وه‌ی‌ به‌ش ‌و به‌نده‌كانی‌ بودجه‌ی‌ گشتی‌ ‌و پێشنیازی‌ زیادكردنی‌ بڕی‌ تێچووی‌ خه‌رجییه‌كانی‌ بۆ ئه‌نجومه‌نی‌ وه‌زیران هه‌یه‌.

19ـ ئه‌نجومه‌نی‌ نوێنه‌ران ده‌سه‌ڵاتی‌ متمانه‌ به‌خشینی‌ به‌كابینه‌ ‌و پرۆگرامی‌ ئه‌نجومه‌نی‌ وه‌زیران هه‌یه‌.

20ـ سه‌رۆك ‌و ئه‌ندامانی‌ ئه‌نجومه‌نی‌ وه‌زیران ده‌بێت له‌به‌رده‌م ئه‌نجومه‌نی‌ نوێنه‌راندا سوێندی‌ یاسایی‌ بخۆن.

21ـ ئه‌نجومه‌نی‌ نوێنه‌ران پرۆژه‌ی‌ بودجه‌ی‌ ساڵانه‌ی‌ ده‌سه‌ڵاتی‌ دادوه‌ری‌ فیدڕاڵی‌ په‌سه‌ند ده‌كات.

22ـ ئه‌نجومه‌نی‌ نوێنه‌ران به‌ زۆرینه‌ی‌ 3/2ی‌ ده‌نگی‌ ئه‌ندامانی‌ یاسایه‌ك ده‌رده‌كات بۆ دیاریكردنی‌ ژماره‌ ‌و كاری‌ دادگای‌ باڵای‌ فیدڕاڵی‌.

23ـ كۆمسیۆنی‌ باڵای‌ مافی‌ مرۆڤ ‌و كۆمسیۆنی‌ باڵای‌ سه‌ربه‌خۆی‌ هه‌ڵبژاردنه‌كان ‌و ده‌سته‌ی‌ ده‌ستپاكی‌ كه‌ سێ‌ ده‌سته‌ی‌ سه‌ربه‌خۆن له‌ژێر چاودێری‌ ئه‌نجومه‌نی‌ نوێنه‌راندا ده‌بن ‌و یاسایه‌ك بۆ ڕێكخستنی‌ كار‌وباره‌كانیان ده‌رده‌كات.

24ـ دیوانی‌ چاودێری‌ دارایی‌ ‌و ده‌سته‌ی‌ ڕاگه‌یاندن ‌و گه‌یاندن ‌و بانكی‌ ناوه‌ندی‌ عیراق سه‌ربه‌ ئه‌نجومه‌نی‌ نوێنه‌ران ده‌بن ‌و له‌به‌رده‌میدا به‌رپرسیار ده‌بن.

25ـ ئه‌نجومه‌نی‌ نوێنه‌ران به‌زۆرینه‌ی‌ ساده‌ی‌ ده‌نگی‌ ئه‌ندامانی‌ ده‌سه‌ڵاتی ده‌ركردنی یاسای پێكهێنانی‌ هه‌رێمه‌كانی هه‌یه‌.

26ـ ڕێژه‌ی 5/1ی ئه‌ندامانی‌ ئه‌نجومه‌نی‌ نوێنه‌ران بۆیان هه‌یه‌ پێشنیازی‌ هه‌مواركردنی‌ ده‌ستوور پێشكه‌شبكه‌ن.

27ـ ئه‌نجومه‌نی‌ نوێنه‌ران به‌ زۆرینه‌ی‌ 3/2ی‌ ده‌نگی‌ ئه‌ندامانی‌ ده‌توانێت ده‌سته‌ی‌ نیشتمانی‌ باڵای‌ ڕیشه‌كێشكردنی‌ به‌عس ‌و ده‌سته‌ی‌ داواكاری‌ موڵكدارێتی‌ هه‌ڵبووه‌شێنێته‌وه‌.

دووه‌م: ئه‌نجومه‌نی‌ فیدڕاڵی‌

ئه‌م ئه‌نجومه‌نه‌ش ئه‌نجومه‌نێكی‌ دیكه‌ی‌ یاسادانانه‌ ‌و نوێنه‌رایه‌تی‌ هه‌رێمه‌كان ‌و ئه‌و پارێزگایانه‌ ده‌كات كه‌ له‌هه‌رێمێكدا ڕێك نه‌خراون.

