ڕاستی کورد و ناڕاستی عه‌ره‌ب،ئه‌بێ به‌کوێ بگات!؟

شفق نيوز

کوردستانه. بیرۆکه‌ی پێکه‌‌وه ژیانی دانیشتووانه‌که‌ی، له‌م ڕۆژانه‌دا له‌سێ به‌ش، وه‌یان ئه‌کرێ بڵێن گروپدا به‌ڕونی به‌ده‌ر ئه‌که‌وێت،به‌تایبه‌تیش له‌نێوانی نه‌ته‌وه‌ی کورد و نه‌ته‌وه‌ی عه‌ره‌بدا. به‌شێکی پێی وایه ئه‌توانن، له‌ژێر سایه‌ی سسته‌مێکی دیموکراتی و فره‌یی و فیدرالیه‌تدا، گه‌لانی ئێراق، به‌یه‌کسانی و به‌بێ جیاوازی، به خۆشگوزه‌رانی پێکه‌وه بژین. به‌شێکیش پێی وایه، به‌هیچ جۆرێک کوردو عه‌ره‌ب له‌ژێر سایه‌ی ده‌وڵه‌تێک به‌ناوی ئێراقه‌وه ناتوانن به‌ته‌بایی و یه‌کسانی پێکه‌وه بژین،به‌شی سیهه‌میش، پێی وایه،چاکترین چاره‌سه‌ر، دابه‌ش کردنی ئێراقه بۆ سێ ده‌وڵه‌تی کون فیدرالی، وه‌ک کوردو، شیعه‌و، سونه!.

ئه‌م هه‌ستانه زۆر زیندو و زه‌قن له‌ناو کۆمه‌ڵگای ئێراقی ئه‌مڕۆدا، ئه‌وه‌ی نکۆڵی لێبکات خۆی ئه‌خه‌ڵه‌تێنی. که‌واته زۆر له‌جێگه‌ی خۆیه‌تی مرۆڤ هه‌ڵیان بسه‌نگێنێ،ئایه کام له‌وبۆچونانه زیاتر ئه‌گونجێ و له‌جێگه‌ی خۆیه‌تی، بۆ ئه‌و مه‌به‌سته‌ش ته‌نها بۆچونی بێ به‌ڵگه به‌سنیه، به‌ڵکو پێویسته به‌به‌ڵگه بسه‌لمێندرێت، بۆ به‌ڵگه‌ی ڕاست و دروستیش، پشت به‌دوو خاڵ ئه‌به‌سترێت، یه‌که‌م: مێژووی ڕابوردوی ده‌وڵه‌تی ئێراق،دوهه‌م ئاستی هه‌ستی نه‌ته‌وایه‌تی، گه‌لی کورد و گه‌لی عه‌ره‌ب.

جائه‌لێره‌وه ئێمه ئه‌چینه ناوه‌ڕۆکی مه‌به‌ست. پێشه‌کی ئه‌بێ بزانین ئه‌م ده‌وڵه‌ته چۆن پێکهاتوو ڕابوردوی چۆن به‌سه‌ر بردووه، بۆ ئه‌وه‌ی بگه‌ین به‌ڕاستیه‌کی دروست. که جێگه‌ی سه‌لماندن بێت.

ئاشکرایه له ‌سه‌ره‌‌تای دامه‌زراندنی ده‌وڵه‌تی ئێراقی ئێستادا، پێوه‌ لکاندنی باشوری کوردستان، به‌ هیچ جۆرێ له‌سه‌‌ر خوواست و ڕه‌زامه‌ندی گه‌لی کورد نه‌بووه. به‌ڵام به‌هه‌ر حاڵ، سه‌ری گرت و بۆ ماوه‌ی زیاتر له 80 ساڵ له‌سه‌ر پێی خۆی وه‌ستا، له‌گه‌ڵ ڕودانی سێ گۆڕانکاری گه‌وره،له‌ده‌سه‌ڵاتی فه‌رمان ڕه‌وایه‌تیدا، که ‌هه‌رده‌سه‌ڵاته‌و شێوازێکی فه‌رمانڕه‌وایه‌تی تایبه‌تی خۆی پێوه دیاربووه. که جێگه‌ی خۆیه‌تی ناو ببرین به‌ده‌سه‌ڵاتی: پادشایه‌تی و قاسمیی سه‌ر به‌کۆمۆنیستی و به‌عسی فاشیشتی ڕه‌گه‌ز په‌رست. جا بۆ ئه‌وه‌ی زیاتر هه‌ڵوێست و بارودۆخه‌کانیان ڕون بێته‌وه، پێویسته زۆر به‌کورتی هه‌ندێ شرۆڤه‌ له‌سه‌ر ده‌سه‌ڵاته فه‌رمیه‌کانیان بکه‌ین، تابزانین چه‌نده سه‌رکه‌وتو بونه.

