پرسی گه‌ڕانه‌وه‌ی به‌عسییه‌كان

شفق نيوز

چ وه‌ك لایه‌نی ماددی كه‌هێشتا ملیۆنان دۆلار قه‌رز له‌سه‌ر شانی عیراق ماوه‌و سالانه‌ ده‌بێ بیداته‌وه‌،له‌هه‌مانكاتدا هێشتا شوێنه‌واری سیاسه‌تی ئه‌و رژێمه‌ نه‌سڕاوه‌ته‌وه‌و رۆژانه‌ چه‌ندین كه‌س له‌كوچه‌و كۆلانه‌كانی شاره‌ عه‌ره‌ب نشینه‌كاندا له‌سه‌ر كۆنه‌ قینی به‌عس بوون، یان به‌فیتی ئه‌وان ده‌كوژرێن، هه‌زارانیان ئاواره‌ی ده‌وڵه‌تانی ئه‌وروپاو ولاتانی عه‌ره‌بی دراوسێ بوون، هێشتا ده‌ست و كلكیان له‌م ولاته‌دا یاری ده‌كات، سه‌دانیان خۆیان خزاندۆته‌ نێو داموده‌زگاكانی حكومه‌ته‌كه‌ی (مالكی)و ئه‌وانه‌ی پێش ئه‌ویشه‌وه‌، له‌ده‌یان كه‌ناڵی وه‌ك په‌رله‌مان و حكومه‌ته‌وه‌ دژایه‌تی هه‌موو هه‌نگاوێك ده‌كه‌ن كه‌عیراق به‌ره‌و دیموكراسی بوون ده‌بات، سیاسه‌تی شۆڤێنییانه‌ی ئه‌و حزبه‌ له‌ناخی زۆربه‌ی هه‌ره‌ زۆری عه‌ره‌بی عیراقدا گه‌رای داناوه‌و له‌هه‌ر حزب و به‌ره‌كه‌یدابن ناتوانن ده‌ستبه‌رداری عه‌قڵی به‌عسیانه‌یان بن.

سه‌یر له‌وه‌دایه‌ ماوه‌یه‌كی زۆره‌ فشارێكی زۆر ده‌كرێته‌ سه‌ر ئه‌و ده‌نگانه‌ی ناڕازین به‌گه‌ڕانه‌وه‌ی به‌عس بۆ نێو ژیانی ئاسایی ئه‌م ولاته‌و له‌گه‌ڵ ئه‌وه‌دانین هیچ چانسێكی نوێیان پێبدرێت بۆ خۆخزاندنه‌ نێو پرۆسه‌ی سیاسی، چونكه‌ دڵنیان له‌وه‌ی ئه‌سته‌مه‌ عه‌قڵیه‌ت و بیركردنه‌وه‌یان بگۆڕێت، ئه‌م بۆچوونه‌، ئێمه‌ی كورد له‌هه‌مووان زیاتر درك به‌ڕاستی و دروستی ده‌كه‌ین كه‌ده‌شێت به‌رده‌وام پشت به‌ڕاستییه‌ مێژووییه‌كان ببه‌ستین بۆ سه‌لماندنی قسه‌كانمان.

دوای ئه‌وه‌ی له‌8ی شوباتی 1963دا عه‌بدولسه‌لام عارف به‌هاوكاری به‌عسییه‌كان كۆتایی به‌ده‌سه‌لاتی (عه‌بدولكه‌ریم قاسم) هێناو پێكڕا ماوه‌یه‌ك ده‌سه‌لاتی عیراقیان به‌ڕێوه‌برد هێنده‌ی پێنه‌چوو (عارف) هه‌ستی به‌مه‌ترسی به‌عسییه‌كان كرد، له‌ڕاستیدا مانگی تشرینی یه‌كه‌می ساڵی 1963 بۆ به‌عسییه‌كان مانگێكی پڕ له‌گۆڕانكاریی و رووداو بوو، چ له‌نێو خۆی خۆیاندا، یان له‌گه‌ڵ نه‌یاره‌كانیاندا، سه‌ره‌تا له‌ڕێكه‌وتی 11/11/1963 سه‌ركردایه‌تی ئه‌و پارته‌ له‌عیراق كۆبوونه‌وه‌یه‌كی نائاسایی ئه‌نجامدا، له‌و كۆبوونه‌وه‌یه‌یاندا (ئه‌حمه‌د حه‌سه‌ن به‌كر) وه‌ك سكرتێری گشتیی ده‌ستنیشانكراو (عه‌لی ساڵح سه‌عدی)و هاوڕێكانی له‌پارته‌كه‌ ده‌ركران و ئاواره‌ی (مه‌درید)كران، (سه‌عدی) له‌ئه‌وروپاوه‌ به‌كرو به‌عسییه‌كان و عارفی به‌پیاوی به‌كرێگیراوی ئه‌مریكا له‌قه‌ڵه‌مدا، گوایه‌ به‌شه‌مه‌نده‌فه‌ری ئه‌مریكا هاتوونه‌ته‌ سه‌ر كورسی ده‌سه‌لاتی عیراق له‌ 14ی هه‌مان مانگدا (میشیل عه‌فله‌ق) دوای كۆبوونه‌وه‌یه‌كی به‌په‌له‌ سه‌ركردایه‌تی قوتری عیراقی هه‌ڵوه‌شانده‌وه‌و خۆی سه‌ركردایه‌تی قه‌ومی به‌عسی گرته‌ ئه‌ستۆ.