ئه‌م ئه‌نجومه‌نه‌ به‌ ده‌نگی‌ 3/2ی‌ ئه‌ندامانی‌ ئه‌نجومه‌نی‌ نوێنه‌ران له‌ خولی داهاتوودا به‌یاسایه‌ك داده‌مه‌زرێت ‌و ڕێوشوێنی‌ دامه‌زراندن ‌و مه‌رجه‌كانی ئه‌ندامێتی ‌و ده‌سه‌ڵاته‌كانی ده‌خرێته‌ڕوو. له‌ خولی داهاتوودا ئه‌و ئه‌نجومه‌نه‌ بایه‌خێكی گه‌وره‌ی بۆ گه‌لی كوردستان هه‌یه‌، چونكه‌ له‌و خوله‌دا ئه‌نجومه‌نی سه‌رۆكایه‌تیی نامێنێت كه‌ ده‌سه‌ڵاتی ڤیتۆكردنی بڕیاره‌كانی ئه‌نجومه‌نی نوێنه‌رانی هه‌بوو، ئه‌نجومه‌نی فیدڕاڵی جێگه‌ی ئه‌و ئه‌نجومه‌نه‌ ده‌گرێته‌وه‌ و گرنگی ئه‌و ئه‌نجومه‌نه‌ له‌وه‌دایه‌ كه‌ زه‌مانه‌ته‌كانی بۆ هه‌موو پێكهاته‌كانی گه‌لانی عیراق به‌گشتی ‌و گه‌لی كوردستان به‌تایبه‌تی ده‌بێت و بڕیاره‌كان به‌پێی زۆرینه‌ و كه‌مینه‌ نادرێت، به‌ڵكو هه‌موو پێكهاته‌كان یه‌كسان ده‌بن ‌و هه‌ریه‌كه‌یان مافی ڤیتۆی ده‌بێت.

له‌ چوارچێوه‌ی‌ ده‌ستووردا ئه‌نجومه‌نی‌ نوێنه‌ران ‌و ئه‌نجومه‌نی فیدڕاڵی وه‌ك دوو ناوه‌ندی باڵای یاسادانانی فیدڕاڵی له‌ عیراقدا ئه‌و هه‌موو ئه‌رك ‌و ده‌سه‌ڵات ‌و بایه‌خه‌یان بۆ گه‌لانی عیراق به‌گشتی ‌و گه‌لی كوردستان به‌تایبه‌تی هه‌یه‌.

دووه‌م: ده‌سه‌ڵاتی جێبه‌جێكردن

ده‌سه‌ڵاتی‌ جێبه‌جێكردنی فیدڕاڵی له‌ دوو به‌ش پێكدێت ئه‌وانیش هه‌ردوو ناوه‌ندی‌ ده‌سه‌ڵاتی سه‌رۆك كۆمار ‌و ئه‌نجومه‌نی‌ وه‌زیرانه‌.

1- ده‌سه‌ڵاته‌كانی‌ سه‌رۆك كۆمار

به‌پێی ده‌ستووری عیراق سه‌رۆك كۆمار له‌ لووتكه‌ی‌ هه‌ره‌می‌ ده‌سه‌ڵاتدایه‌ و سه‌رۆكی‌ ده‌وڵه‌ته‌ ‌و ڕه‌مزی‌ یه‌كێتی‌ نیشتمانه‌ ‌و نوێنه‌رایه‌تی‌ سه‌روه‌ری‌ وڵات ده‌كات ‌و شه‌ونخونی ده‌كات بۆ مسۆگه‌ركردنی پابه‌ندبوون به‌ده‌ستوور و پاراستنی سه‌ربه‌خۆیی عیراق ‌و سه‌روه‌ری ‌و یه‌كێتی ‌و سه‌لامه‌تی خاكه‌كه‌ی.

به‌پێی‌ مادده‌ی‌ (67)ی‌ ده‌ستوور سه‌رۆك كۆمار سه‌رۆكی‌ ده‌وڵه‌ته‌ ‌و ڕه‌مزی‌ یه‌كێتی‌ نیشتمانه‌ ‌و نوێنه‌رایه‌تی‌ سه‌روه‌ری‌ وڵات ده‌كات.

به‌پێی‌ مادده‌ی‌ (68)ی‌ ده‌ستوور ئه‌وكه‌سه‌ی‌ خۆی‌ بۆ پۆستی‌ سه‌رۆك كۆماری‌ وڵات ده‌پاڵێوێت ده‌بێت چه‌ند مه‌رجێكی‌ تێدابێت له‌وانه‌:

1ـ له‌ عیراق له‌دایكبووبێت ‌و دایك ‌و باوكی‌ عیراقی‌ بێت.