یه‌که‌م: فه‌رمانڕه‌وایه‌تی پادشانشینی،که له‌ساڵی 1923 وه ده‌ستی پێکردووه‌و له‌14/7/1958 کۆتای پێهات، ئاشکرایه هه‌رله‌سه‌ره‌تای داڕشتنی ده‌وڵه‌ته‌وه، ئاشکرایه به‌ر له‌دامه‌زراندنی ده‌وڵه‌تی پادشا نشینی ئێراق بزوتنه‌وه‌ی ئازادی خوازانه‌ی نه‌ته‌وایه‌تی گه‌لی کورد سه‌ری هه‌ڵدابو، هێشتا تۆزو ته‌می شۆڕشی نه‌مر مه‌لیک مه‌حمود نه‌ڕه‌وابوه‌وه‌و، چه‌ند ساڵێکی نائومێدی گه‌لی کوردی به‌سه‌ردا تێپه‌ڕی بوو، له‌سه‌ره‌تای سیه‌کاندا، واته له‌پاشی 7 ساڵێک، بزوتنه‌وه‌ی ئازادی خووازانه‌ی شێخ ئه‌حمه‌د بارزانی نه‌مر، له‌بارزان سه‌ری هه‌ڵدا. ڕژێمی پادشایه‌تی به هۆی پشتگیری کردنی ده‌ره‌کیه‌وه، تووانی بزوتنه‌وه‌که، سه‌رکوت بکات و سه‌رکرده‌کانیان ده‌س به‌سه‌رکات و دوریان خاته‌وه له‌کوردستان و به‌ره‌و خوواروی ئێراق بیان گووازێته‌وه به‌نیازی تووانه‌‌وه‌ی هه‌ستی شۆڕشگێڕانه‌ی گه‌لی کورد!.

به‌ڵام بۆ جارێکیتر، به‌سه‌رۆکایه‌تی مسته‌فا بارزانی نه‌مر، له‌ساڵی 1943، شۆڕش هه‌ڵگیرسایه‌وه‌و، دریژه‌ی کێشا،تاکو1945،ڕژێم به‌پشتیوانی فڕۆکه‌ی شه‌ڕکه‌ری ئیگلیزه‌وه، توانی زاڵ بێ و شکست به‌شۆڕش بهێنێ و بارزانی نه‌مر ئاواره‌ی هه‌نده‌ران بکات.

دیاره هه‌رچه‌نده شۆڕشی چه‌کداری کۆتایی پێهاتبو،به‌ڵام بزوتنه‌وه‌ی سیاسی نه‌ته‌وایه‌تی به ‌پێشڕه‌وایه‌تی پارتی دیموکراتی کوردستان، ڕۆژ به‌ڕۆژ له‌په‌ره‌سه‌ندن و پێشکه‌وتندابو، تا له‌ساڵی 1956،چووه ناو به‌ره‌ی ڕزگاری کردنی ئێراق له‌فه‌رمانڕه‌وایه‌تی پادشایه‌تی و له 1958، به‌شداری له‌شۆڕشی 14دی گه‌لاوێژدا کرد. که حکومه‌ته‌که‌ی عه‌بدولکه‌ریم قاسم، ناچار بوو هاوبه‌شی کورد له‌ئێراقدا ڕاگه‌یه‌نێت بووار بۆ گه‌ڕانه‌وه‌ی بارزانی و شۆڕشگێڕانی هه‌ڤاڵانی بڕه‌خسێنێ و بگه‌ڕێنه‌وه.

جا ده‌وڵه‌تێک له‌سه‌ره‌تای دامه‌زراندنیه‌وه بۆ ماوه‌ی 35 ساڵێک، ئه‌و هه‌مو شۆڕش و بزوتنه‌وه‌ی چه‌کداری سیاسی نه‌ته‌وایه‌تی تێیدا ڕوو بدات، له‌هه‌ڵسه‌نگاندنی ڕاست و ڕه‌وای سیاسیدا، ئه‌کرێت بووترێت ووڵاتێکی سه‌قامگیرو گونجاو و ئارام بووه؟!!.

