تیۆری‌ پیلانگێڕی‌

شفق نيوز

به‌ خۆرئاواوه‌ هه‌یه‌ و له‌پێناو به‌جێگه‌یاندنی‌ ئه‌و خواست و ئامانجه‌ سیاسیانه‌دا كارده‌كه‌ن كه‌ خۆرئاوا ده‌یه‌وێت له‌و ناوچانه‌دا به‌ئه‌نجامیان بگه‌یه‌نێت.

ڕه‌وتی‌ ئیخوان له‌ میسر و سوریا و شیعه‌كانی‌ ئێران و عیراق، دواتر گروپه‌ توندڕه‌وه‌ جیهادییه‌كان كه‌ پێیان ده‌گوتن "التكفیر والهجره‌" و دروستبوونی‌ شۆڕشی‌ ئیسلامی‌ به‌ ڕێبه‌رایه‌تی‌ "روح الله‌ خومه‌ینی‌".

ئه‌وانه‌ی‌ بڕوایان به‌ "تیۆری‌ پیلانگێڕی‌" هه‌بوو له‌و ده‌مه‌دا، به‌شێوه‌یه‌كی‌ جیاواز ده‌یانڕوانیه‌ ئه‌و ڕووداوانه‌ و دیارده‌ی‌ "ئیسلامبولی‌" و "كۆماری‌ ئیسلامی‌"یان به‌ به‌شێك له‌ میكانیزمه‌كانی‌ خزمه‌تكردن به‌ خۆرئاوا و سیاسه‌ته‌كانی‌ ئه‌مریكا له‌ ناوچه‌كه‌دا داده‌نا.

ڤیدڵ‌ كاسترۆ سه‌رۆكی‌ پێشووی‌ كوباش له‌ئێستادا و له‌دوای‌ خوێندنه‌وه‌ی‌ ئه‌و به‌ڵگه‌نامانه‌ی‌ كه‌ له‌م ماوه‌یه‌ی‌ دواییدا له‌لایه‌ن سایتی‌ "ویكیلیكس"ه‌وه‌ بڵاوكرانه‌وه‌، ده‌گاته‌ ئه‌و بڕوایه‌ی‌ كه‌ به‌ڵێ‌ "تیۆری‌ پیلانگێڕی‌" دروسته‌ و ویلایه‌ته‌ یه‌كگرتووه‌كان هه‌موو ڕێڕه‌وێك له‌پێناو گه‌یشتن به‌ ئامانجه‌كان، ده‌گرێته‌به‌ر.

ڕه‌نگه‌ به‌شێوه‌یه‌ك له‌ شێوه‌كان، ڕێكخراوی‌ قاعیده‌ و ئوسامه‌ بن لادنی‌ سه‌ركرده‌ی‌ ئه‌و ڕێكخراوه‌ له‌ چه‌ند شوێن و بۆنه‌یه‌كدا به‌ هه‌ڵه‌ خزمه‌تیان به‌ ئه‌جێندای‌ سیاسه‌ته‌كانی‌ ئه‌مریكا كردبێت، به‌ڵام ئه‌وه‌ی‌ ڤیدڵ‌ ئاماژه‌ی‌ پێده‌كات كاركردنی‌ بن لادنه‌ بۆ ئاژانسی‌ هه‌واڵگری‌ ناوه‌ندی‌ ئه‌مریكا "سی‌ ئای‌ ئه‌ی‌".

كاسترۆ ئه‌و قسانه‌ له‌ حزوری‌ دانێڵ‌ ئیستۆلین نووسه‌ری‌ لیتوانیدا باس ده‌كات و ئیستۆلینیش كه‌ بن لادن به‌ "ئه‌كته‌رێكی‌ خراپ" داده‌نێت، وه‌ك ڕۆژنامه‌ی‌ "گاردیان" وه‌سفی‌ ده‌كات، یه‌كێكه‌ له‌و نووسه‌رانه‌ی‌ كه‌ بانگه‌شه‌ بۆ "تیۆری‌ پیلانگێڕی‌" ده‌كات و پێی وایه‌ یانه‌ی‌ بیڵدربێرگ كه‌ حكومه‌تێكی‌ جیهانیی‌ نهێنییه‌ و هه‌ڵسوكه‌وت به‌ ئابووری‌ وڵاتان و سیستمه‌ سیاسییه‌كانه‌وه‌ ده‌كات، پیلان بۆ ده‌ستگرتن به‌سه‌ر جیهاندا داده‌ڕێژێت.

ئیستۆلین هاوڕایه‌ له‌گه‌ڵ‌ كاسترۆدا و پێش بڵاوبوونه‌وه‌ی‌ به‌ڵگه‌نامه‌ نهێنییه‌كان له‌سه‌ر سایتی‌ "ویكیلیكس"، بن لادنی‌ وه‌ك خزمه‌تكاری‌ كۆشكی‌ سپی‌ و جێبه‌جێكاری‌ سیاسه‌ته‌ ستراتیژییه‌كانی‌ ویلایه‌ته‌ یه‌كگرتووه‌كان ته‌ماشاكردووه‌ و گه‌ر به‌شێوه‌یه‌كی‌ لۆژیكانه‌ش له‌ كار و چالاكییه‌كانی‌ ڕێكخراوی‌ قاعیده‌ و سه‌ركرده‌كه‌ی‌ وردبینه‌وه‌، به‌شێك له‌ ڕووكاری‌ ئه‌و هاوكێشه‌ ئاڵۆزه‌مان بۆ ده‌رده‌كه‌وێت.

به‌و پێیه‌، "هه‌ڵمه‌ته‌كانی‌ قه‌ڵاچۆكردنی‌ تیرۆریزم" له‌ چیا سه‌خته‌كانی‌ تۆرابۆرا و ڕاوكردنی‌ "سه‌رانی‌ قاعیده‌ له‌ عیراق" و سه‌ركوتكردنی‌ ئیسلامییه‌ توندڕه‌وه‌كانی‌ ڕێكخراوی‌ "القاعده‌ فی‌ جزیره‌ العرب"  له‌ یه‌مه‌ن، وه‌ك تراویلكه‌ ده‌رده‌كه‌ون و ڕاستگۆیی‌ سیاسه‌ته‌كانی‌ ئه‌مریكا ده‌خه‌نه‌ به‌رده‌م گه‌له‌پرسیارێكی‌ قورسه‌وه‌.

گریمان مه‌ترسی‌ هه‌ڵكشانی‌ چالاكییه‌كانی‌ حزبی‌ توده‌ ڕێخۆشكه‌ر نه‌بوون بۆ به‌رپابوونی‌ شۆڕشی‌ ئیسلامی‌ له‌ ئێران و فكری‌ "سید قگب"یش له‌ خزمه‌تی‌ كپكردنی‌ چه‌په‌كانی‌ میسر و دامركاندنی‌ خواسته‌ ناسیۆنالیزمییه‌كاندا نه‌بووه‌، به‌ڵام نووسینه‌كانی‌ "ئیستۆلین" له‌سه‌ر نه‌خشه‌ و پیلانه‌كانی‌ "یانه‌ی‌ بیڵدربێرگ" و به‌ڵگه‌نامه‌كانی‌ "ویكیلیكس" و قسه‌كانی‌ "كاسترۆ"، گه‌ر له‌ سه‌دا سه‌د ته‌واوی‌ ڕاستییه‌كانیان نه‌پێكابێت، پێده‌چێت هه‌ندێك له‌و ڕاستییه‌ شاراوانه‌یان خستبێته‌ڕوو كه‌ تا ئێستا جیهانیان پێ چاوبه‌ست كراوه‌.