ئه‌م جموجۆڵه‌ی به‌عسییه‌كان ترس و گومانه‌كانی (عه‌بدولسه‌لام عارف)ی زیاتر كرد، بۆیه‌ هه‌رچه‌نده‌ له‌ 17ی ئه‌و مانگه‌دا حكومه‌تێكی كاتی له‌عیراقدا پێكهاتبوو كه‌ به‌كر پۆستی سه‌رۆك وه‌زیرانی پێسپێردرابوو وێڕای وه‌زاره‌تی ناوخۆ، به‌لام (عارف) له‌ 18مانگداو واته‌ ته‌نها یه‌ك رۆژ دوای پێكهاتنی ئه‌و حكومه‌ته‌ كه‌وته‌ وێزه‌ی به‌عسییه‌كان و پاكتاوكردنیان به‌تایبه‌تی باڵه‌كه‌ی (عه‌لی ساڵح سه‌عدی)، عارف خۆی وه‌ك سه‌رۆك كۆمار ده‌سه‌لاتی راسته‌وخۆی گرته‌ ده‌ست و به‌كری وه‌ك ناوێكی بێ ده‌سه‌لات كرده‌ جێگری خۆی دوای لێدانی سه‌رجه‌م هه‌ڤاڵه‌كانی، به‌كر زۆر چاك له‌وه‌ دڵنیابوو كه‌هیچ ده‌سه‌لاتێكی نییه‌، بۆیه‌ پاشماوه‌یه‌ك ده‌ستی له‌كاركێشایه‌وه‌و هێنده‌ی پێنه‌چوو خرایه‌ زیندانه‌وه‌، ئیدی له‌ 18/11/1963 تا 17ی ته‌مموزی 1968 ده‌سه‌لاتیان نه‌ما له‌عیراقداله‌ڕاستیدا ئێمه‌ی كورد له‌مێژووی ئه‌و دوورخستنه‌وه‌یه‌یانه‌وه‌ تا گه‌ڕانه‌وه‌یان بۆ سه‌ر ده‌سه‌لات، دواتریش له‌ده‌یان وێستگه‌دا ئه‌زموونمان له‌گه‌ڵ به‌عسدا هه‌بووه‌ كه‌تیایدا وێڕای دونیایه‌ك شه‌ڕو دوژمنایه‌تی ناچاربووین له‌گه‌ڵیان دانیشین، به‌لام هه‌موو جارێك په‌شیمانی له‌دوابوودڵنیام ئه‌مجاره‌ش ئه‌گه‌ر بیانگێڕنه‌وه‌ نێو ژیانی سیاسی له‌عیراقدا هه‌رهه‌مان ئه‌و به‌عسییانه‌ن كه‌ له‌1968 حوكمیان گرته‌ ده‌ست، هه‌رچه‌نده‌ ئه‌مریكا زۆری لا مه‌به‌سته‌ به‌گرنتییه‌وه‌ به‌شدارییان بكات له‌پرۆسه‌ی سیاسییداو قه‌ناعه‌ت به‌كوردو شیعه‌ بهێنێت كه‌چاوپۆشی له‌و مێژووه‌ قێزه‌وه‌نه‌یان بكه‌ن و لاپه‌ڕه‌یه‌كی نوێ هه‌ڵبده‌نه‌وه‌، به‌لام مێژووی ئه‌م ولاته‌ ئه‌و راستیه‌ ده‌سه‌لمێنێت كه‌هیچ ئه‌گه‌رێك بۆ گۆڕانی به‌عس له‌ئارادا نییه‌!