دووهه‌م: سه‌رده‌می کۆماری و فه‌رمانڕه‌وایه‌تی عه‌بدولکه‌ریم قاسم. که ‌ئه‌کرێت له‌ڕوی به‌راورد کردنه‌وه له گه‌ڵ دوو ڕژێمه‌که‌ی تری، پێی بوترێت، سه‌رده‌می زێڕین. به‌ڵام زۆر به‌داخه‌وه، ئه‌و سه‌رده‌مه زێڕینه،ته‌نها دوو ساڵیشی نه‌برده سه‌ر، به‌هۆی په‌یداکردنی ده‌سه‌ڵاتی شۆره‌وی و نزیک که‌وتنه‌وه‌ی حیزبی شیوعی، که له‌و سه‌رده‌مه‌دا، بزوتنه‌وه‌ی ئازادی خووازی گه‌لی کوردی به‌جوودا خووازو، به‌کرێ گیرای ئه‌مریکا له‌قه‌ڵه‌م ئه‌دا،به‌تایبه‌ت که‌بۆیان ده‌رکه‌وت،گۆڕانکاری تیوری سیاسی به‌سه‌ر بارزانی نه‌مردا نه‌هاتوه، ‌هه‌رپابه‌ندی ڕێبازی مافی نه‌ته‌وایه‌تی پیروزی گه‌لی کورده.

هه‌ڵوێستی قاسمیان گۆڕی و پشتیان کرد له‌پارتی و داخوازیه‌ نه‌ته‌وایه‌تیه ڕه‌واکانی سه‌رکردایه‌تیه‌که‌یو، به‌تایبه‌تیش سه‌رۆک مسته‌فا بارزانی. به‌جۆرێ ته‌نگیان پێ هه‌ڵچنین، که‌تووانای مانه‌وه‌ی خۆیان و باره‌گا کانی پارتی نه‌ما له‌ناو به‌غدایا. ته‌نانه‌ت ده‌ستیان کرد به‌داخستنی باره‌گاکانی پارتی له‌پارێزگاکانیشدا، به‌بیانوی داواکاری جوودا خووازی و تاوانبارکردنیان به کرێ گرته‌ی ئه‌مرێکا، چونکه هه‌ر وه‌ک له‌پێشه‌وه ئاماژه‌مان پێکرد، بارزانی، بیرو باوڕی کۆمۆنیستی پێ ئه‌زم نه‌کرابو. تا ناچاریان کرده‌وه په‌لاماری چه‌ک بداته‌وه‌و شۆڕشی په‌رپاکرد له‌11/ ئه‌یلولی 1961. که‌له‌ ماوه‌یه‌کی که‌مدا، بو به‌هۆی ڕوخانی ڕژێمه‌که‌ی و به‌سه‌رکه‌وتنی قه‌ومیه‌کانی عه‌ره‌ب و به‌عسیه خوێن ڕێژه‌کاندا، ده‌رگاکانی دۆزه‌خیش له حیزبی شیوعیش کرایه‌وه‌و، به‌هه‌ڵه‌داوان هانایان برده‌وه بۆ بارزانی و مل که‌چیان قه‌بوڵ کرد، به‌رانبه‌ر به‌داڵده‌دانیان له ده‌ست به‌عس و نه‌ته‌وه‌ییه عه‌ره‌به‌کان. بۆیه‌کجاری ده‌سه‌ڵاتی قاسم و حیزبی شیوعی کۆتایی پێهات،دیاره ئه‌وه‌ش به‌ڵگه‌ی ناسه‌قام گیری بوو، به‌هۆی بزوتنه‌وه‌و شۆڕشی ئازادی خووازانه‌ی گه‌لی کورده‌وه‌!.

سێهه‌م: ده‌رباره‌ی فه‌رمانڕه‌وایه‌تی کردنی ڕژێمه‌که‌ی به‌عس. دیاره کوده‌تاکه‌ی به‌سه‌ر عه‌بدولکریم قاسمدا کرا، له‌لایه‌ن قه‌ومیه‌کانی عه‌ره‌ب و به‌عسیه‌کاندا بوو، که بۆ ماوه‌یه‌کیش پێکه‌وه به‌رده‌وام بوون له‌فه‌رمان ڕه‌وایه‌تیدا،تا له ‌ئه‌نجامدا، ساڵی1968، به‌کوده‌تایه‌کی سپی، به‌عسیه‌کان، به‌ته‌واوه‌تی فه‌رمانڕه‌وایه‌تیان گرته ده‌ست و شه‌لم کوێرم که‌وتنه‌وه وێزه‌ی گه‌لی کورد، هه‌رچه‌نده سه‌رده‌می قه‌ومیه‌کانیش هیچ جیاوازی به‌دی نه‌کراوه له بوواری هه‌ڵوێستیان به‌رانبه‌ر به‌گه‌لی کورد، بگره پالاماردانه‌که‌ی ساڵی 63 ێی حه‌ره‌س قه‌ومی، هه‌ر له‌شێوه‌ی ئه‌نفال کردنه‌که‌ی هه‌شتاکاندا بوو!!.

