ئاگربه‌ستی‌ په‌كه‌كه‌ و وه‌ڵامی‌ توركیا

شفق نيوز

یه‌كلاكردنه‌وه‌ی‌ كێشه‌كان نییه‌ و نابێ‌، له‌ باره‌ی‌ گه‌لی‌ كورد و سه‌رجه‌م ڕاپه‌ڕین و شۆڕشه‌كانییه‌وه‌ كه‌ به‌رپاكراون بۆ ئه‌وه‌ بووه‌ كه‌ به‌ ناچاری‌ په‌نا براوه‌ته‌به‌ر زمانی‌ چه‌ك تا دووژمنان ده‌ست له‌ هه‌وڵه‌كانیان بۆ له‌ ناوبردن و سڕینه‌وه‌ی‌ نه‌ته‌وه‌یی‌ كورد هه‌ڵبگرن، له‌گه‌ڵ ئه‌وه‌شدا شۆڕشكردن و زمانی‌ شه‌ڕ له‌ خۆڕا به‌رپانابێ‌، به‌ڵكو ئه‌وه‌ هێزێكی‌ تری‌ نابه‌رامبه‌ره‌ وات لێده‌كات كه‌ په‌نا بۆ چه‌ك به‌ری‌، كورد به‌ درێژیی‌ ده‌یان ساڵ له‌ شۆڕش و ڕاپه‌ڕینه‌كاندا بۆ مانه‌وه‌ و داكۆكیكردن بووه‌ له‌ مافه‌كانی‌ مرۆڤ بوونی‌ خۆی‌ و پاراستنی‌ نه‌ته‌وه‌ و نشتیمان، ئه‌وه‌ دووژمنانی‌ كورد بووه‌ كه‌ ویستیانه‌ له‌سه‌ر خاك و وڵاتی‌ خۆمان بمانسڕنه‌وه‌ و له‌ ناومانبه‌رن یان ژیانی‌ دیلێتی‌ و ژێرده‌سته‌یی‌ قبوڵ بكه‌ین و هیچ تاكێكی‌ كورد خاوه‌نی‌ كه‌رامه‌تی‌ مرۆڤ بوونی‌ خۆی‌ نه‌بێ‌ وه‌ك چۆن له‌ چه‌ندین به‌ڵگه‌نامه‌ی‌ نێوده‌وڵه‌تیدا هاتووه‌ هه‌ر گه‌ل و نه‌ته‌وه‌یه‌ك و هه‌ر تاكێك پێویسته‌ خاوه‌نی‌ كه‌رامه‌ت و مرۆڤ بوونی‌ خۆیه‌تی‌، به‌ڵام له‌ ئاستی‌ گه‌لی‌ كورد و كۆكه‌ڵگه‌ و تاكی كوردا به‌ده‌یان ساڵ كورد خاوه‌نی‌ هیچ مافێك و ئاسایشی‌ كه‌رامه‌تی‌ خۆی‌ نه‌بووه‌ و بگره‌ هه‌ر ده‌سه‌ڵاتێك له‌ ناوچه‌كه‌دا هاتووه‌ و ڕۆیشتووه‌، به‌ ڕشتنی‌ خوێنی‌ كورده‌وه‌ ده‌سه‌ڵاتی‌ خۆیان تاقیكردۆته‌وه‌ و هیچ كاتێك بچووكترین حیسابیان بۆ ماف و كه‌رامه‌تی‌ كورد نه‌كردووه‌، بۆیه‌ كورد په‌نای‌ بۆ چه‌ك و شۆڕشكردن بردووه‌ كه‌ ئیتر هیچ ڕێگایه‌كی‌ تریان له‌ به‌رده‌مدا نه‌هێشتۆته‌وه‌.