2ـ ئه‌هلیه‌ی‌ ته‌واوی‌ هه‌بێ‌ ‌و ته‌مه‌نی‌ چل ساڵی‌ ته‌وا‌وكردبێت.

3ـ ناوبانگی‌ باش بێت ‌و له‌سیاسه‌تدا شاره‌زابێت ‌و به‌ده‌ست پاكی‌ ‌و ڕاستی‌ ‌و دادپه‌روه‌ری‌ ‌و دڵسۆزی‌ بۆ نیشتمان ناسراوبێت.

4ـ به‌تاوانێكی‌ ئابڕوبه‌ر حوكم نه‌درابێت.

به‌پێی‌ مادده‌ی‌ (70)ی‌ ده‌ستوور، هه‌ڵبژاردنی‌ سه‌رۆك كۆمار له‌ڕێی‌ په‌رله‌مانه‌وه‌ ده‌بێت ‌و پاڵێوراوی‌ ئه‌‌و پۆسته‌ پێویسته‌ زۆرینه‌ی‌ 3/2ی‌ ده‌نگی‌ ئه‌ندامانی‌ په‌رله‌مان مسۆگه‌ربكات، ئه‌وه‌ش پشتیوانی‌ زۆربه‌ی‌ نوێنه‌رانی‌ پێكهاته‌ سه‌ره‌كییه‌كانی‌ نا‌وپه‌رله‌مانی‌ ده‌وێت.

به‌پێی‌ مادده‌ی‌ (72)ی‌ ده‌ستوور ماوه‌ی‌ سه‌رۆكایه‌تی‌ سه‌رۆك چوار ساڵ‌ ده‌بێت ‌و ئه‌‌و سه‌رۆكه‌ هه‌ڵبژێردراوه‌ ده‌توانێت بۆ خولێكی‌ دیكه‌ی‌ سه‌رۆكایه‌تی‌ خۆی‌ بپاڵێوێته‌وه‌.

 

به‌پێی‌ ده‌ستوور سه‌رۆك كۆمار ئه‌م ده‌سه‌ڵاتانه‌ی‌ هه‌یه‌:

1. سه‌رۆك كۆمار له‌ماوه‌ی 15 ڕۆژدا له‌دوای یه‌كه‌م دانیشتنی په‌رله‌مانه‌وه‌، پاڵێوراوی گه‌وره‌ترین فراكسیۆنی په‌رله‌مانی له‌ڕووی ژماره‌وه‌ ڕاده‌سپێریت بۆ پێكهێنانی ئه‌نجومه‌نی وه‌زیران.

2ـ له‌سه‌ر داخوازی‌ سه‌رۆكی‌ ئه‌نجومه‌نی‌ وه‌زیران ده‌توانێت لێبوردنی‌ تایبه‌ت ده‌ربكات به‌پێی‌ ده‌ستووره‌كه‌ بۆ لێبوردنی‌ تایبه‌ت مه‌رجی‌ ئه‌وه‌ی‌ دانراوه‌ كه‌ لێبوردنه‌كه‌ حوكمدراوانی‌ مافی‌ تایبه‌ت ‌و تاوانی‌ نێوده‌وڵه‌تی‌ ‌و تیرۆریستی‌ ‌و گه‌نده‌ڵی‌ دارایی‌ ‌و كارگێڕی‌ ناگرێته‌وه‌.

3ـ په‌سه‌ندكردنی‌ په‌یماننامه‌ ‌و ڕێكه‌وتننامه‌ نێوده‌وڵه‌تییه‌كان دوای‌ ئه‌وه‌ی‌ له‌لایه‌ن په‌رله‌مانه‌وه‌ په‌سه‌ند ده‌كرێن.

4ـ په‌سه‌ندكردنی‌ ئه‌‌و یاسایانه‌ی‌ كه‌ له‌لایه‌ن په‌رله‌مانه‌وه‌ ده‌رده‌چن.

5ـ بانگهێشتكردنی‌ په‌رله‌مان بۆ كۆبوونه‌وه‌ له‌دوای‌ (15) ڕۆژ له‌ مێژووی‌ په‌سه‌ندكردنی‌ ده‌رئه‌نجامه‌كانی‌ هه‌ڵبژاردن.

6ـ له‌سه‌ر ڕاسپارده‌ی‌ سه‌رۆك وه‌زیران مه‌دالیا ‌و نیشانه‌ ده‌به‌خشێت.