ئه‌لێره‌دا، له‌باره‌ی ئه‌و ڕژێمه بۆگه‌نه‌وه‌، شرۆڤه کردن به‌پێویست نازانم، چونکه ئه‌و هه‌ڵوێسته قێزه‌وه‌نه نا مرۆڤایه‌تیانه‌ی ئه‌وانه به‌رنبه‌ر به‌گه‌لی کورد کردیان، مه‌گه‌م هه‌ر ئه‌وانه‌ی به‌چاوی خۆیان بینیبێتیان بڕوا بکه‌ن که‌چیان کردووه، له‌ ماوه‌ی فه‌رمانڕه‌وایه‌تیاندا. به‌گێڕانه‌وه، کرده‌وه‌ی 30 دانه ساڵی پیسترین هه‌ڵوێستی دڕه‌ندایه‌تی ئاسان نیه باس بکریت و هه‌مو که‌سێکی خاوه‌ند ئویژدانی مرۆڤایه‌تی بیسه‌لمێنێت. بۆیه ته‌نها شانازی کردنیان به‌کرداری تاڵان و کوشتن و بڕێن (ئه‌نفال) له‌م سه‌رده‌مه‌دا، به‌سه بۆ بێبه‌ری بونیان له‌هه‌‌ستی مرۆڤایه‌تی به‌رانبه‌ر به‌گه‌لی کورد، که‌گه‌یشته ئاستێک کۆمه‌ڵگای نێو ده‌وڵه‌تی لێی بێ ده‌نگ نه‌بوو، دووا پله‌ی ناسه‌قام گیری ووڵاته!!.

ئه‌وه‌ی تاکو ئێره که‌باسکراوه، هه‌ڵوێستی ڕابوردوی که‌سایه‌تیه‌کانی ناو ده‌سه‌ڵاتی عه‌ره‌بی بوو له‌ئێراقدا، که‌به‌رده‌وام ئه‌وتاوانکاریانه‌ی کراوه به‌رانبه‌ر به‌گه‌لی کورد، خراوه‌ته ئه‌ستۆی ئه‌وان به‌ناوی ڕژێم، دیاره ڕژێمیش هه‌ر له‌وان پێکهاتووه هه‌تاکو کۆتایی هێنان به‌ڕژێمه دڕه‌نده‌که‌ی به‌عس و سه‌دام!!.

جا ئایه ئه‌مانه‌ی له‌دووای ڕژێمی سه‌دامه‌وه په‌یدا بونه، که‌ کاكڵه‌ی که‌سایه‌تیه به‌ڕێزو به‌ناو دیموکرات خواز و عه‌لمانی و ئیسلامی و مه‌زهه‌بیه‌کانن، ئومێدی هه‌ڵوێستی مرۆڤایه‌تی پیرۆز و ڕه‌وایه‌تی ڕاسته قینه‌‌یان لێ ئه‌کرێت به‌رانبه‌ر، به‌تایبه‌تی گه‌لی کورد، له‌بوواری مافه نه‌ته‌وایه‌تیه‌ ڕه‌واکانیانه‌وه، که ‌زیاتر له‌نیو سه‌ته‌یه، سه‌رو ماڵیان له‌پێناویدا به‌خت کردووه‌و، به روبار خوێنیان به‌خشیوه له‌پێناوید!؟.

لێره‌دا ئه‌ڵێم به‌داخه‌وه، که‌له‌م ڕۆژگاره‌دا، سیاسه‌ت بۆشایه‌کی زۆری له‌بوواری ناڕاستی و درۆ کردنه‌وه پڕ کردۆته‌وه، زۆر به‌ساناییش ئه‌ڕوات و تێ ئه‌په‌ڕێت و پێشگیری لێ ناکرێت، وه‌ک نه‌ریتی لێ هاتووه. به‌ڵام جوانترین مه‌حه‌ک بۆ سه‌لماندنی ڕاستیه‌کان کرداره. لێره‌دا ئه‌پرسین: ئایه له‌ ماوه‌ی 6 ساڵی ڕابوردودا، که 3 کابینه‌ی یه‌ک له‌دووای یه‌کی تێدا هاته کایه‌وه، له‌ژێر چاودێری و به‌شداری کردنی هه‌موو ئه‌ولایه‌نه به‌ڕیزانه‌وه،که‌کاكڵه‌ی پیرۆزی لایه‌نی عه‌ره‌بین، چ جیاوازیه‌ک هه‌ست پێکراوه له‌گه‌ڵ ڕژێمه‌کانی پێشودا!؟.

