ده‌رفه‌تێكی‌ تر بۆ ئه‌ردۆگان

شفق نيوز

هه‌نگاوێكی‌ تری‌ بوێرانه‌ له‌هه‌مبه‌ر به‌ئاشتیانه‌ چاره‌سه‌ركردنی‌ دۆزی‌ كورد. ئه‌م هه‌نگاوه‌ ئه‌گه‌ر به‌وردی‌ بخوێندرێته‌وه‌ و مامه‌ڵه‌ی‌ له‌گه‌ڵدا بكرێت ئه‌وا ده‌بێته‌ سه‌ره‌تای‌ قۆناغێكی‌ نوێ‌ و كورد و تورك له‌وێستگه‌یه‌كی‌ ته‌ندورستی‌ سیاسیدا به‌دوای‌ كلیله‌ ونبووه‌كه‌دا ده‌گه‌ڕێن.

موراد قه‌ره‌یڵان له‌ كۆنگره‌یه‌كی‌ رۆژنامه‌نووسیدا چوار مه‌رجی‌ راگه‌یاند بۆ ئه‌وه‌ی‌ بیر له‌ئاگربه‌ستی‌ ماوه‌درێژتر بكه‌نه‌وه‌ و رێگا له‌ مكیانیزمی‌ شه‌ڕ بگرن بۆ چاره‌سه‌ركردنی‌ ئه‌و پرسه‌ كه‌ بریتین له‌:

یه‌كه‌م: رێژه‌ی‌ به‌شداریكردن له‌ په‌رله‌مانی‌ توركیا له‌ 10%ه‌وه‌ كه‌مبكرێته‌وه‌ بۆ 7%.

دووه‌م: هه‌نگاوی‌ زیاتر بنرێن بۆ فراوانتركردنی‌ رووبه‌ری‌ ئازادی‌، دیموكراسی‌ و كرانه‌وه‌ی‌ زیاتر و له‌ڕێگای‌ هه‌مواركردنه‌وه‌ی‌ ده‌ستووره‌وه‌ مافه‌كانی‌ كورد بچه‌سپێنرێن.

سێیه‌م: ئۆپراسیۆنه‌كان دژ به‌گه‌ریلاكانی‌ په‌كه‌كه‌ رابگیرێن.

چواره‌م: گفتوگۆ له‌گه‌ڵ عه‌بدوڵڵا ئۆجه‌لاندا درێژه‌ی‌ هه‌بێت و له‌وێوه‌ له‌ ده‌رگای‌ چاره‌سه‌ری‌ راسته‌قینه‌ی‌ دۆزه‌كه‌ بدرێت.

ئایا ئه‌ردۆگان گوێ‌ له‌مانه‌ ده‌گرێت؟

ئه‌و چوار مه‌رجه‌ی‌ قه‌ریڵان خستییه‌ڕوو وه‌ك زه‌مینه‌سازی‌ بۆ درێژده‌دان به‌ئاگربه‌ست هه‌مان ئه‌و مه‌رجانه‌ن كه‌ پێش ئه‌نجامدانی‌ پرۆسه‌ی‌ هه‌مواری‌ ده‌ستووری‌ له‌ 22-9 له‌لایه‌ن پارتی‌ ئاشتی‌ و دیموكراسییه‌وه‌ خرایه‌ڕوو بۆ ئه‌وه‌ی‌ گفتوگۆیان له‌سه‌ر بكرێن و به‌و هۆیه‌شه‌وه‌ له‌ بڕیاری‌ بایكۆتكردنی‌ به‌شداری‌ له‌ پرۆسه‌ی‌ هه‌مواركردنی‌ ده‌ستوور پاشگه‌زببنه‌وه‌، به‌ڵام بینیمان ئه‌ردۆگان ئاماده‌نه‌بوو و وه‌ڵامیان بداته‌وه‌.

چاوه‌ڕوان ده‌كرێت ئه‌ردۆگان و حكومه‌ته‌كه‌ی‌ دوای‌ سه‌ركه‌وتنیان له‌ پرۆسه‌ی‌ هه‌مواركردنه‌كه‌ له‌سه‌ر مه‌رجه‌كانی‌ په‌كه‌كه‌ هه‌ڵوه‌سته‌ بكه‌ن و پرۆژه‌یه‌كی‌ جددیتر بۆ چاره‌سه‌ركردنی‌ دۆزی‌ كورد بخه‌نه‌ڕوو و له‌هه‌مووش واوه‌تر ئۆجه‌لان وه‌ك موخاته‌ب وه‌ربگرن؟

زۆرێك له‌ چاودێرانی‌ سیاسی‌ باس له‌وه‌ ده‌كه‌ن بۆ درێژه‌دان به‌چاكسازی‌ سیاسی‌ و ده‌ستووری‌ و مانه‌وه‌ له‌ حوكم، ئه‌ردۆگان پێویستی‌ به‌لایه‌نی‌ كوردییه‌ پشتگیری‌ بكات، چونكه‌ رێژه‌ی‌ 23%ی‌ بایكۆتكردنه‌كه‌ ده‌ریخست كورد ژماره‌یه‌كی‌ سه‌نگینه‌ و ناكرێت نه‌خوێندرێته‌وه‌.

ئه‌وه‌ی‌ ئێستا كێشه‌ی‌ به‌رده‌م ئه‌ردۆگانه‌ ئه‌وه‌یه‌، چۆن مامه‌ڵه‌ له‌گه‌ڵ دۆزی‌ كورددا بكات له‌كاتێكدا رۆژ له‌دوای‌ رۆژ له‌ هه‌ڵبژاردنه‌ په‌رله‌مانییه‌كه‌ی‌ ته‌مموزی‌ 2011 نزیك ده‌بێته‌وه‌ و پێویستی‌ به‌سیاسه‌تێكی‌ دروستتر له‌وه‌ی‌ پێشوو هه‌یه‌ به‌رانبه‌ر به‌كورد.

باشتره‌ بۆ ئه‌ردۆگان، به‌ده‌په‌ بانگهێشتی‌ گفتوگۆیه‌كی‌ جددی‌ بكات و به‌له‌به‌رچاوگرتنی‌ مه‌رجه‌كانی‌ په‌كه‌كه‌ "هه‌ڵبه‌ت بێ‌ ناوهێنانیان" بیر له‌ ئاماده‌كردنی‌ پرۆژه‌یه‌كی‌ نوێ‌ بكاته‌وه‌ بۆ چاره‌سه‌ركردنی‌ دۆزی‌ كورد.

هه‌ر خراپ مامه‌ڵه‌كردنێك له‌ به‌رژه‌وه‌ندی‌ كورد و تورك نابێت.