پاش رۆشتنی كێ دێته‌ جێگه‌كه‌ی‌؟

شفق نيوز

عیراقی‌ سه‌رقاڵكردووه‌ به‌بۆچوونی چاودێرانیش سیاسییه‌ عیراقییه‌كانیش ده‌یانه‌وێت له‌ڕێی لێدوانه‌كانیان له‌باره‌ی ڕاگه‌یاندنی كاندیدی لیسته‌كانیان بۆ پۆستی سه‌رۆكی حكومه‌تی داهاتوو جۆرێك له‌‌ پڕوپاگه‌نده‌ بۆ قه‌واره‌ سیاسییه‌كانی خۆیان بكه‌ن.

عه‌لاوی‌ كێشه‌ی‌ نایه‌وه‌

هه‌رچه‌نده‌ تائێستا بانگه‌شه‌ی‌ هه‌ڵبژاردن ده‌ستی‌ پێنه‌كردووه‌، به‌ڵام لیسته‌ به‌شداربووه‌كانی‌ هه‌ڵبژاردن كه‌وتوونه‌ته‌ دیاریكردنی‌ كاندیدای‌ خۆیان بۆ پۆستی‌ سه‌رۆكی‌ حكومه‌تی‌ داهاتوو، به‌شێوه‌یه‌ك ئه‌م كاره‌ ناكۆكی‌ له‌نێوان هه‌ندێك لایه‌ندا دروستكردووه‌.

ناكۆكییه‌كان كاتێك به‌ده‌ركه‌وت، له‌نێو سه‌ركرده‌ و باڵه‌كانی لیستی عیراقییه‌ كه‌ ته‌جه‌موعی عیراقیبوونی وه‌ته‌نی به‌سه‌رۆكایه‌تی ئوسامه‌ نجێفی كه‌ یه‌كێكه‌ له‌ باڵه‌كانی لیستی عیراقیه‌ بۆ هه‌ڵبژاردنه‌كانی داهاتووی‌ ئه‌نجومه‌نی نوێنه‌ران ڕه‌تیكرده‌وه‌ ئه‌یاد عه‌لاوی كاندیدی ئه‌و لیسته‌ بێت بۆ پۆستی سه‌رۆكایه‌تی حكومه‌ت ئه‌گه‌ر هاتوو لیسته‌كه‌یان زۆرینه‌ی ده‌نگه‌كانی به‌ده‌ستهێنا، ئه‌م لێدوانه‌ له‌كاتێكدابوو كه‌ پێشتر په‌رله‌مانتار عه‌دنان پاچه‌چی له‌ لیستی عیراقیه‌ ئاماژه‌ی به‌وه‌كردبوو كه‌‌ ئه‌گه‌ر لیستی عیراقیه‌ زۆرینه‌ی كورسییه‌كانی په‌رله‌مانی داهاتوو به‌ده‌ست بهێنێت ئه‌وا ئه‌یاد عه‌لاوی كاندید ده‌كه‌ن بۆ پۆستی سه‌رۆكی حكومه‌ت، به‌ڵام ته‌جه‌موعی عیراقیبوون له‌به‌یاننامه‌یه‌كدا كه‌ وێنه‌یه‌كی ده‌ست ڕۆژنامه‌ی ئاسۆ كه‌وتووه‌ ئه‌وه‌ی خستۆته‌ڕوو كه‌ سه‌ره‌ڕای ئه‌وه‌ی ئه‌یاد عه‌لاوی یه‌كێكه‌ له‌ سه‌ركرده‌كانی لیستی عیراقییه‌، به‌ڵام هێشتا زووه‌ باس له‌م بابه‌ته‌ بكرێت له‌به‌رئه‌وه‌ی له‌نێو سه‌ركرده‌كانی لیسته‌كه‌ باسی لێوه‌نه‌كراوه‌ له‌به‌رئه‌وه‌ی به‌پێی به‌یاننامه‌كه‌ لیستی عیراقیه‌ سه‌رقاڵی به‌دیهێنانی به‌رنامه‌یه‌كی نیشتمانییه‌ نه‌ك دابه‌شكردنی كورسی و پۆست.

