بارزانییەكان لە مێژووی‮ ‬نەتەوەكەیاندا

شفق نيوز

هەرێمی كوردستان و لە زێدی خۆیان (بارزان) بە خاك سپێردران. ئەو ڕووداوە گەرچی لە واقیعدا خەمناك و كوشندە بوو، بەڵام لە هەمانكاتدا سەلماندنی ئەو ڕاستییەش بوو، كە پرۆسەی ئەنفالكردنی (8000) بارزانی ڕووداوێكی واقیعی بووە و لە لایەن ڕژێمی بەعسەوە ئەنجامدراوە، بۆیە پێویست ناكات هیچ هێز و لایەن و دەوڵەتێك بە گومانەوە لێی بڕوانێت.

ئەمەو جگە لەوەی دۆزینەوەی ڕوفاتی بەشێك لەو قوربانیانە، مانای ئەوە بوو، كە ئەوان بۆیە ئەنفالكران، چونكە لە لایەك (كورد) و لە لایەكی دیكەوە (بارزانی) بوون.ڕووداوی ئەنفالكردنی بارزانییەكان بۆ بەرەبەیانی ڕۆژی (30ی تەمموزی 1983ز) دەگەڕێتەوە، كاتێك هێزێكی گەورەی ئاسمانی و زەمینی سوپای ئێراق، دوای گەمارۆدانی ئۆردوگای (قوشتەپە)ی نزیك شاری (هەولێر)، نزیكەی (8000) بارزانی كردە ئامانج و لە پرۆسەیەكی بەدناودا ئەنفالی كردن. ئەمەو جگە لەوەی سەروو سامانیشیان بە تاڵان برا(1)بەوەش تاوانێكی تر خرایە سەر تاوانەكانی ئەو ڕژێمەی هەر لە هاتنە سەر كاری دژی ناسنامەی كوردایەتی و زمان و كەلتوور و ئایینی كورد بوو.

كاتێكیش دەمانەوێت بۆ بیانوی ئەو پیلانە لە لایەن ڕژێمی بەعسەوە بگەڕێینەوە، دەگەینە ئەوەی، كە ئەو ڕژێمە بە بیانوویەكی هەڵە و دوژمنكارانە دژایەتی بنەماڵەی بارزانی و بارزانییەكانی كرد. دیارە ئەو زۆر باش دەیزانی، كە ئەو بنەماڵەیە سەركردایەتی دیارترین هێزی سیاسی كوردستان دەكەن، كە (پارتی دیموكراتی كوردستان)ە. ئەمەو بۆ زیاتر لە نیوە سەدەیە ڕابەرایەتی بزووتنەوەی ڕزگاریخوازی گەلی كوردیان لە باشووری كوردستان لە ئەستۆ گرتووە. هەر بۆیە حكوومەتی ئێراق و ڕژێمی بەعس لەو قۆناغەدا بە جیاوازیەكی تایبەت دژایەتی هەموو بارزانییەكانیان كرد، تا ئەوەی هەوڵیاندا كاری سڕینەوەی ئەوان نەوەك هەر لە نێو گۆڕەپانی سیاسی، بەڵكو لەسەر زەوی ئەنجام بدەن! هەر وەك ئەوەی كارەساتێكی لەو شێوەیەی بەسەر هێنان.

لێرەوە دەگەینە ئەوەی، كە لە بۆچوونی بەعسییەكاندا هیچ هێزێك هێندەی بارزانییەكان، خاوەن ڕابردوو و شۆڕش و پرەنسیپی چەكداری نەبوون، بۆیە یەكەمین پرۆسەی ئەنفالكردنی بەسەر ئەواندا هێنا. هەر ئەو پرۆسەی بەعسیش لە دژی بارزانییەكان، زیاتر زەمینەی پرۆسە گەورەكەی ئەنفالیان لە دژی كورد و لە ساڵی (1988ز) ڕەخساند. لە لایەكی دیكەوە هەڵوێستی بارزانییەكان و لەسەروویانەوە (مستەفا بارزانی) و كوڕ و نەوەكانی لەوەدا بوو، كە تا ئەو كاتەی لە (شۆڕشی ئەیلول)دا بۆیان كرا و توانیان ڕابەڕایەتی شۆڕشی كورد بگرنە ئەستۆ. كاتێكیش ئەو شۆڕشە بەهۆی ڕێكەوتنامەی جەزائیرەوە لە ساڵی (1975ز) تووشی نسكۆ بوو، زۆری نەخایاند ڕابەڕیەتی جوڵانەوەیەكی تریان بە ناوی شۆڕشی گوڵان درێژە پێدا، بۆیە تا ئەو كاتەی ئەو پرۆسەیە بەسەر كۆمەڵێكیاندا ئەنجامدرا، درێژەیان بە دژایەتیكردنی ڕژێمی بەعسدا، بەڵام ئەو بارزانیانەی بەر ئەو شاڵاوە كەوتن، ئەوانە بوون، كە لە ژێر دەسەڵاتی حكوومەتی ئێراق مانەوە. ئەگەر هەندێك وا بۆ ئەوە چووبن، كە دەبوا هەموو بارزانییەكان دوای نسكۆی شۆڕشی ئەیلول لە ژێر دەسەڵاتی بەعسدا بمانایەوە، تا دووچاری دژایەتیكردن نەیەن، ئەوا بە هەڵەدا چوون، چونكە ئەمان زۆر جیاوازتر بوون لە سەرجەم بنەماڵە و هۆز و تیرەكانی كوردستان و خەباتی ڕابردوویان لە سەركردایەتی كردنی چەندین شۆڕش و راپەڕینی باشووری كوردستان گەواهی ئەو ڕاستییە بوون. دیارە ئەوەش بەهۆی ئەوەی ئەو بنەماڵەیە لە تێڕوانینی حكوومەتە یەك لە دوا یەكەكانی ئێراق بە گشتی و حكوومەتی بەعس بە تایبەتی داینەمۆی شۆڕشی كورد و ناسنامەی مانەوەی بوون. هەر وەك ئەوەی دوای شەهیدبوونی پێشەواكەیان (عەبدولسەلام بارزانی) لە ساڵی (1914ز)، توانیان درێژە بە كاروانی خەبات بدەن، وەك ئەوەی لە نێوان ساڵانی (1932-1933ز) یەكەمین شۆڕشی بارزانی هەڵایسا. دوای شكستی ئەو شۆڕشەش دووەمین شۆڕش بە سەركردایەتی (مستەفا بارزانی نەمر) لە نێوان ساڵانی (1943-1945ز) درێژەی كێشا. كاتێكیش ئەم شۆڕشەشیان شكستی خوارد، پشتیوانیان لە كۆماری دیموكراتی كوردستان لە (مەهاباد)ی پایتەخت و لە ساڵی (1946ز) كرد. دوای شكستی ئەو ئەزموونەش لە نێوان ساڵانی (1961-1975ز) ڕابەرایەتی شۆڕشی گوڵانیان لە نێوان ساڵانی (1976-1991ز) كرد. وا بۆ (نۆزدە) ساڵیشە سەركردایەتی دیارترین هێزی سیاسی كوردستانی باشوور دەكات و بۆ (پێنج) ساڵیشە بەڕێزمسعود بارزانی سەرۆكی هەرێمی كوردستانە، بۆیە ڕاستییەك، كە خودی بەعسییەكان و نەیارانی كورد و هێزە سیاسییەكانی كوردستان، تا ئێستا وەك پێویست دركیان پێ نەكردووە، ئەوەیە، كە ئەوان لە دوژمنەكانیان بەهێزتر و لە ئاستەنگ و كێشەكان گەورەتر.