ئه‌مڕۆكه‌ش هه‌رێمی‌ كوردستان وه‌ك به‌شێك له‌ كورد و جیا له‌ پارچه‌كانی‌ تر خاوه‌نی‌ ئه‌زموون و ده‌سه‌ڵات و په‌رله‌مانه‌ و له‌ ئاستی‌ نێونه‌ته‌وه‌ییدا گرنگی‌ و قورسایی‌ خۆی‌ هه‌یه‌، به‌ڵام هه‌ندێ‌ له‌ وڵاتانی‌ ده‌وروبه‌ر ئه‌مه‌ به‌ مه‌ترسی‌ ده‌زانن بۆ سه‌ر ئه‌من و ئاسایش و دابه‌شبوونی‌ وڵاتی‌ خۆیان له‌ كاتێكدا كورد به‌ پێی‌ ده‌ستوور ژیانی‌ هاوبه‌شی‌ له‌گه‌ڵ عیراق هه‌ڵبژاردووه‌، ئه‌مه‌ ئاماژه‌یه‌كی‌ باشه‌ بۆ ده‌وروبه‌ر و دنیا كه‌ ده‌كرێ‌ ئه‌م ئه‌زموونه‌ بكرێته‌ نموونه‌ بۆ ئه‌وانیش و به‌شێوه‌ی‌ ئاشتی‌ و دوور له‌ شه‌ڕ و زمانی‌ چه‌ك بچنه‌ ژێرباری‌ ڕاستی‌ و دروستبوونی‌ نه‌ته‌وه‌یه‌ك كه‌ كورده‌ و به‌ ئه‌مری‌ واقیعی بزانن و چیتر سیاسه‌تی‌ نكۆڵیكردن ده‌ستی‌ لێهه‌ڵبگیرێ‌، وڵاتی‌ توركیا یه‌ك له‌و وڵاتانه‌یه‌ كه‌ بییه‌وێ‌ و نه‌یه‌وێ‌ به‌شێكی‌ زۆری‌ كورد له‌و وڵاته‌یه‌ شۆڕش و خۆپیشاندان و ناڕه‌زایه‌تییه‌كان هه‌مووی‌ به‌رهه‌می‌ سیاسه‌تی‌ خودی‌ توركیایه‌ مێژوویش ئه‌وه‌ی‌ سه‌لماندووه‌ تا توند و ڕه‌ق ئه‌ستووربیت بێگومان به‌رامبه‌ریشت كاردانه‌وه‌ی‌ توندتری‌ ده‌بێ‌ سیاسه‌تی‌ نكۆڵیكردنی‌ كورد له‌لایه‌ن وڵاتی‌ توركیاوه‌، ئه‌و شۆڕشه‌ توندوتۆڵه‌ی‌ (pkk)ی‌ لێ دروستبوو كه‌ ئه‌مڕۆكه‌ توركیا به‌ده‌ستێوه‌ گیری‌ خواردووه‌، توركیایه‌كی‌ خاوه‌ن كێشه‌ و گرفتی‌ زۆر له‌ ئاستی‌ ناوخۆ و ده‌ره‌وه‌یشدا هه‌موو ئاماژه‌كانی‌ ئاینده‌ واده‌خوازێ‌ كه‌ چیتر ناكرێ‌ و ناتوانێ‌ له‌ سه‌ر سیاسه‌تی‌ نكۆڵی‌ لێكردن به‌رده‌وامبێت و به‌رده‌وامیش بێت له‌ په‌لامار و شه‌ڕ و كوشتن، چونكه‌ ئاڕاسته‌یه‌كی‌ تر له‌نێو توركیا هه‌یه‌ كه‌ هه‌ست به‌ قورسایی‌ ئه‌م بیركردنه‌وه‌یه‌ ده‌كه‌ن و ده‌یانه‌وێ‌ به‌ ئاڕاسته‌ی‌ گفتوگۆ و دوور له‌ شه‌ڕ كێشه‌ی‌ توركیا كه‌مبكه‌نه‌وه‌، كه‌ یه‌ك له‌و قه‌یرانه‌ كه‌ تووشی‌ بووه‌ به‌ هۆی‌ سیاسه‌تی‌ نكۆڵیكردن بووه‌ له‌ گه‌لی‌ كورد له‌ وڵاته‌كه‌یدا،

ئه‌وه‌ی‌ ئێستا به‌دی‌ ده‌كرێ‌ ئه‌وه‌یه‌ كه‌ توركیا جاری‌ پێشوو نه‌یتوانی‌ سوود له‌ ئاگربڕی‌ (pkk) وه‌ربگرێ‌ و هه‌نگاو بۆ چاره‌سه‌ری‌ ڕاسته‌قینه‌ بنێ‌ و به‌ ڕێگای‌ ئاشتی‌ و گفتوگۆوه‌ بچێته‌ ژێرباری‌ هه‌قیقه‌تی‌ مافه‌ نه‌ته‌وه‌یی‌ و نشتیمانییه‌كانی‌ گه‌لی‌ كورد له‌ وڵاته‌كه‌یدا ئه‌گه‌ر چی‌ هه‌ندێ‌ هه‌وڵ له‌ ئارادا هه‌بوو، به‌ڵام ئه‌وانه‌ی‌ كه‌ هه‌ڵگری‌ بیری‌ تری‌ كه‌مالین بوونه‌ ڕێگر له‌ به‌رده‌م هه‌وڵه‌كانی‌ (ئۆردوغان) و بگره‌ ویستیان پارته‌كه‌یشی‌ بده‌نه‌ داداگا بۆ داخستنی‌ پارته‌كه‌ی‌ به‌ تۆمه‌تی‌ به‌زاندنی‌ هێڵی‌ سووری‌ به‌رژه‌وه‌ندییه‌كانی‌ توركیا، بۆ ماوه‌یه‌كیش باردودۆخ ئاڵۆزبوویه‌وه‌ و شه‌ڕ ده‌ستی‌ پێكرده‌وه‌، چونكه‌ (pkk) هیچ وه‌ڵامێكی‌ ئیجابی‌ به‌ چنگ نه‌كه‌وت و بێ‌ ئومێد بوو، ئێستا دیسانه‌وه‌ خۆشبه‌ختانه‌ (pkk) ئاگربڕی‌ ڕاگه‌یاند و جارێكی‌ تر نیه‌تی‌ ڕێگای‌ ئاشتی‌ و گفتوگۆی‌ هێناوه‌ته‌وه‌ بۆ ئه‌وه‌ی‌ جارێكی‌ تر به‌ توركیا و به‌ دنیا بڵێ‌ فه‌رموون ئه‌وه‌ ڕێگای‌ شه‌ڕ ڕاده‌گرین و ملكه‌چی‌ ئاشتی‌ ده‌بین بۆ به‌ ده‌ستهێنانی‌ مافه‌كانمان به‌ ڕێگای‌ گفتوگۆ، به‌ڵام پرسیار لێره‌دایه‌؟ ئایه‌ لایه‌نی‌ توركیا به‌ ده‌سه‌ڵات و به‌ ئۆپۆزسیۆنه‌وه‌ ده‌توانن به‌ سیاسه‌تی‌ خۆیاندا بچنه‌وه‌ و لایه‌ك له‌ ڕێگای‌ چاره‌سه‌ری‌ بكه‌نه‌وه‌ له‌گه‌ڵ كورد و زه‌مینه‌ خۆشبكه‌ن بۆ هێنانه‌ ئارای‌ زمانی‌ گفتوگۆ و هه‌نگاوبنێن بۆ كه‌مكردنه‌وه‌ی‌ ڕق و كینه‌، یان به‌ هه‌مانشێوه‌ی‌ پێشوو به‌ دوو ئاڕاسته‌ وڵامی‌ (pkk) ده‌درێته‌وه‌ كه‌ ڕه‌نگه‌ ئه‌گه‌ر ده‌سه‌ڵات ئه‌م هه‌نگاوه‌ی‌ پێ‌ باش بێت، به‌ڵام پارته‌كانی‌ ده‌ره‌وه‌ی‌ ده‌سه‌ڵات ئه‌م هه‌نگاوه‌ی‌ (pkk) به‌ لاوازی‌ له‌ قه‌ڵه‌م بده‌ن. بۆیه‌ من پێموایه‌ توركیا له‌م قۆناغه‌ و له‌ سه‌روبه‌ندی‌ ئێستایدا ناتوانێ‌ به‌ باوه‌ڕ و قه‌ناعه‌ته‌وه‌ بچێته‌ ژێر باری‌ چاره‌سه‌ری‌ ئاشتیانه‌وه‌ و پێشوازی‌ له‌ ئاگربڕی‌ (pkk) بكات، به‌ڵكو توركیا و پارته‌كانیان دابه‌ش بوونه‌ته‌سه‌ر دوو جه‌مسه‌ری‌ سیاسیدا كه‌ ئه‌ویش عیلمانی‌ و ئیسلامییه‌ هه‌رچی‌ عیلمانییه‌ خۆیان به‌ خاوه‌ن و وه‌جاخزاده‌ی‌ هێڵی‌ ستراتیژیه‌تی‌ یه‌ك پارچه‌یی‌ توركیا ده‌زانن و خاوه‌نی‌ بیركردنه‌وه‌ی‌ ده‌یان ساڵی‌ پێش خۆیانن كه‌ ده‌ڵێن جگه‌ له‌ نه‌ته‌وه‌ی‌ تورك هیچ نه‌ته‌وه‌یه‌ك بوونی‌ نییه‌ و به‌م سیاسه‌ته‌یان درێژه‌ به‌ خۆیان و به‌رژه‌وه‌ندییه‌كانییان ده‌ده‌ن و هه‌میشه‌یش هێزی‌ سه‌ربازیش نانی‌ چه‌وری‌ ئه‌م سیاسه‌تی‌ ده‌خۆن و زۆر داموده‌زگای‌ به‌ هێزیش له‌ ژێر كۆنترۆڵی‌ ئه‌ماندایه‌، لایه‌نی‌ ئیسلامیش ئه‌یانه‌وێ‌ به‌ سیاسه‌تی‌ كرانه‌وه‌ به‌ ڕووی‌ كوردا درێژه‌ به‌ بوون و مانه‌وه‌ و هێزی‌ كورسی‌ په‌رله‌مانه‌وه‌ درێژه‌ به‌ خۆیان و به‌رژه‌وه‌ندییه‌كانییان بده‌ن و مه‌یل و سۆزی‌ نفوسی‌ كورد بۆلای‌ خۆیان په‌لكێش بكه‌ن. هه‌ر ئه‌م دوو ئاڕاسته‌یه‌ و چه‌ندینی‌ تر وایكردووه‌ كه‌ توركیا هه‌میشه‌ له‌ نێوبازنه‌ی‌ قه‌یرانی‌ سیاسیدا بمێنێته‌وه‌ و نه‌توانێ‌ زاڵبێت به‌ سه‌ر ته‌نگژه‌كاندا و مل بۆ چاره‌سه‌ری‌ بدات كه‌ یه‌ك له‌و چاره‌سه‌ریانه‌ مافه‌كانی‌ گه‌لی‌ كورده‌ له‌ وڵاته‌كه‌یدا، بۆیه‌ جارێكی‌ تر توركیا ملی‌ ڕێگای‌ ئاشتی‌ ناگرێته‌به‌ر و پێشوازی‌ له‌ ئاگربڕی‌ (pkk) ناكات.