له‌لایه‌كی دیكه‌وه‌ عه‌باس به‌یاتی یه‌كێك‌ له‌ سه‌ركرده‌ دیاره‌كانی لیستی هاوبه‌ندی ده‌وڵه‌تی یاسا كه‌ ڕكابه‌رێكی سه‌ره‌كییه‌ له‌ هه‌ڵبژاردنه‌كانی داهاتوو، ڕه‌خنه‌ی له‌و لایه‌نانه‌ گرت كه‌ ڤیتۆیان داناوه‌ له‌سه‌ر كاندیدكردنه‌وه‌ی نوری مالیكی بۆ خولێكی دیكه‌ی سه‌رۆكایه‌تی حكومه‌تی عیراق ئه‌گه‌ر هاتوو لیسته‌كه‌ی زۆرترین كورسیه‌كانی په‌رله‌مانی به‌ده‌ستهێنا، عه‌باس به‌یاتی ئه‌وه‌شی خسته‌ڕوو كه‌ میلله‌ت گه‌وره‌ترین لیست هه‌ڵده‌بژێرێت و هه‌ر ئه‌و لیسته‌ش سه‌رۆك وه‌زیران دیاری ده‌كات هه‌ربۆیه‌ له‌ئێستاوه‌ ڤیتۆدانان له‌سه‌ر هه‌ركه‌سێك جۆرێك له‌ فشاری سیاسی و پڕوپاگه‌نده‌ی هه‌ڵبژاردنه‌ و ڕوونیشیكرده‌وه‌ كه‌ هاوپه‌یمانیه‌تییه‌كانی ئایینده‌ سه‌رۆكی حكومه‌ت دیاری ده‌كات.

مالیكی‌ تاكڕه‌وه‌

ئه‌م لێدوانه‌ی عه‌باس به‌یاتی له‌كاتێكدایه‌ كه‌ پێشتر ژماره‌یه‌ك په‌رله‌مانتار ئاماژه‌یان به‌وه‌كردبوو كه‌ هه‌ندێك قه‌واره‌ی سیاسی ڤیتۆیان هه‌یه‌ له‌سه‌ر پاڵاوتنی مالیكی بۆ ئه‌وه‌ی جارێكی دیكه‌ پۆستی سه‌رۆك وه‌زیران وه‌ربگرێته‌وه‌، هه‌روه‌ك عادل عه‌بدولمه‌هدی كه‌ ئێستا له‌ پۆستی جێگری سه‌رۆك كۆماردایه‌ نوری مالیكی سه‌رۆك وه‌زیرانی به‌تاكڕه‌وی له‌به‌ڕێوه‌بردنی وڵات و پشتگوێخستنی ئه‌و لایه‌نانه‌ی كه‌ ئه‌ویان گه‌یاندۆته‌ ئه‌و پۆسته‌ تاوانبار كرد، عه‌بدولمه‌هدی ڕایگه‌یاندووه‌ كه‌ لیستی ئیئتلافی یه‌كگرتوو وویستوویانه‌ چه‌ندینجار ‌متمانه‌ ‌له‌ حكومه‌ته‌كه‌ی مالیكی بسه‌ندرێته‌وه‌، له‌به‌ر تاكڕه‌وی مالیكی له‌ به‌رێوه‌بردنی وڵاتدا، به‌ڵام له‌به‌ر نه‌‌گونجاوی قۆناغه‌كه‌ نه‌یانتوانیوه‌ ‌ئه‌و بڕیاره‌ بده‌ن، ئاماژه‌شی كردووه‌ كه‌ حكومه‌ته‌كه‌ی مالیكی نوێنه‌رایه‌تی ئیئتلاف ناكات كه‌ ئه‌ویان گه‌یانده‌ ئه‌و پۆسته‌، به‌ڵكو حكومه‌تێكه‌ نوێنه‌رایه‌تی تاكه‌ ‌لایه‌نێك ده‌كات.

ئازادی‌ له‌ متمانه‌ به‌خشین

له‌ به‌رامبه‌ردا عه‌دنان پاچه‌چی له‌ لیستی عیراقیه‌ ئه‌وه‌ی خسته‌ڕوو كه‌ هێشتا زووه‌ بۆ ڤیتۆدانان له‌سه‌ر نوری مالیكی بۆ ئه‌وه‌ی جارێكی دیكه‌ پۆستی سه‌رۆك وه‌زیران وه‌ربگرێته‌وه‌، به‌ڵام پێداگری له‌سه‌رئه‌وه‌شكرد كه‌ ئه‌نجومه‌نی نوێنه‌رانی داهاتوو ئازاده‌ له‌ متمانه‌ به‌خشین به‌ هه‌ر پاڵێوراوێك بۆ سه‌رۆكی حكومه‌ت، خۆئه‌گه‌ر په‌رله‌مان به‌و كه‌سه‌ ڕازی نه‌بوو ئه‌وا ده‌كرێت كه‌سێكی دیكه‌ بۆ ئه‌و كاره‌ ڕابسپێردرێت.

له‌لایه‌كی دیكه‌وه‌ قوسه‌ی ئه‌لسوهه‌یل سه‌ركرده‌ی لیستی ئیئتیلافی نیشتمانی سه‌ر به‌ڕه‌وتی سه‌دری ئاماژه‌ی به‌وه‌كرد كه‌ ڕه‌وتی سه‌دری ئاماده‌یه‌ هه‌ر پۆستێكی سیادی له‌ حكومه‌تی داهاتوو وه‌ربگرێت له‌وانه‌ش سه‌رۆكایه‌تی حكومه‌ت و وه‌رگرتنی هه‌ر پۆستێكیش ڕه‌تناكه‌نه‌وه‌ هاوشێوه‌ی ئه‌و هه‌ڵوێسته‌ی كه‌ له‌ به‌رامبه‌ر حكومه‌تی ئێستا هه‌یانبووه‌ و كه‌سایه‌تی شیاویشی هه‌یه‌ بۆ ئه‌و پۆستی سه‌رۆكی حكومه‌ت، پێشی وابووه‌ كه‌ چه‌ند لیستێك ڕۆڵی سه‌ره‌كیان ده‌بێت له‌ نه‌خشه‌ی سیاسی داهاتوو عیراق به‌تایبه‌ت لیستی ئیئتیلافی نیشتمانی و لایه‌نی كوردستانی، به‌ڵام ناوبراو ڕاینه‌گه‌یاندووه‌ كه‌ پاڵێوراوه‌كانی كێ ده‌بن بۆ پۆستی سه‌رۆكایه‌تی حكومه‌ت، ئه‌مه‌ له‌كاتێكدایه‌ كه‌ ڕه‌وتی سه‌دری كه‌سایه‌تیه‌كی سیاسی دیار و هه‌ڵكه‌وتووی نییه‌ بۆ پۆسته‌ گرنگه‌كان.

له‌كاتی پێكهێنانی حكومه‌تی ئێستای عیراقدا كه‌ نوری‌ مالیكی‌ سه‌رۆكایه‌تی‌ ده‌كات ڕه‌وتی سه‌دری ڕازی نه‌بوو هیچ پۆستێكی سیادی وه‌ربگرێت و ئه‌وه‌ش له‌به‌ر ئه‌وه‌ی ڕه‌وته‌كه‌ پێی وابوو كه‌ پۆسته‌ حكومه‌تییه‌كان له‌به‌رده‌ستی چه‌ند ڕاوێژكارێكی ئه‌مریكیدایه‌، هه‌روه‌ك پاشه‌كشه‌ی كرد له‌و شه‌ش پۆسته‌ وه‌زاریه‌ی وه‌ریگرتبوو، ئێستا سه‌دریه‌كان به‌ناوی لیستی ئه‌حراره‌وه‌ وه‌ك یه‌كێك له‌ باڵه‌كانی لیستی ئیئتیلافی نیشتمانی به‌شداری هه‌ڵبژاردنه‌كانی ئازاری داهاتوو ده‌كات.

 

 

 

 








خه‌ندان

جه‌مال سه‌عید - به‌غدا