كورد له‌ به‌غدا دۆستی نیه‌

عه‌لى  حسێن فه‌يلى

شه‌فه‌ق نيوز/ كه‌من ئه‌وانه‌ی سه‌ڵاحیه‌تی ئه‌خلاقی و نه‌زه‌ری و مێژووییان بۆ راده‌ربڕین له‌مه‌ر كارنامه‌ی  كوردانی به‌غدا هه‌بێ. ئه‌و كورده‌ی هه‌میشه‌ له‌ ناو قه‌یراندا ده‌ژی.

 

له‌ عیراقدا مه‌سه‌له‌ی نه‌ته‌وایه‌تی و كه‌مینه‌و زۆرینه‌  و مه‌زهه‌ب و ئایین  ده‌وری هه‌یه‌ و ئه‌و ده‌نگه‌ی كه‌ به‌ربژیری كورد ئازاد حه‌مید شه‌فی له‌ هه‌ڵبژاردنه‌كانی به‌غدا هێنای له‌ چه‌ند روانگه‌وه‌ بۆ ئێمه‌ زۆر گرنگه‌ هه‌رچه‌ند به‌ گوێره‌ی كۆتا و زۆر ناحه‌قی ترئه‌و مافه‌ی لێ وه‌رگیرایه‌وه‌و درا به‌ ئافره‌تیك.

 

1- ئیدی هه‌موان له‌وه‌ تێگه‌یشتین كه‌ نه‌ته‌وه‌كه‌مان هیچ كوردێكی لێ زیاد نیه‌و سه‌رنه‌كه‌وتن ده‌ردێكی هاوبه‌شه‌و ئه‌نجامه‌كه‌شی كاره‌ساتباره‌ . راسته‌ سه‌ركه‌وتن و شكست دوانه‌ی هه‌لبژاردنن " به‌ڵام شكست له‌ كوردستان  واتای نه‌ته‌وه‌یی نه‌بێ  له‌ به‌غدا ئه‌و واتایه‌ی هه‌یه‌. جا  ئاساییه‌ وه‌ك یه‌ك بیرنه‌كه‌ینه‌وه‌و له‌ یه‌ك به‌ره‌ی سیاسیدا كۆنه‌بینه‌وه‌ به‌ڵام باسی به‌ره‌ی نه‌ته‌وه‌یی سنووری سیاسی ناناسێ.

 

2- له‌ ده‌نگدان و ده‌نگ نه‌داندا خه‌ڵك ده‌خوازن ببینرێن و ببیسترێن ، هه‌رچه‌ند بۆ ئلتیزامه‌ نه‌ته‌وه‌ییه‌كه‌  ئه‌مجار ته‌عبیره‌كه‌ باش ده‌رچوو له‌مه‌ر ئه‌نجامی سه‌ره‌تایی هه‌ڵبژاردن  به‌ڵام  نابێ ئه‌وانه‌ی هۆكاری ئه‌و سه‌ركه‌وتنه‌ بوون و هه‌وڵیان بۆدا بێ پشتیوانی و كۆمه‌ك ئه‌رك و باری گرانتر بخرێته‌ سه‌ر شانیان تا به‌ ده‌ستی خاڵی بچنه‌وه‌ ناو مه‌یدان.

 

3- هه‌موان  دان به‌وه‌دا ده‌نێن كه‌  ئازاد حه‌مید شه‌فی نوینه‌رایه‌تی هه‌موو نه‌ته‌وه‌كه‌مانی كرد و‌ سه‌رباری هه‌موو ئاسته‌نگه‌كان  هه‌وڵی گه‌یاندنی په‌یامێكی زیندوی دا كه‌ ئه‌ویش ‌ نابێ و ناكرێ بوونی كورد له‌و شاره‌دا  په‌راویزبخرێ یان نكۆلی لێ بكرێ  یان به‌ كه‌م ببینرێ!

 