7ـ په‌سه‌ندكردنی‌ باڵیۆزی‌ وڵاتان.

8ـ ده‌ركردنی‌ مه‌راسیمی‌ كۆماری‌.

9ـ په‌سه‌ندكردنی‌ ئه‌‌و حوكمانه‌ی‌ له‌سێداره‌دان كه‌ له‌لایه‌ن دادگا تایبه‌ته‌كانه‌وه‌ ده‌رده‌چن.

10ـ ئه‌ركی‌ سه‌ركردایه‌تی‌ باڵای‌ هێزه‌ چه‌كداره‌كان ده‌گرێته‌ ئه‌ستۆ به‌مه‌به‌ستی‌ ته‌شریفات ‌و ئاهه‌نگێڕان.

11ـ سه‌رۆك كۆمار بۆی‌ هه‌یه‌ داوای‌ دانیشتنی‌ نائاسایی‌ په‌رله‌مان بكات، كۆبوونه‌وه‌كه‌ش تایبه‌ت ده‌بێت به‌‌و بابه‌ته‌ی‌ كه‌ داوای‌ كۆبوونه‌وه‌كه‌ی‌ بۆكراوه‌.

12ـ سه‌رۆك كۆمار ده‌سه‌ڵاتی‌ درێژكردنه‌وه‌ی‌ وه‌رزی‌ یاسادانانی‌ په‌رله‌مانی‌ هه‌یه‌ بۆ ماوه‌یه‌ك كه‌ له‌ 30 ڕۆژ زیاتر نه‌بێت ئه‌وه‌ش بۆ ته‌واوكردنی‌ ئه‌‌و ئه‌ركانه‌ی‌ كه‌وا ده‌خوازن.

13ـ سه‌رۆك كۆمار ده‌توانێت پرۆژه‌ی‌ یاسا پێشكه‌ش به‌ په‌رله‌مان بكات.

14ـ سه‌رۆك كۆمار ده‌توانێت داخوازییه‌ك پێشكه‌ش به‌ په‌رله‌مان بكات بۆ متمانه‌ وه‌رگرتنه‌وه‌ له‌ سه‌رۆك وه‌زیران.

15ـ سه‌رۆك كۆمار ‌و سه‌رۆك وه‌زیران به‌هاوبه‌شی‌ ده‌توانن داوای‌ ڕاگه‌یاندنی‌ جه‌نگ ‌و باری‌ نائاسایی‌ بكه‌ن، ئه‌وه‌ش پێویستی‌ به‌ ڕه‌زامه‌ندی‌ زۆرینه‌ی‌ 3/2 ی‌ ده‌نگی‌ ئه‌ندامانی‌ په‌رله‌مان هه‌یه‌.

16ـ هه‌ڵوه‌شاندنه‌وه‌ی‌ په‌رله‌مان به‌ زۆرینه‌ی‌ ڕه‌های‌ ئه‌ندامان، پێویستی‌ به‌ ڕه‌زامه‌ندیی‌ سه‌رۆك كۆمار هه‌یه‌.

17ـ له‌كاتی‌ هه‌ڵوه‌شاندنه‌وه‌ی‌ په‌رله‌ماندا، سه‌رۆك كۆمار داوای‌ سازدانی‌ هه‌ڵبژاردنی‌ گشتی‌ ده‌كات كه‌ نابێت له‌ 60 ڕۆژ تێپه‌ڕبكات له‌ مێژووی‌ هه‌ڵوه‌شاندنه‌وه‌ی‌ په‌رله‌مانه‌وه‌.

18ـ به‌هه‌ر هۆیه‌ك پۆستی‌ سه‌رۆكی‌ ئه‌نجومه‌نی‌ وه‌زیران چۆڵبێت، سه‌رۆك كۆمار جێگه‌ی‌ ده‌گرێته‌وه‌.

19ـ سه‌رۆك كۆمار ‌و سه‌رۆك وه‌زیران پێكه‌وه‌ بۆیان هه‌یه‌ پێشنیازی‌ هه‌موواركردنی‌ ده‌ستوور بكه‌ن.

20 ـ دوای‌ هه‌ر هه‌موواركردنێكی‌ ده‌ستوور به‌ 3/2ی‌ ده‌نگی‌ ئه‌ندامانی‌ په‌رله‌مان ‌و ڕاپرسی‌ گشتی‌ گه‌ل، ده‌بێت سه‌رۆك كۆماریش په‌سه‌ندی بكات.