من به‌دڵنیایه‌وه ئه‌ڵێم، ئه‌و دڵسۆزی و به‌ته‌نگه‌وه هاتنه‌ی لایه‌نی کوردی نیشانی داوه له‌ماوه‌ی ئه‌م شه‌ش ساڵی ڕابوردودا، به‌رانبه‌ر به‌گه‌لانی ئێراق و حکومه‌ته‌که‌ی به‌غدا، سه‌دام حوسین بیزانیایه‌و دڵنیا بووایه ئه‌وه‌نده کورد دڵسۆزه بۆ پاراستن و یه‌کپارچه‌یی خاکی ئێراق، ئۆتۆنۆمیه کارتۆنیه‌که‌ی ئه‌گۆڕی و ناوچه‌ دابڕاوه‌کانیشی چۆن به‌بڕیاری ووزاری دابه‌ش کرد، به‌هه‌مان شێوه ئه‌یگێڕایه‌وه سه‌ر هه‌رێمی کوردستان. که‌واته، زۆر له‌مان باشتر ئه‌بو به‌رانبه‌ر به‌مافه ڕه‌واکانی گه‌لی کورد، ئه‌گه‌ر بێت و به‌راورد له‌گه‌ڵ هێزو سه‌نگی ئێستای کوردو، ئه‌و سه‌رده‌مانه‌یدا بکه‌ین، ئه‌و له‌ماوه‌ی 35 ساڵدا به‌و هه‌موو توواناداراییه‌وه که ‌خه‌رجی ئه‌کرد، ئه‌مجا تووانی 200 د هه‌زارێ عه‌ره‌ب نیشته جێ بکات له‌ناو شاری که‌رکوک، به‌ڵام ئه‌مان له دووای نه‌مانی سه‌دامه‌وه، که‌ 6 ساڵه، به‌بێ ململانی و خه‌رجی دارایی،61 هه‌زار عه‌ره‌بیان نیشته‌جێ کردووه له‌ناو جه‌رگه‌ی شاری که‌رکوکدا!!.

بۆیه له‌کۆتاییدا، به‌دڵنیایه‌وه ئه‌ڵێن: دڵسۆزی و ڕاست گۆی و خۆش باوڕی، سه‌رکردایه‌تی سیاسی کورد و ناڕاستی و چه‌وت و چێڵی و ده‌رون پێسی و کێنه له‌دڵی دوژمن کاریانه‌ی، سه‌رکردایه‌تی سیاسی لایه‌نی عه‌ره‌بی، به‌ هیچ جۆرێک، ڕێک ناکه‌وێت و سه‌رکه‌وتنی پێکه‌وه ژیانی هه‌تا سه‌ر ناهێنێته‌ کایه‌وه‌و، ئه‌وه مه‌‌حاڵه‌، هه‌ر هه‌وڵێک له‌و بووارانه‌دا بدرێت چاره‌سه‌ری کاتیه!!.

هه‌ر بۆ نمونه له‌م ڕۆژانه‌دا، سه‌رکرده ئیسلامیه‌که،‌ به‌ڕێز تاریق هاشمی ده‌بێژێت، سه‌رۆک کۆماری ئێراق ئه‌بێت که‌سێکی عه‌ر‌ه‌ب بێت، هه‌ر وه‌هاش ئه‌‌میر که‌نانی، که‌ئه‌ندامی ئه‌نجومه‌نی نوێنه‌رانی سه‌ر به‌باڵی پیاوی ئاینی(سه‌در)ه ده‌بێژێت: ئه‌بێت وه‌زیری ده‌ره‌وه‌ که‌سێکی عه‌ره‌ب بێت، دیاره هه‌موو که‌سێ له‌ ناوه‌ڕۆکی ئه‌و هه‌سته ڕه‌گه‌ز په‌رستیانه ئه‌گات، ئیتر ئه‌بێت چی به‌دی بێت. بۆیه له‌ئه‌نجامدا ئێراق، هه‌ر به‌لێک دابڕان و پارچه‌ پاڕچه کردن ئه‌گات و چاره‌سه‌ری ڕاست و دروست و ڕه‌واو سه‌رکه‌وتوش، پێکهێنانی سێ ده‌وڵه‌تی کۆن فیدرالێه وه‌ک: کورد و شیعه‌و سونه!!!.