4- پرۆژه‌ی سه‌ركه‌وتنی كاندیدی كورد له‌م بارودۆخه‌دا بۆ یه‌كخستن و ته‌باكردنی ناو ماڵی كورد پێویسته‌ و مه‌سه‌له‌ی كه‌مینه‌ بوونی كورد ده‌خاته‌ لاو نه‌ته‌وه‌یی بوونی پرۆسه‌كه‌ به‌رجه‌سته‌ ده‌كات .  په‌یامی ئه‌زموونی ئه‌مجاریش   ژیانه‌وه‌ی متمانه‌ به‌ خۆ بوونی كوردی به‌غدا بوو‌ كه‌ تا راده‌یه‌كی باش ده‌نگیان دا و ناره‌زایه‌تی و گله‌و گازنده‌كانیان پاشخست  . دیاره‌ هه‌ست و ئیلتیزامی نه‌ته‌وه‌یی ده‌توانێ لێخۆشبوون و دان به‌ خۆداگرتن بڕه‌‌خسێنێ‌ به‌ڵام   داواكاریه‌كان بۆ سه‌ركردایه‌تی سیاسی و نه‌ته‌وه‌ییمان ‌ نامۆ و ته‌نانه‌ت شاراوه‌ نیه‌ و خه‌ڵك  ده‌خوازێ سه‌ركرایه‌تی نه‌ته‌وه‌یی به‌ جواب بێ نه‌ ئه‌م و ئه‌و وڵام بده‌نه‌وه و شه‌ڕی سیاسی پارته‌ كوردیه‌كان بخه‌نه‌‌‌ ناو ماڵی كورد و ئاسۆی  هیوا لێڵ بكه‌ن و  دووبه‌ره‌كی به‌رژه‌وه‌ندی بڕه‌خسێنن.

 

5- ده‌رنه‌چوونی كاندیدی كورد له‌ به‌غدا بابه‌تێكی نو‌ێ نیه‌ و له‌ ساڵانی رابردوو دووباره‌ بۆته‌وه‌ به‌ڵام ئه‌وه‌ی ئه‌مجار كه‌ سه‌ركه‌وتنێكی بێ ئه‌نجام بوو هه‌ندیك ته‌وقوعاتی هێنایه‌ ئارا كه‌ زووه‌ بڵێین چه‌نده‌یان له‌ جێی خۆیه‌تی ،  له‌ سۆنگه‌ی ئه‌وه‌ی   لایه‌نه‌كانی خه‌نیم به‌ كورد به‌ ناهومێدكردن و گۆشه‌گیركردن و بێ په‌روبالكردن ، سیاسه‌تی  نه‌هیشتنی متمانه‌  په‌یڕه‌و ده‌كه‌ن ،  كارته‌كانی كوردی به‌غدا  ‌ له‌ كایه‌ی سیاسیدا ‌ هه‌رچه‌ند له‌ كه‌می ده‌نوارێ  به‌ڵام له‌ دوا ساته‌كانی  راگه‌یاندنی ئه‌نجامی هه‌ڵبژاردنیش  ده‌سووتێنرێ. ئیدی نابێ بیر له‌ رێژه‌یه‌كی كه‌می ده‌نگ دان بكرێته‌وه‌ كه‌  جیا له‌ غه‌در به‌ (كۆتا ) كۆتایی پێ بێ.

 

6- كورد له‌ به‌غدا دۆستی به‌رده‌وام و هه‌میشه‌یی نه‌بوه‌ نه‌ له‌ ناو شیعه‌ و نه‌ له‌ ناو سوننه‌ و باقی لایه‌نه‌كاندا. له‌ حاڵه‌تی داواكاری ماف هه‌موان دژی وه‌ستاون . ئه‌مجاریش  سه‌لما كه‌ ته‌نیا شێوازی دژایه‌تی جیاواز بووه‌، ته‌نانه‌ت ئه‌گه‌ر  مه‌سه‌له‌كه‌ به‌ سیاسیش كرابێ ئاقاری نه‌ته‌وه‌یی هه‌بووه‌ ‌ كه‌ ریشه‌ی  هه‌موو نه‌هامه‌تیه‌كانه‌‌‌.

 

 له‌بیر نه‌كه‌ین ، ‌ بیری نه‌ته‌وه‌یی  رووبارێكی گه‌وره‌ یه‌ وه‌ك دیجله‌ ، ‌ هه‌م ده‌توانێ تینویه‌تیمان  بشكینێ و هه‌میش ده‌توانێ بمان خنكێنێ. با  هه‌موو هه‌وڵه‌كان بۆ به‌ نه‌ته‌وه‌یی كردنی پرۆسه‌كه‌ بێ نه‌ ته‌نیا به‌ حزبی كردنی .  ئه‌زموونه‌  سه‌ركه‌وتووه‌كه‌ی   ئه‌مجار  راده‌ی دلسۆزی به‌ هه‌وڵ و تیكۆشانه‌وه‌ گرێ دا  و  ده‌نگدانیشی  به‌  ماف و ویژدانی نه‌ته‌وه‌ییه‌وه‌  ، جا  با رووراست بین و له‌مه‌ زیاتر چاوه‌نواڕی له‌ كوردی به‌غدا نه‌كرێ كه‌ توانای به‌سه‌ر  زوڵمی ‌ به‌رده‌وامی نه‌یاره‌كانی ناشكێ   و ته‌حه‌مولی ئیهمالی براكانی  ناكات.

عه‌لی حسێن فه‌یلی